بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
کۆمەڵەیەکی ناحکومییە. کار لە دۆسیەی ئەنفالکراوانی هەڵەبجە و مافی ڕزگاربوانی زیندانەکانی نوگرە سەلمان و عەرعەر و تۆپزاوادا دەکات. دوای ئەوەی چەند خەمخۆر و ڕزگاربوویەک وەک خەمێکی تاک، کەیسەکە باسدەکەن و لە ڕاگەیاندنەکان و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیدا دەیورژێنن، بەبیرۆکەی عەبدالقادر شادی و عەلی عارف ڕزگاربوان لە ٢٤ی ٣ی ٢٠١١ لە باخی گشتیی هەڵەبجە کۆدەبنەوە و کۆمەڵەکە ڕادەگەیەنن. ئامانجیان بەڕێوەبردنی ئیشوکاری ڕزگاربووانی نوگرەسەلمان و هێنانە سەرخەتی حکومەتی عێراقە بۆ تێگەشتن و قەرەبووکردنەوە. دەستەی دامەزراندن: عەبدولقادر ئەحمەد فەتاح (شادی)، عەلی عارف ئەحمەد، سەلمان ئەڵڵاکەرەم سەید ئەحمەد، محەممەد حەمەسەعید حەسەن، عومەر محەممەد سبحان، دلێر ئەحمەد عەلی، عەبدوڵا شەریف مەجید، ڕەفعەت ڕەحیم محەممەد، نەریمان مشیر مستەفا، نەوشیروان حەمەڕەشید ڕۆستەم، ئیحسان عەلی قادر. فۆڕمیان بۆ گیراوان و قوربانیان پڕکردووەتەوە، ئاماری کوژراوان و ڕزگاربوانیان کردووە و لە دوای بێسەروشوێنەکانیشەوەن، چەندین بەرنامە و دیداری دۆکیۆمێنتاریان سازکردووە، هەندێک ئەندامیان سەردانی نوگرە سەلمانیان کردووەتەوە، بە ئەرشیف و گێڕانەوەکان خزمەتیان بە چاپەمەنیەکانی جینۆساید کردووە..هتد. بەشێک لە ئەندامەکانیان ٩ی ٨ی ١٩٨٨بۆ ١٩ی ١٢ی ١٩٨٨لە زیندانی نوگرەدا بوون. هەریەکە لە: قادر شادی، سەلمان ئەڵڵاکەرەم، ئیحسان عەلی قادر، بە دوای یەکدا سەرۆکی کۆمەڵەکە بوون. لە ئێستدا نەریمان مشیر، لەدایکبووی ١٩٧٠جێگری بەڕێوەبەری کارتی زانیاریی هەڵەبجە، سەرۆکی کۆمەڵەکەیە.
کۆمەڵەیەکی خۆبەخشی شارستانییە. پاش کردنەوەی یەکەم قوتابخانەی سەرەتایی ساڵی ١٩١٩ لە شاری ھەڵەبجەو حەوت ساڵی خوێندن لە شوێنێکی نەگونجاودا، بیر لەوە کراوەتەوە شوێنێکی گونجاوتر بؤ قوتأبخانەکە دابین بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە و ساڵی ١٩٢٦دا کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری هەڵەبجە (کۆمەڵەی ئیعانەی مەکتەبی ھەڵەبجە)یان دامەزراندووە. (ئەحمەد موختار بەگی جاف) وەک ئەندامی کۆمەڵەکە، لە باشوری شار پارچە زەوییەکی خۆی پێشکەش بە مەکتەبەکە کردووە و بانگەوازکراوە هەتا خەڵکی لە خشتێکەوە، هەتا ئەوەی پێیان دەکرێت کۆمەکی کۆمەڵەکە بکەن. سەرەنجام بە دەیان کەس لە گوندەکان و شارەکەوە بەدەنگەوه هاتوون بەشدارییان تێدا کردووە.
کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیری و هونەری و وەرزشییە. بە (بنکەی بەڵێن)یش ناسراوە. لە مانگی ١١ی ١٩٨٧ لەسەر دەستی ژمارەیەک لەو هەڵەبجەیانە دامەزراوه، کە پێشتر ڕوویان لە ئۆردوگای سەریاس کردووە. پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گەڕاونەتەوە هەڵەبجە و بارەگای بنکەکەیان کەوتبووە گەڕەکی شافعی. سەرەتا (عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم) سەرپەرشتیاری بووە. زیاتر لە ٦٠ ئەندامیان هەبووە. چالاکییەکانیان بە گوێرەی بۆردی وەرزش و میوزیک و سرود و پەروەردە بووە. لەزۆربەی یاد و بۆنەو ئاهەنگەکاندا بەرهەمیان هەبووە، بە تایبەتی دوای کیمیابارانی هەڵەبجە. لەوانە خولی تێنسی بەردەوام لە پێنج ساڵدا ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٠، خولی تۆپیپێ ساڵی ٢٠٠٥، دروستکردنی دەستەی ڕاوێژ لە قوتابخانەکان و خزمەت بە قوتابیان، پێشکەشکردنی چەندین سرود و شانۆگەری. دوایین چالاکیان ساڵی ٢٠٠٠ بووە. هەتا ئێستا ناوبەناو وەرزشکارە دێرینیەکانیان بە ناوی بەڵێنەوە یاریدەکەن.
ڕێکخراوێکی ناحکومی سەربەخۆییە. سەر بە دەستەی باڵای ڕێکخراوەکەیە و بەرەییە. ئەندامەکانی نوێنەرایەتی یەکێتی و پارتی دەکەن. لێپرسراوی ڕێکخراوەکە بە دابەشبوونی سنوری دەسەڵاتی حیزبەکان دادەنرێت. ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە. لە دروستبوونیەوە (ئارام سەلاحەدین، یوسف عومەر، تابلۆ سلێمان) لێپرسراوی بوون و لە ئێستادا (ڕێزان بایەر سەلیم) لێپرسراویەتی. هەشت ئەندام بەڕێوەیدەبەن. کەوتووەتە گەڕەکی سەراوە بەرانبەر قوتابخانەی ئاسۆی حاجی محەممەد بامۆکی. لە بینای کرێدان.
کۆمەڵەیەکی ناحکومییە. بەمەبەستی بەڕێوەچوونی کاروباری هاوڵاتیان و ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان حکومەت و خەڵک. ٣٠ی ٨ی ٢٠٢٣ دامەزراوە. بیناکەی لە ژووری لێپرسراو، ژووری موختارەکان، هۆڵی کۆبوونەوە، پێکهاتووە. کەوتووەتە گەڕەکی سەرا، کۆڵانی بەرامبەر شارەوانی، بەرامبەر قوتابخانەی ئاسۆی حاجی محەممەدی بامۆکیی بنەڕەتی. یەکەی ئیداری بریتییە لە: محەممەد حەمەشەریف حەمەکەریم لێپرسراو، شلێر جەمیل مستەفا جیگری لق، ئەندامەکان: فریاد فرید ئەڵڵاکەرەم پەیوەندییەکان، ئاشنا شەفیق ساڵح کارگێڕی، سومەیە نادر محەممەد ژمێریاری)، لەگەڵ موختاری گەڕەکەکان (ئاشنا شەفیق ساڵح سەرا - جولەکان، عەبدوڵڵا سەعید عەبدولقادر فەرمانبەران - کیمیابارانی یەک، جەلال عەبدولقادر وەیس محەممەد مامۆستایان - ئەندازیاران، ڕێژاو ئەحمەد عەبدوڵڵا شێخ ئیسماعیل - پیرمحەممەد، جەلال ئەحمەد حەمەشەریف پاشا -شەهیدان، ڕێزان بایەر سەلیم حاجی حەسەن- گوڵان، نەجمەدین عەبدوڵا محەممەد مەرزەبۆتۆ، ئەرکان مەهدی عەلی. گۆران سیتیی یەک، ئەحمەد حەمەئەمین مەعروف. شەهید فاتح، ڕێباز مستەفا فەقێ محەممەد. کانی قوڵکە -شارەوانی، کەیوان عوسمان عەزیز – فەرمانبەران).
ڕێکخراوێکی ناحکومی سەربەخۆی قازانج_نەویستە. کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی (سیروان - هەڵەبجە) لە گەڕەکی دەروازە و نزیک مۆنۆمێنتی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە. لە بەشەکانی: نوسینەگەکان، ڕاگەیاندن، کارگێڕی، کۆمەڵایەتی پێکهاتووە. مامۆستا (مەریوان وەهبی ڕەشید) یەکەم لێپرسراوی بووە و لە ئێستاشدا (نەوزاد ئەحمەد قادر "نەوزاد بەشارەتی") وەک لێپرسراو بەردەوامە. حەوت فەرمانبەری خۆبەخشی هەیە. ساڵی ٢٠١٤ بیناکەیان لەسەر ڕوووبەری (٣٠٠م٢) لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی دروستکراوە. یەک نهۆمە. بە هاوبەشی موڵکی ڕۆژ و ڕێکخراوەکەیە. ئیشوکاریان هاوکاری کەمئەندامان و پشتگیریان بۆ لیژنەکان و ڕەخساندنی هەلیکارە.
کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیریی خێرخوازیی سەربەخۆیە، مەبەستی ژیانەوە و بوژانەوەی باری ناهەمواری هەڵەبجەیە پاش کیمیاباران و ڕاگواستنی شارەزوور و هەورامان و ئەوبەری سیروان. ١٥ی ١٢ی ١٩٩٤ مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەرگرتووە. بیرۆکەی دامەزراندنی بۆ ساڵی ١٩٩٣ دەگەڕێتەوە. لەکۆبوونەوەی هەڵەبجەییەکان لەهۆڵی دادگا کۆنەکەی سلێمانی، کۆمەڵە لیژنەیەکی باڵای پێکهێنا بۆ گەیاندنی داوا ڕەواکانی هەڵەبجە بە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندارەکانی حوکمڕانی. هەندێک لە ئەندامان و هاوکارانی کۆمەڵە لەسەرەتاوە:(عەلی سۆفی ساڵح، شەوکەتی حاجی موشیر، مەلا عەلی دۆڵەمەری، شێخ نەجمەدینی هانەسوورە، سەید تۆفیق زەراعە، حەمەفەرەجی حەمەمراد، ئەمین سەپان، عەبدوڵا نەورۆڵی، عەلی حاجی فەرەج، فەرەجی مەلا ئەمین، عبدوڵڵا حەمەئەمین، (عەبەسوور) سەلام تۆفیق موختار، د. فوئاد بابان، حەمەغەفوور شەریف، ئازاد تۆفیق، پەروینی حاجی ڕەحیم، عومەر عینایەت، کەمال شاکر، حاکم ڕەئوف ڕەشید، محێدینی حاجی سەلیم، فەیرۆز حەسەن عەزیز، عومەر حەمەساڵح، حامیدی حاجی غالی، مامۆستا شاهۆ، شێخ عەلی عبدلڕەحمان، ع. ع. شەونم، ڕەئوف حاجی فەرەج، حاکم کەمال ڕەشید، ئاسۆی حاجی محەممەد ...). پەروین حاجی ڕەحیم و د. فوئاد بابان بۆ ماوەی چەند ساڵێک سەرۆکی بوون. لەکارە گرنگەکانی ئەم کۆمەڵەیە(پێشنیاز و داواکاری کردنی هەڵەبجە بە پارێزگا ساڵی ١٩٩٣ لە لایەن عەبەسوورەوە. یاداشتی ٢٦ی ١ی ٢٠٠٢ بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت بۆ دابینکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەرە هەڵەبجەییانەی لە سلێمانین. یاداشتی٢٠ی ٢ی ٢٠٠١ بۆ بڕینەوەی موچە بۆ کەسوکاری شەهیدان، یاداشت دان بە(UN) لەسەر کەموکوڕیەکانی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی. لە ٢٩ی ٣ی ٢٠٠٧ لەهۆڵی نەقابەی مامۆستایان، فوئاد بابانی سەرۆک و(فەرەج حەمەساڵح، حاکم ڕەئوف ڕەشید، قادر سۆفی سەعید، نەوزاد عەبدوڵا، ڕەئوف کەریم)، دەستیان لەکار کێشایەوە و دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن لە(پشتیوان محەممەد تاهیر، سەلاح عەلی، عەباس عەلی، منیرە بەکر سۆفی شەریف، پەروانە تۆفیق، نەسرەدین محەممەد فەرەج) هەڵبژێردران.
ڕێکخراوێکی ناحکومیی سەربەخۆیە. سەربە دەستەی باڵای ڕێکخراوەکەیە و بەرەییە، لایەنەکای یەکێتی و پارتی پڕی دەکەنەوە، پێشتر نوسینگە بووە و ساڵی ٢٠٠٦ بووە بە لق. (ئەنوەر محەممەد ڕەشید) هەتا ساڵی ٢٠٢٢ لێپرسراوی بووە و دوای ئەو (کامەران ئەحمەد عەزیز) و هەتا ئێستا بەردەوامە. دەستەی کارگێڕییەکەی لە حەوت ئەندام پێکهاتووە و خۆبەخشانە کاردەکەن. بێجگە لە بەشەکانی کارگێڕی و ژمیریاری، هەر ئەندامێک سەرپەرشتی بەشێک دەکات. لە بینای ڕێکخراوە دیموکراتییەکاندان، کە شوێنەکەی بەرانبەر بە قوتابخانەی ئاسۆی حاجی محەممەد بامۆکییە.
ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن دەستەیەک لە کەسوکاری قوربانیان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوییەوە دامەزراوە. لە دۆزی جینۆسایدی هەڵەبجە و خزمەتکردن و نوێنەرایەتیکردنی قوربانیان و بەرکەوتوانی کیمیاییدا کاردەکەن، (لوقمان عەبدولقادر محەممەد) سەرۆکی کۆمەڵەکەیە. ئۆفیسی سەرەکی کەوتووەتە پارێزگای هەڵەبجە. ئەم کۆمەڵەیە ساڵی ٢٠٠٣ مۆڵەتی کارکردنیان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئامانجی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، کارکردن و هەوڵدانە بۆ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی برینداران و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و هەوڵدان بۆ دابینکردنی چارەسەر بۆیان، هەروەها دادگایکردنی هەموو ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیانەی، کە دەستیان لە تاوان و کارەساتی هەڵەبجەدا هەبووە.
کۆمەڵەیەکی ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنیرییە. بایەخ بە چالاکی و خزمەتەکان دەدات لەو بوارەدا. ساڵی ١٩٩٨ لە هەولێر دامەزراوە و بارەگای کردووتەوە. مۆڵەتی دامەزراندنی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. دەستەی دامەزرێنەری(ڕێبوار ئەحمد غوڵام، نەژاد شێخ کامیل، شەونم بەرزنجی، کۆچەر نووری، سەباح هەورامی، ڕەمزی لهۆنی)بوون. دەستەیەکی بۆ کارەکانی بەم جۆرە پێکهێناوە: (نەژاد شێخ کامیل: سەرۆکی لق. ناسیح فایەق: سکرتیری لق)، کۆچەر نووری، فواد حەسەن، عەمار نەجمەدین، ڕەمزی لهۆنی، جەلیل سەعید) ئەندام. ئەم لقە چەندان چالاکیی هونەری و ئەدەبی و ڕۆشنبیریان سازداوە.
دامەزراوەیەکی پیشەیی ناحکومییە. لەژێر ڕۆشنایی و ڕێنماییە کارگێڕییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی کار و چالاکییەکانیان ئەنجامدەدەن. ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە و لە بەشەکانی (دارایی، خول و پێشانگا، چاکسازی، کۆمەڵایەتی) پێکهاتووە. لەڕێی دەنگدانی ئەندامانەوە، ستافێکی حەوت کەسی بۆ بەڕێوەبردنی پێکهێنراوە، بەم جۆرە: (کۆسار عەبدولقادر مستەفا: بەڕێوەبەر، ڕێبوار عومەر فەقێ: جێگری بەڕێوەبەر، جەوهەر عەزیز: سکرتێر، بەرهەم جەلال: دارایی، جەلیل ئەحمەد: خول و پێشانگا، کارزان بورهان: چاکسازی، فازل محەممەد: کۆمەڵایەتی) و سەرجەمیان بەشێوەی خۆبەخش کاردەکەن. لە بینایەکی کرێدا نیشتەجێن، کە یەک نهۆمە و لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) پێکهاتووە و کەوتووەتە گەڕەکی جوولەکان. کاری جگە لە کارئاسانی، بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردنە بە ئەندامان و وێنەگران، کردنەوەی خولی فێربون بۆ گەنجان و فێرخوازان بۆ فێربونی چۆنییەتیی بەکارهێنانی کامێرا و گرتنی وێنە و ڤیدیۆی ئەکادیمی و کردنەوەی پێشانگایە بۆیان و ڕەخساندنی هەلیکارە.