حاجی تاهیر بەگى ميرەدێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و ئەندامی ئەنجومەنى شارەوانیى هەڵەبجەيە. ناوی (تاهیر بەگی کوڕى قادر بەگی کوڕى محەممەد بەگی کوڕى عەباس بەگی کوڕى ڕۆستەم بەگی میرەدێ)يه. لە بنەماڵەی خدربەگییەکانی میرەدێ و قلیجەیە لە وارماوا. ساڵى ١٩٢٤ لەدایکبووه. له کۆتايى چلەکانى سەدەى ڕابردوو لەگەڵ براکانيدا (حاجی حەمەو بەگ و ئەحمەد بەگ) هاتوونەتە هەڵەبجە و بە کاری بازرگانییەوە سەرقاڵبوون و مەکینەی تراکتۆری (تایە تەور)يان هێناوەتە ناوچەکەوە. بەهۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە و ناوچەکە بووە بە ئەندامی ئەنجومەنى شارەوانیى هەڵەبجە و ئەندامی لیژنەی ئاشتیی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٦٣ بە ماڵەوە چووەتە سلێمانی و بازرگانیی قوماشی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە خاوەنی ١١ منداڵە. ساڵی ١٩٨٩ کۆچیدواییکردووە و لە (گردی سەلیم) و لە تەنیشتى ئامۆزاکەیەوە لە سلێمانی بەخاک سپێرراوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (کاميل بەگى محەممەد بەگ)، لە ٢٣ی ١٢ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: د.عادل سدیق عەلی