حاجی حەمەعەلی لامەرکەزی
پیاوماقوڵ و سەرۆک عەشیرەتی کەڵور بووە، لە ساڵی ٢٠١٩ کۆچیدواییکردووە. جەڕاحێکی بەناوبانگیش بووە. هەر لە گوندی لامەرکەزی دانیشتووە. شارەزای مێژوو و بنەماڵەکانی ناوچەکە بووە.
حەمەئەمین بەگی عەباس بەگ
ناوی (حەمەئەمین بەگی عەباس بەگی یارئەحمەدبەگ)ـە. ساڵی ١٩١٣ لە گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ)ى نزیک شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. پاش کۆچیدوایی (ئەحمەد بەگ)ی (ڕیشێن) و (حەمەسەعید بەگ)ی (دەرەشیش)، بووەتە سەرۆک عەشیرەتی (وەڵەدبەگی). خاوەن دیوەخان بووە، پەیوەندی لەگەڵ هەموو بەگزادە جافەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان کەسایەتییەکانی سنورەکەدا هەبووه. ساڵی ١٩٦١ بەشداری کۆبوونەوە فراوانەکەی گوندی (تەپی سەفا) بووە. ساڵی ٢٠٠٣ لەشاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
حەمەسەعید مەحموود سان ئەحمەد شەمێرانی
ناوی (حەمەسەعید مەحموود سان ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی (کانی کەوه)ی ناوچەی شەمێران لەدایکبووە. لە حوجره خوێندویەتی. پاش کۆچیدوایی باوکی لە ساڵی ١٩٧٤ بووە بە سەرۆک عەشیرەتی شەمێران. ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندیکردووە بە شۆڕشی ئەیلولەوە و تا ١٩٧٤ پێشمەرگە بووە و پلەی سەرلق بووە. له پاش ڕاپەڕین ئامر هێزی شەمێران بووە. ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ ڕیشسپیانی عەشیرەتی شەمێرانی پێشنیازی دروستکردنی سندوقی عەشیرەتی شەمێرانیان کردووە و سەرکەوتوبوون لە بەدەمەوچوونی پرسه و کێشەکاندا. لەگەڵ ئامۆزای خۆی ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. تا ئێستاش سەرۆک عەشیرەتی شەمێرانه و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و کاریگەرە لە چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارە و ڕۆڵی هەیە.
حەمەی هەواس ئێناخی
ناوی (حاجی محەممەد عەباس ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩١٤ لە گوندی (لمە)ی ناوچەی ئێناخینشینی خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە خەریکبووە. ساڵی ١٩٤٥ بۆ ماوەی چەند مانگێک دەسەڵاتداری شاری پاوە بووە. ساڵی ١٩٦١ بەشداری کۆبوونەوه فراوانەکەی گوندی تەپی سەفای کردووە. لە شۆڕشی ئەیلولدا یەکێک بووە لە سەرپەلەکانی داستانی پردی زەڵمی ساڵی ١٩٦٣. ساڵی ١٩٧٦ لەلایەن حکومەتەوه بۆ ماوەی ٦ مانگ دەستگیرکراوە. ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن خزمانی عەشیرەتی ئێناخییەوە وەک سەرۆک عەشیرەتی ئێناخی هەڵبژێرراوە. لەکاتی کیمیابارانی ١٩٨٨ی هەڵەبجه، ئاواری ئێران بووە. ساڵی ١٩٩٣ له شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.
خەسرەو مستەفا سەدانی
ناوی (خەسرەوى مستەفا ڕەمەزان)ـە و بە (خەسرەوی مچە) یان (خەسرەو مستەفا سەدانی) ناسراوە. ساڵی ١٨٧٠ لەدایکبووه. سەرۆک عەشرەتى سەدانی بووە. ساڵی ١٩١٦ بەشداری غەزای ڕووسی کردووە. پەیوەندی باشی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفیددا هەبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لەسەردەمی ئەودا وازیان لە ژیانى کۆچەری هێناوە و لە گوێ چەمى زەڵم نزیک شارۆچکەی خورماڵ ساڵی ١٩٣٧ بەناوی ئیسماعیلی کوڕیەوە گوندی (کوڵکنیى ئیسماعیلی خەسرەو)یان ئاوەدانکردووەتەوە، کە ئێستا بە (کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسرەو) ناسراوه. ساڵی ١٩٣٣ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی شیرەمەڕ بەخاکسپێراوە.
عەلى بەگى مەحموود پاشاى جاف
بەگزادە و سەرۆک عەشرەتی جافە. ناوی (عەلى بەگ کوڕى مەحموود پاشا کوڕى محەممەد پاشا کوڕى کەيخەسرەو بەگى جاف)ـە، لە سەرۆک و بەگزادە ديارەکانى عەشيرەتى جافە، ساڵی ١٨٧٨ لەدایکبووه. دووەمين کوڕى مەحموود پاشاى جافه. خوێنداوارى باشى هەبووە، خەتيشى زۆرجوان بووە. لە ئەستەنبوڵ دۆستايەتى لەگەڵ دەروێش پاشا پەيدا دەکات، دەروێش پاشا خزمايەتى و ژن و ژنخوازى لەگەڵ سوڵتاندا هەبووە، ڕۆژێک مەحموود پاشا دەبێتە ميوانى دەروێش پاشا، دەروێش پاشا و لە کێشەکەى ئاگادارى دەکاتەوە، دەروێش پاشا لەلاى سوڵتان تکاى بۆ دەکات و ئەويش لە مەحموود پاشا خۆشدەبێت. سوڵتان پلەى پاشا (بيگلەربەگ)ى بە مەحموود پاشا دەدات. دواى مردنى مەحموود پاشا لە ساڵى ١٩٢١، عەلى بەگ دەبێتە سەرۆکى عەشيرەتى جاف، بەڵام دواى ماوەيەک جێگرى حاکمى سياسى ئينگليز (ليز) لە هەڵەبجە ئەو پۆستە لە عەلى بەگ وەردەگرێتەوە و دەيدات بە کەريم بەگى فەتاح بەگى ئامۆزاى. ئەوکارەش بەگزادەکانى جاف لە هەڵەبجە و عاديلەخانم نيگەران دەکات. مەحموود پاشا لە ژيانى خۆيدا موڵکێکى زۆرى بەخشیبوو بە عەلى بەگى کوڕى، لەوانە: قەرەتەپە، شەمێران، بەشارەت، تويلەجو، شێخ موسا، عالان و حاسڵ، شەکمەيدان، جانجان، سەرشاتەى خواروو، سەرشاتەى ژووروو. عەلى بەگ لە دێى قشڵاخەڕووتە دادەنيشت. عەلى بەگ لە تەمەنى (٤٥)ساڵيدا و لە ساڵى ١٩٢٣ بە نەخۆشى گرانەتا لە هەڵەبجە کۆچیدوايیدەکات و لە خانەقاى بيارە لە تەنيشت مەجيد بەگى عوسمان پاشاى ئامۆزايى و شێخانى بيارەوە بەخاکدەسپێردێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و تەنها يەک منداڵيان بووە.