شێخ عەلی حیسامەدین: گوڵ عەلی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 212

شێخی تەریقەت

داناو زانا و مرشد و پیری نەقشبەندی بووە. ناوی عەلی حوسامودینی کوڕی شێخ محەممەد بەهائودینی کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدینە. ساڵی ١٨٦١ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لە بەناوبانگترین شێخانی تەریقەت و ناسراوترین نەوەی سراجودیینە. نوسەرێکی کارامە و خەتحۆش و خاوەنی کەشکۆڵ بووە. زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی بە باشی زانیوە. ڕێبازی قادری لەسەر دەستی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ عەلی کەرکوک وەردەگرێت. شێخ حسامەدین لە سێ شوێن خانەقای هەبووە (تەوێڵە، خورماڵ، باخەکۆن). مەنزڵگەی نزیک بە سنوری سێ دەوڵەتی عێراق و ئێران و تورکیا بووە. گەلێک مزگەوتی دروستکردووە، وەک مزگەوتی (نوێن و خورماڵ و سەقز). لەگەڵ ئەدمۆنز خۆشی هاتووە. دەسەڵاتی مەعنەوی بەسەر ڕۆم و عەجەمدا هەبووە. لەشام و حەڵەب و ئەستەنبوڵەوە موریدانی خەڵکیان هێناوەتە دەرگای. ژمارەیەک جێنشینی لە وڵاتانی جۆراوجۆر هەبووە. پەیوەندیی باشی لەگەڵ شاعیران و زانایانی سەردەمەکەیدا هەبووە. هاندەر و یارمەتیدەرێکی باشی زانست و خوێندەواری بووە. لە کردنەوەی قوتابخانەکاندا هاوکارییەکی باشی پێشکەشکردووە. گەلێک کاربەدەست و ڕۆژهەڵاتناس سەردانیانکردووە. خاوەنی کەشکۆڵێکی شیعرییە، ئەم پیرە ساڵی ١٩٣٩ کۆچیدواییکردووە و لە باخەکۆن بەخاکسپێرراوە.

سەرچاوەکان:

  1. نەقشبەند و نەقشبەندییەکان. ئامادەکردن و نوسینی: عەبدوڵا مەلا ئەحمەد، ئەحمەدئاوایی، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل٢٠٤-٢٠٧.
  2. نەقشبەندی لە کوردستان، ئەمیر وەزیرى، وەرگێڕانی: عەلی میرزا عارف هەورامی، چاپی یەکەم، ٢٠١٣، ل٣٤٥-٣٥٤.
  3. مێژووی ناودارانی کورد، بابە شێخ مەردۆخ ڕۆحانی (شیوا)، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠١١، ل٦٧٦.
  4. کورتەیەک لە سراج الطالبین، مەلا عەلی ئەفەندی هەولێری، ٢٠١٣، ل٧٠-٧٦.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

شێخ مارفی نێرگسەجاڕ

ناوی (مەعروف عەبدولڕەحمان عەبدولقادر)ە. ساڵی ١٨٦٦ لە گوندی (نێرگسەجاڕ) لەدایکبووە. بە مەبەستی خوێندن زۆر لە ناوچەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان گەڕاوە، لای شێخ مەحموودی موفتی مزگەوتی گەورەی هەڵەبجە ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتووە، هەر لەوێش دە ساڵ لەسەریەک پێشنوێژی کردووە و دەرسی وتووەتەوە. پاشان مەدرەسەی نێرگسەجاڕی نوێکردووەتەوە و لە گوندی ئەحمەد بڕندەش مزگەوت و حوجرەی دامەزراندووە، لە گوندی وازۆڵیش حوجرەیەکی کردووەتەوە، بەڵام بۆ خۆی جوتیاریی کردووە و بە ڕەنجی شانی خۆی ژیاوە، دەیان هەتیو و بێسەرپەرشتیاری بەخێوکردووە، چاکەخوازێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بووە. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ساڵی ١٩١٥ لە گوندی ئەحمەد بڕندە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

سەید نەجیبی هانەسوورە

شێخی تەریقەت. ناوى (نەجيب سەيد عەبدولڕەحيم سەيد عەبدولڕەحمان سەيد نەسروڵڵا سەيد محەممەد)ە. بە (سەيد نەجيب) ناسراوە. لە سەيدەکانى گوندى (هانەسووره)‌ى ناوچەى نەورۆڵینشينه. باپيرە گەو‌رەی لە گوندى (خانەگا)ى نزيک (پاوه)وە بۆ خوێندن ڕووی لە باشورى کوردستان کردووە. ساڵى ١٩٣٢ لە (هانەسووره)‌ لەدایکبووه. ‌لاى باوکى و مامۆستاى گوندەکه خوێندوويەتى. سێ جار ژيانى هاوسەرگيرى پێکهێناوە. يەکێکە لە پياوە ناسراو و گەورە و ڕيشسپييەکانى نەورۆڵى و تەواوى سنوری هەڵەبجە، ڕۆڵێکى بەرچاوى بينيوە لە چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵايەتى و هەندێک جاريش سياسييەکانى ناچەکەدا. سەرپەرشتی تەکیەی هانەسوورەی کردووە. ساڵى ١٩٧٨ دوای ڕاگواستنی گوندەکان چووەتە هەڵەبجە و لەو کاتەوە‌ ‌تا ئێستا لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

حاجی شێخ ئەحمەد شەمسەدینی نەقشبەندی

عارف و زانابووە. کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدینی تەوێڵەیە. دایکی ناوی خاتوو نووربەخشە، لە میراودەلییەکانی پشدەر. ساڵی ١٨٤٩ لە بیارە لەدایکبووە. لای مەلا حامدی بێسارانی (کاتب) و مەلا ئەحمەدی نۆدشی و مەولەوی خوێندوویەتی. حاشیەی لەسەر (العقيدة المرضية)ی مەولەوی نوسیووە. لە سەردەستی باوکی و شێخ بەهادینی برایدا تەریقەتی وەرگرتووە. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا گوندی ئەحمەدئاوا ئاوەداندەکاتەوە. گوندەکە بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. بچوکترین کوڕی شێخ عوسمانە. پاش مردنی شێخ بەهای برای، دەچێتە ئەستەنبوڵ و لەوێ خەریکی ئیرشاد دەبێت. سوڵتان (عبدالحمید) ڕێزێکی زۆری لێدەگرێت و لە گەڕانەوەیدا یەک بەرگ قورئانی ڕازاوە و گرانبەها و چەند تاڵە مووی ڕیشی پێغەمبەری پێ دەبەخشێت. ساڵی ١٨٨٩ لە ئەحمەدئاوا کۆچیدواییدەکات و لە کەناری چەمی تەوێڵە بەرامبەر ئارامگای باوکی بەخاکدەسپێردرێت.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ ساحێب

لە بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندییە. پزیشکی میللییە. ناوی (ساحێب نەجمەدین عومەر عوسمان نەقشبەندی)یە و بە (شێخ ساحێب) ناسراوە. ساڵی ١٩١٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. لە حوجرەدا خوێندویەتی، دواتر بۆ کاری تەریقەت و ئیرشادی ڕووی لە باکوری ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان کردووە. ساڵی ١٩٥٢ بۆ ئیرشادی چووەتە گوندی (پشتە)ی سنوری شارۆچکەی بەمۆ و خانەقاکەی نۆژەنکردووەتەوە. کاری ئیرشادی پزیشکیی میللی تێدا کردووە. یەکەم کەس بووە لە ساڵی ١٩٦٧ ئاشی بردووەتە بناری بەمۆ و گوندی (پشتە)، کە بە گازوایل کاریکردووە. پاش ڕاگواستنی گوندەکانی بناری بەمۆ، لە شارۆچکەی زەڕایەن نیشتەجێبووە و دووبارە خانەقایەکی بەناوی خانەقای (شێخ ساحێب نەقشبەندی) دروستکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٨١ لە شارۆچکەی زەڕایەن کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ سدیقی شێخ مارفی نێرگسەجاڕ

کەسایەتیی ئاینی، ناوی سدیق مەعروف نێرگسەجاڕیە، لە گوندی نێرگسەجاڕ لەدایکبووە، ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە، بەهۆی کۆچیدوایی باوکی (شێخ مارفی نێرگسەجاڕ)ەوە خوێندنی بۆ تەواونەکراوە و سەرقاڵی ئیدارەدانی قوتابخانە و مزگەوتی نێرگسەجاڕ بووە و پشتیوانی زانا و قوتابیانی مەدرەسەکە بووە و وەک باوکی، کۆمەڵێک هەتیوی لە تەکیەکەیدا هێشتوەتەوە و بەخێویکردوون، ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە ئاشتەواییە کۆمەڵایەتیەکانی ناوچەکەدا، گرنگیەکی تایبەتی بە پیشەسازی و دەستڕەنگینی داوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٣٦١ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ عەبدولڕەحمان کوڕی شێخ عوسمانی سیراجودین

‌له ‌دەوروبەری ساڵی ١٨٣٨ لەدایکبووە. لە خانەقای بیارە خوێندویەتی و لەسەر دەستی باوکی تەریقەتی وەرگرتووه و لە گوندی (گوڵپ) ژیاوە. دەستی هۆنراوە و پەخشاننوسینی هەبووە و نازناوی (بوولوەفا) بووە. جگە لە زمانی کوردی، فاسیشی زانیوە و هۆنراوە و نامەی پێ نوسیوە. ‌مامۆستا مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس لە کتێبی (یادی مەردان/ بەرگی دووەم)ی ژمارەیەکی زۆر لە هۆنراوە و چەند نامەیەکی کۆکردووەتەوە. سەردانی شارەکانی سنە و بەغدادی کردووه.‌ پاش گەڕانەوەی لە حەج نەخۆش کەوتووە و ‌لە دەوروبەری ساڵی ١٨٧٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (غەزالی) بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت