بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
خۆشنوس، شاعیر و ڕۆژنامەوان و پارێزەرە. بە (شێخ زادە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە. دبلۆمی لە ئەندازیاریی ڕوپێوی و بەکالۆریۆسی لە یاسا و ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە. بەهۆی بەخشینی کوڕاسە خەتیەکەی مامۆستا هاشم بەغدادی لەلایەن مامۆستا سەرکۆ عەزیز ئەمینەوە، ئاشنای خۆشنوسی بووە. ساڵی ١٩٨٤ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، فەرمانگەی هونەرەکانی شێوەکاری، لقی خەتی عەرەبی، مۆڵەتی خۆشنوسی پێدراوە و کۆمەڵەی خۆشنوسانی عێراقی پشتگیرییان کردووە. وەک خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەر و جێگری سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسین و ئەندامی دەستەی نوسەران و نوسەر و وەرگێڕ و دامەزرێنەر لە چەند ناوهندێکی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی کاریکردووە. سەرپەرشتیاری دووەمین فیستیڤاڵی هەڵەبجەی شەهید بووە. بەرپرسی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی کوردستان و سەرپەرشتیاری تیپی هونەریی پەیام و دەستەی دامەزرێنەری یانەی وەرزشی پەیام و ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەکە بووە. ساڵی ١٩٨٦ پێشانگای تایبەتی خەت و زەخرەفەی خۆی لە بەغداد کردووەتەوە. دیزاین و نوسینی بۆ دەیان بەرگی کتێب و نامیلکە و گۆڤار نوسیوە. ساڵی ١٩٨٦ بەشداری یەکەمین پێشبڕکێی خۆشنوسی نێودەوڵەتیی ئەستەنبوڵی کردووە. ساڵی ١٩٩٨ یەکەمین فیستیڤاڵی خۆشنوسی هەولێری کردووە. دیوانی شیعری (شنەی سۆز) و (ڕۆژمێری زانستی بۆ سەد ساڵ) چاپ کردووە. گەلێک فەرمودە و ئایەت و تابلۆی سەر دووکانی لە هەڵەبجەدا نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. لە شاری هەولێر دەژی.
نیگارکێش و خۆشنوسە. بە (مەلا دیاری) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە تەویڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ دوکانی نیگارکێشی و خەتخۆشی لە هەڵەبجە داناوە. گەلێک تابلۆی بۆ شوێنە گشتی و تایبەتەکان لە دووکان و بازاڕەکانی هەڵەبجە و زۆربەی نوسینی سەرکێلی قەبرەکانی نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە شارەدێی تەوێڵە دەژی.
بە رەفعەتی خوشنووس ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ئامادەیی لە سانەوی (محمد سلیمان) ی ئێواران لە بەغداد تەواوکردووەو ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجەی شەهید، لە ساڵی (١٩٩٨) ەوە دوکانی هونەری خۆشنووسی داناوە و تا ئێستا لەسەر کارەکەی بەردەوام. نووسەرە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید. لە ١٢/٩/٢٠١٢ کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەڵەبجەیان دامەزراندووە و بە دەنگدان بووە بە بەرپرسی کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەڵەبجە. کتێبێکی چاپکراوی هەیە بە ناوی (پەندەوانە). پێشتر لە (کۆمەڵەی خوشنووسانی کوردستان) ئەندام بووە. نزیکەی شەش ساڵیش بەرپرسی راگەیاندنی (ب.گ. پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید) بووە. نووسینی زیاتر لە ٢٠٠٠ ناوی سیانی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر گڵکۆی مەزاری شەهیدان و نوێکردنەوەی نووسین لەسەر کێلی کۆچکردوان. نووسینی زیاتر لە ٥٠٠٠ تابلۆی ژمارەی کارەبای ماڵان بە فڵچە و بۆیاخ. نووسینی لافیتەی قوماش و لۆگۆ و تابلۆی جۆراوجۆری سەر جادە و کۆمپانیا و فەرمانگە حکومییەکان و دوکان و بازاڕی هەڵەبجە و دەوروبەری. دیزاین و دروستکردنی تابلۆی سەر جادە و دوکان و دائیرە و کۆمپانیاکان بەلەزگە و لەسەر شووشە و ئاسن و فلێکس لەگەڵ دروستکردنی چوارچێوە بۆیان بە ئاسن و لەحیم بۆ شوێنە گشتییەکانی ناو شار و دەرووبەری. خێزاندارەو خاوەنی پێنج منداڵە. نیشتەجێی شاری هەڵەبجەیە.
ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پاش تەواوکردنی کۆلێژى ئاداب لە زانکۆى بەغداد، وەک مامۆستا دامەزراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە کارەساتى کيميابارانى هەڵەبجەدا برینداربووە. ساڵی ١٩٩٥ چووەتە وڵاتى ئەردەن و وەک وانەبێژ دەستبەکاربووە و دواتریش لە وڵاتانی تونس و لیبیا مامۆستایەتی کردووە. لە وڵاتى ليبيا بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. چەند کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (مێژووى سەرەتاى ئيسلام و ڕاشيدين و ئەمەوى و عەباسى، هەرێمە فيدراڵيیەکانى خەلافەتى عەباسى، جوان به دەستنوسين و خۆشنوسە ناودارەکان، هونەرى نەخشاندن). کتێبى (پوختەى مێژووى کۆن)ى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی چەندین توێژينەوە. (کوڕاسەى خۆشنوسى و ڕاڤەکردنى بەدرێژى) داناوه. چەندین پێشانگاى خۆشنوسى لە بەغداد و وڵاتەکانى: کوێت، ليبيا، تونس، تورکيا و ئێران کردووەتەوە. لە ماوەی جیاوازدا ئەم پۆستانەی بینیوە: سەرۆکى بەشى زمانى ئينگليزى لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتیى زانکۆی هەڵەبجه، ڕاگرى فاکەڵتى زانستەمرۆڤايەتيەکان، ياريدەدەرى سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بۆ کاروبارى کارگێڕى. ساڵى ٢٠١٦ نازناوى پرۆفيسۆرى ياريدەدەرى وەرگرتووە و لەئێستادا مامۆستايە لە زانکۆى هەڵەبجە لە بەشى مێژوو.
بە سامان هەورامی ناسراوە.ساڵی ١٩٧٢ لە تەوێڵە لە دایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی بە دەستهێناوە. بەشداری ٢٥ پێشانگای خۆشنوسی لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمدا کردووە. لەوانە لە وڵاتی عێراق و تورکیا و ئیمارات و سوریا و میسر و ئیران، کە سێ جار خەڵاتی دووەم و حەوت جار خەڵاتی سێیەمی وەرگرتووە و پێنج جاریش خەڵاتی یەکەمی بۆ خەتی سولی و نەستەعلیق وەرگرتووە. لەوانە خاچی سووری نێودەوڵەتی ٢٠٠١، ساڵی ٢٠١٠ی عێراق، ٢٠١٦ی تورکیا، ٢٠٢٢ی میسر. نۆ جار خەڵاتی پاداشتی خەتی بردووە. ئەندامی کۆمەڵەی خۆشنوسانی کوردستان و عێراق و جیهانە. خێزانی پێکنەهێناوە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
خۆشنوس و شێوەکارە. ناوی (کەریم حەمەڕەحیم حەمەشەفیق)ـە و بە (شۆڕش جاف) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکان لە شاری هەڵەبجەدا دووکانی ڕەسم و خەتی هەبووە. وێنە و تابلۆی بازاڕ و دوکانەکانی کێشاوە، لەوانە بازاڕی شنروێ. ساڵی ١٩٩٣ چووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و بەشداری خۆپیشاندان و چالاکییەکانی کردووە و چەند پێشانگایەکی کردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٧ لە کوردستان بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.
زانا و زاهد و خۆشنوس بووە. کوڕی شێخ عەلی تەوێڵەیە. لە تەوێڵە لەدایکبووە. مێژووی لە دایکبوونی گومانی لەسەرە. لە خەلیفەکانی شێخ عوسمان و شێخ بەهادیینە. زۆربەی سەنەد و ئیجازەنامەکانی سەردمی خۆی بەخەتی ئەم نوسراوە. کتێبی (الفضیلە)ی مەولەوی و چەند کتێبێکی تری نوسیوەتەوە. دوای کۆچیدوایی شێخ بەهادیینی تەوێڵە، دێتە بیارە. لە خزمەت شێخ عومەر و شێخ نەجمەدیندا دەبێت. تا لە سەردەمی شێخ عەلادییندا لە ساڵی ١٩٣٤ کۆچیدواییکردووە و لە ملەگای چنار لە بیارە بەخاکدەسپێرراوە.
یەکێک لە نوسەرەوە خەتخۆشەکانی دەستنوسە ئیسلامییەکانە. خەڵکی ئاوایی (چنار)ی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٣١٢ک/١٨٩٤ز دانراوێکی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) نوسیوەتەوە بەناونیشانی (العقد الجوهري). ساڵێک پاش ئەوەش ١٣١٣ک/١٨٩٥ز، دانراوێکی زانستی لۆژیکی بەرزنجی نوسیوەتەوە لە شاری سلێمانی بە ناونیشانی (المغالطات وأجوبتها) بە ئامادەیی مەلا عەبدولڕەحمانی بریفکانی گەورە، کە بە (عەللامە پێنجوێنی) بەناوبانگە. هەروەها لە ٢٣ی ڕەبیعی یەکەمی ١٣١٤ک/١٢ی ئەیلوولی ١٨٩٥، نوسینەوەی (المعفوات)ی مەلا خەلیلی سیعەرتی کوردی کۆتاییپێهێناوە، ئەمەش ئاماژەیە کە (عەبدولسەمیع چناری) لە ماوەی سێ ساڵدا لە بیارەوە چووەتە سلێمانی و پاشان ناوچەی خۆشناوەتی، وا دیاریشە لەبەر خەتخۆشی یەکێک بووە لە نوسەرەوەکانی بەرهەمە شەرعزانییەکان.
خۆشنوس و نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی و زانستە ئیسلامیەکانی کۆلێژی شەریعەی زانکۆی بەغداد بەدەستدەهێناوە، لە چەند قوتابخانەیەکی شاری هەڵەبجە مامۆستایەتی کردووە. یەکێکە لە خۆشنوسە دیارەکان و شارەزای جۆرە جیاوازەکانی خۆشنوسییە، ساڵی ١٩٨٧ لە(جمعیة الخطاطي العراقية) مۆڵەتی خەتی عەرەبی وەرگرتوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە ئەندامی خۆشنوسانی کوردستانە. ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی ڕۆشنبیرانی موسوڵمانی کورد و دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ڕابەر بووە. ژمارەیەکی زۆر بابەتی جیاوازی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە، زیاتر لە دە کتێبی لە بواری نوسین و وەرگێڕاندا بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: هونەری هاوڕێگرتن، چل چیرۆک پێغەمبەری خوا بۆمان دەگێڕێتەوە، لەگەڵ سەدان پەند و ئامۆژگاریەکانیان و بە دراماکردنی چیرۆکەکان.
خۆشنوس و شێوەکارە. ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە پێنج پێشانگای هاوبەشی شێوەکاری و چەندین پێشانگای پۆستەر و مامۆستایاندا بەشداریکردووە، لەوانە: ڕەنگ لە تارمایدا، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، پۆستەری مامۆستایانی ٢٠٠٤. وەک ئەکتەر و کاری دیکۆر و پۆستەر لە چەند شانۆیەکدا بەشداربووە، لەوانە: کۆچی هەتاهەتایی، مانگرتن، ولیەم تیل، ئۆپەرێتی سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە، گەمەی میر و وەزیر، ماڵئاوا ئەی شاعیران. خاوەنی پێنج خەڵاتە لە بوارەکەدا. دوای ڕاپەڕین وەک خۆشنوس دووکانی داناوە و کاری لافیتەنوسی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. پیشەی فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی چالاکیی هونەری هەڵەبجە.
زاناو خەتخۆش و شاعیرە. ناوی(مەحیەدین کوڕی مەلا نەجمەدین کوڕی حاجی مەحیەدینی مەلا نەزیری گەورەیە) نازناوی(محی)یە. بەڵام زۆرتر هەر بە باباحاجی ناسراوە. ساڵی ١٩٠٤ لە تەوێڵە لەدایکبووە. سێ ژنی هێناوە و هەشت کوڕ و دوو کچی بووە. ماوەیەک مەلای مزگەوتی گوندی گریانە و بۆیین بووە. ماوەیەک کاتبی شێخی حیسامەدین بووە. ساڵی ١٩٤١-١٩٤٣ کاتبی شارەوانیی تەوێڵە بووە. گەلێک پەڕاوی بە خەتە خۆشەکەی نوسیوەتەوە. لە پزیشکیدا شارەزا بووە. هەستی نیشتمانپەروەری و کوردایەتی بەهێز بووە. ئەندامی حزبی هیوا و لێپرسراوی ناوچەی هەورامانی حیزبەکە بووە و پەیوەندی بە شێخ مەحموود و شێخ لەتیف و کۆماری کوردستانەوە هەبووە. دەستی لە دروستکردنی چەند مزگەوتێکی ناوچەکەدا هەبووە. لە کۆتایی تەمەنیدا، مامۆستا و مەلای مزگەوتی بابا ئەسکەندەر بووە لە تەوێڵە، کە هەر خۆیشی هاریکارێکی باشی دروستکردنی مزگەوتەکە بووە. ٥ی ٧ی ١٩٦١ لە نەخۆشخانەی سلێمانی کۆچیدواییکردووە و تەرمەکەی دەبرێتەوە بۆ تەوێڵە.
زانا و دانا و خەتخۆشە. حامد کوڕی مەلا حەکیمە. مێژووی لەدایکبوون و مردنی نادیارە. باوکی لە سەردەمی بابانەکاندا هاتووەتە قەڵاچوالان. مەلا حامدیش ماوەیەک لە سلێمانی قازیی بابانەکان بووە. ساڵی ١٨٩٠ دەگەڕێتەوە تەوێڵە. دەبێتە مدرەسی مزگەوتی باساکا. نۆ جار قورئانی نوسیوەتەوە. لە (دارصدام للمخطوطات) ئەو نوسخەیان هەیە، کە ساڵی ١٨٩٦ لە تەوێڵە نوسیویەتییەوە.
مامۆستاو پەروەردەکار و خەتخۆشە. ناوی (سەفائەدین کوڕی شێخ محەممەد کوڕی شێخ محەممەد بەهائەدینی کوڕی شێخ عوسمان سراجەدینی تەوێڵەیى)يە. ساڵی ١٩١٨ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. بە منداڵی قورئانی خوێندووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە تەواوکردووە. ساڵی ١٩٣٩ خانەی مامۆستایانی لە بەغداد تەواوکردووە و هەمان ساڵ بە مامۆستا لە (بیارە) دامەزراوە. بۆ ماوەی ١٨ ساڵ لە (تەوێڵە) بەڕێوەبەربووە. لەبەر بیروباوەڕ و کاری سیاسی چەند جارێک گوازراوەتەوە، دوورخراوەتەوە و زیندانی کراوە. ساڵی ١٩٧٠ خانەنشین بووە. ساڵی ١٩٩٧ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و تەرمەکەی براوەتەوە بۆ تەوێڵە و لە خانەقا بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ساڵانی هەشتاکانی سەردەی ڕابردووەوە دەستی بە کاری خۆشنوسی کردووە. لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران بەشداری پێشانگای کردووە. ساڵی ٢٠١٦ بووە بە سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنوسانی هەڵەبجە. لەنێوان ساڵانی ١٩٩٨ بۆ ٢٠٢٢ زیاتر لە ١٠٠ قوتابی فێری خۆشنوسی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا دوکانی خۆشنوسی هەیە و فەرمانبەریشە لە شاری هەڵەبجە.
نوسەر و خەتخۆشە، ناوی تەواوی هیوا محەمەد حلمییە، ساڵی ١٩٤٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لە کۆتایی شەستەکاندا له گوندی دەرەشیش دادەمەزرێت و دەبێتە مامۆستا. پاشان لە ناحیەی سیروان و دواتر قوتابخانەی سالم لە هەڵەبجە. شارەزاییەکی باشی لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەبوو، شاعیر، خۆشنوس و وێنەکێش بوو، دەستێکی باڵای لە نوسین و وەرگێڕانی چیرۆکە شیعردا هەبووە. گەلێک دێڕە شیعر و تابلۆی نوسیوەتەوە و هانی زۆرێک لە قوتابیانی داوە و لە پێشەنگەکانی جواننوسیندا، لە هاوڕیکانی زیاتر شارەزایی هەبووە لە نوسینی جۆرەکانی خەتدا. لە ١٦/٣/ ١٩٨٨ خۆیی و خێزان و ٣ لە منداڵەکانی شەهیددەبن و ماڵەکەشی تاڵاندەکرێت. تەنیا شادانی کچی ڕزگار دەبێت.