کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

122 بابەت

ئازاد حەمدی

نوسەر، وەرگێڕ، ئامادەکار، شاعیر و پەروەردەکارە‌. ناوی (ئازاد حەمدی قادر ئەفەندی گەورە)یە. ساڵی ١٩٣٩ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٦٠ بووە بە مامۆستا. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. دامەزرێنەر‌ی (یەکێتیی لاوانی کوردستان) و ساڵی ١٩٧٢ سکرتێری لقی سلێمانی ڕیکخراوەکە بووە. کاری ڕامیاریکردووە و بەو ھۆیەوە ماوەیەک دەستگیرکراوە. دوای ئازادکردنی، ڕاژەکەیان گواستووەتەوە بۆ پڕۆژەی بەنداوی (سەرسار) لە (فەلوجە). ساڵی ١٩٨١ خانەنشین بووە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بووەتەوە بە مامۆستا. کتێبی (کاروانی شەهیدان)ـی تایبەت بە تێکۆشەرانی حزبی شیوعی و (ھەڵەبجە و کەسایەتییەکانی "بە دوو بەرگ") و (هاوار بیرەوەری مامۆستایەک)، چاپ و بڵاو کردووەتەوه،‌ کە تێیدا‌ ئاوڕی لە مێژووی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی، وێنە و زانیاری تایبەت بە هەڵەبجە داوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٠ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

پ.د. ئازاد عەبدولقادر

نوسەر و توێژەرە. ئازاد عەبدولقادر حاجی محەمەد سۆفی حەمەئەمین عەبابەیلێییە، ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه.‌ ساڵی ١٩٧٦ چووەتە بەر خوێندن. لەکاتی کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجەدا قوتابی شەشی ئامادەیی بووە. ساڵی ١٩٩٤ بەشی ئەندازیاری شارستانی زانکۆی بەغدادی تەواوکردووە،‌ ساڵی ١٩٩٧ بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە و ساڵی ١٩٩٨ لە زانکۆی تەکنەلۆجیی بەغدا دەستی بە خوێندنی دکتۆرا کردووە و دکتۆرای وەرگرتوە. ساڵی ٢٠٠٩ خزمەتی زانکۆیی بۆ زانکۆی سلێمانی گواستووەتەوە. خاوەنی زیاتر لە ٨٥ توێژینەوەی زانستییە‌ و یەکێکە لە باشترین ٢% توێژەرانی جیهان بەپێی هەڵسەنگاندنی زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی. خێزاندارە و خاوەنی کوڕ و کچێکە. بە نوسینی کتێبی (قەڵاجۆ، ڕووداوەکانی چەند مانگێکی پاش کیمیاییبارانی هەڵەبجە) دەبێتە یەکەمین کەسێک نەک هەر لە هەڵەبجە، بەڵکو لە تەواوی کوردستان، کە یاداشتەکانی لەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە نوسیوەتەوە و ڕۆژانە ڕووداوەکانی تۆمارکردووە، دوای گەڕانەوە لە ژیانی ئاوارەیی و لە ئۆردوگای گردەچاڵ، ڕۆژژمێرە ڕۆژانەکەی خستووەتە سەر شێوەی نوسینی کتێبێک و ساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن (ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە)وە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئاسۆ بیارەیی

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (ئاسۆ ڕەشید ئەبوبەکر)ە. ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٩٠ پێشمەرگە بووە. خوێندنی باڵای لە کۆلێژی سۆسیال سایکۆلۆژی لە وڵاتی سوید تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە‌. ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٠ سەرنوسەری گۆڤاری (هەورامان) بووە، کە بە هەورامی دەرچووە. نزیکەی دە کتێبی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە (ژنان و دۆزەخی ئەنفال ماستەرنامە، بووکەکەی هەورامان، هەگبەیەکی کۆساران تایبەتە بەهەورامان، کاریگەری ئەنفال لەسەر ژنان و کچانی کورد، یاداشتەکانی خامەی پێشمەرگەیەک، ئاوارەکانی بناری چیای ئەودیو، هەسارەکانی یادەوەریم). ئێستا لە وڵاتی سوید دەژی.

ئاسۆ مەحموود ڕەزا

ئەکادیمی و ڕاهێنەر و مامۆستای بواری چارەسەری و پزیشکی وەرزشییە. ناوی (ئاسۆ مەحموود ڕەزا بەکر)ە. ساڵی ١٩٧٤ هەڵەبجە لەدایکبووە. لە بوارەکانی (تەندروستی و ڕاهێنان، ڕاهێنان و چارەسەری، چالاکی ڕۆحی و جەستیی و دەروونی، پزیشکی وەرزشی و تەکنیکەکانی جەستە و پەروەردەی جەستەیی) پسپۆڕی هەیە و بڕوانامەی دکتۆرای هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە. ١٦ کتێبی بە چاپ گەیاندووە. لەوانە (یۆگای هاوچەرخ، نهێنیەکانی ئارامبوونەوە، فسیۆلۆژیای چالاکی جەستەیی، پزیشکی وەرزشی، ڕاهێنانی چارەسەری شێرپەنجە، پەروەردەی جەستەیی و فسیۆلۆجیای ڕاهێنانی جوانی جەستە).

ئاکۆ شاوەیس هاواری

ناوی(ئاکۆ شاوەیس مەجید)ە. ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٩٤ لە زانکۆی سەڵاحەدین کۆلێژی زانست بەشی کمییای تەواوکردووە. سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و چالاکوانێکی یارسانییە، هەندێک بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، خاوەنی دوو کتێبی چاپکراوە بە ناونیشانەکانی: (هاوار خاکی پیرۆزی یارسان) و (پیر شالیارەکانی هەورامان).

ئامینە سدیق

ناوی (ئامینه سدیق عەبدولعەزیز)ە. ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و کۆلێژی شەریعەی لە بەغدا تەواوکردووه. ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٩ سەرنوسەری گۆڤاری (پەیامی خوشکان) بووە. ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٩ لێپرسراوی (ڕێکخراوی ئافرەتانی موسڵمانی کورد) بووه. لە ئێستادا مامۆستایه و وەک لێپرسراوی ڕێکخراوی (عادیلە خانم بۆ توێژینەوە و گەشەپیدان) کاردەکات. خاوەنی دە کتێبە، لەوانە (پێنج جزمی تەفسیری قورئانی پیرۆز، بەڵێ قورئان پارێزراوه، دوورگەی بیناسازان).

ئەحمەد کاکە مەحموود

نوسەر، سیاسییە. ناوی (ئەحمەد کاکە مەحموود عەلی)یە. ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی (یاڵامپێ)ی هەورامان لەدایکبووە، لە حوجرە خوێندویەتی و و ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٧١ پەیمانگای ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووه و لە چەند مزگەوتێک‌ پێشنوێژیی و وتارخوێنی کردووە. لە دامەزرێنەرانی (بزووتنەوەی ئیسلامی) بووه. ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی‌ ئیسلامی و بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی بووه. خاوەنی زیاتر لە دە کتێبە، لەوانە (تەفسیری ڕامان لە مانا و مەبەستی قورئان، سەربەستی لە ئیسلامدا، مافی ئافرەت لە ئیسلامدا، وتەی زاناکان و باوەڕ بە خوا). ساڵی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە.

ئەحمەد نەزیری

ناوی (ئەحمەد کوڕی مەلا عەلی کوڕی عەبدوڵای کوڕی عەبدولمەتینی کوڕی مەلانەزیری گەورەی تەوێڵە)یە. ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (دەگاگا) لەدایکبووە. دوای شۆڕشی ١٩٥٨ چوونەتە مەریوان. لای باوکی خوێندنی ئاینی دەستپێکردووە. لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا باوکی کۆچیدواییکردووە. لە ڕێخەڵان و مازی بن و ژریژە مەلایەتی کردووە. لە پاڵ کاری مەلایەتیدا، کاری دارتاشی و شووشەبڕی و ڕەنگکاری کردووە. لەگەڵ ڕێکخراوی بەرەنگاریی نەخوێندەواریدا، تاقیکردنەوەی کردووە و بووەتە مامۆستا. توانیویەتی قورئانە دەستنوسەکەی مەلانەزیری گەورە بپارێزێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ مزگەوتی مەلا نەزیری تەوێڵە. گەلێک بەرهەمی لە بواری ئەدەبیات و میژوو، فەرهەنگ و زماندا کۆکردووەتەوە و چەندین بەرهەمیشی نوسیوە. لەوانە (زایەڵەی زرێبار، دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی، هەورامانناسی هەشت بەرگ، بەرهەمی موحریق، گەنجینەی وشەی کوردی، دیوانی فەریقی، قسەخۆشە کوردییەکان، کایە کوردیەکان، مێژووی سانەکان). ساڵی ٢٠١٩ لە شاری سنە کۆچیدواییکردووە.

ئەرسەلان سەیدزادە

ناوی (ئەرسەلان عەبدوڵا ڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی دهۆک و ماستەری لە لوبنان و دکتۆرای لە زانکۆی سلێمانی بە دەستهێناوە. بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کەناڵی پەروەردە بەرنامەی دەروازەیەک بۆ پەروەردە و دوو ساڵ لە NRT٤ بەرنامەی ئاکارسازی و دەیان بەرنامەی تری هۆشیاری پەروەردەیی لە تیڤیەکان پێشکەشکردووە. خاوەنی پێنج کتێبی چاپکراوە، لەوانە: گەشەپێدانی مرۆیی، فەلسەفە و هونەر لە پەیوەندیی نێوان جوانی و هونەردا، ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیر، زیرەکی دەسکرد و شۆڕشی تەکنەلۆژی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا سەرپەرشتیاری سەنتەری ڕوناکبیریی جافە.

ئەکرەم فەرەیدوون حەمە ئەمین

نوسەر و ئەکادیمی و ڕاگەیاندکارە. ساڵی ١٩٧٦ لە بەڵخەی هەورامان لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە هەڵەبجە و ناوەندی لە سلێمانی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکرووە. بەشی ڕأگەیاندنی لە کۆلێژی زانستە مۆرڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەری لە بواری ڕاگەیاندندا، لە زانکۆی جیهانی وڵاتی لوبنان لە ساڵی ٢٠١٢دا بەدەستهێناوە. بڕوانامەی دکتۆرای لە بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین لە ساڵی ٢٠١٨ بە دەستهێناوە. ١٤ توێژینەوەی تایبەت بەڕاگەیاندن لە ناوە و دەرەوەی کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە. لەکتێبەکانی: الاخراج الصحفی، نەخشەسازی و دەرهێنانی ڕۆژنامە، چوار بەرگ لە بیبلۆگرافیای ڕاگەیاندن. بە گرێبەست و هەمیشەیی کاری بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە. ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و ڕۆژنامەنوسانی جیهانی و نوسەرانی بێسنورە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە، ئـێستا لە هەولێر دەژی.

ئەکرەم عەنەبی

ناوی (ئەکرەم حەمەساڵح دەروێش عەلی)یە، بە(ئەکرەم عەنەبی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (عەنەب)ی نزیک شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی کوردیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدینی تەواوکردووه، هەر لە هەمان زانکۆ، ماستەری تەواوکردووە و ماوەیەک لە زانکۆی سۆران وانەی وتووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. چەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە، لەوانە(مەشھەدە حەزینەکان و دواکەڤاڵ، ئیلاھی نامە، لە هەڵەبجه ‌بووم). زیاتر لە ٣٠٠ چیرۆک و ھۆنراوە و وتاری لە بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و زمان و فیکریی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە. ساڵی ٢٠٠٧ له ‌کاتی سەردانکردنەوەی خێزانیی بۆ هەڵەبجه، کە خوێندکاری دکتۆرا بووه،‌ بە ڕووداوی هاتوچۆ ‌کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (بامۆک) لە ھەڵەبجە بەخاکسپێرراون. دوای خۆیشی بە سێ بەرگ (مەحرەمی ڕاز) لێکدانەوەی غەزەلەکانی (حافزی شیرازی) چاپکراوە.

ئەیوب کوێخا ڕۆستەم

نوسەر، لێکۆڵەر، ڕاگەیاندکار، مێژووناسە. ناوی (ئەیوب کوێخا ڕۆستەم کەریم)ـە. ساڵی ١٩٥٤ لە(تەوێڵە) لەدایکبووە. لە(تەوێڵە، سلێمانی و بەغداد) خوێندوویەتی. پەیمانگای ڕاھێنان و ڕێنمایی کشتوکاڵی تەواوکردووە. لە تەمەنی لاوێتییەوە لە بواری شانۆدا کاریکردووه.‌ چەندین دەقی شانۆیی نوسیوە و وەک دەرهێنەر و ئەکتەر ڕۆڵیگێڕاوە. لە بواری (مێژوویی، ئاینی، ئەدەبی)دا لێکۆڵینەوە و نوسینی هەیە و نزیکەی ٣٠ کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە‌. زیاتر لە چارەکەسەدەیەک لە ڕاگەیاندندا کاریکردووە. سەرپەرشتیی دەیان دیدار، فیستیڤاڵ، کۆنفڕانسی ڕۆشنبیری و کلتوریی و زمانەوانی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا لێپرسراوی (مەڵبەندی ڕۆشنبیریی ھەورامان) و سەرنوسەری گۆڤاری (ھەورامان)ـە. لە نمونەی کتێبە چاپکراوەکانی: (یارسان، هەورامان لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی، هەگبە و هەوارگە، گەوهەری ژمارەیەک لە تێکست و دەستنوسەکان، گۆران، ئازگار، هونەری ژیان لە هەوراماندا، یادەوەری و ڕازەکانی ژیانم "سێ بەرگ").

ئەیوب عەلی عەبدوڵا

نوسەر و وتاربێژە‌. ساڵی ١٩٧١ لە گوندى (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. پەیمانگای کوردستان بۆ ئامادەکردنی ئیمام و بانگخوازانی خوێندووە بروانامەی و دکتۆراى لەوڵاتى سودان بەدەستهێناوە. لە چەندین مزگەوت پێشنوێژ و وتاربێژ بووە. خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبێکی چاپکراوی نوسین و وەرگیڕانە، لەوانە (جەنگ تا شایەتوماش ئەفسانەی قڕکردنی (بنوقریڤە) لەمێژوودا، دایکی بڕواداران عائیشە بووکێکی شەش ساڵان، تۆمەتێکی قورس و بەرگرییەکی پێویست، هەڵبژاردن لە تەرازووی شەریعەتدا، ئیسلام و جەنگی هەژاری).

ئوسامە ئەشرەف محەممەد عەزیز

ساڵی ١٩٩٠ لە شاری سەقز لەدایکبووە. بنەماڵەکەیان خەڵکی گوندی پریسی سەروون. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانکۆی کۆیە بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە وەک مامۆستا لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی هەڵەبجە وانە دەڵێتەوە. خاوەنی چوار بەرهەمی وەرگێڕراوە لە زمانی عەرەبیەوە بۆ کوردی: (دەروازەیەک بۆ زانستی جوگرافیای سروشتی، جوگرافیای سروشتی "بنچینە و چەمکە نوێیەکان"، جیۆمۆرفۆلۆجیای کرداری "بەهاوبەشی لەگەڵ مامۆستا هێمن کەمال"، سەرپەڕی کەش و ئاووهەوا). لە ئێستادا خوێندکاری دکتۆرایە لە بەشی جوگرافیی زانکۆی کۆیە.

ئیبراهیم جاف

ئەکادیمی، نوسەر مامۆستای ئاینییە. ناوی (ئیبراهیم ئەمین عەزیز جاف)ـە. ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی (پریس)ی خۆرئاوای هەڵەبجە لەدایکبووه. لە بەغداد خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆراشی بەدەستهێناوه و هەر لەوێ بە پێشنوێژ و وتارخوێن دامەزراوە. لە سەرەتای حەفتاکانەوە چووەتە ناو کۆمەڵی (برایانی موسڵمان) و چەند جارێک دەستگیرکراوه. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ چووەتە وڵاتی ئیمارات و لە زانکۆکانی ئەوێ وانەی وتووەتەوە. سەرپەرشتیاری چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرای کردووە، ئەندامی یەکێتیی مێژوونوسانی عێراق، یەکێتیی زانایانی جیهانی ئیسلامی، ژووری بازرگانی عێراق و سەرپەرشتیاری دەزگای خانەی بەیانی ڕۆشنبیری بووە. لە ئامادەکارانی ئینسایکلۆپیدیای وڵاتانی عەرەبییە. بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی خاوەنی چواردە کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (مناهج المحدثين في نقد الروايات التاريخية للقرون الهجرية الأولى، ملخص کتابي الفتاوى الکبرى لابن تيمية و أحکام النساء لابن الجوزي، حوکمەکانی حەوتم لە شەرعدا).

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

لێکۆڵەر و نوسەرە. ناوی (ئیبراهیم عەبدولکەریم حەمەکەریم)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە (زەڵم - خورماڵ) لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٥ لە زانکۆی سلێمانی بەشی کۆمەڵناسی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠١٥ لە وڵاتی ميسر بڕوانامەی ماجستێری وەرگرتووە. چەند ساڵێک لە زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە وانەبێژ بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. ئەندام و دەستەی دامەزرێنەری (سەنتەری هەورامان - ڕێکخراوی سۆڵیدارێتی خوێندکاران، گروپی ژیوا، دۆستانی هەڵەبجە، هامێت بۆ منداڵانی ناکام و ئۆتیزم). بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری‌ (هەورامان، سۆسیۆلۆژیا) و سەرنوسەری ڕۆژنامەکانی (هەورامان، هانا، ژیوا) بووە. خاوەنی يازدە کتێبى چاپکراوە، لەوانە (خورماڵ، لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆئەنسرۆپۆلۆژی، جێناوی لکاو پاشگری "وە" لە شێوەزاری هەورامیدا، دێوەچەرمە و دێوە سیاوە، چیرۆکی ئەفسانەیی، دەسەبژێر و حەکایەتی کوردەواری لەسەردەمی مۆدیرنەدا، اثر العوامل البيئية والاجتماعية في الاصابة بالاورام)

ئیبراهیم مەیکە

ناوی تەواوی (ئیبراهیم مەیکە عەلی)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (گوڵپ)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە شەرعییەکان لە زانکۆی موسڵ بەدەستهێناوە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی هەشت منداڵە. نزیکەی بیست کتێبی نوسین و وەرگێڕانی هەیە، لەوانە (گوندی گوڵپ ناساندن و سەرەداوێکی مێژووی، ئەلەپەشە ناوێک لە مێژوودا، مەولە، گێجاوی ژیان، مژارێک لە تەمەن، نوێکردووەنەى بیرى ئیسلامى، جاڕنامەیى ئیسلامى بۆ مافەکانى مرۆڤ...). لە ژیاندا ماوە و لە شارە هەڵەبجە نیشتەجێیە و پیشەی مامۆستایە.

ئیسماعیل هەنارەیی

نوسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی (ئیسماعیل حسێن نەجمە)یە. ساڵی ١٩٨١ لە گوندی هەنارەی ناوچەی جەبارە لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە ڕاگەیاندن و بەکالۆریۆسی لە یاسادا هەیە. سەرۆکی ڕێکخراوی (سەڵباتوو)یە بۆ داکۆکیکردن لە مافی کەسوکاری ئەنفالکراوان. سەرنوسەری گۆڤاری سەڵباتوو، ساڵنامەی هیوای تایبەت بە پرسی ئەنفالە. چەندین نوسین و وتاری لە عەرەبیەوە وەرگێڕاوە و لە ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاوی کردوونەتەوە. لە نموونەی کتێبە چاپکراوەکانی (ونبووەکانی هەڵەبجە، تاقانەکانی جینۆسایدی ئەنفال، ئەنفال دوای چارەکە سەدەیەک، ڕوناکییەکانی نێو شەوەزەنگ، ئەو منداڵانەی لە زیندانی ئەنفال لە دایکبوون)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. پیشەی پارێزەرە.

ئیکرام کەریم حەمەئەمین

نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی بەکراوای باشوری هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژی شەریعەی لە بەغداد تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ خاوەنی چوار منداڵە. لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی (ڕاپەڕینی ئیسلامی، یەکێتی ڕۆشنبیرانی موسڵمانی کورد، پرۆژەی ڕۆشنبیری تیشک، ئینستتیوتی بانگخوازان)ـە. ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی، بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی بووە. زیاتر له ٣٠ کتێبی نوسین و وەرگێڕانی هەیە‌، لەوانە (مێژوومان بوختانی بەدەمەوە دەکرێت، ئاش لە خەیاڵی و ئاشەوان لە خەیاڵێ و مێژووی بەرەیەکی گەنج).

بەهجەت ڕەحمان محەممەد

ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (بەڵخە) لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨٢ خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٣ وەک مامۆستا دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامه و له ‌بواری پەروەردەی تایبەتدا چالاکە‌. چوار کتێبی چاپکراوی هەیە لەوانە (ڕێبەری مامۆستای پەروەردەی تایبەت، بنەماکانی پەروەردەی تایبەت، بەڵخە ئەستێرە درەوشاوەکەی هەورامان) زیاتر لە ١٠٠ کۆڕ و سیمنیاری تایبەت بە پەروەردەی تایبەتی پێشکەشکردووە، ئەندامی ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجەیە، زیاتر ٢٠ خەڵات و ڕێزلێنانی ‌پێبەخشراوە. لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێیە.

1 2
...
7 دواتر