بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەری تیپی هونەریی مەشخەڵی کچانە. ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی شاهۆ و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجەی کچان خوێندووە. دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥ـە. ئاوازدانەرێکی دیاری تیپی مەشخەڵی کچان بووە و زیاتر لە ٢٠ ئاواز و هۆنراوەی داناوە و بە سروود و گۆرانی لە لایەن کچانی تیپەکەوە وتراون و لە سێ کاسێتدا تۆمارکراون، بەشێک لە ئاوازەکانی کلیپکراون و لە تەلەفزیۆنی بزوتنەوە و پەخشکراون، لە ناو هەڵەبجەدا بڵاو و ناسراون. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە، پیشەی مامۆستایە و لە شاری هەڵەبجە دەژی.
ساڵی ١٩٨٨ لە (کرمان) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی میوزیکە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی. چەندین بەرهەمی میوزیکی لەگەڵ گروپی مۆسیقای هەڵەبجە پێشکەشکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانە لە لقی هەڵەبجە. لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا خەڵاتی وەرگرتووە. لە ئێستادا مامۆستای هونەرە لە قوتابخانەیەکی ناوشاری هەڵەبجە.
ناوی (حەمەعەزیز حەمەکەریم حەمەئەمین)ـە. ژەنیاری ئامێرەکانی (کەمان، عود، سەکسیفۆن)ـە. ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی پیشەسازی لە هەڵەبجە خوێندووە. ئەندامی تیپی مۆسیقای شنروێیە و لە تەواوی چالاکییەکانی ئەم تیپە لە ساڵی ١٩٨٠ و تا ئێستا بەشداریکردووە. لە زۆربەی فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە و پڕۆگرامە موزیکییەکانی تیڤییەکان و ئاهەنگ و بۆنەکانی جاراندا بەشداربووە. لە زۆر بەرنامەی تایبەت بە هونەرمەندان وەک موزیسیان بەشداربووە. لەوانە بەرنامەی تایبەت بۆ هۆشیار حەمەفەرەج و ئازادە ڕەش و ئاهەنگەکانی ڕێزلێنانی هونەرمەندان... هتد. لە بەرهەمە تۆمارکراوەکانی تەلەفزیۆن ساڵی ١٩٨٣ بۆ هونەرمەندان (محەممەد ئیبراهیم عەبدول، عوسمان کەیمنەیی) و ئۆپەرێتی (سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە)، وەک موزیسیان و ڕێکخەری چەند کارێکی هونەری بەشداربووە. خاوەن بەرهەمی مۆسیقی مارشی پەروەردەیی (لەخەو هەستن)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و باوکی موزیسیانی جوانەمەرگ ڕێهات عەزیزە. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە.
ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (گوڵپ) لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. لە چالاکییە هونەرییەکانی خورماڵ و هەوراماندا بەشداریکردووە و کاری میوزیکی بۆ چەند شانۆگەرییەک کردووه، لەوانە (لەم وڵاتە چ باسە، غاز، بەڵێن بدە، حەسرەتەکانی شارێک، ئەرک و ماف). خاوەنی ١٨ بەرهەمی تۆمارکراوە و پێنج لەو بەرهەمانە وێنەیان گیراوە. بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە و هەورامانی کردووە. بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەڕێوەبەری تیپی هونەریی پێشەنگ بووە. چەند بابەتێکی بۆ ڕۆژنامەکان نوسیوە و چەند هۆنراوەیەکی کراون بەگۆرانی. ئامادەکاری بەرنامەیەکی ڕادوێیی بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ٤ منداڵە، لە ئێستادا بەڕێوەبەری بەشی ڕۆشنبیری و هونەریی خورماڵە.
ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تاقیگەی پزیشکییە و ساڵی ٢٠١٩، لە ساڵی ٢٠٢٣ و لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بەکالۆریۆسی لە زانستی تاقیگەی پزیشکی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٠وە دەستیکردووە بە تەنبوور ژەنین و لەو بوارەدا گەنجێکی بەهرەمەندە و لە چەندین کۆنسێرت و بەرهەمی هونەری لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا بەشداریکردووە.
ناوی (حەمەئەمین کەریم)ـە. گەرچی لە هەندێک سەرچاوەدا هاتووە، کە ساڵی ١٩٠٦ لە گوندی بیاوێڵەی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە، بەڵام خەڵکی گوندی (چەشمییەر)ـە لە هەورامانی خۆرهەڵات و پێدەچێت لەو ساڵەدا هاتبنە باشور و لە بیاوێڵە گیرسابنەوە. دوای مردنی باوکی ئەرکی بەخێوکردنی خێزانی دەکەویتەسەر. بە منداڵی ئارەزووی شمشاڵژەنینی کردووە و بێئەندازە سەرسامی هەوا و ئاوازی مینە جەلیلەیى بووە، کە گاوانی دێکەیان بووە، لەبەرئەوە دەکەوێتە شوێن ئەو هونەرمەندە و ڕۆژانە لەگەڵیدا چووەتە دەرودەشت و سەرپەرشتی گاگەلەکەی بۆکردووە. بێجگە لە مینە جەلیلەیی، سوودی لە بەهرەی هەیاس هاواری و حەمەئەمین سۆفی عەلی یاڵانپێیش وەرگرتووە. لەگەڵ دەروێش عەبدوڵای ناوداردا لە خانەقای نەقشییەکان شمشاڵی لێداوە و لەگەڵ حەسەن زیرەک و هونەرمەندی میللیی هەڵەبجە مەحموودی شێرالیش ئاهەنگی گێڕاوە. هاوڕێ و هاومەشرەبی ئەحمەدموختارجاف بووە و یەکێک بووە لە شۆڕشگێڕەکانی، تا دوا ساتی شەهیدبونیش، بەجێینەهێشتووە. چەند ساڵێک لە سنە دەژی. بەهرە و توانای شمشاڵەکەی دەبێتە بناغەیەکی باشی کەلەپووری شمشاڵ و ئاوازەکانی دەگوازرێنەوە بۆ نێو ئاهەنگ و تیپە موسیقیەکانی دواتر. چەند ئاوازێکی تایبەتی هەبووە. وەک ئەحمەد بەگی، هەوارە لانکێ، کەتان لەمل. هتد. ناوی بۆ کونەکانی شمشاڵەکەی دانابوو. دووجار هاوسەرگیری کردووە. هاوسەری دوووەمی خەڵکی سازان بووە و لەم هاوسەرەی حەوت منداڵیان بووە. کاسێتی تۆمارکراوی هەیە. لە ساڵی ١٩٧٨ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە مەزاری شەهیدان بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. لە سەرەتای لاوێتیدا شوانی کردووە و فێری شمشاڵ ژەنین بووە، لە ئاهەنگ و بۆنەکانی گوندەکەیاندا بەشداربووە بە سۆزەوە شمشاڵی ژەندووە و هەندێک لە سۆزەکانی بە تۆمارکراوی ماون. مامۆستا ئازاد حەمدی یەکەم کەس بووە دەنگی شمشاڵەکەی بۆ مام نەورۆز تۆمارکردووە. لە ساڵی شەستەکاندا مامۆستای گوندی هاوار بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵ بووە. ساڵی ٢٠١٢ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.
موزیسیانە. لە ژەنیارانی تیپی مۆسیقای شنروێیە. بە نەوزاد سۆفی ناسراوە، ١٩٦٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکیە ساڵی١٩٨٦. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. هاوڕێی نزیکی مامە عەزە و ئازاد ساڵح و ئاراسی شێخ جەمالە. ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.
ساڵی ١٩٥٩ لە عەبابەیلێ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە عەبابەیلێ و هەڵەبجە و پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٨٠ لەگەڵ تیپی مۆسیقای هەڵەبجەدا کاریکردووە و دواتر ژەنیاری تیپی مۆسیقای شنروێ بووە. لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای (شەم)ـە، کە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە. بەشداری ئاهەنگ و کۆنسێرتەکانی ئەو دەمەی کردووە. لێپرسراوی تیپی مۆسیقای مەولەوییە. ماوەیەک سەرپەرشتیاری هونەری و پەروەردەی میوزیک بووە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
دوو شمشاڵژەنی بەناوبانگی کاکەیین. لە هەردوو گوندی (هاوار) و (دەرەتفێ) ژیاون. خاوەنی ئاوازی تایبەتی خۆیان بوون. خۆیان و لوولک و شمشاڵەکانیان دروستکردووە. ناوخاس دەرەتوێیی لە داری کێکف، شمشاڵێکی مەحکەمی دروستکردووە. ئاوازێکی ژەندووە تایبەت بە دوو دڵدار، کە نەیانهێشتووە پێکەوە قسەبکەن و بەو ئاوازە گفتوگۆیان کردووە. ئاوازی چەمەری و ڕەسمی مردووناشتنیان لێداوە. مامۆستای چەندین شمشاڵژەن بوون، لەوانە: مراخان شاکەرەم، نەورۆز، عەبدولکەریم هەوارەکۆنی، محەممەد، مینەی لوولەکژەن...
موزیسیان و ڕۆژنامەوانە. بە(ڕێناس) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا هەیە. لە بواری میوزیکدا خاوەنی چەندین ئاواز و هۆنراوەیە. کەسی دیاری ڕەوتی سروودبێژییە لە هەڵەبجە و چەندین سروودی تۆمارکراوی هەیە. بەشداری کارای لە ساڵیادەکانی هەڵەبجەدا کردووە. نوسەر و دەرهێنەری چەند بەرهەمێکی شانۆییە، لەوانە: مامۆستا، یاساو دارستان، گەشتی زانستی. چەندین ئۆپەرێتی بۆ باخچەکانی ساوایان نوسیوە. سەرپەرشتی چەندین فیستیڤاڵ و چالاکیی میوزیکی کردووە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڤاری (ڕابەر) بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە شاری هەڵەبجە دەژی.
خۆشنوس، شاعیر و ڕۆژنامەوان و پارێزەرە. بە (شێخ زادە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە. دبلۆمی لە ئەندازیاریی ڕوپێوی و بەکالۆریۆسی لە یاسا و ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە. بەهۆی بەخشینی کوڕاسە خەتیەکەی مامۆستا هاشم بەغدادی لەلایەن مامۆستا سەرکۆ عەزیز ئەمینەوە، ئاشنای خۆشنوسی بووە. ساڵی ١٩٨٤ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، فەرمانگەی هونەرەکانی شێوەکاری، لقی خەتی عەرەبی، مۆڵەتی خۆشنوسی پێدراوە و کۆمەڵەی خۆشنوسانی عێراقی پشتگیرییان کردووە. وەک خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەر و جێگری سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسین و ئەندامی دەستەی نوسەران و نوسەر و وەرگێڕ و دامەزرێنەر لە چەند ناوهندێکی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی کاریکردووە. سەرپەرشتیاری دووەمین فیستیڤاڵی هەڵەبجەی شەهید بووە. بەرپرسی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی کوردستان و سەرپەرشتیاری تیپی هونەریی پەیام و دەستەی دامەزرێنەری یانەی وەرزشی پەیام و ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەکە بووە. ساڵی ١٩٨٦ پێشانگای تایبەتی خەت و زەخرەفەی خۆی لە بەغداد کردووەتەوە. دیزاین و نوسینی بۆ دەیان بەرگی کتێب و نامیلکە و گۆڤار نوسیوە. ساڵی ١٩٨٦ بەشداری یەکەمین پێشبڕکێی خۆشنوسی نێودەوڵەتیی ئەستەنبوڵی کردووە. ساڵی ١٩٩٨ یەکەمین فیستیڤاڵی خۆشنوسی هەولێری کردووە. دیوانی شیعری (شنەی سۆز) و (ڕۆژمێری زانستی بۆ سەد ساڵ) چاپ کردووە. گەلێک فەرمودە و ئایەت و تابلۆی سەر دووکانی لە هەڵەبجەدا نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. لە شاری هەولێر دەژی.
نیگارکێش و خۆشنوسە. بە (مەلا دیاری) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە تەویڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ دوکانی نیگارکێشی و خەتخۆشی لە هەڵەبجە داناوە. گەلێک تابلۆی بۆ شوێنە گشتی و تایبەتەکان لە دووکان و بازاڕەکانی هەڵەبجە و زۆربەی نوسینی سەرکێلی قەبرەکانی نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە شارەدێی تەوێڵە دەژی.
بە رەفعەتی خوشنووس ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ئامادەیی لە سانەوی (محمد سلیمان) ی ئێواران لە بەغداد تەواوکردووەو ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجەی شەهید، لە ساڵی (١٩٩٨) ەوە دوکانی هونەری خۆشنووسی داناوە و تا ئێستا لەسەر کارەکەی بەردەوام. نووسەرە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید. لە ١٢/٩/٢٠١٢ کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەڵەبجەیان دامەزراندووە و بە دەنگدان بووە بە بەرپرسی کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەڵەبجە. کتێبێکی چاپکراوی هەیە بە ناوی (پەندەوانە). پێشتر لە (کۆمەڵەی خوشنووسانی کوردستان) ئەندام بووە. نزیکەی شەش ساڵیش بەرپرسی راگەیاندنی (ب.گ. پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید) بووە. نووسینی زیاتر لە ٢٠٠٠ ناوی سیانی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر گڵکۆی مەزاری شەهیدان و نوێکردنەوەی نووسین لەسەر کێلی کۆچکردوان. نووسینی زیاتر لە ٥٠٠٠ تابلۆی ژمارەی کارەبای ماڵان بە فڵچە و بۆیاخ. نووسینی لافیتەی قوماش و لۆگۆ و تابلۆی جۆراوجۆری سەر جادە و کۆمپانیا و فەرمانگە حکومییەکان و دوکان و بازاڕی هەڵەبجە و دەوروبەری. دیزاین و دروستکردنی تابلۆی سەر جادە و دوکان و دائیرە و کۆمپانیاکان بەلەزگە و لەسەر شووشە و ئاسن و فلێکس لەگەڵ دروستکردنی چوارچێوە بۆیان بە ئاسن و لەحیم بۆ شوێنە گشتییەکانی ناو شار و دەرووبەری. خێزاندارەو خاوەنی پێنج منداڵە. نیشتەجێی شاری هەڵەبجەیە.
ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پاش تەواوکردنی کۆلێژى ئاداب لە زانکۆى بەغداد، وەک مامۆستا دامەزراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە کارەساتى کيميابارانى هەڵەبجەدا برینداربووە. ساڵی ١٩٩٥ چووەتە وڵاتى ئەردەن و وەک وانەبێژ دەستبەکاربووە و دواتریش لە وڵاتانی تونس و لیبیا مامۆستایەتی کردووە. لە وڵاتى ليبيا بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. چەند کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (مێژووى سەرەتاى ئيسلام و ڕاشيدين و ئەمەوى و عەباسى، هەرێمە فيدراڵيیەکانى خەلافەتى عەباسى، جوان به دەستنوسين و خۆشنوسە ناودارەکان، هونەرى نەخشاندن). کتێبى (پوختەى مێژووى کۆن)ى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی چەندین توێژينەوە. (کوڕاسەى خۆشنوسى و ڕاڤەکردنى بەدرێژى) داناوه. چەندین پێشانگاى خۆشنوسى لە بەغداد و وڵاتەکانى: کوێت، ليبيا، تونس، تورکيا و ئێران کردووەتەوە. لە ماوەی جیاوازدا ئەم پۆستانەی بینیوە: سەرۆکى بەشى زمانى ئينگليزى لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتیى زانکۆی هەڵەبجه، ڕاگرى فاکەڵتى زانستەمرۆڤايەتيەکان، ياريدەدەرى سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بۆ کاروبارى کارگێڕى. ساڵى ٢٠١٦ نازناوى پرۆفيسۆرى ياريدەدەرى وەرگرتووە و لەئێستادا مامۆستايە لە زانکۆى هەڵەبجە لە بەشى مێژوو.
بە سامان هەورامی ناسراوە.ساڵی ١٩٧٢ لە تەوێڵە لە دایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی بە دەستهێناوە. بەشداری ٢٥ پێشانگای خۆشنوسی لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمدا کردووە. لەوانە لە وڵاتی عێراق و تورکیا و ئیمارات و سوریا و میسر و ئیران، کە سێ جار خەڵاتی دووەم و حەوت جار خەڵاتی سێیەمی وەرگرتووە و پێنج جاریش خەڵاتی یەکەمی بۆ خەتی سولی و نەستەعلیق وەرگرتووە. لەوانە خاچی سووری نێودەوڵەتی ٢٠٠١، ساڵی ٢٠١٠ی عێراق، ٢٠١٦ی تورکیا، ٢٠٢٢ی میسر. نۆ جار خەڵاتی پاداشتی خەتی بردووە. ئەندامی کۆمەڵەی خۆشنوسانی کوردستان و عێراق و جیهانە. خێزانی پێکنەهێناوە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
خۆشنوس و شێوەکارە. ناوی (کەریم حەمەڕەحیم حەمەشەفیق)ـە و بە (شۆڕش جاف) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکان لە شاری هەڵەبجەدا دووکانی ڕەسم و خەتی هەبووە. وێنە و تابلۆی بازاڕ و دوکانەکانی کێشاوە، لەوانە بازاڕی شنروێ. ساڵی ١٩٩٣ چووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و بەشداری خۆپیشاندان و چالاکییەکانی کردووە و چەند پێشانگایەکی کردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٧ لە کوردستان بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.
زانا و زاهد و خۆشنوس بووە. کوڕی شێخ عەلی تەوێڵەیە. لە تەوێڵە لەدایکبووە. مێژووی لە دایکبوونی گومانی لەسەرە. لە خەلیفەکانی شێخ عوسمان و شێخ بەهادیینە. زۆربەی سەنەد و ئیجازەنامەکانی سەردمی خۆی بەخەتی ئەم نوسراوە. کتێبی (الفضیلە)ی مەولەوی و چەند کتێبێکی تری نوسیوەتەوە. دوای کۆچیدوایی شێخ بەهادیینی تەوێڵە، دێتە بیارە. لە خزمەت شێخ عومەر و شێخ نەجمەدیندا دەبێت. تا لە سەردەمی شێخ عەلادییندا لە ساڵی ١٩٣٤ کۆچیدواییکردووە و لە ملەگای چنار لە بیارە بەخاکدەسپێرراوە.
یەکێک لە نوسەرەوە خەتخۆشەکانی دەستنوسە ئیسلامییەکانە. خەڵکی ئاوایی (چنار)ی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٣١٢ک/١٨٩٤ز دانراوێکی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) نوسیوەتەوە بەناونیشانی (العقد الجوهري). ساڵێک پاش ئەوەش ١٣١٣ک/١٨٩٥ز، دانراوێکی زانستی لۆژیکی بەرزنجی نوسیوەتەوە لە شاری سلێمانی بە ناونیشانی (المغالطات وأجوبتها) بە ئامادەیی مەلا عەبدولڕەحمانی بریفکانی گەورە، کە بە (عەللامە پێنجوێنی) بەناوبانگە. هەروەها لە ٢٣ی ڕەبیعی یەکەمی ١٣١٤ک/١٢ی ئەیلوولی ١٨٩٥، نوسینەوەی (المعفوات)ی مەلا خەلیلی سیعەرتی کوردی کۆتاییپێهێناوە، ئەمەش ئاماژەیە کە (عەبدولسەمیع چناری) لە ماوەی سێ ساڵدا لە بیارەوە چووەتە سلێمانی و پاشان ناوچەی خۆشناوەتی، وا دیاریشە لەبەر خەتخۆشی یەکێک بووە لە نوسەرەوەکانی بەرهەمە شەرعزانییەکان.
خۆشنوس و نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی و زانستە ئیسلامیەکانی کۆلێژی شەریعەی زانکۆی بەغداد بەدەستدەهێناوە، لە چەند قوتابخانەیەکی شاری هەڵەبجە مامۆستایەتی کردووە. یەکێکە لە خۆشنوسە دیارەکان و شارەزای جۆرە جیاوازەکانی خۆشنوسییە، ساڵی ١٩٨٧ لە(جمعیة الخطاطي العراقية) مۆڵەتی خەتی عەرەبی وەرگرتوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە ئەندامی خۆشنوسانی کوردستانە. ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی ڕۆشنبیرانی موسوڵمانی کورد و دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ڕابەر بووە. ژمارەیەکی زۆر بابەتی جیاوازی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە، زیاتر لە دە کتێبی لە بواری نوسین و وەرگێڕاندا بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: هونەری هاوڕێگرتن، چل چیرۆک پێغەمبەری خوا بۆمان دەگێڕێتەوە، لەگەڵ سەدان پەند و ئامۆژگاریەکانیان و بە دراماکردنی چیرۆکەکان.