بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
چەند ئافرەتێک بوون، کە وەک پزیشکی میللی لە ناوچەکەدا بە فریای کاروباری لەدایکبوون و چارەسەری هەندێک نەخۆشی ژنانە و منداڵانیان کردووە. ئەوانیش: (ڕەعنا محەمەد سەلیم، خاوەر مەحمود حەمەئەمین، فاتیمە قاسم)بوون. چارەسەری هەندێک نەخۆشی وەک بە بۆن_کەوتن و ناوک_کەوتن و ترس دەرکردن و گریانی منداڵانیان کردووە.
پزیشکی میللیی ژنان و منداڵانە. ناوی (مایجەمین سان ئەحمەد عەزیز)ە. ساڵی ١٩٤٨ لەدایکبووە. بە منداڵی لەبەردەستی دایکید،ا کە خوێنەوارێکی باش بووە، شارەزایی پەیداکردووە. لە ٣٣ ساڵیەوە بەڕێگای کوردەوای خەریکی پزیشیکییە. لە کوردستانی باشور و خۆرهەڵاتدا ناسراوە و لە زۆربەی شار و گوندەکانەوە ڕووی تێدەکەن و لە خواروی عێراقیش نەخۆشیان ناردووەتە لای. لە هەموو چین و توێژەکان سەردانیدەکەن. لەگەڵ پزیشکەکاندا پەیوەندی دەکات و مۆڵەتی پزیشکانی هەیە. دەفتەرێکی یاداشت و زانیاری هەیە، نزیکەی ١٠٠ ساڵ تەمەنیەتی، کە زانیاریی نەخۆشی و دەرمان و گیاناسی تێدایە. بۆ حەڵاڵی و ڕەوایی کارەکانی، پرس بە مامۆستایانی ئایینی دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لەڕێگەی دەرمانی گیاییەوە چارەسەری نەخۆشیەکانی (نەزۆکی و نەخۆشی ژنانە، منداڵان، برین و سوتانەوە، نەهێشتنی ورگ، مایەسیری، ڕوتانەوەی قژ، جومگە، ئاگرە، چاو تەکاندن و... هتد) دەکات. شادانی کچی لە نەخۆشخانەی منداڵبوون فێری کارەکەی بووە و خەڵاتی ڕێزلێنانی خورشیدەبابانی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٢٤ کۆچیدواییکردووە.
مامان و پزیشکی میللییە. ناوی (گەوهەر ڕەحمان محەممەد مەحموود)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٠ لە گوندی (دەگاشێخان) لەدایکبووە. لە گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامان و گوندەکانی دەوربەریدا بە ناوبانگ بووە. لە بەدەمەوەچوونی لە دایکبوون و چارەسەری نەخۆشیی ژناندا شارەزا بووە، چارەسەری ترس و بە بۆن_کەوتن و ناوک و سەرگرتنەوە و...هتدی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ساڵی ١٩٦٧ کۆچیدواییکردووە و لە دەگاشێخان بەخاکسپێرراوە.
ناوی (مەحموود حەسەن قادر)ە. ساڵی ١٩١٥ لەدایکبووە. بە مەبەستی وەستایی و دروستکردنی دیواری مزگەوتەکەیان، ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی (بانیبنۆک)ـەوە ڕووی لە گوندی (یاڵانپێ) کردووه و لەوێ ماوەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. لە سنوری هەورامان و هەڵەبجە و خۆرهەڵاتی کوردستان وەک وەستای دیوار ناوبانگێکی هەبووە. لە بواری پزیشکی میللیشدا شارەزایی هەبووە و کاری دانسازی و گیادەرمانی کردووە. لەپاش خۆی نەوەکانیشی هەمان ڕێچکەیان گرتووە و (حەمەڕەشید)ی کوڕی لە ئێستا وەستایەکی بەناوبانگە. (منیرە)ی کوڕەزایشی گیادەرمانی بۆ چارەسەری نەخۆش بەکاردەهێنێت.
ناوی (توبا عەزیز ئەمین)ـە و بە مەلا توبا ناسراوە. ساڵی ١٩١٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی و قورئانی خەتمکردووە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ساڵی ١٩٧٠ بە ماڵەوە چووەتە سلێمانی. هاوینان دەرسی قورئان و ئاینی بە منداڵان و ژنان وتووەتەوە. هەربۆیە لەسەر دەستی ئەم، زۆرێک لە ژنان و منداڵانی هەڵەبجە فێری قورئان بوون. لە درووستکردنی دەرمانی گژوگیاى کوردەواریی و چارەسەری نەخۆشییەکاندا، شارەزا بووە. باس لەوە دەکرێت، کە شێرپەنجەی سنگی ئافرەتانی چارەسەرکردووە. لە چارەسەرى نەخۆشییەکانى: بۆنکەوتن، ورچگرتن، گریانى زۆر، مەڵاشووکەوتن.. دەستی هەبووە. ساڵی ١٩٩٤ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
ناوی (ڕەعنا ڕەمەزان قوربانی)یە، لەبەر ئەوەی خێزانی مەلا عەبدولکەریمی فەقێ عەلی گریانەیی بووە، بە مەلاژن ڕەعنا ناسراوە. ساڵی ١٨٨٥ لە گوندی (گریانە) لەدایکبووە. یەکێک بووە لە مامانە بە ناوبانگەکانی گریانە و دەوروپشتی، شارەزایی لە دەرمانی میللی و گژوگیای سروشتیی ناوچەکەشدا هەبووە و چارەسەری پێکردووە. لە ناوک_گرتنەوەدا کارامە بووە و ناوبانگی ڕۆیشتووە. ساڵی ١٩٧٤ کۆچیدواییکردووە و لە گریانە بەخاکسپێرراوە.
ناوی (خورشیدە شێخ حەمەئەمین شێخ حەسەن)ـە و بە دایکی هەڵەبجەییەکان ناسراوە. ساڵی ١٨٨٩ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵە. مامانی دایکبوونی (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح)ی سەرۆککۆماری پێشوو بووە. دەرمانسازێکی میللیش بووە و چەند نەخۆشییەکی ژنانی چارەسەرکردووە. لە کارەساتی کیمیابارانی ١٩٨٨دا شەهیدبووە.
ناوی زوبەیدە و دانیشتووی گوندی (بیاوێڵە) بووە. لە ساڵی ١٩٧٨ کۆچیدواییکردووە. کاری مامانی بۆ ژنانی دووگیانی گوندەکە و دەوروپشتی کردووە. لە پاش ئەو، توبا قادر، کە لەسەر دەستی ئەو فێربووە، ئەو ئەرکەی گرتووەتەدەست.
جەراح و پزیشکی میللی بوووە، ساڵی ١٩٢٠ لە تەوێڵە لەدایکبووە و ساڵی ١٩٣٨ هاوسەرگیری کردووە و لە هەورامانەوە دێتە عەبابەیلێ و پاش کۆچیدوایی هاوسەرەکەی، لە گەڕەکی جولەکان نیشتەجێدەبێت. جەڕاحێکی شارەزابووە و دەرمانی گیایی دروستکردووە و لە چارەسەریدا بەکاریهێناوە. بێبەرانبەر خزمەتیکردووە. دایکی حسەشایە. ساڵی ١٩٨٣ کۆچیدواییکردووە.