بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ناوی (حەمەئەمین کەریم)ـە. گەرچی لە هەندێک سەرچاوەدا هاتووە، کە ساڵی ١٩٠٦ لە گوندی بیاوێڵەی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە، بەڵام خەڵکی گوندی (چەشمییەر)ـە لە هەورامانی خۆرهەڵات و پێدەچێت لەو ساڵەدا هاتبنە باشور و لە بیاوێڵە گیرسابنەوە. دوای مردنی باوکی ئەرکی بەخێوکردنی خێزانی دەکەویتەسەر. بە منداڵی ئارەزووی شمشاڵژەنینی کردووە و بێئەندازە سەرسامی هەوا و ئاوازی مینە جەلیلەیى بووە، کە گاوانی دێکەیان بووە، لەبەرئەوە دەکەوێتە شوێن ئەو هونەرمەندە و ڕۆژانە لەگەڵیدا چووەتە دەرودەشت و سەرپەرشتی گاگەلەکەی بۆکردووە. بێجگە لە مینە جەلیلەیی، سوودی لە بەهرەی هەیاس هاواری و حەمەئەمین سۆفی عەلی یاڵانپێیش وەرگرتووە. لەگەڵ دەروێش عەبدوڵای ناوداردا لە خانەقای نەقشییەکان شمشاڵی لێداوە و لەگەڵ حەسەن زیرەک و هونەرمەندی میللیی هەڵەبجە مەحموودی شێرالیش ئاهەنگی گێڕاوە. هاوڕێ و هاومەشرەبی ئەحمەدموختارجاف بووە و یەکێک بووە لە شۆڕشگێڕەکانی، تا دوا ساتی شەهیدبونیش، بەجێینەهێشتووە. چەند ساڵێک لە سنە دەژی. بەهرە و توانای شمشاڵەکەی دەبێتە بناغەیەکی باشی کەلەپووری شمشاڵ و ئاوازەکانی دەگوازرێنەوە بۆ نێو ئاهەنگ و تیپە موسیقیەکانی دواتر. چەند ئاوازێکی تایبەتی هەبووە. وەک ئەحمەد بەگی، هەوارە لانکێ، کەتان لەمل. هتد. ناوی بۆ کونەکانی شمشاڵەکەی دانابوو. دووجار هاوسەرگیری کردووە. هاوسەری دوووەمی خەڵکی سازان بووە و لەم هاوسەرەی حەوت منداڵیان بووە. کاسێتی تۆمارکراوی هەیە. لە ساڵی ١٩٧٨ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە مەزاری شەهیدان بەخاکسپێرراوە.