بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە) لە گەڕەکی (هارەگلان). سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە. ساڵی ٢٠٠٤ کراوەتەوە. یەکەم بەڕێوەبەری (هیوا جەبار ئەحمەد) بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٦ بەردەوامبووە. لە ئێستادا (بەهمەن محەممەد عەلی) بەڕێوەبەری بنکەکەیە. لە یەک بەش پێکهاتووە و ١٢ فەرمانبەری میلاکیان هەیە. لە بینایەکی کۆنی یەک نهۆمیدان، کە لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە.
کەوتووەتە نزیک مزگەوتی (گەورەی خورماڵ) لە شارۆچکەی خورماڵ. سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمە. ساڵی ٢٠٠٤ دامەرزاوه. لەیەک بەش پێکهاتووە. یەکەم بەرێوبەری موقەدەم (زانا سدیق حامید) بووە. لە ئێستادا پۆلیسی ڕێپێدراو (سەیوان حەمەساڵح محەممەد) بەڕێوبەری بنکەکەیە. بیناکەیان موڵکی حکومەتی هەرێمە و لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م) و بینای (٢٠٠م) دروستکراوە. لە چوار ژوور پێکهاتووە.
لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا و بە دووریی (٧٠٠م) لە باشوری گوندی (سازان)، مەخفەرێکی پۆلیس لە زێڕینکۆش لەسەر بەرزاییەک دروستکراوە. هەتا ڕاگواستنى گوندەکان ساڵی ١٩٧٨ بەکارهێنراوە. لە ساڵی ٢٠٠٣ وە مەخفەری بنکەی پۆلیسی پاسەوانی سنوری عێراقی لێ دروستکراوە، کە دەڕوانێت بەسەر سیرواندا.
فەرمانگەیەکی حکومییە. لقێکە لە مەڵبەندی تەندروستیی تەوێڵە. ساڵی ٢٠١١ کراوەتەوە. کەوتووەتە دەروازەی مەرزی (تەوێڵە -شۆشمێ). لە یەک بەش پێکهاتووە. (نائب فەیزوڵڵا مەحموود) یەکەم بەڕێوەبەری بووە و هەتا ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام بووە. دواتر و هەتا ئێستا (ڕەنجدەر نەزمی حەمەساڵح) بەردەوامە. حەوت فەرمانبەری هەیە. لەگەڵ سێ فەرمانگەی تر لە بینایەکدان، کە ساڵی ٢٠١٣ بە دوو نهۆم لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م) دروستکراوە. کاری فەرمانگەکە وەرگرتنی نموونەی خۆراکی هاوردەیە و ناردنی بۆ تاقیگە بۆ پشکنین.
بەهۆی ئەوەی گوندی سازان و چەندین گوندی تریش، کە نزیکن لێیەوە، ڕووبەرێکی فراوان باغ و زەویی کشتوکاڵیان هەبووە، ساڵی ١٩٧٦ بنکەی کشتوکاڵی لە گوندی (سازان)دا کراوەتەوە. بەهۆی نەبوونی بیناوە، لە بەشێکی بینای نەخۆشخانەکەدا دەوامیانکردووە. هەتا ساڵی ١٩٧٩ کراوە بووە.
دامەزراوەیەکی حکومیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر زەویەکی (٧٥٠م) و لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م) کراوەتەوە و لە چەند کابینەیەکی چینکۆ، ئەلەمنیۆم پلاستیک، پێکهاتووە. کەوتووەتە سەر جادەی (گەڕیات - مەرزی شۆشمێ) لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). جگە لە لێپرسراوی بنکە، لە بەشەکانی (کارگێڕی، سەفەر، نهێنی، ژمێریاری، میرە، حەرەکات) پێکدێت. یەکەم بەڕێوەبەری (فریاد عوسمان عەلی) بووە. دواتر و هەتا ئێستا (تالب عومەر ئەحمەد) بەردەوامە. ١١ فەرمانبەری میلاکی هەیە. ئیشوکاری هاتوچۆکەرانی نێوان عێراق و ئێران ڕادەپەڕێنێت.
فەرمانگەیەکی حکومییە. سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە. کەوتووەتە نزیک بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی بیارە. ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە. ماوەیەک مەفرەزە سەرپەرشتیکردووە و دواتر (بەکر سەلاح قادر) بووە بە بەڕێوەبەری و هەتا ساڵی ٢٠١٥ بەردەوامبووە. لە ئێستادا (مستەفا واحید ئەحمەد) بەڕێوەبەرە. هەشت فەرمانبەری میلاکی هەیە. بیناکەی لە یەک ژوور پێکهاتووە و ساڵی ٢٠١٠ لەسەر ڕووبەری (٥٠م٢) دروستکراوە.
ناوەندێکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگاری هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠١٤ کراوەتەوە. لە دوو بەش پێکهاتووە، کە بریتین لە بەشەکانی کارگێڕی و ئەفسەری بنکە. (هەورامان غەریب ڕەشید) خاوەن یەکەم بەڕێوەبەری فەرمانگەکە بووە. لەسەر ڕووبەری (٢٥٠م) بینا و (٤٠٠م) زەوی دروستکراوە. یەک نهۆمە و لە چوار ژوور و هۆڵێک پێکهاتووە. موڵکی بنکەکە خۆیەتی. کەوتووەته گەڕەکی ئاشتی لە دەروازەی شارۆچکەی خورماڵ. لە ئێستادا ٢٤ فەرمانبەری هەیە و (مستەفا واحید ئەحمەد) بەڕێوەبەریەتی.
خاڵێکی سەرسنوری نافەرمییە لە نێوان باشور و خۆرهەڵاتی کوردستاندا. کەوتووەتە ناو گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ). ڕۆژانە بارهەڵگرەکان ئاڵوگۆڕی شتوومەکی لێ دەکەن و بووە بە سەرچاوەی داهاتیان.
کەوتووەتە سنوری گوندی (قوڵمیتکان) لە نێوان هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی کوردستان. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٦ کراوەتەوە. خەڵکی گوندی (قوڵمیتکان) و هەڵەبجە و زۆربەی گوندەکانی (هەڵەبجە) سودیانلێوەرگرتووە. هەتا سەرەتای شەستەکانی سەردەی ڕابردوو کراوە بووە. بە هۆی بوونی ئاوی ڕووباری سیروان، کە لەچەمێکی گەورەدا تێپەڕ دەبێت و بووەتە سنوری جیاکەرەوەی هەرێم و خۆرهەڵات، بۆیە ئەوکاتانەی، کە ئاو زیادی کردووە، بە گوریس کاڵاکانیان هەڵدەواسی و لە ئاو دەیانپەڕاندەوە. ئەو کاتیش ئاو کەم بووە، بەناوی ئاوەوە بەسەر چەند بەردێک کاڵایان پەڕاندوەتەوە. ئەم مەرزە وەک مەرزێکی نێودوڵەتی بوو لەوکاتەدا، چونکە ڕەزامەندی هەردوو وڵاتی لەسەر بووە لەکاتێکدا کەکراوەتەوە.
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەڵەبجە و وەزارەتی کارەبایە، مێژووی کردنەوەى ئەم فەرمانگەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام بەهۆی باردوخی سیاسی و جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێرانەوە، بەشی کارەبای تەوێڵەش دوچاری لەناوچوون ڕووخان هاتووە. لەدوای ڕاپەڕین و بەدیاریکراوی ساڵی ١٩٩٦ چاکسازیی کارەبای تەوێڵە دەکرێتەوە و یەکەم بەڕێوەبەری (عەبدولکەریم محەممەد عەبدوڵا) بووە، دواتر (عەزمی محەممەد حەمەئەمین) بووە بە بەڕێوەبەر و هەتا ساڵی ٢٠٠٦ بەردەوام بووە، لە ئێستادا (حەیدەر مەجید فەتاح) بەڕێوەبەری ئەم فەرمانگەیە و ٣٠ فەرمانبەری میلاکیان هەیە، لە بینایەکی حکومیدا دەوامدەکەن، کە لە یەک نهۆم پێکهاتووە و لە بەرد و چیمەنتۆ دروستکراوە، ئیشوکاری ئەم فەرمانگەیە بریتیە لە دابینکردنی کارەبا و بەڕێوەبردنی ئیشوکاری کارەبای هاوڵاتیانی شارەدێی (تەوێڵە) و دەوروبەری، ئەم فەرمانگەیە کەوتووەتە گەڕەکی (پشتی حەوز)، تەنیشت قوتابخانەى (مەحمود خانی دزڵی)ی بنەڕەتی.
بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە ١٩ لە ١٦ی ٣ی ٢٠١٤ و پاڵپشت بە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٥، دیوانی پارێزگا لە هەڵەبجە کراوەتەوە. لە ١ی ٦ی ٢٠١٥ (عەبدوڵڵا محەممەد عەبدول محەممەد) وەک یەکەم پارێزگار و (عەلى عوسمان عەلى) وەک جێگرى پارێزگار بۆ کاروبارى کارگێڕى و (کاوە عەلی کەریم) وەک جێگرى پارێزگار بۆ کاروبارى خۆجێیەتى دەستبەکاربوون. دواتر علی عوسمان بە وەکالەت پارێزگار بووە هەتا ٨ی ١٠ی ٢٠١٨، (ئازاد تۆفیق) وەک پارێزگار و لە ٨ی ٨ی ٢٠٢١ (شاهین حەمەڕەزا حەمەکەریم)، وەک جێگرى پارێزگار بۆ کاروبارى کارگێڕى دەستبەکاربوون. بە گوێرەى ئامارەکانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، فەرمانگەکە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە و لە: پارێزگار، دوو جێگر، یەک نوسینگە و ١٠ بەرێوەبەرایەتى، چوار بەش و ١٩ هۆبە پێکهاتووە. هەتا ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە پێکنەهێنراوە. دیوانی پارێزگای هەڵەبجە خاوەنی بینای تایبەت بە خۆی نییە. لە ئێستادا تەنها ٧٠ فەرمانبەری میلاکی هەیە، کە ٣٨یان لە ڕەگەزی نێر و ٢٨ فەرمانبەری لە ڕەگەزی مێیە، هەروەها یەک فەرمانبەری گرێبەست لە ڕەگەزی نێر و ٢٣ فەرمانبەری خۆبەخشیان هەیە، کە هەشت لەوانە لە ڕەگەزی نێر و ١٥ لە ڕەگەزی مێیە. کاری ئەم فەرمانگەکە بریتییە لە ڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتیان و ئەو نوسراو و فەرمانانەى، کە لە وەزارەتەوە دەردەچێت و ئاگادارى گشت فەرمانگەکانى سەر بە سنورى کارگێڕیى دەسەڵاتى خۆى دەکات.
یەکێکە لە زانکۆ حکومییەکانی کوردستانی عێراق و سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەى زانستییە. بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ١٦٧٠ی ساڵی ٢٠١٠ بڕگەی یەکەم، مادەی حەوتەم لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٨ و فەرمانی وزاری ن/٦٦٤ ی ساڵی ٢٠١٠، سەبارەت بە دامەزراندنی زانکۆکانی ( هەڵەبجە، ڕاپەرێن، زاخۆ، گەرمیان)، لەلایەن کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری دامەزراندنی دەرچووە و ساڵی ٢٠١١ لە هەڵەبجە دامەزراوە. کەوتوەتە بەردەم گوندی عەبابەیلێ لە ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجە. پێش ساڵی ٢٠١٠ زانکۆی هەڵەبجە فاکەڵتییەکی هەبوو، “فاکەڵتی پەروەردەی بنەڕەتی”، ئەو کات سەر بە زانکۆی سلێمانی بوو، پاشان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە بڕیاری سەرەوە، زانکۆی هەڵەبجەی ڕاگەیاند و بەم شێوەیە، فاکەڵتی پەروەردەی بنەڕەت، زانکۆی سلێمانی جێهێشت و بوو بە زانکۆی هەڵەبجە. لە شوباتی ٢٠١١ سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە دەستبەکاربوو. ئەنجومەنی زانکۆ، کە پێکهاتووە لە سەرۆکی زانکۆ، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، ڕاگری سەرجەم کۆلیژەکان، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی زانکۆ، باڵاترین ناوەندی بڕیاردانە لە زانکۆدا. زانکۆ لە شەش کۆلێژی سەربەخۆی وەک کۆلێژەکانی: (زانست، زانستە مرۆییەکان، پەروەردەی بنەڕەتی، پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان ، یاسا و کارگێڕی، پەروەردەی شارەزوور و بەشی ئەندازیاری) پێکهاتووە. خوێندکار بۆ ماوەی چوار ساڵ دەخوێنێت و لە کۆتایی ساڵی چوارەمدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرێت. زانکۆی هەڵەبجە دوو کەمپی هەیە، کەمپی یەکەمی دەکەوێتە شاری هەڵەبجە و کەمپی دووەمیشی لە قەزای شارەزوورە، هەروەها چەند سەنتەرێکی هەیە تایبەت بە گەشەپێدانی توانای خوێندکار، توێژینەوە، جێندەرناسی، زمان و پێداگۆجی. لە ماوەی نێوان ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٢ گەشەپێدانی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و لە ژمارەی خوێندکارانی زانکۆ لەو ماوەیەدا سێ خولی دەرچووانی هەڵگری بروانامەی بەکالۆریۆسی هەبووە. دوو خولی خوێندنی باڵا(ماستەر+دکتۆرا)ی هەبووە. زانکۆ دەرفەتی خوێندنی باڵای بۆ ستافی ئەکادیمی و فەرمانبەران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕەخساندووە. یەکێکی تر لە دەستکەوتە گرنگەکانی زانکۆ بریتییە لە چالاککردنەوەی سەنتەری زمان و پێداگۆجی و کردنەوەی ١١ خولی زمانی ئینگلیزی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا و ناسناوی زانستی. لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٢ هەلی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای ڕەخساندووە و لەو ماوەشیەدا سێ خولی دەرچووانی بەکالۆریۆسی هەبووە، کە سەرجەمی ١٦٩٠ خوێندکار بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێبەخشراوە، ٤٣ خوێندکاری خوێندنی باڵای هەبووە. لە ئێستادا ٣٣٠ مامۆستا و ٥٥٠ کارمەند و٣٠٩٤ خوێندکاری هەیە، یەکەم سەرۆکی زانکۆ د. خەسرەو عەبدوڵا عەلی بووە. دواتر هەریەکە لە د. ئاراس ئەحمەد، د. تەحسین عبدالکریم، د. دانا عبدوڵڵا تاهیر، د. مەهاباد کامیل عبدالقادر سەرۆکی بوون. لە ئێستادا د. بەمۆ پەروێز عەزیز. سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە.
مەرزێکی لاوەکییە. کەوتوەتە گوندی (سازان) لەسەر ڕووباری سیروان پردێکی بچوک هەردوو خاکی خۆرهەڵات و باشوری کوردستانی بەیەکەوە بەستووەتەوە، کە ئێستا ئەو پردە نەماوە. لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو هەتا ساڵانی حەفتاکان، خەڵکی ناوچەکە بەکاریانهێناوە. گواستنەوەی کەلوپەلەکان بە کۆڵ و بە وڵاخ بووە.
دەروازەی نافەرمییە. یەکێکە لە دەروازە نافەرمیەکانی هەورامان و کەوتووەتە سنوری گوندی دەرەیمەڕ و لە بەرزیی (١٢٧٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە، لە بنەڕەتدا جێگەی ڕاوچییەکان بووە و بۆ ڕاوکردنی کەو لێی ماونەتەوە. چەندین شوێنی لە شێوەی خانو تێدا دروستکراوە، کە وەک شوێنی مانەوە بۆ کرێکارەکانی دەروازەکە و هەندێکی دیکەشیان وەک گەنجینە بۆ هەڵگرتنی کەرەستە گواستراوەکان بەکاردەهێنرێت، کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەرەیمەڕ و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی سەرگەت و هانەیدن، ڕێگای گەشتنی بۆ دووری سێ کیلۆمەتر چەوڕێژ کراوە لە هانەیدن بۆ دەروازەکە و کەمێک دژواری هەیە، بەڵام لەدوای دەروازەکە ڕێگاکە دەبێتە خۆڵ تاوەکو دەگاتە ناوچەی چاڵاوا و لەوێوە ئۆتۆمبێل ناتوانێت بڕوات بۆیە بە ناچاری بە ئاژەڵی بار وەک هێستر و گوێدرێژ کەرەستەکان دەگوازنەوە بە چیاکەدا سەردەکەون و دەیانگەیەنێتە هەورامانی دیوی ئێران و بەرانبەر ئەم کارەش بڕە پارەیەکیان دەستدەکەوێت. جێگەی باسە ئەم دەروازەیە ڕۆڵی هەیە لە ڕەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجانی ناوچەکە و بوژانەوەی بازاڕی خورماڵ. لە ساڵی ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٢ زیاتر لە ٢٠٠٠ هەزار کەس کاریان لێ کردووه، لە ئێستاشدا کاری لێ دەکرێت.
بەپێی بەیانی ژمارە (٧) لە ٣٠ی ٦ی ٢٠٠٩ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە واژۆی وەزیری شارەوانی (نازەنین محەممەد وسو) وەکو شارەوانییەکی پلە چوار کراوەتەوه و دەقی بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە. لە ئێستادا سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەمۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجەیه. ناوی ئەو سەرۆکانەی، کە هەتا ئێستا شارەوانییەکەیان بەڕێوەبردووە: ١- ڕەزا ساڵح قادر: ساڵی ٢٠٠٩ هەتا ساڵی ٢٠١٢ سەرۆکی شارەوانی بووە. ٢- سیروان فایەق عەبدولمحەممەد: ساڵی ٢٠١٢ بۆ ماوەی شەش مانگ بەکاتی سەرۆکی شارەوانی بووە. ٣- ئوسامە سەبری محەممەد: ساڵی ٢٠١٣ هەتا ٢٠١٩ سەرۆکی شارەوانی بووە. ٤- کەریم عەلی قادر: ساڵی ٢٠١٩ هەتا ئێستا سەرۆکی شارەوانییە.
دامەزراوەیەکی حکومییە. ساڵی ١٩٥٦ دامەزراوە. سەر بە بەڕێوەبەرێتی گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجەیە. (شێخ ناجی شێخ عەلادین) یەکەم سەرۆکی شارەوانی بووە. دواتر (حەمەسەعید بەگی دەرەشیش) هەتا ساڵی ١٩٦٩، (حەمەعەلی تۆفیق میرزا بیارەیی) هەتا نسکۆی شۆڕش. (بورهان تۆفیق ئەبوبکر بیارەیی) ساڵی ١٩٧٥-١٩٨١ و هەتا ساڵی ٢٠٠٠ بە کاتی سەرۆکی شارەوانییەکە بووە. دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، ئەنجومەنی شارەوانی دروستبووە و (تەها کەریم ئەحمەد: بە سەرۆک و ئەندامێتیی هەریەک لە: ڕەفعەت محەممەد کەریم، تاهیر حەمەعەلی عەزیز، سالم کەریم محەممەد، ساڵح محەممەد مەعروف) دیاریکراون. ساڵی ٢٠١٦ (زانا حەمەشەریف سەعید) بووەتە سەرۆکی شارەوانی و هەتا ئێستا بەردەوامە. ٤٢ فەرمانبەری هەیە. ٣٥ی میلاک و شەش گرێبەستی هەیە. بیناکەی موڵکی فەرمانگەیە، ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ڕێکخراوی c.d.o لەسەر زەویی (٤٠٠م) بە ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە.
پێشتر سەر بە بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی سلێمانی بووە، بەڵام پاش بە پارێزگابوونی شارەی هەڵەبجە، لە ئێستادا سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتيی شارەوانییەکانی هەڵەبجەیە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٥، بەڵام پاش ماوەیەک داخراوە. لە ١ى ١١ى ١٩٤١ بە شێوەیەکی فەرمی دامەزراوەتەوه. شوێنی یەکەمجاری لە ماڵی (عەزیز حەمەئەمین)ـدا بووە. ساڵی ١٩٤٨ بینای تایبەتی بۆ دروستکراوە. ساڵی ١٩٥٢ نهۆمێکی تری بۆ زیادکراوە و کراوە بە بنکەی تەندروستی و دواتریش دراوە بە کرێ. هەر هەمان ساڵ بەشی ڕاستیشی لە نهۆمی یەکەمی بۆ زیادکراوە، کە لە سێ دوکان پێکهاتووە و نهۆمی سەر ئەم دوکانانەش کراوە بە (یانەی میوان). شارەوانییەکی پلە چوارە. پێنج هۆبەی (کارگێری، ژمێریاری، هونەری، ئامێرەکان، باخچەکان)ی هەیە. لە ئێستادا ٤٦ فەرمانبەری هەیه، کە ١٢یان گرێبەستن. ئەندامانی ئەنجومەنەکە بریتین لە: ١- عیماد محەممەد خالید: ساڵی ١٩٧٩ لەدایکبووە. ٢- دیاری تۆفیق سان ئەحمەد: ساڵی ١٩٦٤ لەدایکبووە. ٣- هارون ئەحمەد قادر: ساڵی ١٩٧١ لەدایکبووە. ٤- ئاوارە یوسف محەممەد: ساڵی ١٩٩٩٠ لەدایکبووە. ٥- گەردوون ڕۆستەم مستەفا: ساڵی ١٩٨٢ لەدایکبووە. بەپێی تەمەنی شارەوانییەکە، ئەم کەسانە بەڕێوەیانبردووە: ١- محەممەد سان ئەحمەد: ١٩٤١ هەتا ١٩٥٨ دەستبەکار بووە. ٢- مەلا نووری هەڵەبجەیی: هەتا ١٩٦٣ دەستبەکار بووە. ٣- نووری حەمەی نانەوا: هەتا ١٩٦٤ دەستبەکار بووە. ٤- محەممەد سان ئەحمەد: دووبارە و هەتا ١٩٧٥ دەستبەکار بووە. ٥- شێخ موحسین تاوەگۆزی: بۆ ماوەی یەک ساڵ دەستبەکار بووە. ٦- جەمیل عەبدلئەحەد: ماوەی دەستبەکاربوونەکەی نەزانراوە. ٧- هادی محەممەد سان ئەحمەد: هەتا ١٩٨١ و چۆڵکردنی شارەدێیەکە دەستبەکار بووە. پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دووبارە سەرۆکی شارەوانییەکەی گرتووەتەوەدەست. ٨- دڵسۆز محەممەد سان ئەحمەد: هەتا ٢٠٠٥ دەستبەکار بووە. ٩- عەلی قادر: ٢٠٠٥ دەستبەکار بووە. ١٠- سەردار حەمەشەریف: ٢٠٠٦ هەتا ٢٠٠٧ دەستبەکار بووە. ١١- سیروان عەلی محەممەد ئەمانوڵڵا: هەتا ٢٠٠٨ دەستبەکار بووە. ١٢- ڕاغیب عابد: ٢٠٠٩ هەتا ٢٠١٠ دەستبەکار بووە. ١٣- حەسەن ڕەشید: ساڵی ٢٠١٠دا دەستبەکار بووە. ١٤- هیوا ئیسماعیل سەعید: ٢٠١٠ هەتا ٢٠١٧ دەستبەکار بووە. ١٥- عیماد محەممەد خالید: ٢٠١٧ هەتا ئێستا سەرۆکی شارەوانییە.
دامەزراوەیەکى حکومییە، دەکەوێتە ناحیەی سیروان. لە ساڵى ٢٠٠٠دامەزراوە، پێشتر تەنها چەند کارمەندیکى پاککەرەوە بوون و سەر بە شارەوانیى هەڵەبجە بوون. بیناکەى موڵکى حکومییە، دەکەوێتە سەر ڕێگاى سەرەکیى سیروان-سلێمانى). ڕووبەرى بیناى شارەوانى ٤هەزار مەتر دووجایە و لە ١٦ژوور پێکهاتووە، لەگەڵ گەراجى ئۆتۆمبێل و چەند ئۆتۆمبێل و ئامێرێکى گەورەى کارکردن، یەکەم سەرۆکى شارەوانى، کە دەستبەکار بووە، (لەتیف عەبدوڵڵا مستەفا و دواتر قوتبەدین حسەین عەلى، ئیستاش ئاوات فەتاح محەمەد)ە، لەچەند هۆبەیەک پێکهاتووە، لەوانە: (کارگێڕى، ژمێریارى، موڵکایەتى، هونەرى، ئامێرەکان، ٧٨ فەرمانبەرى هەیە ٣٩ هەمیشەیى و ٣٩ گرێبەست).
سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە. کەوتووەتە ناو سەنتەری شار و تەنیشت باخی گشتی. مێژووی دامەزراندنی بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و سەردەمی تایەربەگی جاف، کە ئەوکات سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە، دەگەڕێتەوە. پاش هاتنی سوپای بەریتانیا بۆ ناوچەکە، داودبەگی سەعیدبەگی عوسمان بەگی جاف، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە. لە دوای کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، چەندین کەسایەتیی جیاواز پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەیان وەرگرتووە، لەوانە (عومەری حاجی عەنایەت، خدر کەریم، کوێستان ئەکرم فەرەج) و لە ئێستادا (سەلام بیلال) سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. بە گشتی لە نۆ بەش پێکهاتووە و سەرجەم بەشەکانی کاران. ٢٤٧ فەرمانبەری هەیە، کە ١١٧ فەرمانبەریان میلاک و ١٣٠ فەرمانبەری دیکەیان گرێبەستن. بیناکەی لە دوو نهۆم پێکهاتووە و لەسەر ڕووبەری زەویی (١,٣٥٠م٢) دروستکراوە، ئیشوکاری دامەزراوەکە جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزرییە لەناو سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەدا، ڕێکخستنی بازاڕ و سەوزکردنی باخچەکان...