بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
لە ناو گوندی (تەپەزێڕینە)دا دوو مزگەوت هەن: ١- مزگەوتە کۆنەکە: مزگەوتێکی دێرینە، لەکاتی ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزووردا ڕوخێنراوە و ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەدا لەسەر ئەرکی خێرخوازان لەسەر ڕووبەری (١٠٠م٢) بە بلۆک و شیش و چیمەنتۆ دوستکراوەتەوه. ٢- مزگەوتە نوێیەکە: کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکە لەسەر ڕێگای سەرەکی خورماڵ – سەیدسادق. ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر ئەرکی خێرخوازان لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) دروستکراوە و زەوييەکەشى لەلايەن خێرخواز (ڕەشيد حاجى عەلى)یەوە دابينکراوە. مامۆستا(مەلا محەممەد مەعروف) ناسراو بە (مەلا محەممەدى ئەزهەر) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.
کەوتووەتە باشورى خۆرئاواى گوندی (تەپەکوڕە)وە. مزگەوتی گوندەکە سێ جار شوێنەکەى گوازراوەتەوە. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستن و ڕوخاندنى گوندەکاندا، ئەمیش ڕووخێنراوە. ساڵى ١٩٩٦ لەلايەن (ڕابيتەى ئيسلامى کورد)ەوە دروستکراوەتەوە. لەو ساڵە بەدواوە تەنها جارێک نۆژەن و فراوانکراوه. يەک نهۆمە و يەک دەروازه و منارەى هەيه. (مامۆستا جەمال عەبدولکەريم دەرەقەيسەرى) وتارى هەینی تێدا پێشکەش دەکات.
کەوتووەتە گوندی تەپەگوڵاوی لەسەر جادەی سیروان سیدسادق. بە ڕاوێژی عبدالحمید فەرەج مەحموود، کە بە مەلا حامید ناسراوە، هەروەها هاوکاریی موسڵمانان و بە سەپەرشتی عومەری حاجی عینایەت لە سەر ڕووبەری ١٢٠م٢ دروستکراوە. مەلا حامید دەبێتە ئیمام و پێشنوێژی مزگەوتەکە. ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ گوندەکەدا ڕوخاوەو ساڵی ١٩٩٢ دروستکراوەتەوە و نوێژی هەینی لێدەکرێت و مەلا عەبدولی مەلا حامید ئیمام و سەرپەرشتیاری بووە. ئێستا سەرکەوت قادر و سامان محەمەد خزمەتیدەکەن.
کەوتووەتە ناوەڕاستى گوندی (تەپی سەفای خواروو)ەوە. مێژووى دروستکردنى بۆ سييەکانى سەدەى بيست دەگەڕێتەوە. لەلايەن (حاجى مستەفاى عەلى ياروەيس)ـەوە دروستکراوە. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزووردا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٣ جارێکى تر لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٤ سەرلەنوێ نۆژەنکراوەتەوە. يەک نهۆمە و دوو دەروازه و یەک منارەى هەيە. مامۆستا (فەرمان حەبيب ئيسماعيل) پێشنوێژى تێدا دەکات و وتارى هەینی لەلايەن مامۆستا (مەلا ناسيح حەسەن قادر)ەوە پێشکەشدەکرێت.
کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندی (تەپی سەفای سەروو)ەوە. مێژووى دروستکردنى بۆ نيوەى يەکەمى سەدەى بيست دەگەڕێتەوە. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزووردا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٢ جارێکى تر لەلایەن خێرخوازانەوە بونيادنراوەتەوە. يەک نهۆمە و دوو دەروازە و منارەیەکی هەيه. هۆڵى هەيە و نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت. يەک جار نۆژەنکراوەتەوە. مامۆستا (مەلا فەرمان حەبيب ئيسماعيل) وتارخوێنى مزگەوتەکەيە.
کەوتووەتە گەڕەکی (جوولەکان)ی هەڵەبجەوە. سەبارەت بە ناوی مزگەوتەکە بۆچوونی باو ئەوەیە، کە لە بنەڕەتدا تەکیەی (سەید نەسروڵڵا خانەگایی) بووە، دواتر کراوە بە مزگەوت. مێژووی دروستبوونی بۆ چارەکی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم و نزیکەی ساڵی ١٨٠١ دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە یەکەمین پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتەکە بیروبۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک وای بۆ دەچن یەکەم مامۆستای ئایینیی مزگەوتەکە (سەید نەسروڵڵا) خۆی بووە، هەندێکی تریش دەڵێن (حاجی مەلا مستەفا موراد) یەکەمین وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتەکە بووە. مزگەوتی تەکیە لە سەرەتادا لە گڵ و خۆڵ و خشتی قوڕ دروستکراوە، بەڵام بە هۆی ئەوەى چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە، کە کۆتاجاریان لە ساڵی ٢٠٠٩دا بووه، ئەو کەرەستانە نەماون. مزگەوتی تەکیە هۆڵێکی گەورە و منارەیەکی هەیە. نوێژی هەینی تێدا دەکرێت.
کەوتووەتە گوندی تەکیە لە شارۆچکەی خورماڵ، ساڵی ١٩٤٠ دروستکراوە و لە سەردەستی حاجی موحەممەد سەید مراد شاوێس چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە. لە ڕاگواستندا گوندەکە تێکدەدرێت و خەڵکی کەرەسەکانی دەبەن لە خورماڵ مزگەوتی تەکیەییەکانی پێ دروستدەکەن. پاش گەڕانەوەیان بۆ گوند، بە یارمەتی کوردستان سێوکانی و ڕابیتەی ئیسلامی ساڵی ١٩٩٤ دروستیدەکەنەوە. هەموو نوێژەکانی تێدا ئەنجامدەدرێت.
بە دووری (١٠٨کم) کەوتووەتە سەر سنوری (عێراق ئێران). لە باشورى شارەدێی تەوێڵهیە. تەرمی شێخ عوسمان سیراجەدین و شێخ ئەحمەدی کوڕی لەناو خانەقای تەوێڵەدا بەخاکسپێرراون، شێخ عوسمان بەناوبانگترین جێگرەوەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بووە، ئەم خانەقایە بە شێوازی ئەندازیاریی ڕەسەنی کوردی دروستکراوە و لە ١٧ ژوور و هەیوانێک و ئارامگایەک لەگەڵ گومەزی شێخ سیراجەدین پێکهاتوە. شێخ عوسمان لەکاتی پیریدا و ساڵی ١٢٧٣ی کۆچی، خانەقایەکی بچوکی دروستکرد و لەدوای خۆی کوڕە گەورەکەی شێخ محەممەد بەهائەدین فراوانی کردووە و بەم شێوەیەی ئێستای لێکردووە. هەتا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتوانی تەریقەتی نەقشبەندی و گەشتیارانی دیکەش سەردانی دەکەن، هەندێکیان بەمەبەستی زیارەتکردن و هەندێکیان بەمەبەستی بەدیهێنانی داواکانیان، بەڵام هەندێک بەمەبەستی مانەوە و خوێندن دێنە خانەقای تەوێڵە، چونکە ئەم خانەقایەش هاوشێوەی خانەقای بیارە هەتا ئێستاش وەکو خوێندنگایەک ماوەتەوە و بەردەوامە لە پێگەیاندنی فەقێ و مەلا. بەهۆی ئەوەی خانەقاکە کەوتووەتە سەر سنوری (عێراق - ئێران)، هەروەها نائارامیی سیاسی و خراپیی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە و دواتر شەڕی ناوخۆیش، بەهۆیانەوە چەندین دەستنوس و بەڵگەنامەی کۆن و بەنرخ ونبوون، کە هەندێکیان دزراون و هەندێکی دیکەیان لەلایەن نەیارانی تەریقەتی نەقشبەندییەوە سوتێنراون، سەرەڕای ئەوەی، کە چەندین جار هەوڵی هەڵدانەوەی گۆڕەکانی ناوی دراوه.
کەوتووەتە گوندى (تريفە)ى ناوچەى نەورۆڵینشينەوە. مێژوويەکى دێرینی هەيە. ساڵى ١٩٧٨ لە چوارچێوەى پڕۆسەى ڕاگواستنى گوندە سنورييەکاندا ڕووخێنراوه. ساڵی ٢٠٢١ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوەتەوە. دوو نهۆمه. چوار دەروازەی هەيە. لە سەردەمى (مەلا ساڵحى گەوره)دا مەدرەسەى هەبووە، نوێژى هەينى تێدا ناکرێت.
کەوتووەتە ناوەڕاستى گوندی (خێڵی حەمە). ساڵى ٢٠١٥ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە، زەوييەکەى لەلايەن ئەحمەد سادق ڕۆستەمى خەڵکى گوندەکەوە دابينکراوە و بەخشراوە به مزگەوت. يەک نهۆمە و دوو دەروازە و یەک منارەی هەيە. لە ئێستادا مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولقادر پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکەيە.
مزگەوتی گەورەی تەوێڵەشی پێدەوترێت. مەڵبەندی پەروەردە و فێرکردن بووە. چەندین زانای گەورە تیایدا خوێندوویانە و مۆڵەتیان وەرگرتووە. کەوتووەتە ناوبازاڕەوە. ڕووبەرەکەی(١٧ بە ١٧م)ە. وەک دەوترێت لە سەردەمی (عەبدوڵڵای کوڕی عومەر)دا دروستکراوە. ساڵی ١٩٢٨ قادربەگ گەورەی دەکات و نوێی دەکاتەوە. وەستا بەناکەی (وەستا حەمە ئەمینی وەستا عەبدوڵڵا) بووە. وەستای تەختەبەندەکەیشی (وەستا عەبدوڵڵای دارتاش) بووە. ٢٠ کۆڵەکەی تێدا بەکارهاتووە. دوو دەرگا و دوو حەوز و دوو ڕیز دەستشۆری هەبووە. دوو وسڵخانە و سێ دوکان و شوێنی مردووشۆری هەبووە. لای چەپی مزگەوتەکە حوجرە و مەدرەسەی تێدابووە. ساڵی ١٩٤٧ نۆژەندەکرێتەوە. تەواوی نوێژەکانی تێدا دەکرێت. (مەلا یاسینی تەوێڵەیی و مەلا نەزیر و مەلا عەبدوڵڵای مەریوانی و مەلا ساحێب) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکە بوون. لە سەردەمی مەلا ساحێبدا یەکێک بووە لە خوێندنگە گرنگەکان. لە شەڕی (عێراق - ئێران)دا ڕووخاوە. دوای ڕاپەڕین خەڵکی تەوێڵە دروستیانکردەوە و ئەم مامۆستایانە وتاربێژی بوون: مەلا عوزێر، مەلا عەبدولقادر، مەلا بێساران، مەلا ئەرسەلان، مەلا فاروق، مەلا لوقمان بەڵخەیی، مەلا نوورەدین. ساڵی ١٩٩٧بە هەوڵی سەید عەبدولڕەحمان و مەلا عوزێر و مەلا لوقمان و عەبدالرەزاق ئەورەحمانی خەڵکی تەوێڵە، یەکگرتووی ئیسلامی جیاوازتر و لە بناغەوە دروستیکردووەتەوە.
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گەڕەکی (پیرمحەممەد)ەوە. لەلایەن شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ محەممەد کۆسەوە دروستکراوە. بە کۆنترین مزگەوت و یەکەمین مەڵبەندی ئاینی لە شاری هەڵەبجەدا دادەنرێت. بەهۆی ئەوەی لەکاتی خۆیدا مزگەوتی تر نەبووە و تەنها لەم مزگەوتەدا نوێژی هەینی ئەنجامدراوە، بە مزگەوتی (جامیعە)ش ناو دەبرێت. مزگەوتەکە لە دوو هۆڵی گەورەی نوێژخوێندن، حوجرەیەک، منارەیەک و دوو دەروازەی هاتووچۆکردن پێکهاتووە. بەهۆی بەرکەوتنی زیان لە ساڵی ١٩٨٠دا، منارە دوو دەرگاییەکەی ڕوخێنراوە. کتێبخانەیەکی گەورەش لەناو مزگەتەکەدا هەبووە، بەڵام لە کاتی کیمیابارانی شارەکەدا لەناوچووە. لە حوجرەی مزگەوتەکەدا چەندین مامۆستا و زانای ئاینی وانەیان تێدا خوێندووە، لەوانە (شێخ عەبدوڵای خەرپانەیی، شێخ نورەدینی موفتی، مامۆستا ئەحمەدی موفتیزادە، سەید عەلی تاوەگۆزی، مەلا عومەری ڕێشاوی و مەلا علی کۆکۆیی...). ئەم مزگەوتە چەندین جار ڕووخاوە و دروستکراوەتەوە. کۆتا جاریش لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەنکراوەتەوە. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە بیر و ئاوی هێڵی حکومییە. لە ئێستادا یەکێکە لە مزگەوتە گەورەکانی شاری هەڵەبجە و مامۆستا (شێخ محەممەد موفتی) پێشنوێژ و وتاربێژی تێدا دەکات.
کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدانی ئێستا و جانجانی کۆن لە ناحیەی (سیروان). ساڵی ١٩٧٩ لەسەر ڕووبەری نزیکەی (٧٠٠م٢) لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە. مزگەوتەکە لە دوو دەروازە و هۆڵێکی گەورەی نوێژخوێنان بە ئەندازەی (٢٠ بە ٢٢م) پێکهاتووە. لە تەنیشتیدا ژوورێک بۆ هەڵگرتنی کەلوپەل و پێداویستییەکان تەرخانکراوە، هەروەها حەوزێکی گەورەی چیمەنتۆ بۆ دەستنوێژهەڵگرتن لە حەوشەی مزگەوتەکەدا دروستکراوە. مزگەوتەکە بەهۆی ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٨٨ەوە زیانی پێگەیشتووە و لەدوای گەڕانەوەی خەڵکی بۆ ناوچەکە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی (هیئة الإغاثة الإسلامیة العالمیة) نۆژەنکراوەتەوە. بە مزگەوتی (إبن صلاح الشهرزوري)یش ناسراوە. لە ئێستادا مامۆستا (کامەران عەبدولڕەحمان) پێشنوێژ و مامۆستا (سەید کازم تاوگۆزیی) وتاربێژی مزگەوتەکەن.
کەوتووەتە خۆرئاواى (گەڕەکى جولەکان) لەناو شاری هەڵەبجە. دواى ساڵى ١٩٥٩ دروستکراوە. زەویى مزگەوتەکە لەلايەن دوو کەسايەتييەوە دابینکراوە. دووجار نۆژەنکراوەتەوە و ساڵی ٢٠٢٢ سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە. ڕووبەرى مزگەوتەکە (٥٨٠م٢)یە. دوو نهۆمە، منارە و گومەزى هەيه. ناونانەکەی پەيوەندى بە ڕووداوی ١٤ى تەمووزى ١٩٥٨ی عێراقەوە هەیه، کە ڕژێم لە پاشایەتییەوە بۆ کۆمارى (جمهوری) گۆڕاوە. لە ئێستادا مامۆستا و پێشنوێژى مزگەوتەکە مامۆستا (مەلا فەلاح کەيخەسرەو عەبدولکەريم)ـە. هەروەها مامۆستا (مەلا نەزير سەليم) بەشێوەى خۆبەخش جێگریەتی. دوو جار نۆژەنکراوەتەوە و دواجاریان لەلایەن ڕابیتەی مرۆییەوە بووە. سەرچاوەى ئاوى مزگەوتەکە لە ڕابردوودا بريتیبووە لە کانیى سۆفى خدر، کە کەوتووەتە سەروو مزگەوتەوە و به بۆرى بەژێر زەويدا بۆيان ڕاکێشاوە، بەڵام لە ئێستادا کانیيەکە وشکى کردووە، لەبرى ئەوە بيرى ئيرتيوازى هەیە.
کەوتووەتە خۆرئاواى گوندی (عەنەب) و ڕێگە سەرەکييەى کە هەڵەبجە بە هەورامانەوە دەبەستێتەوە. لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوه. يەک نهۆمە و ڕووبەرەکەی زۆر بچووکە و تەنها بۆ ڕێبوارانى نوێژخوێن دروستکراوه. يەک دەروازەى هەيه. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. هەتا ئێستا مامۆستاى فەرمی بۆ دانەنراوه.
کەوتووەتە بەری خۆرهەڵاتی گوندی (چرۆستانە). لە ساڵی ١٩٧٨، لەگەڵ ڕاگواستن و ڕووخاندنی گوندە سنورییەکانی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ڕوخێنراوە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی خێرخوازان دەست بە دروستکردنەوەی کراوە و ساڵی ٢٠٢٤ تەواوبووە. دوو نهۆمە و دوو دەروازە و یەک منارەی هەیە. نوێژی هەینی تێدا ناکرێت. مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوە. لە دیارترین ئەو مامۆستایانەی، کە پێشتر لەم مزگەوتە پێشنوێژ بوون، سەید عەبدولڕەحیمی تاوگۆزی (مەولەوی) بووە.
ساڵی ١٩٦٥ بۆیەکەمجار لە گوندى چنارەى سورێن مزگەوتێک کراوەتەوە. بە بەرد و قور، سەرەوەشى بەدار و خۆڵ گیراوە. لە کەوتووەتە بەشى خۆرئاواى گوندەکەوە، لەسەر ئەرکى خەڵکى گوندەکە و بە هەرەوەزى دروستیانکردووە. لە ساڵى ١٩٧٦ نۆژەنکراوەتەوە و فراون کراوە. ڕووبەرەکەى (٢٠٠م٢)ـە. کانییەکى لە پاڵدا بووە، بەردەمى مزگەوتەکە کراوە بە حەوز بۆ دەستنوێژگرتن، ئەم مزگەوتە هەتا ساڵى ١٩٧٨ نوێژى تێدا کراوە، بەڵام دواتر گوندەکە چۆڵکراوە و ئاوەدان نەکراوەتەوە.
کەوتووەتە گوندی چناری ناوچەی کۆکۆیی نزیک سنوری (ئێران – عێراق). مێژووی دروستکردنی مزگەوتەکە لەگەڵ دروستکردنی گوندەکەدایە. بەهۆی سوتانی گوندەکەوە، دووجار تێکدراوە. جاری دووەم ساڵی ١٩٧٦بووە، دواتر لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە بە هەرەوزی دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٣ و بە سەرپەرشتی حاجی قاسم کۆکۆیی و بە هاوکاری دانیشتوانی گوندەکە، بۆ جارى سێیەم لە شوێنە کۆنەکەى خۆیدا، بەشێوەیەکی نوێ و بە ڕووبەری (١٠م درێژی ١٥م پانی) دروستکراوەتەوە و خێرخوازان تێچووى دروستکردنى مزگەوتەکەیان لەئەستۆگرتووە.
کەوتووەتە گەڕەکى (يادگاری) و سەر ئەو ڕێگەيەى، کە مۆنۆمێنتى شەهيدانى کیمیابارانى هەڵەبجە بە گۆڕستانى شێخ ئيسماعيل بەيەکەوە دەبەستێتەوە. ساڵى ٢٠١٤ (حاجى ساڵح چرۆسانەيى) زەوييەکەى بەخشيوە بە مزگەوت و هەرخۆشى (بە هاوکاری خەڵکی تریش) دروستیانکردووە. ڕووبەرەکەى نزيکەى (٢٠٠٠م٢)يە. نۆژەن نەکراوەتەوە. مزگەوتەکە يەک نهۆمە و سێ دەروازه و یەک منارەى هەيە. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. لە ئێستادا (د. ئومێد عومەر عەلى) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.
کەوتووەتە گەڕەکی شەمێرانی و هەورامییەکان لە شارۆچکەی سیروان. دوای ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزوور لە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن دانیشتوانی شوێنەکەوە دروستکراوە. یەکەم جار حکومەت شوێنەکەی بۆ دروستکردنی نادی داناوە، لە کاردانەوەی خەڵکیدا کراوە بە مزگەوت. خەڵکی ڕاگوێزراوی گوندەکانی شەمێران و نەورۆڵی و هەورامان مزگەوتەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. لە ئاهەنگێکدا بە سەرپەرشتی مامۆستا مەلا ئەحمەدی یاڵانپێ، ناونراوە مزگەوتی سومەیە. هەتا ساڵی ١٩٨٨ وەک مزگەوت بەکارهاتووە، دوای ڕاپەڕین زیاتر وەک هۆڵی پرسە بەکاربراوە و وەک پێویست نوێژی تێدا کراوە، لەبەرئەوەی لە هەردوو مزگەوتی مەولەوی و سەلاحەدینەوە نزیک بووە، وەک مزگەوت بەکارنەهاتووە. دواتر هۆڵەکەش تێکدراوە و به هەوڵی حاجی شەریفی میری سووری و کوڕەکانی لەسەر ڕووبەری (١٢٠٠م٢) دروستکراوەتەوە و ناونراوە هۆڵی پرسەی حاجی شەریف. تایبەتە بە پرسەی ژنان و پیاوان. هۆڵی پیاوانی (١٩ بە ٢٣م) و هی ژنانی (٨ بە ١٩م) دەبێت. خەڵکی داوایان کردووە مزگەوتەکەشی بۆ بکرێتەوە. مزگەوتی پیاوانی (٨ بە ١٢م) و شوێنی دەسنوێژگرتن و سەرئاوی جیای هەیە، مزگەتی ژنانیش بە سەربەخۆ شوێنی دەستنوێژی هەیە. شوێنی ئامادەکردنی خواردنی بۆ دروستکراوە. لە ئێستادا وەک هۆڵی پرسە بەکاردێت.