بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ساڵی ١٩٦٧ لە شای هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی پەیکەری پەیمانگای هونەرەجوانەکانە لە سلێمانی. دوای ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، گەڕاوەتەوە شارەکەی و وەک مامۆستا لە گوندی (عەنەب) دامەزراوە. بەشداری هەشت پێشانگای هاوبەشی کردووە. حەوت پەیکەری لە شارەکانی کوردستان دانراوە، لەوانە سێ پەیکەری لە شاری هەڵەبجەیە. خاوەنی شەش پەیکەری هاوبەشە لەگەڵ هونەرمەند (دارا حەمەسەعید). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
ناوی (بەختیار حەمەعەلی)یە. بە (بەختیار هەڵەبجەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خاوەنی چوار پێشانگای تایبەتییە و لە نزیکەی ١٣٠ پێشانگای هاوبەش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بەشداریکردووە. جگە لەناو عێراق، کە نزیکەی ٥٠ پەیکەری لە شار و شارۆچکەکاندا خراوەتە ڕوو، لە هەریەک لە وڵاتانی ئێران و تورکیاش چەند پەیکەرێکی دانراوە. بەشداری سەرجەم فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. خاوەنی زۆرترین پەیکەرە بۆ مەرگەساتی بەناو ئەنفال و لە زۆربەی چالاکییەکانی تایبەت بەو یادە بەشداریکردووە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و وەک بەڕێوەبەری پێشکەوتوو بەردەوامە.
ناوی (بەرزان زاهیر محەممەد ئەمین)ـە و بە (بەرزان شازە) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ له گوندی (شیرەمەڕ) لەدایکبووه. له ئۆردوگای دەربەند دزڵی دەستی بەکاری هونەری کردووه. یەکەم کاری پەیکەرتاشی (پەیکەری حەزرەتی مەریەم) بووه لە سلێمانی. لەوڵاتی ئێران شەش پەیکەری به ناوەکانی (فیردەوسی شاعیر، ئیبن عەلی سینا، میرزا کوچەکخان، ئەمیر کەبیر، ڕۆستەمی زاڵ، سوهرابی) دروستکردووە لە شاری تاران و شارەکانی تر دانراون. لەسەر داوای شارەوانیی ئەستەنبوڵ سێ پەیکەری له بەردی مەڕمەڕ دوستکردووە. پەیکەری (محەممەد جەواهیری، پادشای لۆلۆیی، هەرسێ شاعیری نالی و سالم و کوردی، ١٥ ئاژەڵە کێوی، سونبولی ڕاپەڕین، مەولەوی، عوسمان هەورامی، مەحموودخانی دزڵی، گۆران، حەمەپاشای جاف) لە نموونەی کارەکانی ئەون و لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم دانراون. دوو پەیکەری لە وڵاتی بەریتانیا دانراون. خاوەنی دەیان خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە. چوار پێشانگای تایبەتی کردووەتەوە و لە ٨٩ پێشانگای هاوبەشیشدا بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.
ناوی (حامید ئەحمەد سادق حەمەئەمین)ـە. ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژی هونەری لە زانکۆی سلێمانی و ماستەری لە زانکۆی تاران تەواوکردووە. لە دەیان پێشانگا و پڕۆژەی هونەری هاوبەشدا بەشداربووە، لەوانە: پێشانگای شێوەکارانی هەڵەبجە چەند ساڵێک، ١٨ شێوەکاری هەڵەبجە لە مۆزەخانەی سلێمانی، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، شێوەکارانی پارێزگاکان، ئەنفال لە یادکردنەوە بۆ بیرلێکردنەوە، فیستیڤاڵەکانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان، هاوخەمی هەڵەبجە بۆ ئەنفال، دیکۆمێنت و فۆتۆگراف. دروستکەری پەیکەری دانیاڵ میتێرانە، کە لە باخچەی شارەوانیی هەڵەبجەدایە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا مامۆستای هونەرە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجه.
ساڵی ١٩٦٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی بەشی پەیکەرسازی پەیمانگای هونەرەجوانەکانە لە سلێمانی. ساڵی ١٩٨٦ یەکەم پەیکەری دروستکردووە و لە دۆڵی جافایەتی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا دانراوە. ساڵی ١٩٩١ پڕۆژەی پەیکەرسازانی کوردی دامەزراندووە، ساڵی ١٩٩٤ بە هاوکاریی منداڵپارێز (پڕۆژەی سیرامیک) و ساڵی ١٩٩٥ بە هاوکاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (گەلەری زاموا) و ساڵی ١٩٩٦ بە هاوکاری دەستەیەک گەلەری (ئەربیللا)ی دامەزراندووە. چەند ساڵێک لە ناوەندی ڕاگەیاندنی خاک وەک میدیاکار کاریکردووە و لە دەستەی دامەزرێنەرانی تەلەفزیۆنی خاک بووە. بەڕێوەبەری نوسین و بەڕێوەبەری هونەریی گۆڤاری خاک بووە. ماوەی شەش مانگ بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاری سلێمانی بووە. ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٢ مامۆستای وانەبێژ بووە لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی کردووە. ژمارەیەک پەیکەری لە شارەکانی کوردستان دانراوە. لەوانە پەیکەری (عومەری خاوەر) لە حەوشەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، عادیلەخان لە باخی گشتی، پەیکەری نزا لە حەوشەی گۆڕە ڕەمزەییەکانی هەڵەبجە، کە ساڵی ٢٠٠٥ پەردەی لەسەر لادراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا سەرپەرشتیاری گروپی پەیکەرسازانی کوردستانە.
خۆشنوس و پەیکەرسازە. بە سیروان هەڵەبجەیی ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. بە سەرپەرشتی هونەرمەند دارا حەمەسەعید بەشداری لە پەیکەری مەولەوی و پیرەمێرد لە دیواربەندی بەردەرکی سەرای سلێمانیدا کردووە. ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ (کۆسار ئەحمەد غوڵام، ئەیوب عیزەت، عەبدولڕەحمان محەممەد)دا بەشداری لە دروستکردنی پەیکەری (پێنج ئەسپ) وەک ڕەمزی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجەدا کردووە. خاوەنی چەندین پەیکەری دانراوە لە شاری هەڵەبجە. لەوانە (عومەری خاوەر، کوردی ئاشتی خواز، ئاوارە بوون). بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجەی کردووە. لە ١١ پێشانگای هاوبەشدا بەشداریکردووە. ساڵی ١٩٩٣ پێشانگای تایبەتی خۆی لە هەڵەبجە کردووەتەوە. ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
ساڵی ١٩٦٧ لە سلێمانی لەدایکبووە. بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی خوێندووە. ساڵی ١٩٩١ بەکالۆریۆسی لە هونەری پەیکەرسازی ئەکادیمیای هونەری زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە و ماستەری لە هونەری شێوەکاری لە ستۆکهۆڵم وەرگرتووە. سەرەتای کاری هونەری لە هەڵەبجەوە بە دروستکردنی پەیکەری ڕوناکیی شار(تۆفیقی کارەبا) لەگەڵ هونەرمەند (کۆسار ئەحمەد غوڵام)دا بووە. چەند پەیکەرێکی لە شاری سلێمانی و هەولێر دانراون. کۆمەڵێک کاری مێژوویی لە ئەوروپا دروستکردووە و لە گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکاندا دانراون. بەشێوەیەکی تەعبیری و تراجیدی لە ئەڵمانیا پەیکەرێکی بۆ شەهید (عومەری خاوەر) دروستکردووە و بە برۆنز و ئەلەمنیۆم دایڕشتووە لە پێشانگاکانی سلێمانی و هەولێر نمایشیکردوون و خەڵاتی لەسەر وەرگرتوون. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی ئەڵمانیا و هونەرمەندانی مەلەکی سوید و هونەرمەندانی هەرێمی مالمۆ و سەندیکای پەیکەرسازانی جیهانییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. بێجگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و ئەڵمانی و سویدی دەزانێت. لە ئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.
ناوی (عومەر جەمیل حەمەوەیس)ـە. ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (دەرەیمەڕ)ی هەورامانە. پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا و تا ئێستا بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. یەکەم کاری دروستکردنی پەیکەر (سەعید قەزاز) بووە بە هاوبەشی لە ساڵی ٢٠١٠. تا ئێستا زیاتر لە ٥۰ پەیکەری بۆ ناودارانی کورد لە شارەکانی سلێمانی: هەولێر، هەڵەبجە، کەرکوک، ڕاپەڕین دروستکردووە. لەوانە پەیکەری پیرەمێرد، دوازدە سوارە، دکتۆر مستەفا زەڵمی، عوسمان هەورامی، کەمال هەورامی، شێخ قاردی ئەنجومەن. بەشداری چەندین پێشانگا و چالاکی هونەری کردووە، لەوانە: پێشانگای هاوبەشی هونەرمەندانی سلێمانی، سۆپۆزیۆمی هونەمەندانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناوی (فوئاد عەبدوڵا فەتحوڵڵا)یە. ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجەی تازە خوێندووە. بەشی پەیکەرسازی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە. بەشداری لە ٣٠ پێشانگای هاوبەشی شێوەکاری کردووە و چەندین کاری پەیکەسازی ئەنجامداوە. لەوانە: ژنەجووی کورد لە هەولێر، پۆرترێتی ئەکرەم میوزیک، پەیکەری شەهید عەبدولڕەحمان میرزا حەسەن و هۆشیار بیاوێڵەیی لە هەڵەبجە. خەڵاتی یەکەمی پەیکەری لەسەر ئاستی کوردستان بۆ پەیکـەری ئاسـۆی عومەرسـوارە بەدەستهێناوە.
ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی بنەڕەتی لە هەڵەبجە و بەشی شێوەکاری پەیمانگای هونەرەجوانەکان/بەشی پەیکەرسازی لە سلێمانی تەواوکردووە. بەشداری پێنج پێشانگای کردووە. خاوەنی زیاتر لە ١٥ پەیکەرە. خاوەنی یەکەمین کاری هونەرییە بۆ مەرگەساتی هەڵەبجە پێنج ئەسپ، ١٩٨٨، ئەنفال، ١٩٨٨، پێشمەرگەی نەناسراو ١٩٩٣، تۆفیقی کارەبا بە هاوبەشی لەگەڵ شوان کەمال ١٩٩٣... ساڵی ١٩٩٣ کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
ساڵی ١٩٨٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی و کۆکلێژی هونەری زانکۆی سلێمانییە. بەشداری چەندین پێشانگای هاوبەشی کردووە، لەوانە ٤٦ شێوەکار، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، تایبەتی مامۆستایان، پێشانگای شێوەکارانی هەڵەبجە، پەیکەری فۆتۆگرافەر (پەیکەری نەناسراو) لە حەوشەی مۆنۆمێنت لە هەڵەبجە. لە ئێستادا بۆ خوێندن لە وڵاتی ڕووسیایە.
ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژی هونەر بەشی شێوەکاری لقی پەیکەرسازی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. یەکەمین کاری هونەریی هێڵکاری پۆرترێتی شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد ساڵی ١٩٩٥ـە. بەشداری چەندین پڕۆژە و پێشانگای هاوبەشی لە هەڵەبجە و شارەکانی تر کردووە، لەوانە (پێشانگای هاوبەشی کۆمەڵەی قوربانیان، گەڕانەوەی جوان، مۆنۆمێنتی بیناسوتاوەکەی سیروان، پەیکەری دایک لە چەمچەماڵ، یادەکانی هەڵەبجە، پڕۆژەی دەستی پەرلەمانتاران). چەند پەیکەری لە هەڵەبجە و هەوراماندا دانراون، لەوانە ("میرزا عەبدولقادر" و "گوێز" لە تەوێڵە، "فەخرەدین سەلیم" "حەکیمی مەلا ساڵح" و "حەسەن زیرەک" لە حەوشەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری). چەند بابەتێکی ڕەخنە و هونەریی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە. سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پێشانگای جواننوسی بۆ فەرموودە پەروەردەییەکان دەربارەی ئافرەت لە ڕۆژی ٨ی مارسی ٢٠٢٢. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستا سەرۆکی بەشی شێوەکارییە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە هەڵەبجە.