جامیعە: مزگەوتی گەورەی تەوێڵە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
مزگەوتی گەورەی تەوێڵەشی پێدەوترێت. مەڵبەندی پەروەردە و فێرکردن بووە. چەندین زانای گەورە تیایدا خوێندوویانە و مۆڵەتیان وەرگرتووە. کەوتووەتە ناوبازاڕەوە. ڕووبەرەکەی(١٧ بە ١٧م)ە. وەک دەوترێت لە سەردەمی (عەبدوڵڵای کوڕی عومەر)دا دروستکراوە. ساڵی ١٩٢٨ قادربەگ گەورەی دەکات و نوێی دەکاتەوە. وەستا بەناکەی (وەستا حەمە ئەمینی وەستا عەبدوڵڵا) بووە. وەستای تەختەبەندەکەیشی (وەستا عەبدوڵڵای دارتاش) بووە. ٢٠ کۆڵەکەی تێدا بەکارهاتووە. دوو دەرگا و دوو حەوز و دوو ڕیز دەستشۆری هەبووە. دوو وسڵخانە و سێ دوکان و شوێنی مردووشۆری هەبووە. لای چەپی مزگەوتەکە حوجرە و مەدرەسەی تێدابووە. ساڵی ١٩٤٧ نۆژەندەکرێتەوە. تەواوی نوێژەکانی تێدا دەکرێت. (مەلا یاسینی تەوێڵەیی و مەلا نەزیر و مەلا عەبدوڵڵای مەریوانی و مەلا ساحێب) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکە بوون. لە سەردەمی مەلا ساحێبدا یەکێک بووە لە خوێندنگە گرنگەکان. لە شەڕی (عێراق - ئێران)دا ڕووخاوە. دوای ڕاپەڕین خەڵکی تەوێڵە دروستیانکردەوە و ئەم مامۆستایانە وتاربێژی بوون: مەلا عوزێر، مەلا عەبدولقادر، مەلا بێساران، مەلا ئەرسەلان، مەلا فاروق، مەلا لوقمان بەڵخەیی، مەلا نوورەدین. ساڵی ١٩٩٧بە هەوڵی سەید عەبدولڕەحمان و مەلا عوزێر و مەلا لوقمان و عەبدالرەزاق ئەورەحمانی خەڵکی تەوێڵە، یەکگرتووی ئیسلامی جیاوازتر و لە بناغەوە دروستیکردووەتەوە.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٥٣٠-٥٣٣.
- هەورامان، ئەیوب ڕۆستەم، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ٢٠٠٤، ل٣٦١.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم