تەکیە ١
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
کەوتووەتە گەڕەکی (جوولەکان)ی هەڵەبجەوە. سەبارەت بە ناوی مزگەوتەکە بۆچوونی باو ئەوەیە، کە لە بنەڕەتدا تەکیەی (سەید نەسروڵڵا خانەگایی) بووە، دواتر کراوە بە مزگەوت. مێژووی دروستبوونی بۆ چارەکی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم و نزیکەی ساڵی ١٨٠١ دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە یەکەمین پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتەکە بیروبۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک وای بۆ دەچن یەکەم مامۆستای ئایینیی مزگەوتەکە (سەید نەسروڵڵا) خۆی بووە، هەندێکی تریش دەڵێن (حاجی مەلا مستەفا موراد) یەکەمین وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتەکە بووە. مزگەوتی تەکیە لە سەرەتادا لە گڵ و خۆڵ و خشتی قوڕ دروستکراوە، بەڵام بە هۆی ئەوەى چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە، کە کۆتاجاریان لە ساڵی ٢٠٠٩دا بووه، ئەو کەرەستانە نەماون. مزگەوتی تەکیە هۆڵێکی گەورە و منارەیەکی هەیە. نوێژی هەینی تێدا دەکرێت.
سەرچاوەکان:
- هەڵەبجە شارێکی بچوک مێژوویەکی دەوڵەمەند، عادل صدیق علی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕێنوێن، سلێمانی ٢٠٢٠، ل٦٧.
- مێژووی مزگەوت و خوێندنگا ئاینییەکانی هەڵەبجە لە ١٩٥٨-٢٠٠٣، پەیام ئەحمەد حسەین، توێژینەوەیەکی مێژووییە (بەکالۆریۆس) پێشکەشی بەشی مێژووی کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی کراوە، ٢٠١٨، ل٦.
- کورتەیەک لە مێژووی مزگەوتەکانی هەڵەبجە و خزمەتی زانایان، هاوکار صابر، چاپی یەکەم، چاپخانەى بڕیار، ٢٠١٣ل ٤٧.
ئامادەکردنی: جەوهەر عەزیز ئەحمەد