کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1 بابەت

حاجی مەحموود یاروەیس

ئەمیندار و خەزنەداری (حەمەپاشا) و (مەحموود پاشای جاف‌)ـە. ناوی (مەحموود کوڕی یاروەیس کوڕی کەمال کوڕی یوسف)ـە. لە بنەچەدا (کڵاشی)یە و لە ناوچەی بنجۆی جوانڕۆن. ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە. مەلای تایبەتی بۆ گیراوە بە پلەی باشی خوێندەواری گەیشتووە. شارەزایی باشی لە دەرمانسازیدا هەبووە. لە شارەزوور و دەوروبەری وەک حەکیم ناسراوە. پاش مردنی یاروەیسی باوکی، سەرپەرشتی هۆزی یاروەیسی کردووە. دەوڵەمەند بووە و لە ناو جافدا ڕەوگ و ڕانەمەڕی بەناوبانگ بووە. لە گەرمیانەوە تا شلێر لەوەڕگە و شوێنی گیرسانەوەی هەبووە. لەبەر دووربینی، وازی لە کۆچ هێناوە و لە نوەری ناوچەی نەورۆڵی نیشتەجێبووە. پاشان موڵکی لە پریس کڕیوە، لە هەڵەبجەش موڵک و کانیاوێکی کڕیوە، کە بە ئاش و باخی مەحموود یاروەیس بەناوبانگە. لە نێوان عەنەب و هەڵەبجە و خورماڵ و سیروان، جۆگە ئاو و زەویی بەراوی زۆری کڕیوە. شەش کوڕی هەبووە‌. چەند جارێک چووەتە ئەستەنبوڵ. بە فارسی و کوردی (هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست) شیعری نوسیوە و شیعری شاعیرانی لە کەشکۆڵەکەیدا کۆکردووەتەوە. هاوڕێی مەولەوی بووە و شیعر و نامەی شیعری لە نێوانیاندا هەبووە. پەیوەندیی ڕۆحی بە شێخانی تەوێڵە و بیارەوە هەبووە. ساڵی ١٩٠١ کۆچیدواییکردووە.