دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

حاجى شەهلاى حەمەى فەرەج

کەوتووەتە گەڕەکى (مەر‌زەبۆتۆ). ساڵى ٢٠١٠ لەسەر ئەرکى (حەمەى فەرەج) دروستکراوە. زەوييەکەى موڵکى حکومەت بووه. يەک نهۆمە و يەک دەروازەى هەيه. ڕووبەرێکى بچووکى هەیە. منارە و دوو هۆڵى بۆ پرسە و بۆنەکان هەیە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. مامۆستا (مەلا ئەحمەد عەبدولکەريم تاوگۆزى) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حاجى دولستان پريسى

کەوتووەتە بەرى ڕۆژهەڵاتى گوندى (پريسى ژووروو)ى ناوچەى نەورۆڵینشين و دەروازەى گوندەکەوە. ساڵى ٢٠٢٠ لەسەر ئەرکى (حاجى دلستان پريسى) دروستکراوه. زەوييەکەى موڵکى (حاجى سادقى حسەين ئەمين) بووە و بەخشيويەتى. يەک نهۆمە. دوو دەروازه و یەک منارەى هەيه. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. مامۆستاى فەرمى بۆ دانەمەزراوە. زیاتر بۆ ڕێبواران دروستکراوە.

حاجی عارفی تاوێرەیی

کەوتووەتە‌ گەڕەکى )فەرمانبەران) خوار نەخۆشخانەی (شەهید فاتیح). ساڵی ٢٠٠٧ لەسەر ئەرکی خێرخواز (شێخ مەهدی شێخ عارف) دروستکراوە، زەوییەکەشی لەلایەن خێرخوازانەوە دابینکراوە. یەک نهۆمە و چوار دەروازەی هەیە، منارەی هەیە. نوێژی هەینیشی تێدا ئەنجامنادرێت. لە ئێستادا مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوه.

حاجى قادرى ئيمامى

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (کیمیابارانى يەک) و باشورى مۆنۆمێنتى شەهيدانى کیمیابارانەوە. زەوييەکەى موڵکى حکومەت بووە و ساڵى ٢٠٠٨ (حاجى قادرى ئيمامى) و بە هاوکاری خەڵکی دیکەیش‌ دروستيانکردووە. ڕووبەرەکەى (٨٠٠م٢)يە. مزگەوتەکە يەک نهۆمە و دوو دەروازه و یەک منارەى هەيە. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (سەڵاح تۆفيق فەرەج) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حاجى کەريم

کەوتووەتە‌‌ گەڕەکى (سەرا). ساڵى ١٩٨٤ زەوييەکەى لەلايەن (حاجى کەريمى عەلى موراد عەبابەيلێى)يەوە کڕراوە و کراوە بە مزگەوت. ساڵى ٢٠٢٠ لەسەر ئەرکى بنەماڵەى (حاجى کەريم) سەرلەنوێ نۆژەنکراوەتەوە. مزگەوت يەک نهۆمە، دوو دەروازەى هەيە. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينی تێدا ناکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا تەها عەبدولڕەحمان) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حاجى محەممەد

کەوتووەتە گەڕەکى مەرزەبۆتۆ لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ١٩٧١ دروستکراوە، مزگەوتەکە لە سەرەتاوە هەتا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، کە نۆژەنکرايەوە ناوى (سەڵاحەدين) بووە، کەسێک بەناوى حاجى محەممەد بەلەبزانى(حاجى حەمەڕێوى) سەرپەرشتى دروستکردنى کردووە و زۆربەى کارەکانى ئەو ئەنجاميداوە، لەبەرئەوەش بوو مزگەوتەکە زۆرجار بە مزگەوتى حاجى حەمەڕێوى دەناسرا، دواى نۆژەنکردنەوەى لەلايەن هەمان بنەماڵەوە لە چەند ساڵى ڕابردوودا ناوى مزگەوتەکە گۆڕا و کرا بە (مزگەوتى حاجى محەممەد). مزگەوتەکە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە. مزگەوت يەک نهۆمە و يەک دەروازە و منارەى هەيە. نوێژى هەينى لێ ناکرێت و پرسەى لێ دانانرێت. لە ئێستادا مامۆستا قادر حەسەن یەعقوب پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حەسەنئاوا

کەوتووەتە ناو گوندى (حەسەنئاوا)وە. مێژووى دروستکردنەکەى بۆ بيستەکانى سەدەى ڕابردوو دەگەڕێتەوە. ساڵى ١٩٨٢ ڕووخێنراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنى ئێستاى، کە پێشتر لە خوارترەوە بووە. لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوەتەوە. زەویى مزگەوتەکە موڵکى کاکەلى (کاک عەلى) خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووە و بە ڕەنجبەرى هاتووەتە گوندەکە. یەک جار لەسەر ئەرکى خێرخوازان نۆژەنکراوەتەوە. يەک نهۆمە و دوو دەروازە و یە‌ک منارەى هەيه. پرسەى لێ دادەنرێت و نوێژى هەينی تێدا نا‌کرێت. لە ئێستادا مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوە.

حەمەئەمين بەگى حەمەسەليم بەگ وەڵەدبەگى

کەوتووەتە سەر ڕێگەى سەرەکى (خورماڵ - بیارە). ساڵى ٢٠١٩ لەسەر ئەرکى خێرخوازان و لەسەر ڕووبەری (١١٠م٢) دروستکراوە. يەک نهۆمە و يەک دەروازە و یەک منارەى هەيە. بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە. زياتر بۆ خزمەتى ڕێبواران دروستکراوە.

حەمزە

کەوتووەتە گەڕەکى مامۆستايان، ساڵى ١٩٨٠ دروستکراوە، زەویيەکەى موڵکى نەجيم تەوێڵەيى بووە و خێرخوازان کڕيويانە و کردوويانە به ‌مزگەوت، ڕووبەرەکەى نزيکەى (٦٠٠م٢)يە، مزگەوت يەک نهۆمه و دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. پرسەى لێ دانانرێت نوێژی هەینی تێدا ناکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا قاسم حەمەجافر گريانەيى) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

حذيفة بن يمانی

کەوتووەتە گەڕەکى دەروازەى شار(بەشى سەرەوەى ئۆردوگای زۆرەملێی زەمەقى کۆن)، ساڵى ١٩٨٢ دروستکراوە، زەوييەکەى موڵکى حکومەت بووە و لەلايەن خێرخوازانەوە دروستکراوە، لەگەڵ ئەوەى ڕووبەرى زەویى مزگەوتەکە (٢٤٠٠م٢)‌، بەڵام بيناى مزگەوتەکە زۆر بچووکە. منارەى هەيە. پرسەى لێ دادەنرێت و نوێژى هەينى تێدا دەکرێت. يەک نهۆمە، دوو دەروازەى هەيە. دواى ڕاپەڕين دووجار نۆژەنکراوەتەوە و لەسەر ئەرکى خێرخوازانيش نۆژەنکراوەتەوە. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا کەيوان عەلى سەعيد) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

خورماڵ

کەوتووەتە ناو شارۆچکەی (خورماڵ) لە تەنیشت مزگەوتی بوخاری. ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر ڕووبەری (٣٠٠م٢) لە لایەن هەریەک لە مامۆستا (کەمال ئەمین گوڵپی) و (د. موحسین فایەق هانەدنی)یەوە دروستکراوە. لە دوو نهۆم و هۆڵێکی گەورە و سێ ژوور پێکهاتووە. زانستە شەرعییەکانی لێ خوێنراوە. لە ئێستادا ٣٥ خوێندکاری هەیە و مامۆستا (کەمال ئەمین گوڵپی) سەرپەرشتیدەکات و بە هاوکاریی نۆ مامۆستای دیکە، وانەی تێدا دەڵێتەوە.

خاتم الأنبياء

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (هانەسوورە)ى ناوچەى نەورۆڵییەوە. شوێنی جارانی مزگەوتەکە لە باشورى گوندەکە و ناو ئاوايی بووە. ساڵى ١٩٧٨‌ لە چوارچێوەى ڕاگواستنى گوندە سنورييەکاندا ڕوخێنراوە و ساڵى ٢٠٢١ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوەتەوه. يەک نهۆمه. يەک دەروازە و منارەى هەیە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت و مامۆستاى فەرمى بۆ دانەمەزراوە.

خارگێڵان

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندی (خارگێڵان)‌ەوە. لە سەرەتاى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو لەلايەن هەردوو برا (حاجى ئەحمەدى مۆمن و عەلى مۆمن) بە گڵ و دار دروستکراوه. ساڵى ١٩٧٨ لەکاتی ڕاگواستنی گوندەکاندا لەلایەن حکومەتەوە ڕوخاوە. ساڵى ١٩٩٩ دانيشتوانى گوند بەهاوکارى (هيئة الاغاثە الاسلامية العالمية) لە تەنيشت شوێنى مزگەوتە کۆنەکەوە دروستیانکردووەتەوە. يەک جار نۆژەنکراوەتەوه. يەک نهۆمە و دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. بە فەرمی پێشنوێژى بۆ دانەنراوە، بەڵام نوێژى هەينى تێدا ئەنجامنادرێت. مامۆستا (مەلا هەڵۆ محەممەد ياڵانپێيى) وتاربێژی مزگەتەکەیە.

خاکوخۆڵ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (خاکوخۆڵ)ەوە. ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە دروستکراوه. ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەدا لەلایەن ڕێکخراوێکی خێرخوازییەوە دووبارە و لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م) دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٠ لە تەنیشتیدا مزگەوتێکی گەورەتر دروستکراوە و و بیری ئاوی بۆ هەڵکەنراوە. (مەلا شەهرام محەممەد) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

خاليدى کوڕى وەليد

کەوتووەتە گەڕەکى مۆردانه لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ١٩٨٣ خێرخوازان دروستیانکردووە. زەوييەکەى موڵکى حاجى واحيد کاکەمەند بووە و بەخشيويەتى بە مزگەوت. دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت و پرسەى لێ دانانرێت. يەک نهۆمە. يەک جار لە سەر ئەرکى خێرخوازان نۆژەنکراوەتەوە. لە ئێستادا مامۆستا(مەلا مەحموود عەلى سەعيد) پێشنوێژى مزگەوتەکەیە‌.

خانم

کەوتووەتە بەشی خوارووی گەڕەکی (پیرمحەممەد) و لە تەنیشت مەرقەدی پیرمحەممەدەوە دروستکراوە. مێژووی دروستکردنی بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و کاتی دروستکردنی کۆشکی وەسمان پاشای جاف دەگەڕێتەوە. توێژەران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە مزگەوت ساڵی ١٩٠٠ لەلایەن خانمی وەسمان پاشای جاف (عادیلە خانم)وە دروستکراوە، هەر لەبەر ئەوەشە ناوی مزگەوتەکە بە مزگەوتی (خانم) ناسراوە. سەرەتا مزگەوتەکە لە هۆڵێکی گەورەی(٣٠م)ی و هەیوانێک و میحرابێکی لە قوڕ (گڵ) دروستکراو پێکهاتووه،‌ کە دەرگاکانی لە تەختە بوون، حەوزێکیش بۆ دەستنوێژگرتن لە مزگەوتەکەدا هەبووە، بەڵام بە مردنی خانمی وەسمان پاشا مزگەوتەکە بێخزمەت ماوەتەوە، هەتا ساڵی ١٩٥٧ لەلایەن (شێخ ڕەسوڵی تەکیەیی)یەوە نۆژەن و ئاوەدانکراوەتەوە و هەر خۆیشی بووە بە ئیمام و مودەریسی مزگـەوتەکە. لەدوای خۆیشی محەممەدی کوڕی بەردەوامی بە خزمەتکردنی مزگەوتەکە داوە. لە دواتردا مزگەوت حوجرەیەکی بۆ دروستکراوە. چەند جارێکی تریش نۆژەن کراوەتەوە و شێوەی جارانی نەماوە.

خەرپانی

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی). لە سەردەمی بنەماڵەی شێخ عەبدوڵڵای خەرپانیدا کراوەتەوە. میری بابان چاودێریکردووە و قوتابی لەهەموو لایەکەوە ڕوویان تێکردووە. دوای شێخ عەبدوڵڵا، لەلایەن نەوە زاناکانییەوە پەرەیپێدراوە. زانا و پیاوی گەورە لەم مەدرەسەدا خوێندویانە، لەوانە (مەولانا خالید، مەولەوی، نالی، موفتی زەهاوی). دەستونوس و کتێبی باشی لێبووە، کە هەندێکیان بە هۆکاری جیاجیا فەوتاون. ساڵی ٢٠١٠ نۆژەنکراوەتەوە.

خێڵى حەمە

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندی (خێڵی حەمە)وە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستنى گوندەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٣ دووبارە دروستکراوەتەوە. يەک نهۆمە و سێ دەروازەى هەيە، منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ئەنجامنادرێت. بەر لە ساڵى ١٩٨٧ مەدرەسەى هەبووە.

دارالسلام

لە سەر شەقامی هاتنە ناوەوەی شاری هەڵەبجەیە، نزیک باخی مەحموود یاروەیس و بەرامبەر بەنزینخانەی کۆن. کە شێخ نوورەدینی موفتی ساڵی ١٩٥٦، بووە بە مودەریس لەگەڵ دروستکردنی مزگەوتدا ئەم مەدرەسەیەی بونیادناوە. کتێبخانەیەکی تێدایە. چەندین مامۆستای تێدا دەرچووە و لە ئێستادا نۆ قوتابی هەیە.

دار الايمان

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (دەروازەى شار). زەوييەکەى موڵکى حکومەت بووە و ساڵى ١٩٨٠ بۆ ١٩٨١ حکومەت دروستيکردووە. ڕووبەرەکەى نزيکەى (١٠٠٠م٢)يە. دواى ڕووداوەکانى کیمیابارانى هەڵەبجە ڕووخاوە. ساڵى ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوەتەوە. مزگەوتەکە سێ نهۆمە و سێ دەروازەى هەيە. گومەز و منارە و کتێبخانە و مەد‌رەسەى هەيە. پرسەى لێ دانانر‌ێت و نوێژى هەينى تێدا دەکرێت. مامۆستا مەلا ئەمين عەبدولڕەحمان زەردۆيى وتاربێژ و مامۆستا ئيدريس حەسەن پێشنوێژی تێدا دەکەن. لەنێوان ساڵانى ١٩٨١ بۆ ١٩٨٨ مامۆستا مەلا ئەمين هەر خۆى پێشنوێژى مزگەوتەکە بووە، لە نێوان ساڵانى ١٩٨٨ بۆ ٢٠١١ تەخت بووە و لەو ساڵەدا بەهيممەتى مامۆستا مەلا ئەمين خۆى و هاوکاریى خێرخوازان دروستکراوەتەوە.

پێشتر 1
...
4 5 6
...
39 دواتر