هەلاجان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 509

ئەشکەوت

کەوتووەتە دامێنی چیای گەچێنە و هەمزەی و بە ئاڕاستەی باکور هەڵکەوتووە و (١٤٢١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی نسرم و زۆر سەختە و بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و دەڕوانێتە سەر ناوچەی هەمزەی. لە باشورەوە شوێنەواری دەرەو کۆرێ و گردی کۆسەو بەبەڵەی و لە باکورەوە لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ و لە خۆرهەڵاتەوە چیای شرام و سێخڕان و دۆڵی هەمزەی و لە خۆرئاواوە لاپاڵی خۆرەتاوی چیای کەمەر خەپلە و بانی هێڵە گەمە دەورەیانداوە.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (جەمال گەچێنەیی)ی ناسراو بە (جەمالی جەڕاح)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کونە چەور

دوو ئەشکەوتن، بە دووریی یەک کیلۆمەتر لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) هەڵکەوتوون. درێژییەکەیان زیاتر لە ٢٠ مەتر دەبێت و پانتاییەکی فراوانیان هەیە. ناو ئەشکەوتەکە بە باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە، بەهۆی ئەوەی ڕاوچییەکان ئەو نێچیرەی، کە گرتویانە یان کوشتویانن، لەم ئەشکەوتەدا خواردویانن، یان ئەگەر هاتبنە ئەم ئەشکەوتە بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاونەتەوە و دەمیان چەور بووە، ناونراوە ئەشکـەوتی کـونە چـەور.

کونەشەڵم

به ‌دووریی (٢٠٠م) لە گوندی (ڕیشێن)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ) دوورە. ڕووبەرەکەی‌ نزیکەی (٤ بە ٤م) دەبێت. سەرچاوەی ئاوێکی گەرمی تیدایە. دانیشتوانی گوندەکە (بەتایبەت ژنان)، تا پێش داگیرانی گوندەکە و ساڵی ١٩٧٨ وەک گەرماو بەکاریانهێناوە.

کونەکەمتیار ١

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی وڵەسمت و بەردەبەل لە دۆڵی دەرەقوڵە هەڵکەوتووە. بەشی سەرەوەی زەوییەکی تەختە. نێو ئەشکەوتەکە تاریکە و تەسکە. بەڵام لە دەرگاکەیەوە تەنها کەسێک دەتوانێت بڕواتە ناوی. دەربارەی ناونانەکەی دەڵێن: لەسەردەمی کوێخا فەرەجدا، پیاوانی بەردەبەل ڕۆشتونەتە ئەو کونەکەمتیارە بۆ ئەوەی کەمتیار دەربێنن. کوێخا فەرەج خۆی بە گوریسێکەوە چووەتە ناو ئەشکەوتەکەوە. وتویەتی کەمتیار کوێرە کەس ناخوات. گوریس لە کەمتیارەکە دەبەستێت. هێناویانەتە دەرەوە و کوشتویانە. بۆیە بە کونە کەمتیار ناونراوە.

کونەکەمتيار ٢

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەمتيارى تێدا بينراوە و بەوناوەوە ناونراوە.

کونەکەمتیار ٣

دوو ئەشکەوتن. به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتوونەتە‌ باکوری خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەری ئەشکەوتەکە هەریەکەیان (٣ بە ٤م) دەبێت. دەرگاکەی ڕووە و قیبلەیە. ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەمتیار لە ئەشکەوتەکەدا. جاران خاوەن ئاژەڵەکان بەکاریانهێناوە.

کونەکۆتران

سێ ئەشکەوتن لە تەنیشت یەکترن و لە قەدپاڵی شاخی شنروێ هەڵکەوتوون. لەنێوان هەردوو گوندی دەڵەمەڕ و عەبابەیلێن. بەهۆی بوونی چەند کونێک، کە کۆتریان تێدابووە، بە ئەشکەوتی کونەکۆترەکان ناودەبرێن. ڕاوچیەکی زۆر بۆ مەبەستی ڕاوکردنی کۆترەکان سەردانیاندەکەن.