جامیعە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گەڕەکی (پیرمحەممەد)ەوە. لەلایەن شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ محەممەد کۆسەوە دروستکراوە. بە کۆنترین مزگەوت و یەکەمین مەڵبەندی ئاینی لە شاری هەڵەبجەدا دادەنرێت. بەهۆی ئەوەی لەکاتی خۆیدا مزگەوتی تر نەبووە و تەنها لەم مزگەوتەدا نوێژی هەینی ئەنجامدراوە، بە مزگەوتی (جامیعە)ش ناو دەبرێت. مزگەوتەکە لە دوو هۆڵی گەورەی نوێژخوێندن، حوجرەیەک، منارەیەک و دوو دەروازەی هاتووچۆکردن پێکهاتووە. بەهۆی بەرکەوتنی زیان لە ساڵی ١٩٨٠دا، منارە دوو دەرگاییەکەی ڕوخێنراوە. کتێبخانەیەکی گەورەش لەناو مزگەتەکەدا هەبووە، بەڵام لە کاتی کیمیابارانی شارەکەدا لەناوچووە. لە حوجرەی مزگەوتەکەدا چەندین مامۆستا و زانای ئاینی وانەیان تێدا خوێندووە، لەوانە (شێخ عەبدوڵای خەرپانەیی، شێخ نورەدینی موفتی، مامۆستا ئەحمەدی موفتیزادە، سەید عەلی تاوەگۆزی، مەلا عومەری ڕێشاوی و مەلا علی کۆکۆیی...). ئەم مزگەوتە چەندین جار ڕووخاوە و دروستکراوەتەوە. کۆتا جاریش لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەنکراوەتەوە. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە بیر و ئاوی هێڵی حکومییە. لە ئێستادا یەکێکە لە مزگەوتە گەورەکانی شاری هەڵەبجە و مامۆستا (شێخ محەممەد موفتی) پێشنوێژ و وتاربێژی تێدا دەکات.
سەرچاوەکان:
- هەڵەبجە شارێکی بچوک مێژوویەکی دەوڵەمەند، عادل صدیق علی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕێنوێن، سلێمانی ٢٠٢٠، ل٦٦.
- مێژووی مزگەوت و خوێندنگا ئاینییەکانی هەڵەبجە لە ١٩٥٨-٢٠٠٣، پەیام ئەحمەد حسەین، توێژینەوەیەکی مێژووییە (بەکالۆریۆس) پێشکەشی بەشی مێژووی کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی کراوە، ٢٠١٨، ل٦.
ئامادەکردنی: جەوهەر عەزیز ئەحمەد