کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

12 بابەت

بەکر هەجیجی

ناوی (بەکر محەممەد حەمەئەمین)ـە و لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا خەڵکى گوندى (هەجیج)ـە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، بۆیە بە(بەکر هەجیجی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتای له ئاواییی ڕۆستەم بەگ و ناوەندی لە خورماڵ تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. له ‌ساڵی ٢٠٠٨ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. ناوەڕۆکی نوسینی هۆنراوەکانی هەمەجۆرە. وەک ئەکتەریش ڕۆڵی جافرسانی بینیوه،‌ کە گەورەترین سانی هەورامان بووە. بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵ و بۆنەکانی ناوچەکەی کردووە و هۆنراوەی خوێندووەتەوە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

تاهیری وەستا مەستەفای ئەلە

ناوی (تاهیر کوڕی وەستا مەستەفای عەلی)یە. باوکیشی یەکێکە لە شاعیرە میللیەکانی هەورامان. ساڵی ١٩٦٣ لە تەوێڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە تەواوکردووە. بەهۆی سەربازییەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواوبکات. ساڵی ١٩٨٦ خێزانی پێکهێناوە. داستانەشیعرە تەنزئامیزەکانی باوکی کاریگەرییان لەسەر هەبووە. هەرچەند شیعرەکانی سەرەتایین، بەڵام خاوەنی دەمەتەقێ و شیعری گاڵتەیی و تەنزە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

تەنیا کۆکۆیی

ناوی (حەسەن عینایەت یەعقوب دەوانی)یە و نازناوى (تەنیا)یە. لە بنەڕەتدا خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. ساڵى ١٩٥٤ لە گوندى (دەوان) لەدایکبووە. باوکی کۆچیدواییکردووە نەیبینیوە و داپیرەی بەخێویکردووە. لەگەڵ براکەى ڕوویان لە شاری هەڵەبجە کردووە و لە ناو کۆکۆییەکاندا نیشتەجێبوون. بووە بە پێشمەرگە. خۆی فێری خوێندنەوە کردووە و زمانی عەرەبی و فارسی زانیووە. ١٥٧ پارچە شیعری خۆی لە کتێبێکدا بەناوی (دیوانی شیعریی تەنیا کۆکۆیی) چاپکردووە. لەبەر ئەوەی نەگەیشتووە بە خۆشەویستەکەی بڕیاریداوە ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێنێت. کە چووەتە تەمەنەوه،‌ ساڵى ٢٠٢٠ لە خەڵوەتگەى پیرى لە شارى سلێمانى ژیاوە و هەر لەوێیش لە ساڵی ٢٠٢١ کۆچدواییکردووە و لە گۆڕستانى گوڵانى دوو بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

تۆفیق هەورامانی

ناوی (تۆفیق قادر فەتاح)ـە. لە ساڵی ١٩٤٦ لە شارۆچکەی تەوێڵە لەدایکبووە. تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە تەوێڵە و سێی ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لەو ساڵە بەدواوە ماڵی چووەتە هەڵەبجەی تازە. هەر بە لاوی حەزی بە شیعر و ئەدەب کردووە. گەلێک هۆنراوەی سادەی جوانی بۆ سروشت و نەریتە جوانەکانی هەورامان نوسیوە. چوار کوڕ و چوار کچی هەیە. شیعرەکانی کۆکراوەنەتەوە، بەڵام چاپنەکراون. ساڵی ٢٠٢٠ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

حاجی سەرحەد

ناوی (سەرحەد حەمەئەمین ئەحمەد)ە. خەڵکى گوندی (عەلیاوا)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. ‌ساڵی ١٩٦٩ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی له ‌(گردەنازێ) و ناوەندی لە(سەیدسادق) تەواوکردووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ‌ساڵی ١٩٨٦ەوە دە‌ستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. لە زۆربەی یادی مەولود و بۆنە ئایینیەکاندا هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ‌ساڵی ٢٠٠٩ لە پێشبڕکێی شیعر و پەخشان پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە و چەندین خەڵاتی پێدراوە. زیاتر لە ١١٥ هۆنراوەی نوسیوه، کە زۆربەیان تایبەتن بە: ئایینی و نیشتمانپەروەری و سروشت.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

حسێن نەوێیی

ناوی (حسێن حەسەن نەسروڵڵابەگ)ـە. ‌ساڵی ١٩٦٩ لەگوندی (نەوێ)ی بناری سورێنی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە نەوێ و ‌ناوەندی لە ئۆردوگای (شانەدەری) و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لەبەر بارودۆخی ئەو کاتەوە، نەیتوانیوە لە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی بەغداد درێژە بە خوێندن بدات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. یەکەم هۆنراوەی له ‌ساڵی ١٩٧٩ نوسیوه. بەشداری چەندین کۆڕ و سیمیناری کردووە و لە چەندین کۆڕو کۆبوونەوەدا شیعرەکانى خوێندوەتەوە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

ساراڵ نزام عەبدوڵا

ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (هانەیدن) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە کیمیابارانەکەدا ئاوارەی ئێران بووە و لەگەڵ شاعیرانی پاوە (ئەنجومەنی ئیرشادی هەورامانات)یان پێکهێناوە. لە بۆنەکانی یادکردنەوەی هەڵەبجەدا ڕۆڵی هەبووە و هۆنراوەی پێشکەشکردووە. خاوەنی پەرتوکی شیعریی چاپکراوی (خەزانی هەڵەبجە)یە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. پیشەی کاسبە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

عەبدوڵا‌ سورێنی

ناوی (عەبدوڵا ڕەو‌وف ئەحمەد)ه. ‌ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (نەوێ)ی بناری سورێنی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. قۆتاغی سەرەتایی و ناوەندی لە ئۆردوگای (شانەدەری و شارۆچکەی سەیدسادق) تەواوکردووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. له ‌ساڵانی هەشتاکانەوە دەستیکردووە بە شیعر نوسین. لە کۆڕ و کۆبونەوەکاندا هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ناوەڕۆکی شعرەکانى زیاتر تایبەتن بە بواری سروشت و خۆشەویستى.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

عێزەت مەیکە

ناوی (عێزەت مەیکە عەلی)یە و بە (عاجزی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ له ‌گوندی (گوڵپ)ی سەر بە شارۆچکەی (بیاره)‌ لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی لە گوڵپ تەواوکردووە. لە حوجرەی خوێندویەتی و هەشت جزئی قورئانی لەبەرکردووه. لە فەرمانگەی کارەبای خورماڵ فەرمانبەر بووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ‌ساڵی ١٩٧٠ یەکەم هۆنراوەی نوسیوە. نزیکەی ١٦٠٠ شیعری هەیە. ‌ساڵی ٢٠٢٤ دیوانە شیعری خۆی (سەوقاتی عاجزی) بە چاپ گەیاندووە. ناوەڕۆکی شیعرەکانی: کۆمەڵایەتی، ئەوینی، ئاینییە. لە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنەدا شیعرەکانى خوێندووەتەوە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

کۆساری

شاعیرێکی میللی یارسانییە. ناوی (ڕەمەزان هەمیر خان شاکەرەم)ەو نازناوی (کۆساری)یە. لە تیرەی پیرسمایلی کەوڵانییە. ساڵی ١٩٥٠ لە هاوار لەدایکبووە. دەرچووی سەرەتاییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. شوانی و جوتیاریی و باخەوانی کردووە. ساڵی ١٩٧٩ کاسێتێکی شیعری بەدەنگی خۆی بڵاو کردووەتەوە. خاوەنی نامیلەکەی (سۆزی شنروێ) و کتێبی شیعری (بەفرەتاو) و (هاوار و هاوارییەکانە). خانەنشینە و لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

وەستا سەباحی ئاسنگەر

ناوی (سەباح عەبدولڕەحمان محەممەد فەقێ عەلی)یە و بە وەستا (سەباحی ئاسنگەر) ناسراوە. ساڵی١٩٧٠ لە (گریانە) لەدایکبووە. ناوەندیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی دوکاندارە. هۆنراوەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەری نوسیوە و لە کۆڕ و بۆنەکاندا خوێندوویەتییەوە و لە ڕادوێ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیشدا ژمارەیەکیانی بڵاوکردووەتەوه. چەند شیعرێکی کراون بە گۆرانی. چەند جارێک خەڵات کراوە. گروپێکی شاعیرانی میللیان لە ئاستی چەند شارێکی کوردستان دروستکردووە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

وەستا مستەفای ئەلە

ناوی (مستەفا عەلی محەممەد)ە. ساڵی ١٩٢٩ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. کڵاشچنێکی بەتوانا بووە. لای مەلا عەبدولحەمیدی مالێدەر و حاجی مامۆسا خوێندوویەتی. لای وەستا ئەبوبەکری برای فێری کڵاشکردن بووە. لە لاوێتیدا زۆر لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە بە شیعر و هۆنراوە. ناوەڕۆکی شیعرەکانی تەنز و موناجات و شۆخییە. ساڵی ١٩٩٧ لە کرماشان کۆچیدواییکردووە و لە سەر ڕاسپاردەی خۆی تەرمەکەی هێنراوەتەوە و لە گۆڕستانی باباسەرهەنگ لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی