دەروێش عەبدوڵا
شوێن و ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدوایی نەزانراوە. لە سی و چلەکانی سەدەی بیستەمدا چووەتە (بیارە). کەسێکی لاوازی باڵاکورت بووە، سمێڵێکی درێژی هەبووە و جامانەکەی لەسەر برۆی داناوه، دەستکورت و ھەژار بووە. بەرھەمی تۆمارکراوی لەبەردەستدا نییە. زۆرتر لە ڕێی ھۆنراوەیەکی (گۆران)ی شاعیرەوە بە ناوی (دەروێش عەبدوڵا)وە ناسراوە. ھۆنراوەی زۆرێک لە شاعیرانی وەک (حافز، سەعدی، خیام، مەولەوی و باباتاھیر)ی لەبەربووە. دەگێڕێنەوە، کە: سەردانی تورکیا، ئێران، ھندستان و ماوەیەکیش ڕووی لە ناوچەی قەرەداغ کردووە و دووکانی عەتاری داناوە. لەوێ، دڵی چووەتە سەر (فاتم) ناوێک، بەڵام بەیەک نەگەیشتوون. کە گەڕاوەتەوە بۆ بیارە، (ئایشەی کچی حسێن بەگ)ی بێوەژنی خواستووە و دوو کچی بووه. دەوترێت لە ژێر یەکێک لە ژوورەکانی خانەقای بیارەدا ژیاوە.
عەبدولمەجید مستەفا
ناوی (عەبدولمەجید مستەفا عەلی حەمەشەریف)ـە. ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی (بۆین) لەدایکبووە. وەک پۆلیس دامەزراوە و چووەتە بەغداد و تا ساڵی ١٩٦٣ خانەنشین بووه، ئەو کارەیکردووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. بۆ شایی و ئاهەنگی زەماوەند لە گوندەکاندا بانگهێشتکراوە و شمشاڵی لێداوە. کاسێتی شمشاڵی تۆمارکراوی هەیە. ساڵی ١٩٩٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی سەروو بەخاکسپێرراوە.
هەیاس و ناوخاس
دوو شمشاڵژەنی بەناوبانگی کاکەیین. لە هەردوو گوندی (هاوار) و (دەرەتفێ) ژیاون. خاوەنی ئاوازی تایبەتی خۆیان بوون. خۆیان و لوولک و شمشاڵەکانیان دروستکردووە. ناوخاس دەرەتوێیی لە داری کێکف، شمشاڵێکی مەحکەمی دروستکردووە. ئاوازێکی ژەندووە تایبەت بە دوو دڵدار، کە نەیانهێشتووە پێکەوە قسەبکەن و بەو ئاوازە گفتوگۆیان کردووە. ئاوازی چەمەری و ڕەسمی مردووناشتنیان لێداوە. مامۆستای چەندین شمشاڵژەن بوون، لەوانە: مراخان شاکەرەم، نەورۆز، عەبدولکەریم هەوارەکۆنی، محەممەد، مینەی لوولەکژەن...