شێخ عەبدولکەریم کوڕی شێخ عەبدوڵای خەرپانی
زانای ئایینییە. ناوی (عەبدولکەریم کوڕی شێخ عەبدوڵای کوڕی شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ محەممەدە کۆسەیە). ماوەیەک لە خوێندنگاکەی باوکی لە خەرپانی خوێندویەتی و بۆ هەمهان مەبەست زۆرێک لە شارەکانی عێراقدا گەڕاوە و لە شاری کەرکوکدا زۆر ماوەتەوە. کە گەڕاوەتەوە خەرپانی، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و لە خزمەتی باوکیدا ماوەتەوە و خوێندنی تەواوکردووە. ساڵی ١٨١٦ کۆچیدواییکردووە.
شێخ عەبدوڵای خەرپانی
زاناو مامۆستا بووە. ناوی (عەبدوڵاى کوڕی شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ محەممەدە کۆسەیە) باپیرانی لە تەکیەی قەرەداغەوە هاتوونەتە گوڵعەنبەر، باوکی هاتووەتە خەرپانی و لە دەوری ساڵی ١٧٤٢ شێخ عەبدوڵا لەدایکبووە. بۆ خوێندن و پێگەشتن چووەتە هەولێر و کەرکوک و لە خزمەت سەید خزری حەیدەری ئیجازەی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە خەرپانی و خەریکی تەدریس بووە. نزیکەی سەدساڵ ژیاوە و حەفتا ساڵ تەدریسی کردووە. سێ نەوە لە لای ئەم شێخە خوێندوویانە. خاوەن پێگەی زانستی بووە لای میرانی بابان و ژیانی خۆی و مەدرەسە و قوتابیانیان مسۆگەر کردووە. بەروبوومی خەرپانی و هەندێک لە باخەکانی تەوێڵەیان بۆ مەسرەف پێداوە. کوردستان لە سەردەمی ئەمدا سەردەمی زێڕینی زانیاری تێپەڕاندووە. لە قوتابییە دیارەکانی (مەولانا خالدی شارەزووری و نالی و موفتی زەهاوی و مەلایاسینی تەوێڵە...) شێخ عەوبدوڵڵا تەمەنێکی زۆری لەگەڵ کتێب و وانە وتنەوەدا دەباتە سەر، تا لە ١٨٣٨ کۆچیدواییکردووە و لە خەرپانی بەخاکسپێرراوە.
شێخ مەعروف کوڕی شێخ عەبدوڵای خەرپانی
زانای ئایینی، شاعیر و خەتخۆشە. ناوی (مەعروف کوڕی شێخ عەبدوڵای کوڕی شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ موحەمەدە کۆسەیە). لەلای باوکی خوێندویەتی و بۆ هەمان مەبەست بە شاراندا گەڕاوە. لەلای (شێخ مەعرووفی نۆدێیی) خوێندویەتی. پاش وەرگرتی مۆڵەتی مەلایەتی گەڕاوەتەوە هەورامان و لە گوندی خەرپانی نیشتەجێبووە. لە بواری شیعر نوسیندا دەستی هەبووە، خەتی جوان بووە. ساڵی ١٨٦٥ لە گوندی خەرپانی کۆچیدواییکردووە و بەخاکسپێرراوە.
شێخ مستەفا شێخ مەحموود
زانای ئایینی و مودەڕیسە. ناوی (شێخ مستەفا کوڕی شێخ مەحموود کوڕی شێخ عەبدوڵلای خەرپانی)یە، سەرەتا لای باوکی خوێندویەتی. لەسەر دەستی (مەلا عەبدولقادری کانی کەوەیی) مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لەسەر پێشینەی باوک و باپیرانی لەسەر دەرس وتنەوە و ئیمامەت بەردەوامبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و پێنج کوڕی هەبووە. لە کۆتایی ژیانیدا بەهۆی داگیرکەری ئینگلیزەوە چەندین گیروگرفتی تووشبووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٣٨ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.