بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
ئەحمەد کوڕی شێخ محەمەد بەهادینی کوڕی شێخ حیسامەدینە. ١٩٢٢ لەگوڵپ لەدایکبووە. قورئان و کتێبە سەرەتاییەکانی لای مەلا خالیدی موفتیزادە لە باخەکۆن خوێندووە. زۆربەی ژیانی لە گوڵپ و تەوێڵە و هەڵەبجە بەسەربردووە و سەپەرشتی خانەقاکانی کردووە. ساڵی پەنجاکان دێتە هەڵەبجە و خانەقایەک لە گەڕەکی کانیعاشقان دروستدەکات. ١٩٧٥ دەچێتە ئێران و دەگەڕێتەوە هەڵەبجە، تا ساڵی ١٩٨٨. سێجار هاوسەرگیری کردووە. مەحاسینی شەریفەی پاراستووە. ٥ی١٠ی ١٩٨٩ لە تاران کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی شێخ محەمەد باقر لەسنە نێژراوە و لەسەر وەسیەتی خۆی شێخ عەلی کوڕی بووەتە جێنشین.
کەسایەتییەکی ئاینییە. ساڵى (٤١٧ک - ١٠٢٦ز) لە گوندى (نێرگزەجاڕ) لەدايکبووە. ساڵى (٥٠١ک -١١٠٧ز) کۆچیدوايیکردووە و لە گوندى (پوشێن)ى سەر بە ناوچەى شارباژێر بەخاکسپێرراوە .
ئیمام و مودەڕیسی مزگەوتی (خانم)ـە. زانا و عارفە. ناوی (شێخ ڕەسوڵى تەکيەیى کوڕى شێخ محەممەد کوڕى شێخ ڕەسوڵ کوڕى شێخ محەممەد)ە. ساڵى ١٨٩٠ کۆچى لە گوندى تەکيەى ناوچەى قەرەداغ لەدايکبووە. لای باوکی وەک فەقێ دەستی بە خوێندن کردووە و دواتر سەرجەم زانستە شەرعييەکانی لەلای مامۆستا شێخ بابەعەلى تەکيەيى خوێندووە و هەر بۆ خوێندن، سەردانی هەڵەبجە و بیارەی کردووە. لە خزمەتى شێخ عەلاديندا ماوەتەوە و تەسەوفی وەرگرتووە. شێخ عەلادین شێخ ڕەسوڵ لەگەڵ خۆيدا بردویەتی بۆ لاى موفتى هەڵەبجه، کە ئيمام و وتاربێژی مزگەوتى گەورەى هەڵەبجە بووە. لەوە بەدوا موفتی هەڵەبجە و شێخ ڕەسوڵ وەک کوڕ و باوک پێکەوە دەستدەکەن بە هەڵسوڕاندنى کاروبارى مزگەوتی گەورە، شێخ ڕەسوڵ زياتر بەکاروبارى وانەوتنەوەوە سەرقاڵبووە. دانیشتوانی هەڵەبجە و دەوروبەری زۆریان خۆشویستووە و ڕێزیان لێگرتووە. لە مزگەوتی جامیعە و لە مزگەوتی خانم قوتابی و زانای زۆری پێگەیاندووە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێرراوە.
لە بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندییە. پزیشکی میللییە. ناوی (ساحێب نەجمەدین عومەر عوسمان نەقشبەندی)یە و بە (شێخ ساحێب) ناسراوە. ساڵی ١٩١٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. لە حوجرەدا خوێندویەتی، دواتر بۆ کاری تەریقەت و ئیرشادی ڕووی لە باکوری ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان کردووە. ساڵی ١٩٥٢ بۆ ئیرشادی چووەتە گوندی (پشتە)ی سنوری شارۆچکەی بەمۆ و خانەقاکەی نۆژەنکردووەتەوە. کاری ئیرشادی پزیشکیی میللی تێدا کردووە. یەکەم کەس بووە لە ساڵی ١٩٦٧ ئاشی بردووەتە بناری بەمۆ و گوندی (پشتە)، کە بە گازوایل کاریکردووە. پاش ڕاگواستنی گوندەکانی بناری بەمۆ، لە شارۆچکەی زەڕایەن نیشتەجێبووە و دووبارە خانەقایەکی بەناوی خانەقای (شێخ ساحێب نەقشبەندی) دروستکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٨١ لە شارۆچکەی زەڕایەن کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە.
کەسایەتیی ئاینی، ناوی سدیق مەعروف نێرگسەجاڕیە، لە گوندی نێرگسەجاڕ لەدایکبووە، ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە، بەهۆی کۆچیدوایی باوکی (شێخ مارفی نێرگسەجاڕ)ەوە خوێندنی بۆ تەواونەکراوە و سەرقاڵی ئیدارەدانی قوتابخانە و مزگەوتی نێرگسەجاڕ بووە و پشتیوانی زانا و قوتابیانی مەدرەسەکە بووە و وەک باوکی، کۆمەڵێک هەتیوی لە تەکیەکەیدا هێشتوەتەوە و بەخێویکردوون، ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە ئاشتەواییە کۆمەڵایەتیەکانی ناوچەکەدا، گرنگیەکی تایبەتی بە پیشەسازی و دەستڕەنگینی داوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٣٦١ کۆچیدواییکردووە.
زانای ئایینییە. ناوی (عەبدولڕەحمان کوڕی شێخ عەبدوڵای کوڕی شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ محەممەدە کۆسەیە). لەلای باوکی خوێندویەتی. ژیانی لە گوندی (خەرپانی) بووە و ژیانی هاوسەریی لەگەڵ کچێکی شێخ عوسمانی بیارەدا پێکهێناوە، بەڵام منداڵی لێی نەبووە. ساڵی ١٨٤٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی شێخەکانی خەرپانی بەخاکسپێرراوە.
له دەوروبەری ساڵی ١٨٣٨ لەدایکبووە. لە خانەقای بیارە خوێندویەتی و لەسەر دەستی باوکی تەریقەتی وەرگرتووه و لە گوندی (گوڵپ) ژیاوە. دەستی هۆنراوە و پەخشاننوسینی هەبووە و نازناوی (بوولوەفا) بووە. جگە لە زمانی کوردی، فاسیشی زانیوە و هۆنراوە و نامەی پێ نوسیوە. مامۆستا مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس لە کتێبی (یادی مەردان/ بەرگی دووەم)ی ژمارەیەکی زۆر لە هۆنراوە و چەند نامەیەکی کۆکردووەتەوە. سەردانی شارەکانی سنە و بەغدادی کردووه. پاش گەڕانەوەی لە حەج نەخۆش کەوتووە و لە دەوروبەری ساڵی ١٨٧٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (غەزالی) بەخاکسپێرراوە.
زانای ئایینییە. ناوی (عەبدولکەریم کوڕی شێخ عەبدوڵای کوڕی شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ محەممەدە کۆسەیە). ماوەیەک لە خوێندنگاکەی باوکی لە خەرپانی خوێندویەتی و بۆ هەمهان مەبەست زۆرێک لە شارەکانی عێراقدا گەڕاوە و لە شاری کەرکوکدا زۆر ماوەتەوە. کە گەڕاوەتەوە خەرپانی، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و لە خزمەتی باوکیدا ماوەتەوە و خوێندنی تەواوکردووە. ساڵی ١٨١٦ کۆچیدواییکردووە.
زاناو مامۆستا بووە. ناوی (عەبدوڵاى کوڕی شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ محەممەدە کۆسەیە) باپیرانی لە تەکیەی قەرەداغەوە هاتوونەتە گوڵعەنبەر، باوکی هاتووەتە خەرپانی و لە دەوری ساڵی ١٧٤٢ شێخ عەبدوڵا لەدایکبووە. بۆ خوێندن و پێگەشتن چووەتە هەولێر و کەرکوک و لە خزمەت سەید خزری حەیدەری ئیجازەی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە خەرپانی و خەریکی تەدریس بووە. نزیکەی سەدساڵ ژیاوە و حەفتا ساڵ تەدریسی کردووە. سێ نەوە لە لای ئەم شێخە خوێندوویانە. خاوەن پێگەی زانستی بووە لای میرانی بابان و ژیانی خۆی و مەدرەسە و قوتابیانیان مسۆگەر کردووە. بەروبوومی خەرپانی و هەندێک لە باخەکانی تەوێڵەیان بۆ مەسرەف پێداوە. کوردستان لە سەردەمی ئەمدا سەردەمی زێڕینی زانیاری تێپەڕاندووە. لە قوتابییە دیارەکانی (مەولانا خالدی شارەزووری و نالی و موفتی زەهاوی و مەلایاسینی تەوێڵە...) شێخ عەوبدوڵڵا تەمەنێکی زۆری لەگەڵ کتێب و وانە وتنەوەدا دەباتە سەر، تا لە ١٨٣٨ کۆچیدواییکردووە و لە خەرپانی بەخاکسپێرراوە.
مورشی، پیر و جێنشینی تەریقەتی نەقشبەندیە. ناوی (عەلائەدینی کوڕی شێخ عومەر زیائودینی کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدین)ـە. ساڵی ١٨٦٣ لە (بیارە) لەدایکبووە. لەلای مەلا حامیدی بێسارانی قورئان و فیقهـ و نەحو سەرف دەخوێنێ. لە خزمەتی شێخ بهادینی مامیدا لەگەڵ شێخ نەجمەدینی برایدا قۆناغەکانی سەیر و سلوک دەبڕێت و تەریقەت وەردەگرێت. دوای مردنی شێخ بەهادینی مامیان ١٨٨٠ دەگەڕێتەوە بیارە و لە خزمەت شێخ عومەری باوکیدا دەبێت. ساڵی ١٨٩٢ هاوسەرگیری دەکات و هەمان ساڵ لە خزمەت باوکیاندا مۆڵەتی تەریقەت و ئیرشاد وەردەگرێت. دوای کۆچیدوایی شێخ عومەری باوکی و جێگیربوونی شێخ نەجمەدینی برای لەسەر بەرماڵی ئیرشاد، چووەتە گوندی (سەوڵاوا) لە خۆرهەڵاتی کوردستان و خانەقا و خوێندنگەی دووڕۆی پێدەسپێرن. گەڕاوەتەوە بیارە و دەستیکردووە بە بوژانەوەی مەدرسە و خانەقا لە ڕووی مەعنەوی و زانیارییەوە، چەندین مەلا و زانا و شاعیر هاتوچۆی بیارەیان کردووە. لەسەردەمی ئەمدا مەلا بەها ئیمام و سەرحەڵقەی خەتم و سەید مەزهەری کاتب و مەلا تاهیری مەلا حسێن خادیمی مەرقەد و سەید نیزام موعتەمید و میرزا ئەحمەد بەردەستی شێخ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس مامۆستا و وتاربێژی جومعە بووە. ساڵی ١٩٥٤ لە شارۆچکەی بیارە کۆچیدواییکردووە و لە مەرقەدەکەدا بەخاکسپێرراوە.
ڕاوێژکار و نوێنەر و یەکەم خەلیفەی شێخ عوسمانی سراجەدینی تەوێڵەیە. لە تەوێڵە لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی دیار نییە. پێدەچێت هاوتەمەنی شێخ عوسمان بێت. بە شێخ (عەلییە کۆڵە) ناسراوە. باوکی شێح حەیدەری زانا و زاهد و خۆشنوسە. ساڵی ١٨٥٨ لە تەوێڵە کۆچیدواییکردووە. مەولەوی ساڵی مردنەکەی لە شیعرێکا تۆمارکردووە.
داناو زانا و مرشد و پیری نەقشبەندی بووە. ناوی عەلی حوسامودینی کوڕی شێخ محەممەد بەهائودینی کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدینە. ساڵی ١٨٦١ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لە بەناوبانگترین شێخانی تەریقەت و ناسراوترین نەوەی سراجودیینە. نوسەرێکی کارامە و خەتحۆش و خاوەنی کەشکۆڵ بووە. زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی بە باشی زانیوە. ڕێبازی قادری لەسەر دەستی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ عەلی کەرکوک وەردەگرێت. شێخ حسامەدین لە سێ شوێن خانەقای هەبووە (تەوێڵە، خورماڵ، باخەکۆن). مەنزڵگەی نزیک بە سنوری سێ دەوڵەتی عێراق و ئێران و تورکیا بووە. گەلێک مزگەوتی دروستکردووە، وەک مزگەوتی (نوێن و خورماڵ و سەقز). لەگەڵ ئەدمۆنز خۆشی هاتووە. دەسەڵاتی مەعنەوی بەسەر ڕۆم و عەجەمدا هەبووە. لەشام و حەڵەب و ئەستەنبوڵەوە موریدانی خەڵکیان هێناوەتە دەرگای. ژمارەیەک جێنشینی لە وڵاتانی جۆراوجۆر هەبووە. پەیوەندیی باشی لەگەڵ شاعیران و زانایانی سەردەمەکەیدا هەبووە. هاندەر و یارمەتیدەرێکی باشی زانست و خوێندەواری بووە. لە کردنەوەی قوتابخانەکاندا هاوکارییەکی باشی پێشکەشکردووە. گەلێک کاربەدەست و ڕۆژهەڵاتناس سەردانیانکردووە. خاوەنی کەشکۆڵێکی شیعرییە، ئەم پیرە ساڵی ١٩٣٩ کۆچیدواییکردووە و لە باخەکۆن بەخاکسپێرراوە.
کەسایەتیی ئایینی و شاعیرە. ناوی (محەممەد کوڕی شێخ عەلائەدین کوڕی شێخ عومەر کوڕی شێخ عوسمان سیراجودین)ـە. ساڵی ١٨٩٦ لە گوندی (سەفی ئاوا)ی نزیک جوانڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لەسەر دەستی باوکی دەستی بە خوێندنی ئاینی کردووە. پاش کۆچیدوایی باوکی، لە شوێنی دانراوە. ساڵی ١٩٥٨ بیارەی بەجێهێشتووە و ڕووی لە گوندی (دووڕووە)ی هەورامانی کوردستانی خۆرهەڵات کردووە و نزیکەی بیست ساڵ لەوێ ماوەتەوە و خانەقاکەی ئاوەدانکردووەتەوە، هەر بەم هۆیەشەوه به (شێخ عوسمانی دووڕووە) ناسراوە. چەند جارێک ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. کە گەڕاوەتەوە بیاره، وەفدێکی بەرزی حکومی لە بەغداوە بۆ بەخێرهاتنەوەی هاتووەنەتە بیارە. زۆر نەماوەتەوە و بەرە و بەغداد و ئەردەن و دواتریش تورکیا سەفەریکردووە. هەزاران موریدی نەقشبەندی و لایەنگری تەریقەت لە خانەقاکەی کۆبوونەتەوە و پەیڕەویان لەسەر دەستی وەرگرتووه. هۆنراوەکانی کۆکراوەتەوە و لە (دیوانی حەزرەتی شێخ محمەد عوثمان سراج الدین نەقشبەندی)دا چاپکراوە. ساڵی ١٩٩٧ لە تورکیا کۆچیدواییکردووه.
کەسایەتیی ئاینی، ڕأبەری نەقشبەندیی کوردستان و یەکەم خەلیفەی مەولانا خالدبووە. ناوی (شێخ عوسمان کوڕی خالید ئاغای کوڕی عەبدوڵا ئاغای کوڕی سەید محەممەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٧٨١ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. نراوەتە بەر خوێندنی نەحو، سەرف و شەرعی خوێندووە و قورئانی تەواوکردووە. هەر بۆ خوێندن چووەتە: بیارە، خەرپانی و خورماڵ. لەسەر دەستی (مەولانا خالید نەقشبەندی) تەریقەتی وەرگرتووە و خەریکی ئیرشاد بووە. چەندین کەس لەسەر دەستی سلوکیان کردووە و چەندین خەلیفە و مەنسووبی هەبووە. چەند جارێک ژیانی هاوسەریی پێکهێناوه. دامەزرێنەی ڕێبازی نەقشییە لە هەورامان و یەکەم خەلیفەی مەولانا بووه، کە خانەقای نەقشی لە تەوێڵە کردبێتەوە. دوای کۆچکردنی مەولانا خالد ماوەیەک لە سلێمانی لە جێی مەلانا لە خانەقا دانیشتووە. باوکی بولبەها و بولوەفا و شێخ عومەرە. گەلێک نامەی لێ بەجێماوە و ڕێزی لە زانایان گرتوە. ڕێگری لە فراوانبوونی مەزهەبی شیعی کردووە و وەفدی بۆ ئەو مەبەستە ناردووتە لای غوڵامشاخان. مەولەوی کردووتە مامۆستا و مودەرسی مرید و خەلیفە و مناڵەکانی، دەوروبەری ساڵی ١٨٦٦ کۆچیدواییکردووه و لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.
کەسایەتیی کۆمەڵایەتییە. ناوی (قادر کوڕی شێخ شەمسەدین شێخ عەلی کوڕی شێخ محەممەد نۆدیی)یە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. ئەگەرچی تا پۆلی شەشی بنەڕەتی خوێندووە، بەڵام کەسێکی ڕۆشنبیر و بە ئەزموون و بەئاگا بووە لە گۆڕأنکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لە زۆر پرس و بۆنەدا ڕاوێژی پێکراوە. ساڵی ١٩٨٨ لە ژیانی ئاوارەییدا و لە ئوردوگای (شوێشە) لە وڵاتی ئێران نوێنەر و قسەکەری یەکەمی ئاوارەکان بووە. پاش ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە بۆ خورماڵ و ماوەی ٣٢ ساڵە لەپاڵ دوکاندارییەکەیدا، وەک ئەنجومەنی شارۆچکەی (خورماڵ) کاردەکات. ساڵانی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٣ بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەکەوە و لە بۆشایی نەبوونی مودیرناحیەدا، شێخ قادر ئەو ئەرکەی جێبەجێکردووە و نەیهێشتووە کاروبارەکان پەکیانبکەوێت، بۆیە لەتەنیشت وێنەی مودیر ناحییەکانی خورماڵ، وێنەی ئەمیش دانراوە. بۆ ڕێزلێنان لەو خزمەتەی پێشکەشی هاوڵاتیانی کردووە، لە دەروازەی شارۆچکەکەدا ساڵی ٢٠٢٣ لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری پەیکەرێکی بۆ داناوە.
زانای ئایینی، شاعیر و خەتخۆشە. ناوی (مەعروف کوڕی شێخ عەبدوڵای کوڕی شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ موحەمەدە کۆسەیە). لەلای باوکی خوێندویەتی و بۆ هەمان مەبەست بە شاراندا گەڕاوە. لەلای (شێخ مەعرووفی نۆدێیی) خوێندویەتی. پاش وەرگرتی مۆڵەتی مەلایەتی گەڕاوەتەوە هەورامان و لە گوندی خەرپانی نیشتەجێبووە. لە بواری شیعر نوسیندا دەستی هەبووە، خەتی جوان بووە. ساڵی ١٨٦٥ لە گوندی خەرپانی کۆچیدواییکردووە و بەخاکسپێرراوە.
زانای ئایینی و مودەڕیسە. ناوی (شێخ مستەفا کوڕی شێخ مەحموود کوڕی شێخ عەبدوڵلای خەرپانی)یە، سەرەتا لای باوکی خوێندویەتی. لەسەر دەستی (مەلا عەبدولقادری کانی کەوەیی) مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لەسەر پێشینەی باوک و باپیرانی لەسەر دەرس وتنەوە و ئیمامەت بەردەوامبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و پێنج کوڕی هەبووە. لە کۆتایی ژیانیدا بەهۆی داگیرکەری ئینگلیزەوە چەندین گیروگرفتی تووشبووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٣٨ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.
کەسایەتیی ئایینی و شاعیرە. ناوی (شێخ محەممەد بەهائەدین کوڕی شێخ عوسمانی سیراجودین)ـە. بە بوولیەهاش ناسراوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٣٦ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. کتێبە سەرەتاییەکانی سەرف و نەحوی خوێندووە. لەسەر دەستی باوکی تەریقەتی نەقشبەندی وەرگرتووە و لە خانەقا یارمەتی باوکی داوە. شێخ عوسمان وەسیەتی کردووه، کە شێخ محەممەد لە جێنشینانی ئەو بێت. لەسەردەمی شێخ محەممەددا خانەقای تەوێڵە زۆر ئاوەدان و پڕ لە هاموشۆکەران بووە. لەسەردەمی ئەمدا لە چواردەوری خانەقا خانو دروستدەکرێت و گومەز لەسەر ئارامگای باوکی دادەنرێت. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و ژمارەیەکی زۆر منداڵی بووە. دەستی هۆنراوە و پەخشاننوسینی هەبووه و نازناوی (بولبەها)بووە. جگە لە زمانی کوردی، فارسیشی زانیوە و هۆنراوەی پێ نوسیوە. لە دەوروبەری سالی ١٨٨١ لە گوندی (گوڵپ) کۆچیدواییکردووە و لە تەوێڵە بە تەنیشت باوکییەوە بەخاکسپیرراوه.
ناوی (شێخ محەممەد کوڕى شێخ ڕەسوڵ کوڕى شێخ محەممەد)ە. لە ساداتى گوندى تەکيەى ناوچەى قەرەداغە. ساڵى ١٩٢٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لاى باوکی و مزگەوتى گەورە (جاميعە) لە هەڵەبجە خوێندوويەتى. زۆرتر لە زانستەکانى فەرائيز و مەنتيق و بەلاغەدا کارامە بووە. زياتر لە چل ساڵ لە مزگەوتى خانم سەرقاڵى فەقێ ڕاگرتن و وانەوتنەوە بووه. ژمارەيەکى زۆر لە شيعرى شاعيرانى لەبەربووە و ئاگادارى مەبەستەکانيان بووە. شارەزاييەکى باشى لە قەسام شەرعى، واتە دابەشکردنى ميراتى بەسەر ئەسڵ و فەرعى ميراتگردا هەبووە. چەندين جار لە بەغدادەوە کێشەى ميراتيان بۆ ناردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دە منداڵە. ساڵی ٢٠٠٦ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى شێخ فەتاح لە سلێمانی بەخاکسپێراوە.
زانای ئایینی و شاعیرە. ناوی (شێخ محەممەد کوڕی شێخ عەبدوڵای خەرپانی)یە، سەرەتا لای باوکی خوێندویەتی. پاش مەرگی باوکی و بۆ درێژەدان بە خوێندن زۆر شار و ناوچە ڕۆیشتووە و دواجار لەسەر دەستی (مەلا محەممەدی بانەیی) مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووه و گەڕاوەتەوە بۆ خەرپانی و دەستیکردووە بە وانەوتنەوە. کچی شێخ عوسمانی سیراجودینی مارەکردووە و کوڕێکی لێی هەبووە. چەندین کتێبی دەستنوسی هەبووە، هۆنراوەی نوسیوە، یەکێک لەو شیعرانەی لاواندنەیە بۆ مەرگی باوکی و بەشێوەزاری هەورامییە. لە دەوروبەری ١٨٦٦ کۆچیدواییکردووە و لە گوندی خەرپانی بەخاکسپێرراوە.