جان جان: إبن صلاح الشهرزوري
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدانی ئێستا و جانجانی کۆن لە ناحیەی (سیروان). ساڵی ١٩٧٩ لەسەر ڕووبەری نزیکەی (٧٠٠م٢) لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە. مزگەوتەکە لە دوو دەروازە و هۆڵێکی گەورەی نوێژخوێنان بە ئەندازەی (٢٠ بە ٢٢م) پێکهاتووە. لە تەنیشتیدا ژوورێک بۆ هەڵگرتنی کەلوپەل و پێداویستییەکان تەرخانکراوە، هەروەها حەوزێکی گەورەی چیمەنتۆ بۆ دەستنوێژهەڵگرتن لە حەوشەی مزگەوتەکەدا دروستکراوە. مزگەوتەکە بەهۆی ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٨٨ەوە زیانی پێگەیشتووە و لەدوای گەڕانەوەی خەڵکی بۆ ناوچەکە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی (هیئة الإغاثة الإسلامیة العالمیة) نۆژەنکراوەتەوە. بە مزگەوتی (إبن صلاح الشهرزوري)یش ناسراوە. لە ئێستادا مامۆستا (کامەران عەبدولڕەحمان) پێشنوێژ و مامۆستا (سەید کازم تاوگۆزیی) وتاربێژی مزگەوتەکەن.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ساڵح عەلی مەنوچەر)، لەدایکبوو: ١٩٤٨، پیشە: کاسب، لە ١٢ی ١٢ی ٢٠٢٣، لە سیروان.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (کامەران عەبدولڕەحمان)، لەدایکبوو: ١٩٧٦، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: فەرمانبەر، لە ١٧ی ١٢ی ٢٠٢٣.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (فەلاح حاجی عەبدوڵڵا)، لەدایکبوو: ١٩٨٠، پیشە: فەرمانبەری فەرمانگەی ئاوی سیروان، لە ٢٠ی ١٢ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: یونس مەحموود ئەحمەد