حاجی شەریف
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12
کەوتووەتە گەڕەکی شەمێرانی و هەورامییەکان لە شارۆچکەی سیروان. دوای ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزوور لە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن دانیشتوانی شوێنەکەوە دروستکراوە. یەکەم جار حکومەت شوێنەکەی بۆ دروستکردنی نادی داناوە، لە کاردانەوەی خەڵکیدا کراوە بە مزگەوت. خەڵکی ڕاگوێزراوی گوندەکانی شەمێران و نەورۆڵی و هەورامان مزگەوتەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. لە ئاهەنگێکدا بە سەرپەرشتی مامۆستا مەلا ئەحمەدی یاڵانپێ، ناونراوە مزگەوتی سومەیە. هەتا ساڵی ١٩٨٨ وەک مزگەوت بەکارهاتووە، دوای ڕاپەڕین زیاتر وەک هۆڵی پرسە بەکاربراوە و وەک پێویست نوێژی تێدا کراوە، لەبەرئەوەی لە هەردوو مزگەوتی مەولەوی و سەلاحەدینەوە نزیک بووە، وەک مزگەوت بەکارنەهاتووە. دواتر هۆڵەکەش تێکدراوە و به هەوڵی حاجی شەریفی میری سووری و کوڕەکانی لەسەر ڕووبەری (١٢٠٠م٢) دروستکراوەتەوە و ناونراوە هۆڵی پرسەی حاجی شەریف. تایبەتە بە پرسەی ژنان و پیاوان. هۆڵی پیاوانی (١٩ بە ٢٣م) و هی ژنانی (٨ بە ١٩م) دەبێت. خەڵکی داوایان کردووە مزگەوتەکەشی بۆ بکرێتەوە. مزگەوتی پیاوانی (٨ بە ١٢م) و شوێنی دەسنوێژگرتن و سەرئاوی جیای هەیە، مزگەتی ژنانیش بە سەربەخۆ شوێنی دەستنوێژی هەیە. شوێنی ئامادەکردنی خواردنی بۆ دروستکراوە. لە ئێستادا وەک هۆڵی پرسە بەکاردێت.
سەرچاوەکان:
- منارەکان لە ئاسمانی هەڵەبجەدا، عەلی محەممەد مەعروف (عەلی دەلاک،) چاپی یەکەم، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، ٢٠٢٣، ل ٨٣ و ٨٤.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (جەمال حەبیبوڵڵا "بێدار")، لەدایکبوو: ١٩٤٧، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: خانەنشین، لە ٢٩ی ٣ی ٢٠٢٤.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (عەبدولمەجید فەرەج فەتاح)، لەدایکبوو: ١٩٧٣، بڕوانامە: بەکالۆريۆرس، پیشە: ئيمام و خەتیب، لە ١٠ی ١٤ی ٢٠٢٤.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (عومەر عوسمان عەلی)، لەدایکبوو: ١٩٧٥، بڕوانامە: بەکالۆريۆرس، پیشە: پێشنوێژی مزگەوتی مەولەوی، لە ١٠ی ٤ی ٢٠٢٤.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم