گاگەل ١
کەوتووەتە نزیک گوندی (نەیجەڵە). بۆ حەواندنەوەی ئاژەڵ بەکارهاتووە. لە ناوەوە گەورەیە. سروشتییە و لە دۆڵی زەیتێ و لە قەدپاڵیدا هەڵکەوتووە.
گاگەل ٢
دوو ئەشکەوتن لەتەنیشت یەکەوە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین)ەوە. بەهۆی نزیکییانەوە لە گوندەکە بە زستاناندا مەڕوماڵات و گاگەلیان تێدەکرێت و هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەیان لێنراوە. ڕووبەرەکەیان گەورەیە و زیاتر لە ٥٠٠ سەر ئاژەڵی تێدا جێگە دەبێتەوە.
مامۆ نادر
کەوتووەتە گوندی (ڕێشاو) لە زنجیرە چیای شنروێ لە نێوان چیای قولەڕەش و کەمەربەڕەزا. نزیکەی (٦٠٠م) لە لوتکەی بەفری میری لەباکورەوە دوورە. بۆ ڕاوچیەکان بەکارهاتووە و ئاژەڵداریش لەکاتی باران بارین بەکاریانهێناوە، قەبارەکەی (١٢م) چوارگۆشە ئەبێت. بەرزە و دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی سازان و ڕێشاو و کۆساوادا.
وڵاو
کەوتووەتە شاخی شنروێ لە پشت گوندی (بۆین). دەرگاکەی تەسکە، بەڵام لەناوەوە زۆر فراوانە. دەڵێن لە سەردەمێکدا کەسێک هەڵهاتووە، لە تینوێتی و برسێتیدا بەمەبەستی ڕاوکردن کەوتووەتە دوای ئاژەڵێکی کێوی، کاتێک ئاژەڵەکە چوەتە نێو ئەم ئەشکەوتەوە، چاوەڕێی کردووە بێتە دەرەوە بەڵام لەکاتی هاتنە دەرەوەی سەیردەکات، کە نێچیرەکەی تەڕە. ئیتر نەیکوشتووە و چووەتە ناو ئەشکەوتەکە و تینوێتی شکاوە. ئاوەکەی لە ناوەوە کراوەتە حەوزێکی بچوک و وشکناکات و تا ئێستاش شوێنەواری ماوە.
بەڕوار
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (گریانە). درێژیەکەی ٣٠ مەتر، پانی ١٥مەتر، بەرزییەکەی سێ مەتر دەبێت. لە سەرهەڵدان و شۆڕەکانی کوردا پەناگە بووە. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا گەورە کراوە و ڕێـکخـراوە بـۆ بـارەگای حزبی.
بەگزادان
کەوتووەتە باکوری گوندی (ڕێشاو)، لە شاخی قولەڕەش و نزیک ئەشکەوتی قاڵوگولە هەڵکەوتووە. شوێنی مانەوەی بەگزادەکانی هەڵەبجە بووە، ڕووبەرەکەی گەورەیە، پێکهاتەکەی بەردی سەختە، لە ئێستادا زیاتر ڕێبواران بەکاریدەهێنن، بەڵام لە سەردەمی شۆڕشی پێشمەرگەدا شوێنی مانەوەی ئەو فیرارانە بوون، کە لەدەست سەربازی لە شارەوە هەڵهاتوون.