کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

ئاراز ڕەفیق محەممەد

ساڵى ١٩٨٤ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنى سێ منداڵە. ماوەی ١٦ ساڵە کارى ڕاگەیاندن دەکات. ساڵی ٢٠٠٩ بەرپرسی بەشی هونەریی تەلەفزیۆنی ژیوا بووە. لە کەناڵی ئاسمانیk٢٤ بەرنامەی دیکۆمێنتەری هەبووە و کاری بۆ کەناڵەکانى (ڕووداو، ستێرک، k٢٤ ) کردووە. لەئێستادا پەیامنێری کەناڵی (ئاڤامیدیا)یە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

ئاراس محەممەد مەحموود ئاغاوەیس

ڕۆژنامەوان و شانۆکارە. سأڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی دیراساتی ئیسلامی لە هەڵەبجە خوێندووە. وەک ڕۆژنامەوان و شانۆکار و هونەری کاریکردووە. وەک بیژەری ڕادوێ و تەلەفزیۆن دەیان بەرنامەی پێشکەشکردووە. لە دەیان کورتە فلیمدا کاریکردووە. لە ستافی بەرنامەی توێشووی کامێرای تەلەفزیۆنی بزوتنەوە بووە. لە نێوان ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠٦ لە چەندین شانۆ و فلیمدا بەشداربووە. لەوانە (مەملەکەتی ڕۆح، فاڵچی، عەرشی سکاڵا، هەڵەبجە و هەتوان، نامەکان، تابلۆی هەستانەوە، فلیمی ئیمان، سەمای کەنەسمەکان، باڵندەکاتی ناو خەردەل). بەرپرسی دەنگی ئیسلام، ڕادوێی هەڵەبجە بووە. ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و فدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانان و شورای قوتابخانەی هونەری هاکار و بۆردی ڕۆژنامەوانانی بزوتنەوە و ڕێکخراوی پاشایە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

ئارام بامۆکی

ڕۆژنامەوان و شاعيرە. ناوی (ئارام ناجی محەممەد)ە. ساڵی ١٩٨١ لە هەڵەبجه لەدایکبووە. دیراساتی ئیسلامی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٨ دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. سەرنوسەری گۆڤاری (پرێس) و بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەی (بزووتنەوەی ئیسلامی)بووە. ساڵی ٢٠١١ بە ئەندامی دەستەی لقی سلێمانی (سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان) هەڵبژێرراوە. خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە (گەشتی زاهیدانەی خەیاڵ، ئەمەوێ‌ لای سادەیی بم، ئایدیای خۆشەویستی، خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجەدا). دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە‌. لە ئێستادا لە سەرۆکایەتیی (زانکۆی هەڵەبجه)‌ فەرمانبەرە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ئارام شەمێرانی

ڕۆژنامەوان و شاعیرە‌. ناوی (ئارام حسێن قادر)ە و بە (ئارام شەمێرانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٤ لە کۆمەڵگەی (عەنەب)ی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی وەرزشیی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی هەڵەبجەیە. وەک سەرنوسەر و دەستەی نوسەران و پەیامنێر، کاری بۆ بڵاوکراوەکانی (لڤین، شەن، ڕێچکە، تام، ئەستێرە، گۆران، چەتر، بارین و... ) کردووە. کاری لە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی بۆ هۆنراوەی ١٠ شاعیری هەڵەبجەدا کردووە. لە کتێبە چاکراوەکانی (هەڵەبجەناسی "شەش بەرگ"، پیاوێک لە دوکەڵی تەقینەوەدا). ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی خۆی گەلەرییەکی فۆتۆگرافی لە شاری هەڵەبجە کردووەتەوە و بەڕێوەیدەبأت، کە بووەتە ناوەندێکی ڕۆشنبیری و چالاکی تێدا ئەنجامدەدرێت. خاوەنی چەندین خەڵات و ڕێزلێنانە‌.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ئارام نەجیم حەبیبوڵڵا

ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی بەدەستهێناوە. لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، دامەزراوەی وشە، سایتی سبەی، ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ڕادیوی گۆڕان، سەنتەری ڕاپرسی وشە، کەناڵی ئاسمانیی KNN، (ماوەیەک سەرپەرشتیاری نوسینگەی KNN بووە لە پارێزگای هەڵەبجە)، دەزگای میدیایی خەندان، کاریکردووە. ساڵی ٢٠٢٤ دەزگای خێرخوازیی نیشتمانی کوردانی دامەزراندووە و لە ئێستادا سەرۆکی دەزگاکەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوومنداڵە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

ئارام عەبدوڵا حەسەن ساڵح

ڕۆژنامەوان و شاعیرە. ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. بەشی کارگێری لە پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی تەواوکردووە. دوو کتێبی بە ناونیشانەکانی: (نامەیەکی پەشیمانی)، (دورتر لە تۆ نزیکتر لە مەرگ) چاپکردووە. لە ساڵی ٢٠١١ـە‌وە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات. لە گۆڤارەکانی وەک (مۆزیک، تاک، نسێ، شەپۆل، نێوەند، چوارستار، سلێمانی) کاریکردووە. لە ساڵی ٢٠١٣شەوە لە ڕادوێی شارەزوور کاریکردووە و لە ئێستادا بەڕێوەبەری ئەو ڕادوێیەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

ئاسۆ محەممەد فەرەج

ڕۆژنامەوان و نوسەرە. ساڵى ١٩٨٦ لە شاری هەڵەبجەى شەهيد لەدایکبووە. بڕوانامەی ماستەرى لە شوێنەوارى ئيسلامى لە زانکۆى سلێمانى بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە دەستى بە بەکارى ڕۆژنامەوانى کردووە و وەک پەيامنێر لە ڕۆژنامەکانى: کۆمەڵ، وەرچەرخان، چەتر، کاریکردووە. لە ساڵانى ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٤ پەيامنێرى کەناڵى ئاسمانیی پەيام بووە. ساڵى ٢٠١٨ وەک ستافى لقى هەڵەبجەى سەنديکاى ڕۆژنامەوانان دەستبەکاربووە و ماوەى دوو خول سکرتێرى لقى هەڵەبجەى سەنديکاى ڕۆژنامەوانان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنى سێ منداڵە.

ئالان دڵشاد ڕەئوف

ساڵی ١٩٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ڕاگەیاندکار و کارمەندی تەندروستی بووە. دبلۆمی لە بەشی شیکاری نەخۆشیەکان هەیە. پێشکەشکار و ئامادەکاری چەندان بەرنامە بووە لە کەناڵی هەڵەبجەتیڤی. چالاکوان و ڕێکخەری دەیان چالاکی بووە. بڕوانامەی TOT هەیە. وەک ڕاهێنەر و لە ئەکادیمای بونیاد خولی گوتوەتەوە. ئەندامی کۆڕی خوێنەرانی شار بووە. دامەزرێنەری کەناڵی ناوخۆیی (UK٤) بووە لە بەریتانیا دەژی.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ئەبا سەڵت بەیات

ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەرێکی ئێرانییە. ساڵی ١٩٥٢ لە شاری (ساوە) لەدایکبووە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێراندا دەستی بەکاری هونەری کردووە. شارەزایەکی ئەکادیمیی هونەری فۆتۆگرافییە. لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەدا وەک فۆتۆگرافەری جەنگ لە زۆربەی بەرەکانی شەڕدا ئامادەبووە. زۆربەی وێنەکانی لە(بنیاد اندیشە ئیسلامی) و گۆڤاری سروس و کتێبەکانی بەرگریی پیرۆز و بە زمانە بیانییەکان چاپ و بڵاوکراونەتەوە. یەکێکە لەوانەی لە ڕوماڵکردنی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بە یاوەری تیمێکی ڕاگەیاندنی ئێرانی لە ١٨ی ٣ی ١٩٨٨ سەردانی هەڵەبجەی کردووە. چەندین وێنەی گرنگ و سەرنج ڕاکێشەری دیمەنەکانی ئەو تاوانەی بۆ ڕۆژنامە و کەناڵەکان گواستووەتەوە. ئەندامی کارای وێنەگرانی شۆڕش و بەرگریی ئێرانە. چەندین پێشانگای وێنەیی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا کردووەتەوە. خانەنشینە و سەربەخۆ کاردەکات.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ئە‌حسە‌ن حە‌سە‌ن عەبدولڕە‌حمان

ڕۆژنامەوان و شاعيرە. ناوی (ئە‌حسە‌ن حە‌سە‌ن عەبدولڕە‌حمان محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧٧ لە‌ گوندی (پریسی خواروو) لەدایکبووە. پە‌یمانگای ئیسلامی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩١ دەستی بەکاری ڕاگەیاندن کردووە. فەرمانبەرە لە (بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تیی چاپ و بڵاوکردنە‌وە‌). خاوە‌نی سێ کتێبی شیعرییە بە ‌ناوە‌کانی (نیوە‌ی مە‌رگ و نیوە‌ی ژیان، خوێنی زیکر و مەستی خەیاڵ). سە‌رنوسە‌ری ڕۆژنامە‌ی (باسک) و بە‌ڕێوە‌بە‌ری کە‌ناڵی (IMK) بووە و وە‌ک بێژە‌ر و پێشکە‌شکار لە‌ تەلەفزيۆن کاریکردووە‌. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵه.

ئەردەڵان ڕەمەزان همیرخان

شانۆکار و فلیمساز و ڕاگەیاندنکارە. ساڵی ١٩٨٢ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. بە ئەردەلان کاکەیی ناسراوە. بڕوانامەی دبلۆمی بە دەستهێناوە و کارمەندە لە پەیمانگای تەکنیکیی هەڵەبجە. وەک ئامادەکار و دەرهێنەر و ئەکتەر و جێبەجێکاری هونەری و وێنەگرتن و دۆبلاژ، لە زیاتر لە ١٥ شانۆ و ١٤ فلیمدا بەشداربووە، لە شانۆکانی، گۆمی مەنگ، هەستانەوە لەناو تەمدا، قەوانە شکاوەکان، نیشتمانێک لە تەنیایی، بازنەکانی مەرگ، مەملەکەتی ئاشوب، تەڵاقەکانی بارام بەگ و فلیمەکانی، ئاواتی ون، فریو، تاوان، کما، بۆنی سێو، ببورە نیشتیمان..هتد. ئەندام و بەرپرسی هونەریی چەند ڕێکخراوێک بووە. بەشداری فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە، ناوەندی ڕوناکبیری و ڕۆشنبیری و باخی میر و شانۆی سەقز و کورتە فلیم و ساڵیادی ئەنفال و..هتد کردووە. کاری دیزاین و پۆستەر و دەنگی بۆ دەیان چالاکی کردووە، لەوانە دیدارەکانی شەوانی شار، گۆڤاری دیلانێ، فیستیڤأڵی باخی میر. پێنج ساڵ وێنەگری سەتەلایتی گەلی کوردستان و ساڵێکیش کەناڵی ئاسمانیی nrt بووە. زیاد لە ٢٥ ساڵە لە چالاکییە هونەرییە جۆربەجۆرەکاندا بەشدارە، کۆتا کاری وەک ئەکتەری سەرەکی بەشداریکردنیەتی لە فلیمی غەریبەدا. لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندنکار

ئەرسەلان تۆفیق محەممەد

ڕۆژنامەوان و چیرۆکنوسە. بە (باوکی پێشەوا) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە شارەزوور لەدایکبووە. پەیمانگای مامۆستایانی لە هەڵەبجە و پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپێدانی لە سلێمانی تەواوکردووە. وەک ئەندامی دەستەی نوسەران لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی: گزنگ، ڕابەر، جەماوەر، پەیڕەو، سنور، بزوتنەوەی ئیسلامی، ڕێگای یەکبوون، پێگە، بەڕێوەبری نوسین و سایتی فەرمی گۆڤاری کۆچ، کاریکردووە. سەرنوسەری گۆڤارەکانی: بوار، خێزان، لڤینی بونیاد و ئاسۆی هەڵەبجە بووە. ماوەیەک پەیامنێر و نوسەر بووە لە ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی و لە ڕۆژنامەی ئاوێنەش گۆشەی چیرۆکەکانی دادگای نوسیوە. چەند وەرگێڕان و چیرۆکی بڵاوکردووەتەوە. وەک پێشکەشکار ئەزموونی شەش ساڵ کاری میدیایی لە تەلەفزیۆندا هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

ئەرسەلان عابد محەممەد

ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسین، سەرنوسەر لە گۆڤاری هێشتا، بەڕێوەبەری نوسین و سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئەحمەد موختار، دەستەی ئامادەکاری بڵاوکراوەی خواست بووە. بەشداری و دەستپێشخەری و سەرپەرشتیاری زۆر لە کار و چالاکییەکانی کردووە و چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە. لە ساڵی ٢٠١١ـەوە تا ئێستا سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە، پیشەی مامۆستایە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ئەرستۆ کڵاشن

ڕۆژنامەوانێکی نەرویجییە. کاری بۆ ڕۆژنامەی(کلاسی کامین) کردووە. لەسەر بانگهێشتی باڵوێزی ئیران لە نەرویج لەگەڵ چەند ڕۆژنامەوانێکی ڕۆژئاوایی و ئێرانی لە ٢٢ی ٣ی ١٩٨٨ دەگاتە شاری هەڵەبجە. هەشت کاتژمێر لە شاردا دەمینێتەوە. ڕاپۆرتێکی گرنگ بۆ ڕۆژنامەکەی دەنوسێت و بڵاویدەکاتەوە. کاریگەری دەبێت لە گەیاندنی تاوانەکە بە دونیای دەرەوە. بۆ کیمیابارانی ١٩٨٨ی هەڵەبجە وتوویەتی: گەرمترین دۆزەخی سەر زەوی. ساڵی ٢٠٠٩ وەک شایەتحاڵ لە دادگای تاوانەکان دەبێتە شایەت لەسەر تاوانەکە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ئەرکان ساڵح على وەيس

لەساڵى ١٩٨٢ لە هەڵەبجەى شەهيد لە دايکبووە، بڕوانامەى سەرەتايی هەيە، لە ساڵەکانى ١٩٩٧دەستى بەکارى وێنەگرتن کردووە، لە تەلەفزيونى بزوتنەوەى ئيسلامى، چەندين بەرنامەى تۆمارکردووە. دواتر بووەتە وێنەگر لە کەناڵى ئاسمانیى پەيام، لە نوسينگەى هەڵەبجەى کەناڵەکە کاریکردووە، وێنەگرى بەرنامەى بە هۆرامى بووە، کە لەلايەن کۆچکردوو مهدى هەوراميیەوە پێشکەشدەکرا. جگە لەوە دەيان ڕاپۆرت و هەواڵی بۆ کەناڵی پەیام تۆمارکردوە. بەردەوامە لە کارى وێنەگرى لە کەناڵى ئاسمانیى پەيام. ئەندامى کاراى سەنديکاى ڕۆژنامەنوسانە. خێزاندارە و خاوەنى دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ئەڤین عەتا محەممەد ئەمین

ڕاگەیانکار و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٩٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. سەرەتای کاری لە ڕادوێی دەنگی نوێوە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستپێکردووە و دواتر چووەتە کوردنیوز و بۆ ماوەی شەش ساڵ پەیامنێری هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور و دەربەندیخان بووە. مانگانە ٢٠ فیچەر و ڕاپۆرتی لەسەر بوارە جیاجیاکانی ژیان و ژیاری ناوچەکە ئامادەکردووە. بەکۆی گشتی زیاد لە ١٠٠٠ ڕاپۆرتی ئامادەکردووە. پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی K٢٤ بووە. لە ئێستادا وەک پەیامنێر لە zoom لە هەڵەبجە کاردەکات. چەندین خەڵات و بڕوانامەی ناوخۆیی و دەرەوەی پێدراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

امداد عبداللە محمد

بە(امداد تاوگۆزی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسە لە بواری ڕاگەیاندن. سەرەتای ساڵی ٢٠٠٨ دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کردووە. سەرەتا لە ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی، پاشان ساڵی٢٠١٠ بووتە پەیامنێری سەتەلایتی جەماوەر. لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، هەواڵ و ڕاپۆرت و دیداری تایبەت و فیچەر و بەرنامەی ژینی لادێی، ئامادەکردووە. خێزانی پێکهێناوە سێ منداڵی هەیە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ئەمین حاجی زەڵمی

نوسەر و ڕاگەیاندکارە، ناوی (ئەمین عەبدولکەریم حەمەکەریم)ـە. ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی (زەڵم) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی کۆمپیوتەری پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانە لە سلێمانی. بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری یەکەمین تەلەفزیۆنی هەورامی (ژیوا) بووە. خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەری ڕۆژنامەی (ژیوای)بووە، کە بە هەورامی دەرچووە. خاوەن بیرۆکە و جێبەجێکاری یەکەمین کۆنفڕاسی ڕۆشنبیرانی هەورامانە. خەڵاتی ئاڵتونی بۆ سیاچەمانە و دیداری ژیوای بۆ هەورامییەکان و فیستیڤأڵی گوڵعەنبەر و نەورۆزی هەورامان و نوسینەوەی کتێبی خورماڵە. وەک ئامادەکار و پێشکەشکار و دەرهێنەر ٢٦٠ بەرنامەی دۆکیۆمێنتاری لەسەر هەورامان بۆ تەلەفزیۆنەکان ئامادەکردووە. بەرهەمهێنەری یەکەمین درامای هەورامی بووە بە ناوی (ئەدالێ). جگە لە نوسینەکانی لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا، خاوەنی دوو کتێبی چاپکراوی (هەورامان ناسنامەی کلتوری گوندەکانی و هەنسکە و هەنگی)یە. پێنج ساڵە ئەدمینی ماڵپەڕی هەورامان نیوز و وتەبێژی کەمپینی بە قەزاکردنی خورماڵە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە شارۆچکەی خورماڵ نیشتەجێیە.

ئەنوەر عەرەب عوسمان

ساڵی ١٩٨١ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (هانەیدن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە)یە. بەشی کوردی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. ماوەی ١٥ ساڵە لە بواری ڕۆژنامەوانیدا کاردەکات و لە ماوەی جیاوازدا: وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، ئەندامی دەستەی نوسەران و ڕیپۆرتەر لە گۆڤاری لڤین، لە ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی، گۆڤاری ئەهلی شەقام، پەیامنێر لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی، ئامادەکاری بەرنامە و هەواڵساز لە ڕادوێی دەنگی نوێ، لە ڕادوێی سپێدە ئێف ئێم، هەواڵساز لە کەناڵی ئێن ئار تی، کاریکردووه.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ئەیوب عەنەبی

ڕاگەیاندنکار و شاعیرە. ناوی (ئەیوب محەممەد حەمەڕەشید حەمەئەمین)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (عەنەب) لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا هەیە. ساڵی ٢٠٠١ دیوانێکی شیعریی بەناونیشانی (چرای ئاو) لەچاپداوە. هەروەها کتێبە شیعرییەکانی (دوو عەسری دزراو و مەغریبی بەختەوەری، سحوری بەرەکەت، دڵنامە، سی سزا) چاپکردووە. لە بۆنە و ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکاندا شیعری هەبووە. وەک پێشکەشکاری ڕادوێش کاریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

1 2
...
60 دواتر