بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
کەوتووەتە گەڕەکى مامۆستايان لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ دروستکراوه. زەوييەکەى بەخشراوە بە مزگەوت و خێرخوازانيش دروستيانکردووە، ڕووبەرەکەى نزيکەى (٦١٥م٢)يە، مزگەوتەکە سێ نهۆمه و چوار دەروازە و یەک منارەى هەيه. وتار و نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت. ساڵى ٢٠١٦ نۆژەنکراوەتەوە. هەریەکە لە مۆستایان مەلا وەهاب هانەدنی، مەلا ڕزگار حەمەسەلیم، مەلا میهرەبان حەمەسەعید ئیمام و وتاربێژی بوون. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا غالب ڕەسوڵ شەريف) وتاربێژى مزگەوتەکەیە و ناوبەناو مامۆستا سەلاحەدین مەجید بەرنوێژی دەکات.
دەکەوێتە بەشی باکوری ڕۆژئاوایی گوندی سەرگەت لە سنوری ناحیەی بیارە. لە ناو چەمێکدایە، مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە، چەند کەسێک سەرپەرشتیانکردووە لەوانەش(حاجی کەرەم، سەیید محەمەد، شێخ جافر). مزگەوتەکە ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٦٠٠مەتر دەبێت، لە حەرەمی مزگەوت و هەیوانێک پێکهاتووە و لەبەردەمی مزگەوتەکەدا حەوزێکی ئاوی تێدایە بۆ دەستنوێژ، بیناکە بە بەرد و چیمەنتۆ و شیش دروستکراوە و دوو منارەی هەیە، کە بەرزییان دەگاتە ٤مەتر. لە ساڵی ٢٠٠٠ نۆژەنکراوەتەوە و تاکو ساڵی٢٠١٠ نوێژی هەینی تێدا ئەنجامدراوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٤ جارێکی تر لەلایەن (حاجی تایر محەمەد)، نۆژەنکراوەتەوە. بەشێک لەو مامۆستایانەی لەڕابردوودا وتاریانداوە: (مامۆستا شێخ محەمەد بەرزنجی، شێخ سدیق، مەلا نیعمان مستەفا، مەلامەلیک). ناوبەناو چەند کەسێک بەرنوێژی تێدا دەکەن و ٤ خادمی هەیە.
کەوتووەتە چەقى بازاڕی شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە. ساڵى ١٩٧٩ لە لايەن خێرخوازانەوە دروستکراوە. سەرەتا يەک نهۆم بووه، دوو دەرگا و منارەیەکی هەبووه. دواى ڕاپەرين لەلایەن خێرخوازان و دووبارە لە لايەن (ڕابيتەى ئيسلاميەوه) بۆ جاری سێیەم ساڵى ٢٠٠٣ نۆژەنکراوەتەوە. دوو نهۆمە. سەرچاوەی ئاوى مزگەوتەکە ئاوى زەڵم و بيرە. چوار منارە و سێ دەروازەى هەيە. نوێژى هەينى لێدەکرێت. هۆڵێکى گەورەی بە ناوى (هۆڵى هەورامان) هەیە، کە تەواوى پرسە و مەڕاسيمەکانی خورماڵ و گوندەکانى دەوروبەرى تێدا ئەنجامدەدرێت. لە ئێستادا مامۆستا (عەلى تاهیر مەيکە گوڵپى) وتاربێژ و مامۆستا (والى خاليد زەڵمی) ئيمامى مزگەوتەکەن.
کەوتووەتە ناو گوندی (بۆین). ساڵی ١٩٢٥ لەسەر ڕووبەری (١٩٩م٢) بە دار و بەرد دروستکراوە. لە یەک ژوور و هەیوانێک پێکهاتووە. ساڵی ١٩٧٥ فراوانکراوە و هەتا ئێستا بەو شێوەیە ماوەتەوە. کانییەک لە تەنیشت مزگەوتەکەیە. مامۆستایان (مەلا بابا حاجی تەوێڵەیی، مەلا لوقمان) لە ماوەی جیاجیادا پێشونێژییان تێداکردووە.
مەڵبەندێکی ئایینی و ڕۆشنبیرییە. بە ئەزهەری کوردستان ناسراوە. ڕۆڵێکی گەورەی لە پیگەیاندنی ژمارەیەکی زۆر زاناو دانای کورددا هەبووە. لەبەشی ڕۆئاوای بیارە و ڕێگەی هانەگەرمڵەدایە. یەکەم قوتابخانە و دامەزراوە بووە، کە ئەرکی پێگەیاندنی مامۆستا بگرێتەخۆ. لە ساڵی ١٨٨٩، شێخ عومەر زیائەدینی شێخ عوسمانی سراجەدینی تەوێڵە سەرەتا وەک مزگەوت دایمەزراندووە. مەلا عەبدولقادری مودەڕیسی بۆ هێناوە و بووەتە یەکەم مودەڕیسی. لەسەردەمی شێخ عەلائەدین و شێخ نەجمەدیندا پەرەیسەندووە و گەلێک زانای پایەبەرز و شاعیر و ناوداری پێگەیاندووە. وەک زانستگا و خوێندنگایەک بووە و چەندین کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە ڕوویانتێکردووە، ئەمەیش بە مەبەستی فێربوونی زانستە ئیسلامییەکان و زانستەکانی دیکەش، هەتا ئێستاش وەک خوێندنگایەک بەردەوام فەقێ و مەلا تێیدا دەخوێنن و مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرن. ساڵی ١٣٠٧ کۆچی لەسەر دەستی شێخ عومەر زیائەدین دروستکراوە، هەر لەسەرەتاوە چەندین فەقێ و موریدی خۆی، دەرسیان تێیدا خوێندووە و ڕۆڵی هەبووە لە پێگەیاندن و فێرکردنی چەندین مەلا و زانای کورددا. ئەرکی پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی گرتووەتەئەستۆ. ئەم خانەقایە دواتر لەلایەن شێخ نەجمەدین و شێخ عەلادینەوە نۆژەنکراوەتەوە و دوو هۆڵی وانەوتنەوەی دیکەی بۆ زیادکراوە، کە چەندین زانا لەدەرەوەی هەرێم هاتوون و وانەیان تێدا وتووەتەوە. لە بەناوبانگترین ئەو زانایانەی، کە لەم خانەقایهدا خوێندویانە وەک مەلا قادری بیارە و شێخ مارفی نێرگزەجاڕی و شێخ عەلی قەرەداغی و مەلا عەبدولەکەریمی مودەڕیس و... هتد. خانەقای بیارە بە (المحاسن الشریفە) ناسراوە، چونکە دەوترێت دوو تاڵ لە ڕیشی پێغەمبەر(د.خ)ی لێیە و لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدەوە وەکو دیارییەک دراوەتە شێخەکانی هەورامان. ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی ئەم مەڵبەندە ئایینیە دەکەن.
کەوتووەتە گەڕەکی کاواتی لە شارۆچکەی (بیارە). ساڵی ٢٠١٨ لەسەر ئەرکی (د. یاسین کوێخا مستەفای بیارە) لەسەر ڕووبەری (٢٥٠م٢) بەسێ نهۆم دروستکراوە. چوار منارە و گومەزێکی هەیە. خانووی مامۆستای لەناودا بۆ دروستکراوە و مامۆستا مەلا (مەروان یونس ڕەحمان) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە. نوێژی هەینی لێناکرێت. سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و پۆستەر و تابلۆ و بەرنامەی زۆری لەسەر کراوە.
لەلایەن شێخ عومەر زیائەددین (شێخ عومەری بیارە)ەوە دروستکراوە، بە تەواوی ساڵی دروستکردنەکەی نازانرێت، بەڵام مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لەو بڕوايەدايە ساڵی (١٣١٠ک/١٨٩٢-١٨٩٣ز) دروستکراوە. بە تێپەڕبوونى کات بووە بە مەڵبەندێکی پەروەردەیی ئايینی و تەسەوفیی گرنگ و ناوبانگێکی باشى پەیداکردووە. چەند بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتى عوسمانى، کە مێژووەکەیان بۆ ساڵی ١٩١٢ دەگەڕێتەوە و تايبەتن بە دابینکردنی مووچە بۆ شێخی خانەقا و مودەریسی مەدرەسەکەی بیاوێڵە، لە يەکێکياندا، کە ١٨ی مارتی ١٩١٢ بۆ وەزارەتی ئەوقاف نوسراوە، باس لەوەکراوە، لەو داواکارییە شێخ محەممەد جەمیل عومەری ئەفەندی کوڕی شێخ عومەر زیائەدینی گەورە شێخانی تەریقەتی بەرزی نەقشبەندییە، لە ڕێگەی بەغدادەوە ناردوویانە لە دوای مەرگی باوکییەوە لەو خانەقا و مەدرەسەدا پۆستەنیشین بووە و لەسەر پێڕەوی پێشینانیان، سەرقاڵی ئیرشاد و تەدریسە. لەو نوسراوەدا ئاماژە بەوە کراوە لە زۆر ناوچەی جیاوازەوە خەڵکانێک ڕوو لە خانەقاکە دەکەن، لەبەر نەبوونی هیچ داهاتێک، بۆ دابینکردنی خواردنی ئەو میوانانە و خەرجی قوتابييەکانيان ڕووبەڕووی گرفت بوونەتەوە. لە نوسراوەکەدا ئاماژەش بەوە کراوە خزمەتە ئاینییەکانی شێخی خانەقای ناوبراو، لە هەمبەر مەزهەبی شیعەگەرێتیدا بووەتە بەربەست و بەرگری. شایەنی باسە فەریقی یەکەمی خانەنیشنکراو، داغستانی محەممەد فازیل پاشا، کە ماوەیەکی درێژ لەناو موسڵ فەرماندە و وەکیلی والی بووە، وێڕای شایەتیدانی بۆ ڕۆڵی شێخی خانەقای ناوبراو لە ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی شیعەگەرێتیدا، شایەتی ئەوەشی داوە، کە شێخ محەممەد جەمیل، خاوەن ڕێز و پایەیەکی بەرز بووە. جەختیشی لە گرنگی بوونی دامەزراوەیەکی لەو جۆرە لەسەر سنور بۆ ڕێگریکردن لەهەژموونی شیعەگەری جەعفەرى کردووەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش داواکراوە، بڕی هەزار قروش بۆ شێخ محەممەد جەمیل و پێنج سەد قروش بۆ سەید مەلا حەسەنی مودەڕیسی مەدرەسەی بیاوێڵە دابینبکرێت.
کەوتووەتە گەڕەکى شارەوانى، پێشتر ئەم گەڕەکە بە موجەمەعى عەنەب دەناسرا، ساڵى ١٩٧٨ لەسەر ئەرکى حکومەت دروستکراوە، له سەرەتادا ناوى مزگەوتەکە بيلالى حەبەشى بووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها ناوى (بيلال) ماوەتەوە. مزگەوت دوو نهۆمە، هۆڵێکى پرسەى پياوان و کتێبخانەيەکى بچووک و منارەى هەيە، بەڵام گوومەزى نييە. نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت. دوو دەروازەى هەيە. سێ جار دەستکارى کراوە، بەڵام ئەو دەستکاريکردنانە زۆر نەبوون. مەلا سەید ئەحمەدی تاوەگۆزی یەکەم ئیمامی مزگەوتەکە بووە. لە ئێستادا مامۆستایان (کەمال نەجيم عەبدولکەريم و مامۆستا شێخ عەدنان شێخ بورهان خەرپانەیی) پێشنوێژی تێدادەکەن.
کەوتووەتە بەشى خۆرئاواى گوندی (بێژاوا). لەسەر کانیى ناو گوندەکە هەڵکەوتووە، مێژووى دروستکردنى بۆ کۆتايى بيستەکان و سەرەتاى سييەکانى سەدەى ڕابردوو دەگەڕێتەوە. لەلايەن خەڵکى گوندەکەوە بە موور(چينێک قوڕ و چينێک بەرد) و دار دروستکراوە. ساڵى ١٩٧٨ لەکاتی ڕاگواستنی گوندە سنورييەکاندا لەلايەن حکومەتەوە ڕوخاوە و هەتا ئێستا دروستنەکراوەتەوه.
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. لەلایەن (محەممەد پاشای جاف)، کە لەو سەردەمەدا قایمقایم بووە دروستکراوە. بەگزادەکانی جاف خۆیان سەرۆکاری مزگەوتەکەیان کردووە و چەندین فەقێ دەرسیان لێ خوێندووە. ژنانیش لەگەڵ پیاواندا لە مزگەوتەکەدا فەقێ بوون و زانستە شەرعییەکانیان خوێندووە، ئافرەتێک بەناوی (مەلا توبا) قۆناغەکانی فەقێیەتی لە مزگەوتەکەدا بڕیووە و دواتر دەرسی بە ئافرەتان وتووەتەوە. چەند جارێک مزگەوتەکە زیانی پێ گەیشتووە و نۆژەنکراوەتەوە. لەڕووی بیناسازییەوە لە بینایەکی بچوک بۆ نوێژخوێندن و لە بەرانبەریشیدا بینایەکی فراوان بۆ نوێژ و وتاری هەینی دروستکراوە، منارەیەکی گەورەی هەیه. سەرچاوەی ئاوی سەرەکیی مزگەوتەکە بیری دەستی بووە، دواتر گرێدراوە بە تۆڕی ئاوی حکومییەوە.
بۆ یەکەمجار لە ساڵانى شەستەکانى سەدەى ڕابردوودا لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە مزگەوت لە گوندەکەدا دروستکراوە. ڕووبەرەکەی (١٠٠م) بووە بە بەرد و قور دیوارى نراوە و بە دار و خۆڵ سەرى گیراوە. ساڵى ١٩٩٧ دووبارە لە شوێنى مزگەوتەکەدا مزگەوتێکى نوێ بە ڕووبەرى (١٥٠م٢) دروستکراوە. سەرەتا (مەلا لوقمانى تەوێڵەیی) و دواتریش (مەلا نورەدینى تەوێڵەیی) مامۆستای مزگەوتەکە بوون.
کەوتووەتە ناوەندى گوندى (پریسى خواروو)ەوە. لە چلەکانى سەدەى ڕابردوودا دروستکراوە. هەتا ڕاگواستنی گوندە سنورییەکان لە ساڵی ١٩٧٨دا کراوە بووە و دواتر تێکدراوە. ساڵى ٢٠٢١ لەسەر ئەرکى خێرخوازان و خەڵکى گوندەکە، لە هەمان شوێن لەسەر ڕووبەرى (٢٢٠م٢) دروستکراوەتەوە.
کەوتووەتە ناو گوندى (پريسى ژووروو)ى ناوچەى نەورۆڵینشين، مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە مەدرەسەی تێدا بووە. ساڵی ١٩٧٨ لە پڕۆسەى ڕاگواستنى گوندە سنورييەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٧ جارێکى ديکە مزگەوتەکە تێکدراوە و لە سەرەوەی شوێنی جارانیەوە دروستکراوەتەوە و فراوانکراوە و کۆنەکەیش دروستکراوەتەوه. زەوییەکەی موڵکى (حاجى عەبدوڵاى هەسەن) و (محەممەد هەسەن)ى براى بووە و بەخشيويانە. مزگەوتەکە يەک نهۆمه. دوو دەروازە و یەک منارەى هەيه. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. مامۆستاى فەرمى بۆ دانەمەزراوە.
ساڵی ١٨٩٥ لەسەر دەستی (شێخ نەجمەدین شێخ عومەر شێخ عوسمان سراجەدینی)ی نەقشبەندی لە گوندی (پشتە) دروستکراوە. لە مامۆستا بەناوبانگەکانی وەک (مەلائەحمەدی سەدباری، مامۆستا شێخ عەبدولڕەحمانی بەرزنجە و موعتەمەدی شێخ نەجمەدین نەقشبەندی) بوون، کە خزمەتیان تێدا کردووە. (شێخ نەجمەدین نەقشبەندی و شێخ ساحیب)ی کوڕی بەدوای یەکدا سەرپەرشتییانکردووە.
کەوتووەتە گوندی (تازەدێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٦٦ دروستکراوە. سەرەتا تەنها یەک ژوور بووە و بە بەرد و قوڕ و دار لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە لەسەر ڕووبەری (١٠٠٠م٢) دروستکراوە. هەتا ساڵی ١٩٨٧ ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزوور لەلایەن حکومەتەوە کراوە بووە، لەو کاتەوه، کە ڕووخاوە دروستنەکراوەتەوە.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (تازەدێی بناری سورێن)ەوە. ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) دروستکراوە. هەتا ئێستا بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە و نوێژی هەینی لێناکرێت.
کەوتووەتە گوندى (تازەدێى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٧٣ لەسەر ڕووبەرى (١٥٠م٢) لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە دروستکراوە. بە بەرد و دارەڕا دروستکراوە و چەند کۆڵەکەیەک لە ناوەڕاستیدا بووە. حەوزێکى بچوکی هەبووە. یەکەمین پێشنوێژی مامۆستا (تۆفیق ئەمین عەزیز) بووە. دواى ڕاگواستنى گوندەکانی شارەزوور لە ساڵی ١٩٧٨ ڕووخاوە و دواتر دروستنەکراوەتەوە. لە ئێستادا گوندەکە مزگەوتی نییە.
کەوتووەتە گوندی تاوێرە لە سەر زەوی مزگەوتی کۆنی تاوێرە، کە ساڵانی ١٩٠٠ مزگەت بووە، لە ساڵی ٢٠٠٦دەستکراوە بە بونیادنانی و ساڵی ٢٠١٤ تەواو بووە. دوو نهۆمە و منارە و شوێنی ئافرەتان و سەرئاوی هەیە. نوێژی هەینی تێدا دەکرێت. حاجی فاروق سادق سەرپەرشتی نۆژەنکردنەوەی کردووە و مامۆستا حەبیب دەرسی تێدا وتووەتەوە.
کەوتووەتە ناوەڕاستى گوندی (تەپەتۆڵەکە)وە. ساڵى ١٩٧٠ دروستکراوه. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزووردا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٥ لە ڕێگەى (اغاثة الاسلامية)وە جارێکى تر دروستکراوەتەوە. تەنها يەک جار لەسەر ئەرکى خێرخوازان نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. يەک نهۆمە و يەک دەروازه و یەک منارەى هەيه. نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت. ماوەى نزیکەی دە ساڵە مامۆستا (مەلا عەبدولقادر عەزيز عەلى شەمێرانەيى) وتاری هەینی تێدا دەدات و بۆ ماوەی ساڵێک (کەمال ئەمین گوڵپی)یش وتارخوێنی تێدا کردووە.
دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ئاینیە. لەسەر میلاکی وەزارەتی ئەوقاف بووه. ساڵی ١٩٦٠ بە هەوڵی مامۆستا مەلا ساڵحی گەورە لە شاری هەڵەبجە کراوەتەوه و هەر ئەویش یەکەم بەڕێوبەری بووە. هەتا ساڵی ١٩٨٨ خوێندن تیایدا بە زمانی عەرەبی بووە. جگە لە بەرنامەی قوتابخانە فەرمییەکان، چەند وانەیەکی ئاینی تێدا خوێنراوە.