شێخ محەممەد شێخ ڕەسوڵ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14
ناوی (شێخ محەممەد کوڕى شێخ ڕەسوڵ کوڕى شێخ محەممەد)ە. لە ساداتى گوندى تەکيەى ناوچەى قەرەداغە. ساڵى ١٩٢٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لاى باوکی و مزگەوتى گەورە (جاميعە) لە هەڵەبجە خوێندوويەتى. زۆرتر لە زانستەکانى فەرائيز و مەنتيق و بەلاغەدا کارامە بووە. زياتر لە چل ساڵ لە مزگەوتى خانم سەرقاڵى فەقێ ڕاگرتن و وانەوتنەوە بووه. ژمارەيەکى زۆر لە شيعرى شاعيرانى لەبەربووە و ئاگادارى مەبەستەکانيان بووە. شارەزاييەکى باشى لە قەسام شەرعى، واتە دابەشکردنى ميراتى بەسەر ئەسڵ و فەرعى ميراتگردا هەبووە. چەندين جار لە بەغدادەوە کێشەى ميراتيان بۆ ناردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دە منداڵە. ساڵی ٢٠٠٦ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى شێخ فەتاح لە سلێمانی بەخاکسپێراوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد تاهیر "شێخ تاهیر" شێخ محەممەد شێخ باباڕەسوڵ)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: کاسب، لە ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: د.عادل سدیق عەلی