بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بە سامان هەورامی ناسراوە.ساڵی ١٩٧٢ لە تەوێڵە لە دایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی بە دەستهێناوە. بەشداری ٢٥ پێشانگای خۆشنوسی لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمدا کردووە. لەوانە لە وڵاتی عێراق و تورکیا و ئیمارات و سوریا و میسر و ئیران، کە سێ جار خەڵاتی دووەم و حەوت جار خەڵاتی سێیەمی وەرگرتووە و پێنج جاریش خەڵاتی یەکەمی بۆ خەتی سولی و نەستەعلیق وەرگرتووە. لەوانە خاچی سووری نێودەوڵەتی ٢٠٠١، ساڵی ٢٠١٠ی عێراق، ٢٠١٦ی تورکیا، ٢٠٢٢ی میسر. نۆ جار خەڵاتی پاداشتی خەتی بردووە. ئەندامی کۆمەڵەی خۆشنوسانی کوردستان و عێراق و جیهانە. خێزانی پێکنەهێناوە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
خۆشنوس و شێوەکارە. ناوی (کەریم حەمەڕەحیم حەمەشەفیق)ـە و بە (شۆڕش جاف) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکان لە شاری هەڵەبجەدا دووکانی ڕەسم و خەتی هەبووە. وێنە و تابلۆی بازاڕ و دوکانەکانی کێشاوە، لەوانە بازاڕی شنروێ. ساڵی ١٩٩٣ چووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و بەشداری خۆپیشاندان و چالاکییەکانی کردووە و چەند پێشانگایەکی کردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٧ لە کوردستان بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.
زانا و زاهد و خۆشنوس بووە. کوڕی شێخ عەلی تەوێڵەیە. لە تەوێڵە لەدایکبووە. مێژووی لە دایکبوونی گومانی لەسەرە. لە خەلیفەکانی شێخ عوسمان و شێخ بەهادیینە. زۆربەی سەنەد و ئیجازەنامەکانی سەردمی خۆی بەخەتی ئەم نوسراوە. کتێبی (الفضیلە)ی مەولەوی و چەند کتێبێکی تری نوسیوەتەوە. دوای کۆچیدوایی شێخ بەهادیینی تەوێڵە، دێتە بیارە. لە خزمەت شێخ عومەر و شێخ نەجمەدیندا دەبێت. تا لە سەردەمی شێخ عەلادییندا لە ساڵی ١٩٣٤ کۆچیدواییکردووە و لە ملەگای چنار لە بیارە بەخاکدەسپێرراوە.
یەکێک لە نوسەرەوە خەتخۆشەکانی دەستنوسە ئیسلامییەکانە. خەڵکی ئاوایی (چنار)ی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٣١٢ک/١٨٩٤ز دانراوێکی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) نوسیوەتەوە بەناونیشانی (العقد الجوهري). ساڵێک پاش ئەوەش ١٣١٣ک/١٨٩٥ز، دانراوێکی زانستی لۆژیکی بەرزنجی نوسیوەتەوە لە شاری سلێمانی بە ناونیشانی (المغالطات وأجوبتها) بە ئامادەیی مەلا عەبدولڕەحمانی بریفکانی گەورە، کە بە (عەللامە پێنجوێنی) بەناوبانگە. هەروەها لە ٢٣ی ڕەبیعی یەکەمی ١٣١٤ک/١٢ی ئەیلوولی ١٨٩٥، نوسینەوەی (المعفوات)ی مەلا خەلیلی سیعەرتی کوردی کۆتاییپێهێناوە، ئەمەش ئاماژەیە کە (عەبدولسەمیع چناری) لە ماوەی سێ ساڵدا لە بیارەوە چووەتە سلێمانی و پاشان ناوچەی خۆشناوەتی، وا دیاریشە لەبەر خەتخۆشی یەکێک بووە لە نوسەرەوەکانی بەرهەمە شەرعزانییەکان.
خۆشنوس و نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی و زانستە ئیسلامیەکانی کۆلێژی شەریعەی زانکۆی بەغداد بەدەستدەهێناوە، لە چەند قوتابخانەیەکی شاری هەڵەبجە مامۆستایەتی کردووە. یەکێکە لە خۆشنوسە دیارەکان و شارەزای جۆرە جیاوازەکانی خۆشنوسییە، ساڵی ١٩٨٧ لە(جمعیة الخطاطي العراقية) مۆڵەتی خەتی عەرەبی وەرگرتوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە ئەندامی خۆشنوسانی کوردستانە. ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی ڕۆشنبیرانی موسوڵمانی کورد و دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ڕابەر بووە. ژمارەیەکی زۆر بابەتی جیاوازی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە، زیاتر لە دە کتێبی لە بواری نوسین و وەرگێڕاندا بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: هونەری هاوڕێگرتن، چل چیرۆک پێغەمبەری خوا بۆمان دەگێڕێتەوە، لەگەڵ سەدان پەند و ئامۆژگاریەکانیان و بە دراماکردنی چیرۆکەکان.
خۆشنوس و شێوەکارە. ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە پێنج پێشانگای هاوبەشی شێوەکاری و چەندین پێشانگای پۆستەر و مامۆستایاندا بەشداریکردووە، لەوانە: ڕەنگ لە تارمایدا، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، پۆستەری مامۆستایانی ٢٠٠٤. وەک ئەکتەر و کاری دیکۆر و پۆستەر لە چەند شانۆیەکدا بەشداربووە، لەوانە: کۆچی هەتاهەتایی، مانگرتن، ولیەم تیل، ئۆپەرێتی سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە، گەمەی میر و وەزیر، ماڵئاوا ئەی شاعیران. خاوەنی پێنج خەڵاتە لە بوارەکەدا. دوای ڕاپەڕین وەک خۆشنوس دووکانی داناوە و کاری لافیتەنوسی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. پیشەی فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی چالاکیی هونەری هەڵەبجە.
زاناو خەتخۆش و شاعیرە. ناوی(مەحیەدین کوڕی مەلا نەجمەدین کوڕی حاجی مەحیەدینی مەلا نەزیری گەورەیە) نازناوی(محی)یە. بەڵام زۆرتر هەر بە باباحاجی ناسراوە. ساڵی ١٩٠٤ لە تەوێڵە لەدایکبووە. سێ ژنی هێناوە و هەشت کوڕ و دوو کچی بووە. ماوەیەک مەلای مزگەوتی گوندی گریانە و بۆیین بووە. ماوەیەک کاتبی شێخی حیسامەدین بووە. ساڵی ١٩٤١-١٩٤٣ کاتبی شارەوانیی تەوێڵە بووە. گەلێک پەڕاوی بە خەتە خۆشەکەی نوسیوەتەوە. لە پزیشکیدا شارەزا بووە. هەستی نیشتمانپەروەری و کوردایەتی بەهێز بووە. ئەندامی حزبی هیوا و لێپرسراوی ناوچەی هەورامانی حیزبەکە بووە و پەیوەندی بە شێخ مەحموود و شێخ لەتیف و کۆماری کوردستانەوە هەبووە. دەستی لە دروستکردنی چەند مزگەوتێکی ناوچەکەدا هەبووە. لە کۆتایی تەمەنیدا، مامۆستا و مەلای مزگەوتی بابا ئەسکەندەر بووە لە تەوێڵە، کە هەر خۆیشی هاریکارێکی باشی دروستکردنی مزگەوتەکە بووە. ٥ی ٧ی ١٩٦١ لە نەخۆشخانەی سلێمانی کۆچیدواییکردووە و تەرمەکەی دەبرێتەوە بۆ تەوێڵە.
زانا و دانا و خەتخۆشە. حامد کوڕی مەلا حەکیمە. مێژووی لەدایکبوون و مردنی نادیارە. باوکی لە سەردەمی بابانەکاندا هاتووەتە قەڵاچوالان. مەلا حامدیش ماوەیەک لە سلێمانی قازیی بابانەکان بووە. ساڵی ١٨٩٠ دەگەڕێتەوە تەوێڵە. دەبێتە مدرەسی مزگەوتی باساکا. نۆ جار قورئانی نوسیوەتەوە. لە (دارصدام للمخطوطات) ئەو نوسخەیان هەیە، کە ساڵی ١٨٩٦ لە تەوێڵە نوسیویەتییەوە.
مامۆستاو پەروەردەکار و خەتخۆشە. ناوی (سەفائەدین کوڕی شێخ محەممەد کوڕی شێخ محەممەد بەهائەدینی کوڕی شێخ عوسمان سراجەدینی تەوێڵەیى)يە. ساڵی ١٩١٨ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. بە منداڵی قورئانی خوێندووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە تەواوکردووە. ساڵی ١٩٣٩ خانەی مامۆستایانی لە بەغداد تەواوکردووە و هەمان ساڵ بە مامۆستا لە (بیارە) دامەزراوە. بۆ ماوەی ١٨ ساڵ لە (تەوێڵە) بەڕێوەبەربووە. لەبەر بیروباوەڕ و کاری سیاسی چەند جارێک گوازراوەتەوە، دوورخراوەتەوە و زیندانی کراوە. ساڵی ١٩٧٠ خانەنشین بووە. ساڵی ١٩٩٧ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و تەرمەکەی براوەتەوە بۆ تەوێڵە و لە خانەقا بەخاکسپێرراوە.
زاناو مامۆستا و خەتخۆش بووە. ناوی (عەبدوڵا کوڕی مەلا جەلیلی کوڕی مەلا مەحموود بووە. مەلا مەحموودی باپیری یەکێک لە مەنسووبەکانی شێخ عوسمانی سراجەدین بووە. ساڵی ١٨٦٨ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لای باوکی و زاناکانی ئەو سەردەمە خوێندوویەتی. زیاتر دەرسی قورئانی وتووەتەوە. دەوروبەری ساڵی ١٨٩٥ قورئانێکی بە خەتی خۆی نوسیوەتەوە، لای خوالێخۆشبوو مامۆستا مەحیەدینی حاجی سەلیم بوو. ساڵی ١٩٣١ لە تەوێڵە کۆچیدواییکردووە.
ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ساڵانی هەشتاکانی سەردەی ڕابردووەوە دەستی بە کاری خۆشنوسی کردووە. لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران بەشداری پێشانگای کردووە. ساڵی ٢٠١٦ بووە بە سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنوسانی هەڵەبجە. لەنێوان ساڵانی ١٩٩٨ بۆ ٢٠٢٢ زیاتر لە ١٠٠ قوتابی فێری خۆشنوسی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا دوکانی خۆشنوسی هەیە و فەرمانبەریشە لە شاری هەڵەبجە.
نوسەر و خەتخۆشە، ناوی تەواوی هیوا محەمەد حلمییە، ساڵی ١٩٤٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لە کۆتایی شەستەکاندا له گوندی دەرەشیش دادەمەزرێت و دەبێتە مامۆستا. پاشان لە ناحیەی سیروان و دواتر قوتابخانەی سالم لە هەڵەبجە. شارەزاییەکی باشی لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەبوو، شاعیر، خۆشنوس و وێنەکێش بوو، دەستێکی باڵای لە نوسین و وەرگێڕانی چیرۆکە شیعردا هەبووە. گەلێک دێڕە شیعر و تابلۆی نوسیوەتەوە و هانی زۆرێک لە قوتابیانی داوە و لە پێشەنگەکانی جواننوسیندا، لە هاوڕیکانی زیاتر شارەزایی هەبووە لە نوسینی جۆرەکانی خەتدا. لە ١٦/٣/ ١٩٨٨ خۆیی و خێزان و ٣ لە منداڵەکانی شەهیددەبن و ماڵەکەشی تاڵاندەکرێت. تەنیا شادانی کچی ڕزگار دەبێت.
شێوەکار و نوسەرە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی شێوەکاری لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی تاران لە بواری مۆنۆمێنت و هونەری جەنگدا بەدەستهێناوە. چەندین پڕۆژەی هونەری لە جینۆساید و ژینگە و کارەسات و منداڵ و جەنگدا هەیە. بەشداری ٧٥ پێشانگای لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا کردووە، لەوانە: هەڵەبجە، کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، بەغداد، ئێران، ئەڵمانیا. بە نوێنەری هەرێمی کوردستان چەندین پلەو خەلاتی بردووە. بەشداری فیستیڤاڵی ئارت و فەجری کردووە. لە پاشخانی ئەدەبی زارەکی و شیعری نوسراو بۆ هەڵەبجە و ئەنفال و جینۆساید، چەندین وێنەسازی کردووە و فۆڕمی تایبەتی دەرهێناوە. لە ڕێگەی هونەرەوە خزمەتی کەیسی هەڵەبجه و کیمیابارانی کردووە. لە کتێبە چاپکراوەکانی (پەرەسەندنی هونەری شێوکاری لە هەڵەبجە ١٩٣٥-١٩٩٥، سێونما، شوێنەکان دوای کارەسات).
ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی بەدەستهیناوە. لە دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی ٨٨ بووە. سەرپەرشتیاری ڕادوێی دەنگی لاوانە، فۆتۆگرافەری چەندین فلیمی دۆکیۆمێنتارییە، لەوانە: (ماسیەکان چۆن دەمرن). بەشداری و سەرپەرشتی چەندین پێشانگای هاوبەشی شێوەکاری لە یادەکانی هەڵەبجەدا کردووە، لەوانە (شەش شیوەکاری هەڵەبجە لە بەغداد، ساتیک بۆ مەرگی هەڵەبجە، بیست ساڵە و ٢٥ ساڵەی کیمیاباران). لە کردنەوەی فێرگەی میوزیکی شنروێدا هاوکاربووە. لە بوارەکانی هونەر و گەنجان و ژینگە و مافی منداڵاندا خزمەتیکردووە. سەرپەرشتی چەندین فیستیڤاڵی لاوانی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. لەئێستادا بەڕێوەبەری لاوانی هەڵەبجەیە.
ساڵی ١٩٦٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٥ بۆ یەکەمجار بەشداری پێشانگای هاوبەشی کردووە. بە پۆستەر و جێبەجێکاری دیکۆر، بە شداری کاری دیکۆری چەندین شانۆیی و ئۆپەرێتی کردووە، لەوانە: کۆچی هەتا هەتایی، هاوارێکی تاساو، فایلی ٦٧، قوتابخانەی بۆش، ولەیم تیل، سەوزە، ڕێوییە و لەپێستی شێردایە. لە دوای کیمیاباران لە کوردستان و ئێران بەشداری یادکردنەوەکانی کارەساتەکەی کردووە. ساڵی ١٩٨٤ یەکەم پێشانگای بە پۆرترێتی ١١ شاعیر کردووەتەوە. ساڵی ١٩٩٦ وەک فەرمانبەر دامەزراوە. خاوەنی تابلۆی سەمفۆنیای (تراژیدیای هەڵەبجە) و کتێبی (ئاڕاستەی تابلۆی منداڵان)ـە. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە. بەمەبەستی ڕێزلێنانی، پەیکەری بۆ دروستکراوە و لە باخچەی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە دانراوە.
شێوەکار و شانۆکارە. ناوی (ئەمجەده جەمال محەممەد)ە و بە (ئەمجەدی شێخ جەمال) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٦ لە (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. پەیمانگای هونەرەجوانەکانی لە سلێمانی تەواوکردووە. وەک مامۆستا و ڕاهێنەری شێوەکاری ١٧ساڵ لە مەڵبەندی ڕاهێنان و گەشەپێدانی ژنان، سەنتەری لاوان، ماڵی گەنجان، چالاکیی لاوان، ناوەندی دواڕۆژ، خزمەتیکردووە. سەرپەرشتی ١٥ فیستیڤاڵ و ٥ کاری دیواربەند و ٥٠ پێشانگای کردووە. لە دەیان پێشانگای گشتی و تایبەتی لە شارەکانی کوردستان بەشداربووە، لەوانە: شێوەکارانی هەڵەبجە، شێوەکارانی پەروەردەکانی کوردستان، پێشمەرگە هەمیشە سەرکەوتووە، ٤٦ شێوەکاری کوردستان، سێبەری مەرگ، چەپکێک لە هونەرمەندانی شێوەکار، شێوەکارانی کوردستان و عێراق، دیواربەندی دەستێک بۆ جوانی شار، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئاشتی، ساتێک بۆ مەرگی هەڵەبجە، زۆربەی پێشانگاکانی فیستیڤاڵی هەڵەبجە و هەورامان. وەک ئەکتەر لە حەوت شانۆیی و لە سێ فیستیڤاڵی گۆرانی و میوزیک بەشداریکردووە و یەکێکە لە پێنج هەڵبژێراوی دەنگخۆش لە فیستیڤاڵی هاموون ٢٠٠٦. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.
هونەرمەندی شێوەکارە. ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی نیگارکێشای لە کۆلیژی هونەری زانکۆی سلێمانی خوێندووە و ماستەری لە کۆلیژی هونەری زانکۆی تاران بەدەستهێناوە. خاوەنی چەند پێشانگایەکی تایبەتە، لەوانە: (خەزانی گوڵ، باوەشێ لە بەرائەت). بەشداری ٢٥ پێشانگای هاوبەشی کردووە. لەوانە: (شێوەکارانی هەڵەبجە، ٥٨ شێوەکاری ئێرانی و ئەڵمانی، ١٤ شێوەکار لە تاران، هاوبەشی هونەرمەندان لە کفری و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان). دیزاینەری چەندین لۆگۆیە، لەوانە: (یانەی وەرزشی هەڵەبجە، یانەی وەرزشی پەیام، زنار تیڤی، ئاژین تیڤی، تەندروستی هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان، فیستیڤاڵی شانۆی گۆران). چەندین پۆستەری بۆ یادەکانی هەڵەبجە و فیستیڤاڵە ئەدەبییەکان کردووە. سەرپەرشتی چەندین پڕۆژەی هونەری و دیواربەندی لە هەڵەبجە و شارەکانی تری کوردستاندا کردووە. بەشداری پڕۆژەی خۆری ڕەشپۆشی بە هاوبەشی شێوەکارانی عێراق و ئێران و سوریا و تورکیای لە ٢٠٠٥دا کردووە. دەستەی دامەزرێنەری پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە و مامۆستای بەشی شێوەکاری هەمان پەیمانگایە.
ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی وێنەکێشانی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. سەرپەرشتی چەند پڕۆژەیەکی هونەری و پێشانگاکانی شێوەکاری لە دەرەوە و ناوەوەی هەڵەبجەدا کردووە. لە دامەزرێنەرانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان و ناوەندی ڕوناکبیریی هەڵەبجە و بەشی چالاکیی هونەریی پەروەردەی هەڵەبجەیە. کارەکانی سەر بە ڕیالیزمی واقعییە. ئەندامی کارای یەکێتیی هونەرمەندانە. خاوەنی شەش پێشانگای تایبەتیی خۆی و لە زیاتر لە ٥٠ پێشانگا و پڕۆژەی هونەری هاوبەشدا بەشداریکردووە. چەند بابەتێکی لەسەر شێوەکاری بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
شێوەکارە، ناوی تەواوی ئیسماعیل محەمەد ساڵح محەمەدە. ساڵی ١٩٤٤ لە خانەقین لەدایکبووە، خانەی مامۆستایانی بەعقوبەی تەواوکردووە. لە تەمەنی هونەرییدا ٤٥ پێشانگای تایبەتی لە شارەکانی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ئینگلتەرا، نەرویج، فەڕەنسا، ئەمریکا، بەلجیکا، ئودن، ئێران، یابان، کۆریا، ڕوسیا، دانیمارک...هتد کردووەتەوە. بەشداری ٦٠ پێشانگای هاوبەشی کردووە. زۆرترین کاری لە بواری کوردبوون و مەسەلەی هەڵەبجە و ئەنفال و پڕۆژەی ئاشتی پیرەر بۆ وەستانی شەڕی ناوخۆ بووە. کارکردن لەسەر بەردی هەڵەبجە و پیشاندانی لە وڵاتانی تر، لەوانە: بەردی ماسییە لەسەر نەخشراوەکەی هەڵەبجە لە هۆڵەندا، پێشانگای تایبەتی دەمامکەکان بۆ ٣١هەمین یادی کیمیابارانی هەڵەبجە لەناو شاری هەڵەبجە و..هتد. ئەندامی کۆمەڵەی شێوەکارانی کوردستان و عێراق و جیهانە. خێزاندارە و هاوسەری هونەرمەندی شانۆکار گەزیزە عومەر عەلییە. لە ٢٠ی١٠ی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە و دوای خۆی پێشانگایەک لە مۆزەخانەی شاریقەی ئیمارات بۆ کارەکانی کراوەتەوە.
ساڵی ١٩٧٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەهۆی کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووە و ساڵی ١٩٩٠ گەڕاونەتەوە و دەستیکردووەتەوە بە خوێندن. پەیمانگای هونەرەجوانەکانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بەشداری پێشانگا هاوبەشەکانی پەیمانگای کردووە. لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی وەرگیراوە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە ولە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجە بەخاکسپێراوە. پاش مەرگی لە دوو پێشانگای تایبەتدا بەرهەمەکانی پیشاندراون.