دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

یەکێتی ئەندازیارانی کوردستان - لقی هەڵەبجەی شەهید

ڕێکخراوێکی پیشەیی ناحکومییە. ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە. هەڵەبجەی شەهید لە ساڵی ٢٠١١ەوە نوێنەرایەتی تێدا هەبووە و ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە لقێکی سەربەخۆ. لەسەر ڕووبەری زیاتر لە (٢٠٠٠م) زەوی، بینای (٣٠٠م٢) دروستکراوە. لە چوار ژوور و هۆڵێک پێکهاتووە. کەوتووەتە سەر جووتسایدی ئەندازیاران و سەرووی یاریگای شاهۆی حەمەفەرەج. بەڕێوەبەرەکەی (قودبەدین حەسەن عەلی)یە. هەشت فەرمانبەری هەیە، کە بە شێوەی گرێبەست کاردەکەن.

زیاتر بزانە
ڕێکخراوی پیشەیی

یەکیەتی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی هەڵەبجە

سەندیکایەکی پیشەییە. کەوتووەتە دەروازەی شار لەسەر شەقامی سەرەکی و تەنیشت مۆنۆمێنتی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٢٣ لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی نوێنەری دادگای هەڵەبجە، ئەندامانی دەستەی کارگێڕییەکەی هەڵبێژرراون و هەمان ساڵ یەکەمین کۆبونەوەی کردووە و(د. پێشەوا عومەر مەحموود) بووە بە لێپرسراوی و بە ئەندامیەتی ١٩ کۆمپانیا کراوەتەوە. لە بەشەکانی: یاسا و بەدواداچونی کێشەکان، -ئیدارە و ئامار و ئەرشیفکردن، پلاندانان و ئەندازیاری، پڕۆژەکان، پەیوەندییەکان، دارایی، پێکهاتووە. جگە لە دەستەی کارگێڕی، سێ فەرمانبەر هەیە. کار بۆ یەکخستن و بەگەڕخستنی هێز و توانای ئەندامان و چالاکییەکانیان و بەدیهینانی مافی ئەندامان دەکەن.

زیاتر بزانە
ڕێکخراوی پیشەیی

یەکێتی جوتیاران - لیژنەی هەڵەبجە

کەوتووەتە خوار بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ لەسەر شەقامی دەروازەی شاری هەڵەبجە. لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨ و دروستبوونی کۆماری، هاتووەتەکایەوە. لە دوای ڕاپەڕین و سەردەمی بەرەی کوردستانی، هەیکەلەکەیان نوێکردووەتەوە و لیژنەکەیان دروستکردووە. (جەمیلی مەلا مستەفا) یەکەم لێپرسراوی لیژنەکە بووە، پاشان (قادر مەحموود لاوەلاوە "قالەگرێدەر") لێپرسراو بووە و لەئێستادا (حامد حەمەفەرەج محەمەد) لێپرسراویەتی. بیناکەیان ساڵی ١٩٩٨ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە و لە چوار ژوور پێکهاتووە.

زیاتر بزانە
ڕێکخراوی پیشەیی

یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان - لقی هەڵەبجە

ڕێکخراوێکی پیشەییە. شوێنەکەی کەوتووەتە گەڕەکی سەرا بەرانبەر بینای قایمقامیەت. لقەکە سەر بە مەکتەبی تەنفیزی سەندیکاکەیە و پێشتر لیژنە بووە و سەر بە سلێمانی بووە. ساڵی ٢٠١٨ حەوت سەندیکای تایبەت پێکیانهێناوە. لە سەرۆک و جێگر و سێ ئەندام پێکهاتووە. بودجەی دیاریکراویان نییە و داهاتیان لەسەر ئەندامان و سەرەی مەرزەکانە. (ڕەفیق عیزەت محەممەد) یەکەم بەڕێوەبەری بووە و دواتر (کارزان محەممەد نەجم محەممەد) هەتا ئێستا لێپرسراویەتی. بیناکەیان سێ نهۆمە و لەسەر ڕووبەری (٣٠٠م٢) دروستکراوە. شوێنی لقەکە نهۆمی دوومیانە و بەکرێ تێیدان.

یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان - ناوەندی باڵای هەڵەبجە

سەر بە مەکتەبی سکرتاریەتی ڕێکخراوەکەیە، کە لە ١٨ی ٢ی ١٩٥٣ دامەزراوە. ساڵی ٢٠٠٣ بە ناوی (ناوەندی باڵای شارەزوور) دوای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بە ناوی (ناوەندی باڵای هەڵەبجە) لە ناوچەکەدا‌ کراوەتەوە. پێنج ناوەندی (هەڵەبجە، هەورامان، سیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن) دەگرێتەوە. لە بەشەکانی (ڕێکخستن، دارایی، وەرزش، هونەری، ڕاگەیاندن، پەیوەندییەکان) پێکهاتووە. (عومەر فارس ساڵح) بەرپرسی بووە و هەتا ئێستا بەردەوامە. ٢٥ کارمەندی هەیە. بیناکەیان کرێیە و ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) و یەک نهۆم دروستکراوە. کەوتووەتە گەڕەکی مامۆستایان.

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی هەڵەبجە

ڕێکخراوێکی پیشەیی ناحکومییە. ساڵی ١٩٦٢ دامەزراوە. لە دوای ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی دوو ئیدارەیی، لقی هەڵەبجە دابەشبووە بەسەر دوو لقی کارگێڕیدا، لقی زۆنی زەرد، کە (حەمەسەعیدی حاجی عەنایەت) و لقی زۆنی سەوز، کە (سەربەست کەریم) لێپرسراوی بوون. پاش یەکگرتنەوە (سەربەست کەریم) بووە بە لێپرسراوی. لە دوای کۆنگرەی ١٢ی یەکێتیی مامۆستایان، ساڵی ٢٠١١، لە ٢٩ی ٦ی ٢٠١٢ ستافی کارگێری لە سەرۆکی لق و شەش ئەندام پێکهاتووە و سەرەتا سەرۆکی لق (عەبدوڵا عەلی حەسەن) و دواتر (فاروق غەفوور حسێن) بووە. بیناکەیان موڵکی یەکێتی مامۆستایانە. ساڵی ٢٠١٨ لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەسەر ڕووبەری (٣٨٧م٢) بە دوو نهۆم دروستکراوە. نهۆمی یەکەم هۆڵێکی گەورەیە و نهۆمی دووەم لە پێنج ژوور پێکهاتووە.

زیاتر بزانە
ڕێکخراوی پیشەیی

یەکێتی نابینایانی کوردستان - لقی هەڵەبجە

وەک یەکەمین ڕێکخراوی تایبەت بە نابینایان ساڵی ١٩٩٤ مەڵبەندە گشتییەکەی دامەزراوە. لقی هەڵەبجەی لە ١٢ی ١٢ی ٢٠١٩ کراوەتەوە. دەستەی کارگێڕییەکەی له ‌حەوت ئەندامی خۆبەخش پێکهاتووە. (چالاک تۆفیق ئەحمەد) وەک بەرپرسی لق هەتا ئێستا بەردەوامە. سەرەتا ڕادیۆی تایبەت بە خۆیان هەبووە. بیناکەیان کەوتووتە نهۆمی یەک لە شوقەکانی شارەوانی، کە لە سێ ژوور پێکهاتووە. ٢٠٠٠٠٠ هەزار بودجەی مانگانەیان هەیە، کە مەڵەبەندی گشتیی ڕێکخراوەکە دابینیدەکات. کار بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تاک و خێزانی نابینا و ئاشناکردن بە مافەکانیان و هاوکاریکردنیان دەکات.

یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی عێراق-لقی هەڵەبجە

دەکەوێتە گەڕەکی مەرزەبۆتۆ، نزیک فەرمانگەی پۆستە و گەیاندنی هەڵەبجە و خوارووی عەلوەی کۆنی هەڵەبجە. سەر بە یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی عێراق / هەرێمی کوردستانە. لە ١١ی١١ی ٢٠٠٥ لە پارێزگای سلێمانی دامەزراوە. لە ٢٩/٣/٢٠٢٢بە فەرمی ڕەزامەندیی وەرگیراوە بەکردنەوەی لقی هەڵەبجەی ڕێکخراوەکە. جزا ڕەزا حەمەصاڵح وەک یەکەم سەرۆکی لق دەستبەکاردەبێت و هەتا ئێستاش بەردەوامە. ئامانجی هاوردەکردنی کاڵایە بۆ بووژاندنەوەی چالاکیی ئابوری و بازرگانی و گرنگیپێدان بە دروستکردنی بەرهەمی ناوخۆ، بەتایبەت ئەو کاڵا خام و ئامێرانەی، کە بنەمای دروستکردنی پیشەسازیی خۆماڵین. هەروەها داکۆکیکردن لە ماف و پاراستنی هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان لەو کۆسپ و تەگەرانەی بازاڕ، بەتایبەتی ساختەی بەرهەمە پیشەسازییەکان.

دامەزراوەی دەوڵەتی موسەنا

دامەزراوەیەکی عێراقییە بۆ بەرهەمهێنانی کیمیایی. ساڵی ١٩٨٠ پرۆگرامی چەکی کیمیایی عێراقی لەژێر ناوی دامەزراوەی بەرهەمهێنانی ژەهری مێرووکوژی تێدا دروستکراوە. ساڵی ١٩٨٧ ناوەکەی گۆڕاوە بۆ دامەزراوەی دەوڵەتی موسەناMSE. لەنێو بیاباندایە و ٢٠کم لە شاری سامەرراوە دوورە. لە چەندین دامەزراوە پێکهاتووە. وەک بەهەمی کەرەستەی خاوی چەکی کیمیایی، بەشی توێژینەوە و پێشخستن، تاقیگە بۆ بەرفراوانکردنی بەرهەم، شوێنی عەمبارکردنی چەک و تەقەمەنی و کیمیایی، ئاسایشێکی بەهێز و سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی پاراستوویەتی. ساڵی ١٩٨٥ بەشەکانی فەلوجە ١و٢و٣ی بۆ دروستکرا. چەندین کارگە لەم دامەزراوەیە بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامی چەکی کیمیایی لەکاردابوون. لەوانە:ئیبن حەییان ١بۆ گازی خەردەل، موعتەسەم ٤بۆکاری تەکنیکی و بە کارهێنانی ئامێرەکان، مالک بۆ بەرهەمهێنانی تابوون، هیبەرجەر ١ و ٢ و٣یان موعتەسم ١، کە ساڵانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٧ ڕۆژانە ٥٠٠کغم سارین و سایکلۆسارینی بەرهەمهێناوە، ژووری هەناسەهەڵکێشان، چوار کارگەی تری H١-H٤، چەند کارگەیەکی تری وەک ئەحمەد، محەممەد، مالک و زیا و..هتد، کە کۆمپانیای هیبەرجەری ئەڵمانی و کاراکۆلب کەرەستەیان بۆ دابینکردوون، کە دواتر گازە بەرهەم هاتووەکانی ئەم دامەزراوەیە لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ هەڵەبجەی پێ گازباران کراوە.

زیاتر بزانە
دامەزراوە

کۆمپانیا بەشداربووەکان لە‌ کیمیاييبارانکردنى هەڵەبجەدا

ژمارەیەک کۆمپانیای وڵاتانن، بە نایاسایی لە پڕچەککردن و دامەزراوەی چەکی کیمییاییدا هاوکاری حکومەتی عێراقیان کردووە، بە پێدانی مادەی کیمیایی و تەکنۆلژیایی سەربازیی پێشکەوتوو، چەکی ناوەکی، مەدفەعی دورهاوێژ، پیتاندنی یۆرانیۆم، چەکی بایەلۆجی و ڤایرۆسی، دیزاینی ڕۆکێت، پسپۆڕ و شارەزا، تاقیگە و بینا و کارگە. کەلوپەلی تەندروستی، ئامێری ئەلکترۆنی، نەخشە و ئەندازیار، ڕادار و ئاگادارکەرەوە، مادەی ڕاکێشەر، گڕدار، دیواری بەرگری گەردەلولی، توێنەرەوە، هاڕاوە و سوڕینەری موگناتیسی، سیستەمی پشکنین، کارگەی گازی دەمار و سارین و پسپۆڕی مەشق و پارچەی یەدەگ، کە حکومەتی عێراقی کردوەتە خاوەنی چەکی کیمیایی و بە چڕی لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لە هەڵەبجە بەکاریهێناوە. لە بەڵگەنامەکان و دۆسیەی(میدل ئێست رایت پرۆجێکت Midle east right project) و هەندێک سەرچاوەی تردا ناویان هاتووە. ئەوانیش: ١- وڵاتی ئەرجەنتین: ناوەکانیان(ئیرۆتش، بۆینس ئایرس، کوستش، ئینیستا، ئێس.ئەی. کوردیا). ٢-وڵاتی نەمسا: ناوەکانیان: کۆنسۆڵت ئەی، ئێس، تی، کونسۆڵت کۆ، ئیمریش، بینیارگ، بیناکاترائی لیهانرد، نیوبێرگ، سواتیک و سیرنی، دێلتا کۆنسوڵت، دێلتا سیستەم، بینیک جیرۆز نیتزاڵ، هیوتر و شارانز، ئیلبۆ، دانزال، هیرتنبۆرگ، ستێر-دیملر-بۆش. ٣- وڵاتی بەلجیکا: ناوەکانیان، فۆیست-ئەلبین، فلیپس پترۆلیۆم، سیتا، کۆگای باروتی یەکگرتوو، ئامەلگارتریدینگ. کۆکرێڵ، زێرۆچ هیرستاڵ، کۆنستراک، سینش ریزرش. ٤- وڵاتی بەرازیل: ئەڤیراس: دیزاینی ڕۆکێت و بەرنامەی چەکی ڕۆکێتی بە نایاسایی. ٥- وڵاتی سویسرا: ناوەکانیان: ئەی ئێن سى، ئیڤان کۆرلیمیتر، کۆندۆر پرۆجێکت، کۆنسن(Z.K.A.G)، ویسن Z.K.A.G، شویلین، شمید میکانیکا، سبیس ریزەرش، فۆن ڕؤڵ، فۆن. ٥- وڵاتی میسر، کۆمپانیای w.e.b: چاودێری بینای سەعد ١٦ی عێراقـی کـردووە. ٦-وڵاتی فەڕەنسا: ناوەکانیان، ئۆمشەم، گاریۆن لۆرین، ڤیدواند میستریاڵ، بیریب، بیرڤۆست. چەکی کیمیایی و بەڵێندەرایەتی پاراستن، s.v.c.m، ساجیم، سیب، فراماتۆم، سان گۆیان، تەکناتیۆم، ئۆزینۆر –سایلۆر، ئینتەرسباس. ئۆمسۆن. ٧-وڵاتی ئەڵمانیای فیدراڵی: ناوەکانیان، تیسا، جۆزیف کۆهین، ئەنتۆن ئایرەڵ، ئەڤیاست، ئاریڵ زایس، بی بی، هەربەرگربی ئەی یو، دۆتیش، ئەی بی ئەی، ئەندرۆ ستۆرک، ئەنفیرا بلان، کاراک کوب، ئێم بی بی، بیلوبلنت، بلانۆکۆف، بیرساگ، گاست، ڕاین بین،رێما-لابورتەکنیک، سیگماشیمی، فیت-ئەنجینیرینگ، دەبلیۆ تی بی، باوهم ماشینۆ، براوان بوڤری، دیلمز بنز، دیگۆتا، فریتەز ویرانە، گلایستەر، ئەنتیر گرال-یوسوبر، ئەنگۆرماتیک، ئیڤلەر، مان، مەشین ڤابریک، مەسرفارک، نیک هامبۆرگ، فرایبۆرگ بی ئێس جی، ئارمۆکس، ڕین میتاڵ، ئیمانس، ئەنترونشناڵ ترید کوسلینگ، سیگن، یەگمان، فنس تەکنیک، دلینگەر، ئەکیبورت، ئەی ئێچ میتالفۆرم، ئینواگۆ، کەی دەبلیو، لیوو ئەی جی، مان تەکنۆلۆژی، ئۆ کیم، مارستاڵ، تی ڤی، ئەی بیبی مانهام، بۆدیرۆش لقی میلۆمۆل، دیملر-بینز، دینامیت نوبڵ، فۆن، هۆرشتیف، کلۆنەر، کرۆس، لاسکۆ، ندیستەر،لۆدڤیکهامەر، مان روڵاند، مانسمان دویسبرگ، دیماک، ڕیکسۆت، ماریۆس، ماتۆشکا،ئێم بی بی، رافینسبۆرگ، ڕوهەرغاز، شیرمربلیت، شمیت کرانتز، s.m.sهانزکلیڤر، t.b.tتیفۆ هیرترکینک، تیسن، زوبیلن، دانگۆ، کۆرپەر. ٨- وڵاتی یۆنان: پەیمانگای ئەدڤانس تەکنۆلۆژی: کەلوپەل و پێداویستی بینای سەعدی بە عێراق داوە. ٩- وڵاتی هۆڵەندا: دوو کۆمپانیای هۆڵەندین بە ناوی، کەی بی ئێس، میلشیمی. ١٠- هیندستان: ترانسیک ئەندیا. ١١- وڵاتی ئیتالیا: ناوەکانیان (ئۆسیدت، مۆنتیگۆن، سنیا، تکنیپیترۆڵ. b.b.f.r ، ئارۆماک، سایا تەکنیک. بەنگیb.n.l، دانێلی، ئیلفا، شوسیتادلفوسین. ١٢- وڵاتی یابان: کۆمپانیای مینولتا، پێداویستیی دوبارە بەرهەمهێنانەوە. ١٣- کۆمپانیاکانی مۆناکۆ: ناوەکانیان، کۆنسن، کۆنسن ئێس ئەی ئێم. ١٤- پۆڵۆنیا: کۆمپانیای شیمادیکس، چاککردنەوەی کارگەی چارەسەری یۆرانیۆم. ١٥- وڵاتی ئیسپانیا: سێ کۆمپانیا بە ناوەکانی(ئین تیل تردید گونسلتنگ کارا، تەزبیلان). ١٦- وڵاتی سوید، کۆمپانیای بۆفۆڕ. ١٧- وڵاتی بەریتانیا، ناوەکانیان، کانیرا، ماتریکس، سی ئاڕ سی، تی ئێم جی، ترانسیکۆ، کونساریک، ئێسترا هۆڵد یەنگەر، بسا، ئێگڵ ترۆست، گلۆیاڵ تەکنیکاڵ، ئین تیل های یوای، مید نەشناڵ، شیلفێڵد، وڵتەر سۆمارز. ١٨- وڵاتی ئەمریکا: ناوەکانیان، سەنترەڵ دیز کۆنترۆڵ، تریدنگ، کۆریواریشن، ئەسۆشەیتد ئەلکترۆنی، ویشنز ئێکس وای زێت، کونسارک، بی ئێن ئێڵ، مناریڤۆگاڵ کاستنگ، سیتیکۆ، ئیکترۆنیک، تکسترۆنیکس، هلیسوین، گڵۆباڵ تەنکنیکاڵ.

زیاتر بزانە
کۆمپانیا

کۆمپانیای دەڵەمەڕ

یەکەمین کۆمپانیایە بۆ بەڵێندەرایەتی بازرگانی پرد و ڕیگاوبان، کە ئۆفیسی سەرەکی و بارەگاکەی لەناو شاری هەڵەبجەدا بێت و ٩٥% پرۆژەکانی لەناو شاردا جێبەجێکردبێت و کاریگەری لەسەر ئاوەدانکردنەوەی شار هەبێت. لە نهۆمی چواری خلیج مۆڵدایە لەسەر جووتسایدی مامۆستایان. پێشتر ناوی پێگە بووە و لە ساڵی ٢٠١٢ سەردار ئەمین فەتاح کڕیویەتی. ڕێگاکانی عەبابەیلێم، شنروێ، چاوگ، دووسایدی لقی ١٢، دووسایدی حەمەوغان، سەرگەت هانەی دن..هتد لە کارە جێبەجێکراوەکانی ئەون.

لیژنەی ئیسڵاح

لیژنەیەکه،‌ کە لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلول لە (تەوێڵە) بۆ کێشەکانی خەڵکی تەوێڵە دامەزراوە. ڕۆڵی ئەنجومەنیان گێڕاوە. ئەندامەکانی بریتیبوون لە (محێدین حەمەسەعید، هادی ئاییزە حەبیب، شەفیعی حاجی محەممەد).

لیژنەی جوتیارانی خەرپانی

لیژنەیەکی تایبەتە بە کێشەکانی زەویوزار و کشتوکاڵی و مافەکانی جوتیاران. لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا پێکهێنراوە. (مەقسود حەسەن، شێخ جەمیل، عەباس محەممەد، حەسەن حسێن، خواڕەحم حەمەئەمین) ئەندامى بوون. پاش نسکۆی شۆڕشيش هەریەک لە (جەعفەر محەممەد، ئیبراهیم محەممەد، شێخ جەلال، ئەحمەد فەتاح، حاجی فەرەج، ڕەفعەت فەرەج) ئەندام بوون. هەتا ڕاگواستنی گوندەکان بەردەوامبوون. لە دوای ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لیژنەی جوتیاران کارا کراوەتەوە‌ و (مەقسود حەسەن، کەمال محەممەد، عەباس محەممەد، حەسەن حسێن، خواڕەحم حەمەئەمین) ئەندامێتییان کردووە.

لیژنەی فتوای هەڵەبجە

پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ لەلایەن شێخ نورەدین موفتی و چەند مامۆستایەکەوە بیر لە پێکهێنانی کراوەتەوە. سەرەتا لە مزگەوتی (دار السلام) و پاشان لە (مەدرەسەی هەڵەبجە) ڕۆژانی سێشەممان دانیشتوون. (شێخ نورەدین شێخ موستەفا شێخ مەحموود شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی) سەرۆکی بووە. مامۆستایانی دەوروبەری هەڵەبجە و هەورامان ئەندامی بوون، لەوانە (مەلا محەممەد ئەمین سەراوی، مەلا ئەحمەدی ئەحمەدئاوا، مەلا مستەفای بیارە، شێخ غەفوور ئەحمەد عەبابەیلێ، شێخ محەممەد شێخ خالید موفتی، شێخ عومەر شێخ نورەدینی موفتی).

پێشتر 1
...
38 39