تەوێڵه
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
بە دووری (١٠٨کم) کەوتووەتە سەر سنوری (عێراق ئێران). لە باشورى شارەدێی تەوێڵهیە. تەرمی شێخ عوسمان سیراجەدین و شێخ ئەحمەدی کوڕی لەناو خانەقای تەوێڵەدا بەخاکسپێرراون، شێخ عوسمان بەناوبانگترین جێگرەوەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بووە، ئەم خانەقایە بە شێوازی ئەندازیاریی ڕەسەنی کوردی دروستکراوە و لە ١٧ ژوور و هەیوانێک و ئارامگایەک لەگەڵ گومەزی شێخ سیراجەدین پێکهاتوە. شێخ عوسمان لەکاتی پیریدا و ساڵی ١٢٧٣ی کۆچی، خانەقایەکی بچوکی دروستکرد و لەدوای خۆی کوڕە گەورەکەی شێخ محەممەد بەهائەدین فراوانی کردووە و بەم شێوەیەی ئێستای لێکردووە. هەتا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتوانی تەریقەتی نەقشبەندی و گەشتیارانی دیکەش سەردانی دەکەن، هەندێکیان بەمەبەستی زیارەتکردن و هەندێکیان بەمەبەستی بەدیهێنانی داواکانیان، بەڵام هەندێک بەمەبەستی مانەوە و خوێندن دێنە خانەقای تەوێڵە، چونکە ئەم خانەقایەش هاوشێوەی خانەقای بیارە هەتا ئێستاش وەکو خوێندنگایەک ماوەتەوە و بەردەوامە لە پێگەیاندنی فەقێ و مەلا. بەهۆی ئەوەی خانەقاکە کەوتووەتە سەر سنوری (عێراق - ئێران)، هەروەها نائارامیی سیاسی و خراپیی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە و دواتر شەڕی ناوخۆیش، بەهۆیانەوە چەندین دەستنوس و بەڵگەنامەی کۆن و بەنرخ ونبوون، کە هەندێکیان دزراون و هەندێکی دیکەیان لەلایەن نەیارانی تەریقەتی نەقشبەندییەوە سوتێنراون، سەرەڕای ئەوەی، کە چەندین جار هەوڵی هەڵدانەوەی گۆڕەکانی ناوی دراوه.
سەرچاوەکان:
- الهیئە العامە للسیاحة، السیاحة الدینیة فی اقلیم کردستان، مدیریة الاعلام، ص١٣
- شیروان عمر ڕەشید، بنەماکانى جوگرافیاى سروشتى و گەشەپێدانى گەشتوگوزار لەپارێزگاى سلێمانى، سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیجى کوردستان، سلێمانى، ٢٠٠٧،، ل١٨٠
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (سەید غەفوور شێخ ئەحمەد نەقشبەندی)، پێشنوێژ و وتار خوێنی مزگەوتی خانەقای بیاره، لە ٥ی ١١ی ٢٠٢٢
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا