شێخ عەبدوڵای خەرپانی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
زاناو مامۆستا بووە. ناوی (عەبدوڵاى کوڕی شێخ ئیسماعیلی کوڕی شێخ محەممەدە کۆسەیە) باپیرانی لە تەکیەی قەرەداغەوە هاتوونەتە گوڵعەنبەر، باوکی هاتووەتە خەرپانی و لە دەوری ساڵی ١٧٤٢ شێخ عەبدوڵا لەدایکبووە. بۆ خوێندن و پێگەشتن چووەتە هەولێر و کەرکوک و لە خزمەت سەید خزری حەیدەری ئیجازەی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە خەرپانی و خەریکی تەدریس بووە. نزیکەی سەدساڵ ژیاوە و حەفتا ساڵ تەدریسی کردووە. سێ نەوە لە لای ئەم شێخە خوێندوویانە. خاوەن پێگەی زانستی بووە لای میرانی بابان و ژیانی خۆی و مەدرەسە و قوتابیانیان مسۆگەر کردووە. بەروبوومی خەرپانی و هەندێک لە باخەکانی تەوێڵەیان بۆ مەسرەف پێداوە. کوردستان لە سەردەمی ئەمدا سەردەمی زێڕینی زانیاری تێپەڕاندووە. لە قوتابییە دیارەکانی (مەولانا خالدی شارەزووری و نالی و موفتی زەهاوی و مەلایاسینی تەوێڵە...) شێخ عەوبدوڵڵا تەمەنێکی زۆری لەگەڵ کتێب و وانە وتنەوەدا دەباتە سەر، تا لە ١٨٣٨ کۆچیدواییکردووە و لە خەرپانی بەخاکسپێرراوە.
سەرچاوەکان:
- بنەماڵەی زانیاران، مەلا عبدالکریمی مودەڕیس، چاپی یەکەم، سنە، ل١٤٤-١٤٨.
- یادی مەردان، مەلاعبدالکریمی مودەڕیس، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، انتشارات کردستان، ل١٢-١٣.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم