جەلالەدین نەجمەدین تەها
خۆشنوس، شاعیر و ڕۆژنامەوان و پارێزەرە. بە (شێخ زادە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە. دبلۆمی لە ئەندازیاریی ڕوپێوی و بەکالۆریۆسی لە یاسا و ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە. بەهۆی بەخشینی کوڕاسە خەتیەکەی مامۆستا هاشم بەغدادی لەلایەن مامۆستا سەرکۆ عەزیز ئەمینەوە، ئاشنای خۆشنوسی بووە. ساڵی ١٩٨٤ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، فەرمانگەی هونەرەکانی شێوەکاری، لقی خەتی عەرەبی، مۆڵەتی خۆشنوسی پێدراوە و کۆمەڵەی خۆشنوسانی عێراقی پشتگیرییان کردووە. وەک خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەر و جێگری سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسین و ئەندامی دەستەی نوسەران و نوسەر و وەرگێڕ و دامەزرێنەر لە چەند ناوهندێکی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی کاریکردووە. سەرپەرشتیاری دووەمین فیستیڤاڵی هەڵەبجەی شەهید بووە. بەرپرسی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی کوردستان و سەرپەرشتیاری تیپی هونەریی پەیام و دەستەی دامەزرێنەری یانەی وەرزشی پەیام و ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەکە بووە. ساڵی ١٩٨٦ پێشانگای تایبەتی خەت و زەخرەفەی خۆی لە بەغداد کردووەتەوە. دیزاین و نوسینی بۆ دەیان بەرگی کتێب و نامیلکە و گۆڤار نوسیوە. ساڵی ١٩٨٦ بەشداری یەکەمین پێشبڕکێی خۆشنوسی نێودەوڵەتیی ئەستەنبوڵی کردووە. ساڵی ١٩٩٨ یەکەمین فیستیڤاڵی خۆشنوسی هەولێری کردووە. دیوانی شیعری (شنەی سۆز) و (ڕۆژمێری زانستی بۆ سەد ساڵ) چاپ کردووە. گەلێک فەرمودە و ئایەت و تابلۆی سەر دووکانی لە هەڵەبجەدا نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. لە شاری هەولێر دەژی.
دیاری نەزهەت عەلی
نیگارکێش و خۆشنوسە. بە (مەلا دیاری) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە تەویڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ دوکانی نیگارکێشی و خەتخۆشی لە هەڵەبجە داناوە. گەلێک تابلۆی بۆ شوێنە گشتی و تایبەتەکان لە دووکان و بازاڕەکانی هەڵەبجە و زۆربەی نوسینی سەرکێلی قەبرەکانی نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە شارەدێی تەوێڵە دەژی.
ساڵح ئەمين عەزيز
ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پاش تەواوکردنی کۆلێژى ئاداب لە زانکۆى بەغداد، وەک مامۆستا دامەزراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە کارەساتى کيميابارانى هەڵەبجەدا برینداربووە. ساڵی ١٩٩٥ چووەتە وڵاتى ئەردەن و وەک وانەبێژ دەستبەکاربووە و دواتریش لە وڵاتانی تونس و لیبیا مامۆستایەتی کردووە. لە وڵاتى ليبيا بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. چەند کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (مێژووى سەرەتاى ئيسلام و ڕاشيدين و ئەمەوى و عەباسى، هەرێمە فيدراڵيیەکانى خەلافەتى عەباسى، جوان به دەستنوسين و خۆشنوسە ناودارەکان، هونەرى نەخشاندن). کتێبى (پوختەى مێژووى کۆن)ى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی چەندین توێژينەوە. (کوڕاسەى خۆشنوسى و ڕاڤەکردنى بەدرێژى) داناوه. چەندین پێشانگاى خۆشنوسى لە بەغداد و وڵاتەکانى: کوێت، ليبيا، تونس، تورکيا و ئێران کردووەتەوە. لە ماوەی جیاوازدا ئەم پۆستانەی بینیوە: سەرۆکى بەشى زمانى ئينگليزى لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتیى زانکۆی هەڵەبجه، ڕاگرى فاکەڵتى زانستەمرۆڤايەتيەکان، ياريدەدەرى سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بۆ کاروبارى کارگێڕى. ساڵى ٢٠١٦ نازناوى پرۆفيسۆرى ياريدەدەرى وەرگرتووە و لەئێستادا مامۆستايە لە زانکۆى هەڵەبجە لە بەشى مێژوو.
سامان عبدالخالق قادر
بە سامان هەورامی ناسراوە.ساڵی ١٩٧٢ لە تەوێڵە لە دایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی بە دەستهێناوە. بەشداری ٢٥ پێشانگای خۆشنوسی لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمدا کردووە. لەوانە لە وڵاتی عێراق و تورکیا و ئیمارات و سوریا و میسر و ئیران، کە سێ جار خەڵاتی دووەم و حەوت جار خەڵاتی سێیەمی وەرگرتووە و پێنج جاریش خەڵاتی یەکەمی بۆ خەتی سولی و نەستەعلیق وەرگرتووە. لەوانە خاچی سووری نێودەوڵەتی ٢٠٠١، ساڵی ٢٠١٠ی عێراق، ٢٠١٦ی تورکیا، ٢٠٢٢ی میسر. نۆ جار خەڵاتی پاداشتی خەتی بردووە. ئەندامی کۆمەڵەی خۆشنوسانی کوردستان و عێراق و جیهانە. خێزانی پێکنەهێناوە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
شۆڕش جاف
خۆشنوس و شێوەکارە. ناوی (کەریم حەمەڕەحیم حەمەشەفیق)ـە و بە (شۆڕش جاف) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکان لە شاری هەڵەبجەدا دووکانی ڕەسم و خەتی هەبووە. وێنە و تابلۆی بازاڕ و دوکانەکانی کێشاوە، لەوانە بازاڕی شنروێ. ساڵی ١٩٩٣ چووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و بەشداری خۆپیشاندان و چالاکییەکانی کردووە و چەند پێشانگایەکی کردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٧ لە کوردستان بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.
شێخ حەیدەری کوڕی شێخ عەلی
زانا و زاهد و خۆشنوس بووە. کوڕی شێخ عەلی تەوێڵەیە. لە تەوێڵە لەدایکبووە. مێژووی لە دایکبوونی گومانی لەسەرە. لە خەلیفەکانی شێخ عوسمان و شێخ بەهادیینە. زۆربەی سەنەد و ئیجازەنامەکانی سەردمی خۆی بەخەتی ئەم نوسراوە. کتێبی (الفضیلە)ی مەولەوی و چەند کتێبێکی تری نوسیوەتەوە. دوای کۆچیدوایی شێخ بەهادیینی تەوێڵە، دێتە بیارە. لە خزمەت شێخ عومەر و شێخ نەجمەدیندا دەبێت. تا لە سەردەمی شێخ عەلادییندا لە ساڵی ١٩٣٤ کۆچیدواییکردووە و لە ملەگای چنار لە بیارە بەخاکدەسپێرراوە.