مینەی لوولەکژەن

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 348

لولکژەن

ناوی (حەمەئەمین کەریم)ـە. گەرچی لە هەندێک سەرچاوەدا هاتووە، کە ساڵی ١٩٠٦ لە گوندی بیاوێڵەی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە، بەڵام خەڵکی گوندی (چەشمییەر)ـە لە هەورامانی خۆرهەڵات و پێدەچێت لەو ساڵەدا هاتبنە باشور و لە بیاوێڵە گیرسابنەوە. دوای مردنی باوکی ئەرکی بەخێوکردنی خێزانی دەکەویتەسەر. بە منداڵی ئارەزووی شمشاڵژەنینی کردووە و بێئەندازە سەرسامی هەوا و ئاوازی مینە جەلیلەیى بووە، کە گاوانی دێکەیان بووە، لەبەرئەوە دەکەوێتە شوێن ئەو هونەرمەندە و ڕۆژانە لەگەڵیدا چووەتە دەرودەشت و سەرپەرشتی گاگەلەکەی بۆکردووە. بێجگە لە مینە جەلیلەیی، سوودی لە بەهرەی هەیاس هاواری و حەمەئەمین سۆفی عەلی یاڵانپێیش وەرگرتووە. لەگەڵ دەروێش عەبدوڵای ناوداردا لە خانەقای نەقشییەکان شمشاڵی لێداوە و لەگەڵ حەسەن زیرەک و هونەرمەندی میللیی هەڵەبجە مەحموودی شێرالیش ئاهەنگی گێڕاوە. هاوڕێ و هاومەشرەبی ئەحمەدموختارجاف بووە و یەکێک بووە لە شۆڕشگێڕەکانی، تا دوا ساتی شەهیدبونیش، بەجێینەهێشتووە. چەند ساڵێک لە سنە دەژی. بەهرە و توانای شمشاڵەکەی دەبێتە بناغەیەکی باشی کەلەپووری شمشاڵ و ئاوازەکانی دەگوازرێنەوە بۆ نێو ئاهەنگ و تیپە موسیقیەکانی دواتر. چەند ئاوازێکی تایبەتی هەبووە. وەک ئەحمەد بەگی، هەوارە لانکێ، کەتان لەمل. هتد. ناوی بۆ کونەکانی شمشاڵەکەی دانابوو. دووجار هاوسەرگیری کردووە. هاوسەری دوووەمی خەڵکی سازان بووە و لەم هاوسەرەی حەوت منداڵیان بووە. کاسێتی تۆمارکراوی هەیە. لە ساڵی ١٩٧٨ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە مەزاری شەهیدان بەخاکسپێرراوە.

سەرچاوەکان:

  1. هەڵەبجە و کەسایەتییەکانی، کۆکردنەوە و ڕێکخستنی: ئازاد حەمدی، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی، ٢٠٠٩، ل٦٣.
  2. چاوپێکەوتنى ئامادەکار لەگەڵ (بەختیار حەمەئەمین)ی کوڕی (مینەی لولکژەن)، لەدایکبوو: ١٩٦٥، پیشە: کاسب، لە ٥ی ١٠ی ٢٠٢٣.
  3. نامەیەکی (ڕێبوار ئەحمەد غوڵام) بۆ ئامادەکار، لە ٦ی ١٠ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

4

هاوبەشی پێبکە