سەرسیپە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14
دەروازەی نافەرمییە. یەکێکە لە دەروازە نافەرمیەکانی هەورامان و کەوتووەتە سنوری گوندی دەرەیمەڕ و لە بەرزیی (١٢٧٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە، لە بنەڕەتدا جێگەی ڕاوچییەکان بووە و بۆ ڕاوکردنی کەو لێی ماونەتەوە. چەندین شوێنی لە شێوەی خانو تێدا دروستکراوە، کە وەک شوێنی مانەوە بۆ کرێکارەکانی دەروازەکە و هەندێکی دیکەشیان وەک گەنجینە بۆ هەڵگرتنی کەرەستە گواستراوەکان بەکاردەهێنرێت، کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەرەیمەڕ و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی سەرگەت و هانەیدن، ڕێگای گەشتنی بۆ دووری سێ کیلۆمەتر چەوڕێژ کراوە لە هانەیدن بۆ دەروازەکە و کەمێک دژواری هەیە، بەڵام لەدوای دەروازەکە ڕێگاکە دەبێتە خۆڵ تاوەکو دەگاتە ناوچەی چاڵاوا و لەوێوە ئۆتۆمبێل ناتوانێت بڕوات بۆیە بە ناچاری بە ئاژەڵی بار وەک هێستر و گوێدرێژ کەرەستەکان دەگوازنەوە بە چیاکەدا سەردەکەون و دەیانگەیەنێتە هەورامانی دیوی ئێران و بەرانبەر ئەم کارەش بڕە پارەیەکیان دەستدەکەوێت. جێگەی باسە ئەم دەروازەیە ڕۆڵی هەیە لە ڕەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجانی ناوچەکە و بوژانەوەی بازاڕی خورماڵ. لە ساڵی ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٢ زیاتر لە ٢٠٠٠ هەزار کەس کاریان لێ کردووه، لە ئێستاشدا کاری لێ دەکرێت.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی توێژەر بۆ شوێنەکە، لە ٦ی ٣ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (محەممەد غەفار حەمەزەمان)، لەدایکبوو: ١٩٦٨، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٦ی ٣ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی (کارزان عەدنان حەمەسەعید) ئامادەکار لەگەڵ (دەشتی ساحیب زەینەدین)، لەدایکبوو: ١٩٨٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٨ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (سەلام هانەدنی) لەگەڵ (مەڕوان بورهان ڕەشید)، لەدایکبوو: ١٩٩٦، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: کاسب، لە ٢٢ی ٨ی ٢٠٢٣، لە خورماڵ.
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا,کارزان عەدنان حەمەسەعید,سەلام هانەدنی