کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

31 بابەت

ئازاد ساڵح مەلا سابیر

ناوی (ئازاد کوڕی ساڵح کوڕی مەلا سابیر)ە. ساڵی ١٩٥٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. باپیرانی لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە هەڵەبجە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندوە و لە بەشی وێژەیی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سلێمانی بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٧٨ کۆلێژی کارگێڕی و ئابوری لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە و وەک ژمێریار لە (فەرمانگەی کارەبای هەڵەبجە) دامەزراوه و دواتر ڕاژەکەی گواستووەتەوە بۆ (فەرمانگەی ڕۆشنبیری لە هەڵەبجە). ماوەیەک (بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی هەڵەبجە) بووه. ساڵی ٢٠١٨ خانەنشین بووه. چەند جارێک ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە‌. لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقای هەبووە و لە قوتابخانە کاریگەریی مامۆستا (حەمەی دادە ڕەعنا) لەسەر بووه،‌ کە ئامێری کەمانچەی ژەنیوە. خۆڕسکانە خۆی فێری مۆسیقا کردووە. لە ٢٦ی ٤ی ١٩٧٣ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا تیپی (مۆسیقای هەڵەبجە)یان دامەزراندوە، کە ساڵی ١٩٧٩ ناوەکەی بووە بە‌ تیپی (مۆسیقای شنروێ) و لەو کاتەوە تا ئێستا سەرۆکی تیپەکەیە. کە خوێندکاری زانکۆ بووە، لە(مەڵبەندی ڕۆشنبیریی زانکۆ) فێری خوێندنەوەی نۆتەی مۆزیک بووە. یەکەمین ئاوازی لە ساڵی ١٩٧٤دا داناوە و تا ئێستا نزیکەی ١٥٠ ئاواز، یان ئامادەکردنی مۆزیکی بۆ گۆرانیبێژان داناوە و دەیان فێرخوازی‌ فێری مۆسیقا کردووە‌. ماوەیەک وەک لێپرسراوی (خانەی مۆزیکی منداڵان) لە سلێمانی کاریکردووە. لەگەڵ (عادل حەسەن)ی هاوڕێیدا، فێرگەیەکی فێربوونی مۆزیک و گۆرانییان لە شاری هەڵەبجە کردووەتەوه و بەردەوامە لە کاری هونەری‌. دوو کتێبی (هەڵەبجە و سەمای نۆتەکان، هەڵەبجە و مۆزیک، بیرەوەری و یاد) بە چاپ گەیاندووه. ‌

ئەسعەد قەرەداغی

گۆرانیبێژ و ئەکادیمیی بواری مۆسیقایە. ناوی (ئەسعەد شێخ عومەر شێخ محەممەد شێخ عەبدول لەتیف)ـە. ساڵی ١٩٥١ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی زانست بەشی کیمیای خوێندووە. لە منداڵییەوە خولیای گۆرانی و مۆسیقا بووە. چەندین بەرھەمی بۆ تەلەفزیۆن تۆمارکردووە. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی (تیپی مۆسیقای سلێمانی)، (تیپی مۆسیقای زانکۆی سلێمانی) و (کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان)ـە. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە‌ وڵاتی سوید نیشتەجێیە. ساڵی ٢٠٠٠ بەشی پەروەردەی لە زانکۆی (سۆدرتۆن) تەواوکردووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و سویدی دەزانێت. چەندین کتێب و نامیلکەیەکی چاپکراوی هەیە، لەوانە (فەرهەنگی مۆزیک)، (ئەی ڕەقیب له ‌تای تەرازوودا) و (فەلسەفەی مۆزیک/ بە دوو بەرگ)، هەروەها چەندین وتاری زانستی و ھونەری و پەروەردەیشی بڵاوکردووەتەوە.

ئەڵڵاکەرەم کەمال عەلی

بە هەورامان خارگێڵانەیی ناسراوە، ساڵی ١٩٧٨ لەدایکبووە. ئەندامی کارای لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. خاوەنی ٣٠ بەرهەمی گۆرانییە بە کرمانجی ناوەڕاست و هەورامی، خێزاندارە، خاوەنی ٤ منداڵە و فەرمانبەرە.

ئەمیر ئەرسەلان محەممەد: ئەمیری ڤایلۆن

ساڵی ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی موزیک وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە دەستی بەکاری مۆسیقی کردووە. لە کازیوەی منداڵان، سەنتەری پاراستنی منداڵان، گەنجانی هەڵەبجە وانەی وتووەتەوە. بەشداری زیاتر لە ٥٠ فیستیڤاڵ و کۆنسێرتی کردووە. حەوت ساڵ ئەندامی کارای گروپی موزیکی هەڵەبجە بووە. ساڵێک بەڕێوەبەری گروپی موزیکی بەرنامەی ئێوارانی‌NRT٢ بووە. ئەندامی کارای گروپی ژێداری ڤینۆ پڕۆدەکشن و گروپی میوزیکی شنروێ بووە. دامەزرێنەری ئەکادیمیای میوزیکی هەڵەبجە بووە. لەئێستادا لە شاری هەڵەبجەی شەهید نیشتەجێیە و خاوەنی ستۆدیۆ ژێدارە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

ئەنوەر قەرەداغی

ئاوازدانەر، دەنگخۆش، ژەنیار و نوسەرە. ناوی (ئەنوەر شێخ عومەر شێخ محەممەد شێخ عەبدوللەتیف)ـە. ساڵی ١٩٤٦ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. دامەزرێنەری چەندین گروپ و تیپی مۆسیقایە، لەوانه (خۆشی و بەختیاری)، (ھیوا)، (سلێمانی)، (زانکۆی سلێمانی)، (کیژان) و (ئۆرکێسترای سلێمانی). ھەروەھا لە دامەزراندنی پەیمانگای (ھونەرە جوانەکانی سلێمانی)دا ڕۆڵی هەبووە. مامۆستا و ڕابەری موزیکی چەند نەوەیەک بووە و لە دەیان کۆڕ و سیمینار و کۆبوونەوەی ھونەری لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات و لە زۆر فیستیڤاڵ و بۆنەی تایبەت بە ھەڵەبجە بەشدارییکردووە. لەگەڵ هونەرمەنداندا بەرهەمی تایبەتی بە هەڵەبجە پێشکەشکردووە. لەوانە کۆراڵی هەستانەوەی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٧١یش ئاهەنگی تیپی مۆسیقای سلێمانیان هێناوەتە هۆڵی ئامادەیی هەڵەبجە. گەلێک ئاوازی ڕەسەنی زیندوکردونەتەوە و دابەشی نوێی بۆ کردوون، بایەخی بە بۆنەی یشتمانی و نەتەوەیی و ئایینی داوە و لەگەڵ زۆرێک لە هونەرمەند و گۆرانیبێژە ناودارەکان کاریکردووە و ستۆدیۆی تایبەتی بە تۆمارکردن هەبووە. دەزگاکانی ڕاگەیاندن بایەخیان بە توانا و کارەکانی داوە و چەندین پڕۆگرامی سەرکەوتووی پێشکەشکردووە. هەندێک لەکارەنەمرەکانی: لە درزی پەچەوە، یاران وەسیەتم، شەو، ..هتد. لە ژیاندایە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.

ئومێد نووری محەممەد

موزیسیان و شانۆکارە. ساڵ١٩٥٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی قۆناغی ئامادەییە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای شنروێیە. عازفی ئۆرگ و ئۆرکۆدیۆنە. لە بەرهەمەکانی نواندن و مۆسیقای شنروێ و منداڵانی ماملێدا کاریکردووە. ئاوازی بۆ شیعری لە خەوهەستن داناوە، کە لە دوای کۆچیدواییەوە، وەک مارشێکی پەروەردەیی لە لایەن عەزیز حەمەکەریم و هاوڕێکانییەوە کاری لەسەرکراوە. خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ٢٠٢١ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی بەکرەجۆ بەخاکسپێرراوە.

ئیبراهیم نەجمەدین

بە بلەی دەف ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. بەکالۆریۆسی لە مۆسیقا وەرگرتووە. لە وەرزشەوانانی تیپی تۆپیپێی شنروێ بووە. لە ژەنیارانی نەوەدەکانی تیپی مۆسیقای شنروێیە و زەرب و دەف لێدەدات و لە زۆربەی بەرهەمەکانی تیپەکەدا لەناو شار و هەرێمی و دەرەوەدا بەشداربووە و لە زۆرێک لە یادەکانی هەڵەبجەدا ئامادەیی هەبووە. خۆیشی گۆرانییەکی بۆ گەلی کوردستان تۆمارکردووە. ئەندامی لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، فەرمانبەرە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.

ئیحسان کەریم عەلی

موزیسیان و شانۆکارە. ساڵی ١٩٧٦ لە (باوەکۆچەک) لەدایکبووە. دەرچوی پەیمانگای مامۆستایانە. لە یادەکانی هەڵەبجە و ئاهەنگی هێنانەوەی ڕووناکی بۆ هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٩٢دا بەشداریکردووە. دەیان فێرخوازی پێگەیاندووە. سەدان کاری گۆرانی و مۆسیقی بۆ منداڵان ئەنجامداوە، لەوانە کەڤاڵی: هەنگ، گیانداران، وەرن وەرن منداڵان، هەیڤ، منداڵە ونبووەکان. چەندین کاری لەگەڵ گروپە شانۆییەکانی هەڵەبجەدا کردووە، لەوانە: خۆروباران، منداڵە شقارتەفرۆشەکە، شازادە تەنیاکە، پانۆرامای دێری عاشقان، حزبی کەرامەت و سەلامەت، دارۆی بە وەفا، گۆمی مەنگ، منیش حەزم لەیارییە، قەلو ڕوتە..هتد. ماوەیەک‌ بەڕێوەبەری چالاکیی هونەری هەڵەبجە و لێپرسراوی نوسینگەی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندان بووە. لە چەند خولێکدا سەرپەرشتاری پێشانگای شێوەکاری مامۆستایان و پۆستەر بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. پیشەی مامۆستایە.

ئیمان قادر عەبدولڵا

ساڵی ١٩٩٩٣ لە دایکبووە. دەرچوی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە. ژەنیاری ئامێرە ڕیتمییەکانە، ئەندامی گروپی میوزیکی باڵانبۆ و مشەختی، ئەندامی کارای لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانە. لەگەڵ زۆرێک لە گروپە میوزیکیەکان لە بۆنەکانی شەوی یەڵدا و کۆنسێریتی هونەرمەندان حەمەڕەئوف کەرکوکی، ئاریان کریم، هۆشیار حەمەفەرەج..هتدا بەشداربووە، لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، مۆسیقای شەقامی ئەنجامداوە. ئێستا مامۆستایە.

بورهانی موزەمید

یەکێکە لە موزیسیانە دێرینەکانی هەڵەبجە. ناوی (بورهان ڕەئوف ئیسماعیل)ـە. ساڵی ١٩٢٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژەنیاری ئامێرەکانی (عود) و (کەمان)ـە. لە بۆنەو ئاهەنگەکانی جارانی هەڵەبجەدا بەشداریکردووە. لەگەڵ هونەرمەندان: خاڵۆ مینە، ئەسعەدی کەبابچی و گۆرانیبێژانی وەک، عومەر خەزان، شێخ غەریب، نوری مارکۆنی... لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا وەک ژەنیار دەرکەوتووە. لە دوای بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لەگەڵ کەمال مستەفا خەفاف بە عود و کەمان بەردەوامبووە. ساڵی ١٩٧٢ لە باخی عەلەبەرانی لەگەڵ عەباسی کەبابچی بە تەپڵ و عاسی موختار بە ئۆرکۆدیۆن ئاهەنگێکی مۆسیقای بەڕێوەبردووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. ساڵی١٩٨٨ کۆچیدواییکردووە.

جەهانگیر جەلال نادر

ساڵی ١٩٧٧ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. دەرچووی ناوەندییە. خاوەنی زیاتر لە ٣٠ ئاوازی تایبەت بە خۆیەتی. ئاواز و مۆسیقای بۆ دەیان کاری شانۆیی داناوە. دامەزرێنەر و سەرپەرشتیکاری چەند گروپ و تیپێکی مۆسیقی بووە لە هەڵەبجە. بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی هونەری و ئەدەبیدا کردووە. وەک فیستیڤاڵەکانی (هەورامان، ئۆرمون، هەڵەبجە، گوڵە هەنار، میوزیکی چوارپارچەی کوردستان) و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە بەرنامەی هونەری زۆرێک لە تەلەفزیۆنەکاندا بەشداریکردووە. ماوەی ١٤ ساڵ لە منداڵپارێز وانەی میوزیکی وتووەتەوە و خولی فێرکاری لە سەنتەرەکان پێشکەشکردووە. ژەنیاری ئامێری سەنتوورە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە بەشی چالاکی هونەریی لە هەڵەبجە.

خالد عومەر عەزیز

ساڵی ١٩٨٩ لەدایکبووە، دەرچووی ناوەندییە، ژەنیاری عود و ساز و کیبۆردە، خاوەنی دە بەرهەمی هونەریی خۆیەتی. سەرۆکی تیپی مۆسیقای باڵامبۆیە و شارەزای پڕۆگرامی دەنگ و دروستکردنی گۆرانییە و خاوەنی ستۆدیۆی خۆیەتی و کاری میوزیکی بۆ چەند فلیمێک کردووە، لەوانە ڕژان. ئەندامی لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانە. خێزاندارە و خاوەنی یەک منداڵە و فەرمانبەرە لە وەزارەتی ناوخۆ.

خالد فتاح قادر بەگ

ساڵی ١٩٧٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەییە، لە تیپی هونەری ڕاستی و دواتر دەزگای هونەریی پەیام، دەستی بەکاری هونەری کردوە. لەساڵی ١٩٩٧ ەوە بوەتە سەرپەرشتیاری تیپی هونەریی ڕێژنەی منداڵان، کە تا ئـێستا ٢٠ فیستیڤاڵی گۆرانی و مۆسیقی منداڵانیان ئەنجامداوە. کە بەرپرسی بەشی میوزیکی دەزگای پەیام بووە، گروپی میوزیکی شنیای منداڵانی دروستکردووە و شەش فیستیڤاڵیان ئەنجامداوە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی گروپی میوزیکی هەڵەبجەیە. خێزاندارە و کارمەندی تەندروستییە. لە ئێستادا خاوەنی ستۆدیۆی مۆڵەتپێدراوی میوزیک و دەنگە و چەندین کاری سرود و گۆرانی تۆمارکردووە. بەرپرسی بەشی میوزیکی گەشەپێدانی چالاکیی لاوان و ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە.

ڕزگار سدیق مەعروف

موزیسیانە. بە ڕزگاری شێخ سدیق ناسراوە. لە ژەنیارەکانی ساڵانی هەشتاکانی تیپی مۆسیقای شنروێیە. عازفی ئۆرکۆدیۆنە. ١١ی ١٩٦٥ لەدایکبووە. بەشداری بۆنە و چالاکییە هونەریەکانی کردووە و چەندین ئاوازی داناوە. لەوانە گۆرانییەکانی ئۆپەرێتی (ڕێویە و لە پێستی شێردایە). خێزانی پێکنەهێناوە. ئێستا لە سوید دەژی.

ڕێباز سادق فەتحوڵا

موزیسیانە، ژەنیاری ڤایۆلینە. ساڵی ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. لەسلێمانی خوێندوویەتی، پەیمانگای هونەرەجوانەکانی خوێندووە و پاشان لە زانکۆ بەکالۆریۆسی لە میوزیک بەدەستهێناوە. لەگەڵ ئۆرکسترای ژێداری کورد، سلێمانی، گەنجانی عێراق، گەنجانی عەرەب، گروپی میوزیکی سەهەند، حەبیبە، ..هتد کاریکردووە. کاری ژەنین و عەزفی بۆ زۆربەی هونەرمەندان کردووە، لەوانە، ناسری ڕەزازی، نەجمەی غوڵامی، عەدنان کەریم، کانی، هانی، دیاری قەرەداغی، موعین ئەسفەهانی، پەیوەند جاف، کەمال محەمەد، ئەیوب عەلی،..هتد. لە چەندین پرۆگرامی تیڤی و چالاکیی هونەری و کۆنسێرت و فیستیڤاڵی گەورەدا لە ناوەوە و دەروەی وڵاتدا بەشداربووە. ئەندامی لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و مامۆستای میوزیکە لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی. خێزاندارە و خاوەنی یەک منداڵە.

ڕێهات عەزیز

ژەنیار و براوەی خەڵاتی ڕوانگەیە‌ بۆ مۆسیقا. ناوی (ڕێهات عە‌زیز حە‌مە‌کە‌ریم)ـە. باوکی بە (مامە عە‌زە) ناسراوە. ساڵی ٢٠٠٠ لەدایکبووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بە سەر‌کەوتوویی بڕیوە. بەهۆی ئەوەی باوکیشی له ‌بواری هونەری مۆسیقادا بووە و هانیداوە، چووەتە (پە‌یمانگای ھونە‌رە جوانە‌کان) لە سلێمانی و ئامێری کلارنێتی هەڵبژاردووە. بەشداری چەندین چالاکیی ڕۆشنبری و هونەری و ئەدەبی کردووە. ساڵی ٢٠١٨ کاتێک لە کۆتا ساڵی خوێندنی بوو، بە ناوی شاری هەڵەبجەوە چووەتە پیشبڕکێی خەڵاتی (ڕوانگە)وە و خە‌ڵاتی یە‌کە‌می بواری میوزکی تاکژەنی پێبە‌خشراوه، هەر هەمان ساڵیش کۆچیدواییکردووە.

شوان محەممەد عەلی

موزیسیان و ژەنیاری ئامێری کەمانە. ناوی (شوان محەممەد عەلی مەجید)ە و بە (مەجیلان) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی ئامادەیی هەیە. ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە (تیپی مۆسیقای شنروێ)وە کردووە و لەزۆربەی بەرهەمەکانیاندا لە هەڵەبجە و شارەکانی کوردستاندا بەشداربووە. ساڵی ١٩٨٣ پێنج بەرهەمیان لە ستۆدیۆی تیپی مۆسیقای مەولەوی تۆمارکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە. لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.

عادل حەسەن حەمەئەمین

ژەنیار و دەنگخۆشە‌. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (عەنەب) لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە موزیکدا بەدەستهێناوە. لە لاوێتیەوە توانای دەنگخۆشی و خولیای بۆ مۆسیقا هەبووە، بەتایبەت ئامێری کەمانچە. ئەندام یاخود دامەزرێنەری چەندین تیپی مۆسیقا بووە، لەوانە (تیپی موزیکی دیلان لە ساڵی ١٩٨٧، تیپی موزیکی مەشخەڵ لە ساڵی ١٩٩٤) و ئەندامی سەرەکیی (تیپی موزیکی شنروێ، تیپی موسیقای سلێمانی) بووە. لە ئێستادا لە فێرگەی موزیکی شنروێ لە شاری هەڵەبجە بەردەوامە. کاری موزیکی بۆ چەندین هونەرمەندی هەڵەبجە و کوردستان کردووە، لەوانە: بەهرۆز بەڵخەیی، حەمەڕەووف کەرکوکی، سابیر کوردستانی، ئەکرەم ڕەشید، وشیار حەمەفەرەج، تاڵب ڕەسوڵ و نەوشیروان هەورامی و حەسەن حسێن و سیروان لهۆنی و هەورامان عیزەت و ئازادە ڕەش و کۆچەر عومەر و تاڤگە تفەنگچی و نەجم محەممەد و شاخەوان کەیخەسرەو و نیان عەبدوڵا. چەندین کۆراڵی بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە کردووە. لە بۆنە و یادەکاندا سەرپەرشتی تیپی شنروێی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

عبدالبسیر حسین حەمەڕەشید

موزیسیانە، بە بینا باران ناسراوە، ساڵی ١٩٨٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی فارسیدا بە دەستهێناوە. ژەنیاری تار و سێتارە. لەگەڵ گروپی هەڵەبجەدا بەشداری چەندین کۆنسێریت و ئاهەنگی بۆ هونەرمەندان، ئەحمەد بەرزنجی، شەهین تاڵەبانی، ئاریان کەریم، کردووە. هەشت ساڵ وانە میوزیکی لە سەنتەری گەنجان وتوەتەوە و لە فیستیڤاڵە هونەری ئەدەبییەکانی هەڵەبجەدا بەشداریکردووە، لەوانە: گوڵەهەنار. دامەزرێنەری ماڵی ئاگۆرا بووە بۆ کاری هونەری و ڕۆشنبیری. ئێستا فێرکاری میوزیکە لە ئۆفیسی ڕایەڵ و نیشتەجێی هەڵەبجەیە.

عەلی عابدی

موزیسیانە. خاوەنی ئاواز و وتنی سرودی لاوکی هەڵەبجەیە. ناوی تەواوی عەلی مستەفا ساڵحە، ساڵی ١٩٧٠ لە سەردەشت لە دایکبووە. لەساڵی ١٩٧٦ وە تۆمارگایان هەبووە بە منداڵی ئاشنای هونەری ڕەسەن و هونەرمەندانی ناوچەکانی کوردستان بووە. زیاتر لە ٤٠ ساڵ ماڵەکەی وەک فێرگە و بنکەی میوزیک بووە. بەرپرسی مۆسیقای سەردەشت بووە. لە زیندوڕاگرتنی کیمیابارانی سەردەشتدا ڕۆڵی هەبووە. بە بینینی دیمەنەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە تووشی شڵەژانی دەروونی و خەمۆکی بووە. دوو سرودی بۆ هەڵەبجە داناوە. لە شارەکانی سەردەشت، سنە، ئیسفەهان، هەمەدان، تەورێز، هەڵەبجە، بۆ یادی هەڵەبجە، بەشداربووە. چەندین هونەرمەند ئاوازەکانیان خوێندووە، لەوانە: ژاڵە، هێدی، تارا ڕەسوڵ، کامەران عومەر، حەمید عوسمان..هتد. لەگەڵ زۆرێک لە هونەرمەندان ژەنیاریکردووە، لە وانە: نەجمەدین غوڵامی، عەلی زەندی، تاهیر خەلیلی، کامەران عومەر، ئەردەوان ڕۆستەم پور..هتد. پەندی پێشینانی بە شمشاڵ و حوزوری قالەمەڕە تۆمارکردووە و چوار کتێبی لە باشور و خۆرهەڵات بڵاوبوونەتەوە. داوەری میهرەجانی بەیت و حەیرانی سەردەشتی کردووە. دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای سەردەشت و سروە و نەکەرۆز بووە. یەکەم کەس بووە لە خۆرهەڵات ئاوازی بۆ شیعری نوێ داناوە و تێکەڵی گۆرانی کردووە. خێزانی پێکهێناوە. لەپای خزمەتەکانی بە هەڵەبجە، ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و کاروباری شەهیدان و شارەوانی و کۆمەڵەی قوربانیان و ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە، لەهۆڵی د. مستەفا زەڵمی، ڕێزلێنانی بۆکراوە.

1 2 دواتر