بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
کەوتووەتە باکوری ناحیەی (خورماڵ) لە دامێنی چیای سورێنەوە بە ئاڕاستەی خۆرئاوا درێژدەبێتەوە بەرەو دەشتی شارەزوور. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بانیبنۆک و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی دەرەگوڵان و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چنارە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی قاینەیجە و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی نەوێ هاوسنورە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٢ی زێرۆنە و بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبومی کشتوکاڵی بەتایبەتی بەرووبومی دانەوێڵە زۆر باشە. بەشەکانی خۆرهەڵاتی گوندەکە ناوچەیەکی شاخاویی سەخته و زۆربەی دابارینی بەشێوەی بەفره و ژمارەیەک ئەشکەوتی تیادا دەرکەوتووە. (٦٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەبارەت بەناوی گوندەکە وەک خەڵکی گوندەکە ئاماژەیپێدەدەن ناوێکی تری هەیە ئەویش ناسراوە بە(زێڕون)ە، کە دەڵێن لەو ڕووبارە ڕوونەوە هاتووە، کە لە ڕابڕدوودا لەگوندەکەدا بووە بەڵام ئێستا نەماوە، ئەوەی تایبەتە بەناوی کانی ئاسکانی ئێستا ئاماژه بەوە دەکەن، کە لە ناو گوندەکەدا کانیەکی لێیە، کە تاوەکو ئێستاش بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت و ئاژەڵی ئاسکیان تێدا بینیوە لەوەوە ناوەکەی وەرگیراوه و بووەتە کانی ئاسکان، ساڵی ١٩٦٠ بۆیەکەم جار قوتابخانەی تێدا دروستکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢٩ کەس بووە و ساڵی ١٩٧٢ و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٥ ماڵ تیایدا نیشتەجێبووە. له گوندەکەدا چەند ئەشکەوتێک هەیە، کە کەوتووەتە چیای سورێن لەوانە ئەشکەوتی (پیرەمەگرون، هەزارەسوون، بن شاخ مەجید). شوێنەواری (تەپەگەوری)یش یەکێکی ترە لە شوێنە دیارەکانی گوندەکە.
کەوتووەتە بناری چیای بەمۆ و بە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی (بەمۆ)وە دوورە. زەوییەکانی کەوتوونەتە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە (٤٤) ی پشتە. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی قەیتول لە شارستانی سەلاسی باوەجانی لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەڕوێن و لە خۆرئاواوە لەگەڵ زەوییەکانی گوندی حاجی ئاوادا، هاوسنورە. لە دەوروبەری ساڵەکانی ١٩٣٠ ئاوەدانکراوەتەوە. دەوروبەری گوندەکە ناوچەیەکی دارستانیی چڕە و چەندین ڕەز و باخی بەرداری تێدایە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوی ئاو، بەتایبەتی کانی، لەوانە (کانی پاشا)، کە گوندەکەی بەناوی ئەو کانیەوە ناونراوە، چونکە جێگای حەوانەوەی میر و فەرمانڕەوایان بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٣٢ کەس بووە و لە ئێستادا نۆ خێزان دەژین، کە ژمارەیان ٥٤ کەسە.
یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی نەوڕۆڵی و بە دووریی نۆ کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای شارى هەڵەبجە. سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چرۆستانە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی غوڵامی کۆن و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (غوڵامی سەروو و قارەمانی) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی نێرگزەجاڕ و دەریاچەی دەربەندیخان و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بێژاوا هاوسنورە. لەگەڵ گوندى (پریس)دا زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٢ن. خاوەنی ٦٠٠ دۆنم زەویی کشتوکاڵی دێم و بەراوە. ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە بۆ کۆمەڵگای زۆرەملێی سیروان و زەمەقی و پێش ئەو ڕێکەوتە نزیکەی ١٠ ماڵی تێدا بووە. لە ئێستادا چوار ماڵی تێدایە، لە کۆندا خەڵکی لەنێوان(کانی تووی سەروو، کانی تووی خواروو) گەرمیان و کوێستانیان کردووە. کانییەکانی بریتین لە(کانی بەهمەن، کانی حەمە کۆسە، کانی سەروو، کانی ئیمەت، کانی زەوییە گەورە، کانییە کوێرە)، هەروەها لەم گوندەدا کارێز هەبووە، بەڵام لەئێستادا تەنها شوێنەوارەکەی ماوە. تەنها دوو باخی تێدایە.
کەوتووەتە خۆرئاواى ناحیەی (سيروان) و لەگەڵ گوندەکانى کانى شێخ و گورگەچيا هاوسنورە. بەهۆى دروستکردنى بەنداوى دەربەنديخانەوە ئاو لە گوندەکە نزيک بووەتەوە و دانيشتوانەکەى لە کۆتايى پەنجاکان و سەرەتاى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو کۆچيانکردووە، کە له هەردوو عەشيرەتى هارونى و تاوگۆزى بوون. هارونيیەکان چوونەتە گوندى کانى شێخ و تاوگۆزيیەکان لە گورگەچيا نيشتەجێبوون و ساڵى ١٩٦٩ بەتەواوى گوندەکە ژێرئاوکەوتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٧ کەس بووە.
بە دووریی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە ناحیەی (سیروان)ـەوە دوورە. لە باکورە و دەریاچەی دەربەندیخان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گورگەچیایە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی کاگردەڵ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی ئیمامی زامندا، هاوسنورە. بەپێی وتەی دانیشتوانی گوندەکە، ئەوکەسانەی، کە گوندەکەیان دروستکردووە موریدی شێخ بوون و سەییدەکانی هانەسورە شوێنەکەیان بۆ دیاریکردوون لە تەنیشت ئەو کانیەی، کە لە شوێنی ئێستەی گوندەکەدا هەیە و ناویان ناوە کانی شێخ، ساڵی ١٩٠٤ لەلایەن خەسرەوی مرادخان لەگەڵ دوو کوڕەکەی بەناوەکانی (مەحموود خەسرەو مرادخان و حمەامین خەسرەو مرادخان) دروستکراوە. (٤٩٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٣ی کانی شێخ قۆرتاسە. کانی شێخ نزیکەی ٣٨٠ دۆنم زەوی دێمی هەیە لەگەڵ ٤٩٠ دۆنم زەویی بەراو، بۆ کشتوکاڵ کردن پشت بە کانی بیری حەفر و جۆگەی ئاودێری دەبەستن. خاوەنی دوو جۆگەی ئاودێرین بەناوەکانی (جۆگەی کانی شێخ، سەرچاوەکەی کانی گوندەکەیە هەر بەناوی کانی شێخ، لەگەڵ جۆگەی قۆرتاس)ە. لە ئێستەدا هیچ ماڵێک لە گوندەکەدا نییە و دانیشتوانەکەی بەزۆری لە شارۆچکەی سیروان و هەندێکیشیان لە هەڵەبجەی تازە(مالوان) نیشتەجێن، لە عەشرەتی هارونین، بەزۆری کشتوکاڵ و باخداری دەکەن، بەتایبەت باخی هەنار و بەروبوومی دانەوێڵە، هیچ خزمەتگوزارییەک لە گوندەکەدا بوونی نییە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٩٢ کەس بووە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی نۆ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی سەنتەرى شاری هەڵەبجه. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى هاوار لە خۆرئاواوە لەگەڵ شارى هەڵەبجە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (کۆساوا و سازان و تلەوەرێ) هاوسنورە. ڕووبەرەکەى نزیکەى(٢٠کم٢)یە. نزیکەى ٢٥٠ ساڵ بەر لەئێستە ئاوەدانى تێکەوتووە و لەسەردەستى کەسایەتیەک بەناوی (محەممەد بەگ) دروستکراوە، کە دەکاتە باپیرە گەورەى بەشێکى زۆرى خەڵکى گوندەکە. ئەو بۆچووونەى تايبەت بە ناونانى گوندەکە هەیە و دەماودەم بەکارهاتووە تاکو ئەمڕۆش بریتییە لەهەبوونى دارگوێزێک لەسەر کانیی سەرەکیى گوندى ناوبراو بەم هۆیەشەوە بەگوندى کانى گوێز ناو دەبرێت. دوو کانیى سەرەکى هەیە (کانى خوار عەلى بەگ، و کانى حاجى عێزەت) هەندێک جاریش بە کانیى سەرەوە ناوى دەهێنرێت. لەپاش ڕاگواستن و داگرتنى گوندە سنورييەکان بەهۆى جەنگى ئێران ــ عێراقەوە بە هەمیشەیى هیچ ماڵێکى تێیدا نیە بۆ نیشتەجێبوون و ژیانکردن تێیدا، بەڵام لەوەرزى پایز و زستان و بەهاردا چەند ماڵێک سەرقاڵى ژیانى لادێن و خەریکى ئاژەڵدارین بەهۆى ئەوەى خاوەن لەوەڕگایەکى سروشتیى باشە، هەروەها کەمیى ئاوى گوندەکە فاکتەرێکى ترە، کە دەبێتە هۆى ئەوەى نەتوانرێت بەخێوکردنى ئاژەڵ و باخداری پێکەوە بێت، بێگومان ئەمەش بەپلەى یەکەم دەرهاویشتەى وشکەساڵى و بارودۆخى گۆڕانى ئاووهەوایە. لەگرنگترین ئەو ڕووەکە سروشتیانەش لەسنورى گوندەکەدا هەن (دارى بەڕوو) بەشێوەیەکى چڕ بوونى هەیە و هاوکات بەکەمى (دارى گۆیژ)یش دەبینرێت. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٨ی ئەباعوبەیدەیە.
پاشماوەی شوێنەواری گوندێکی دێرینە. بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (میریسوور)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). مێژووەکەى بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. لەئێستادا شوێنەواری ماوە و بەهۆى بوونى کانییەک لە نزیکیەوە پێیوتراوە کانى میران.
به دووریی نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی (بەمۆ)وە دوورە. لە باشورەوە لەگەڵ ناحیەی بەمۆ و لە باکوری خۆرئاوا لەگەڵ گوندی چوارداران و لە باشور و باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کانی پاشا و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەڕوێن و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تووەوشکێ هاوسنورە. ساڵی ١٩٣٤ لەلایەن کەسایەتیەک بەناوی مەحموود حەمەساڵح ناسراو بە (مەحمووی زوەیرێ) ئاوەدانکراوەتەوە. لە دەوروبەری کانییەک بەناوی کانی وەیسکێ، پێدەچێت خاوەنداری ئەم کانیە کەسایەتیەک بوە بەناوی (وەیسی). لەکاتی ئێستادا لەم گوندە سێ خێزان دەژین، کە ژمارەیان ١٢ کەسە. زەویییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٤ی پشتەیە.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە ناحیەی(بیارە) لە کەنار چەمی خارگێڵان. مێژووەکەی بۆ ٤٠٠ ساڵ بۆ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. دەکەوێتە خوارووی گوندەکەوە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە. بوونی گۆڕستان و ئاشی ئاوی بەڵگەی ئاوەدانی بوون، لە کاتی خۆیدا ڕووبەرەکەی زیاتر لە ١٠ دۆنم بووە. بە وتەی دانیشتوانی گوندەکە لە ڕابردوودا گوندی خارگێڵان لەم شوێنە بووە.
کۆنە لادێی سازان بووە. پێش هاتنی شێخ مۆئمنی سازانی بۆ گوندەکە شوێنەواری ژیان و پاشماوەی شوێنەوار وەک گۆزە و کوپەی تێدا بووە. لەکاتی ڕاکێشانی ڕێگادا گۆڕ دەرکەوتووە، کە دوو جۆر مردووی تێدابووە. بە گۆڕستانەکە وتراوە شەهی.
کەوتووەتە زنجیرە کێوەکانی (نزارە ڕەش)ی سەر بە گوندی (گریانە). ناوەکەی بۆ بوونی پاشماوەی ئەو خانوانە دەگەڕێتەوە، کە بەجێماون و پێیاندەوترێت (کەلارە: کەلاوە). لە قەدپاڵێکدا هەڵکەوتووە، کە ئێواران و لە وەرزی بەهاراندا دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. بە وتەی خەڵکی ناوچەکە مێژووەکەی بۆ سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی دەگەڕێتەوە. بەردەکانی گەورەن و کێشیان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کیلۆدایە. جۆگەی ئاودێرییان لە باوانی بنەوە ڕاکێشاوە. ژمارەی خانوەکانی لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ خانودایە. خاوەنی شوێنەواری (میحرابی مزگەوت) کەوتووەتە بەشی سەرەوەی خانوەکانەوە. بوونی گۆڕستانی (قەبری قوتە) و ژمارەی گۆڕەکانی لەگەڵ بوونی بەردی (دنگ) و ئاش لە نزیکییەوە بەڵگەی دێرینیی ژیانە لە گوندەکەدا.
کەوتووەتە نێوان کانی هەنجیر و کانی هەنار لە سنوری گوندی بامۆک و باوەکۆچەک، کۆنەگوند بووە. شوێنەوارەکەی هەتا ئێستەش ماوەتەوە. دەڵێن بەهۆی شەڕوشۆر یان قاتوقڕیەوە دانیشتوانەکەی بۆ دەشتی شارەزوور کۆچیانکردووە. بەشێکیان لە نزیک زەڕایەن نیشتەجێن. لە ئێستادا وەکو عەشیرەتێک زیاتر بەناوبانگن بە ناوی وەرمەزیاران یان عەشیرەتی وەرمەزیاران.
کەوتووەت سنوری ناحیەی (سیروان) و (١٧کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورە. یەکەمجار بنەچەى (نەورۆڵییەکان) لەم شوێنەدا بارگەیانخستووە و ناوەکەشی (کەوتە: واتە بارگەخستن) و لەوەوە هاتووە. سەرەتا گوندەکە لە ڕۆخی ڕووباری سیرواندا بووە، بەڵام دواتر بووە بەژێر ئاوەوە و دانیشتوانەکەی هاتوونەتە سەرەوە بۆ شوێنی ئێستا. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی تەوەنەوەل و لە خۆرئاواییەوە لەگەڵ گوندەکانی (هانەژاڵە و نەوەرە) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی سەرشاتەدا هاوسنورە. ڕووبەرەکەی زیاترە لە ٢٠٠ دۆنم. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٨٥ کەس بووە. لە ئێستادا ١٢ ماڵ لێیە. بەهۆی کەمی زەویی کشتوکاڵییەوە دانیشتوانەکەی زیاتر خەریکی ئاژەڵدارین، بەهۆی ئەوەی ناوچەی دەربەند زەنگی گوزەرگەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، ژمارەیەکیش لەوێ کاردەکەن. کانی نەیجە و کانیی قازانگە سەرچاوەی ئاوی گوندەکەن.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی کەمتر لە(٢٠٠م) کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی – هەڵەبجەی شەهید. ساڵی ١٩٥٣ لەلایەن (محەممەد عەلی ساڵح، ئیبراهیم مەحموود یاروەیس، محەممەد مەحموود یاروەیس) ئاوەدانکراوەتەوە. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تەپەتۆڵەکە و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی قاجر و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی تەپەسەرقوڵە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ دەریاچەی دەربەندیخان هاوسنورە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٨ی کشەدەریە. هیچ زەوییەکی دێمیان نییە و خاوەنی ٤٠٠ دۆنم زەویی بەراون. خاوەنی دوو جۆگەی ئاودێرین بە ناوەکانی (جۆگەی ئاش، کە سەرچاوەکەی ئاوی ڕیشێنە و جۆگەیەک لە چەمی زەڵم)، دوو کانی لە گوندەکەدا هەیە بەناوەکانی(کانی عەربان ''لەزەمەنی کۆندا خەڵکی غەیرە کوردی تێدابووە و ئەو ناوەی لێنراوە''، کانی سێوە). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٥ کەس بووە و لە ئێستادا ١٥ ماڵ لە گوندەکەدا نیشتەجێن و ٨٠ کەس دەبن، لە هەردوو عەشیرەتی (یاسوانی و سیانی)، دانیشتوانی گوندەکە بەزۆری خەریکی کشتوکاڵ و باخدارین و بەتایبەت هەنار و قۆخ و هەنجیر، هەندێکیشیان فەرمانبەرن لە کەرتە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، هەروەها خزمەتگوزارییەکانی وەک قوتابخانە و مزگەوت و بنکەی تەندروستی و قیرتاوکردنی ڕێگاکەیان بۆ ناو گوندەکە بۆ کراوە. ساڵی ١٩٧٤ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان دانیشتوانەکەی شوێنی گوندەکەیان بۆ ئەم شـوێنە گواستووەتەوە.
به کوڵکنیی حاجی حەمەسوور ناسراوە. بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی (خوروماڵ)ـەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گێڵەک و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کوڵکنیی فەقێ کەرەم و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (ئاواییی حاجی حەمەئەمین، شیرەمەڕ) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (گردیگۆ، گردی قازی) هاسنورە. (٥١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە دوای ساڵی ١٩٣٠ لە لایەن (حاجی حەمەسوور، سەعیدی حەمەی بارام، مەحموودی حەمەی بارام، ئەحمەدی فەتاحی مەتا، عەبدولقادری ڕۆستم) ئاوەدانکراوەتەوه. دانیشتوانەکەی بەشێکی خەریکی کشتوکاڵن بە تایبەتی باخی (هەنار و قۆخ)، هەندێکیان فەرمانبەری دەوڵەتن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٥ی شێخ موسێیە. ٣٦٠ دۆنم زەوی بەراویان هەیە. یەک جۆگەی ئاودێری هەیە بەناوی جۆگەی (شێخ موسێ) ناوی جۆگەکە لە ناوی هەردوو برا (شێخ عیسا)(شێخ موسا)وە هاتووە، چوار کانی هەمیشەیی لە گوند هەیە بەناوی کانی (ژنان)، (پیاوان)، (یمکە خەمە)، (مام مینە)، که وەک سەرچاوە بۆ مەبەستی ئاو خواردنەوە و ئاودێری بەکاریدەهێنن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٤٩ کەس بووە و لە ئێستادا ٢٠٧ کەسە. ٤٨ خانو لەم گوندەدا هەیە، هەریەکە لە (قوتابخانە و مزگەوت و بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانی، تۆڕی ئاو خواردنەوە) هەیە، ڕێگەی بەستنەوەی بە ناحیەی (خورماڵ) ڕێگەیەکی (قیرە).
بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی (خورماڵ)ـەوە دوورە. بە (کوڵکنیی فەقێ کەرەم)یش ناو دەبرێت. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تەپی سەفایی خواروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەل گوندی تازەدێ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی گردیگۆ هاوسنورە. (٥٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتای دروستبوونی لەدوای ساڵی ١٨٦٧ یەکەم جار ئاوەنکراوەتەوە، جاری دووەم ساڵی ١٩٤٨ لە لایەن (محەممەد فەقێ کەرەم، أحمد فەقێ کەرەم، محەممەد عەلی محەممەد، ئەحمدی عەلی محەممەد، فەرج ئیبراهیم، قادر ئەلماس) ئاوەدانکراوەتەوە. سەبارەت بە ناوی گوندەکە هەندێک دەڵێن لە (گوڵ کەنی)یە هاتووە ئەو ناوچەیەی ئەو گوندەی لێ دروستبووه، گوڵی زۆر بووە، هەندێکی تر دەڵێن لە وشەی تورکیی (کوڵکن)ەوە هاتووە، کە بە واتای(مێرگ)دێت، چونکە ئەو ناوچەیە کانی و ئاوی زۆری لێیە، دواتر وشەکە گۆڕاوە بووە بە (کوڵکنی)، ئێستا بە باخە(هەنار) و (خەیار) بەناوبانگە. دانیشتوانەکەی بەشێکی خەریکی ئاڵداری و کشتوکاڵ و باخدارین، هەندێکیان فەرمانبەری دەوڵەتن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٨ی تەوێڵە جۆیە. ٣٢٥ دۆنم زەویی بەراویان هەیە. یەک جۆگەی ئاودێری هەیە، بەناوی جۆگەی (تەوێڵەجۆ)، کە سەرچاوەی ئاوەکەی ئاوی (گەنجان) ی خورماڵە، چوار کانیی هەمیشەیی لە گوند هەیە بەناوەکانی (کوڵکنی، چاوگە درێژ، گردی خدر، چوگە بۆرە)، که وەک سەرچاوە بۆ مەبەستی ئاوخواردنەوە و ئاودێری بەکاریدەهێنن. ژمارەی دانیشتوانی ٩٦ کەس ٢٣ خێزانن و ٢٣ خانوى تێدايە و سەر بە عەشيرەتى (سەدانی)ين، هەریەکە لە (قوتابخانە، مزگەوت، بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانی، تۆڕی ئاو خواردنەوە) هەیە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٧ کەس بووە.
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای ناحیەی (سیروان)ەوە. (٢١کم) لە سەنتەری شاری هەڵەبجەوە دوورە. لەنێوان گوندەکانی نەیجەڵە و پێگەیە و لەسەر سنوری باشور و خۆرهەڵاتی کوردستانە. ڕووباری سیروان بە دۆڵێکی قوڵدا بە بەردەمیدا وەک کەوانەیەک تێپەڕدەبێت. هەربۆیە واتای گوندەکەش بەواتای دۆڵێک دێت، کە داربەڕووی تازە ڕواوی تێدایە، کە پێیدەوترێت (متک). (٧٣٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. هیچ سەرچاوەیەکی ئاوی وەک کانی تێدانییە و وشکە و تەنها ڕووباری سیروان وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکارهاتووە. لە کۆمەڵێک ماڵی کەم پێکهاتووە و ئاویان بە کونە ڕاکێشاوە. بەڵام ئێستە چۆڵە و بە ڕەسمی کەسی تێدانیە. بنەماڵەی مستەفای سەلیم بەگی ئێناخی لەوێ بۆیەکەمجار ئاوەدانیانکردووەتەوە و لە عەشیرەتی ئێناخین. مەخفەری پۆلیسی عوسمانییەکانی تێدایە و پێیدەوترێت قشڵە. گوندەکە بەزۆری لە دارستانی سروشتی و چیای بەرز و دۆڵی قوڵ پێکهاتووە. کاری سەرەکیی خەڵکەکەی بازرگانی بووە لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥١ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرت کشتوکاڵی ژمارە ٦٨ی قوڵی مشکانە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لە باشور و باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (ڕێشاو، کانى گوێز) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی سازان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بۆین هاوسنورە. مێژووى دروستبوونى گوندەکە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە دەوروبەرى ساڵى ١٨٥٢ دەگەڕێتەوە. لە بنەچەدا دانیشتوانەکەی خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت گوندی (تەشار) بوون، دواتر خەڵکی تر لەڕێی ژن و ژنخوازییەوە تێکەڵاویان بوون وەک (دەوانی، کڵاشی، لۆراوەگی، ئێناخی). لەڕێى کەسێک بەناوی (ئەحمەد تەشاری)وە بونیادنراوە، هەڵبژاردنی ئەم جێگەیە بە هۆکارى ئاژەڵداريی و باخدارى بووە. بۆ ناوەکەی چەند بۆچونێک هەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر باوترە و دەماودەم گێڕدراوەتەوە ئەوەيە، کە بەهۆی بوونی ئاژەڵێکی زۆر و دروستکردنی(کۆزە - پەچە) واتە(جێگەى حەوانەوەی ئاژەڵ و مەڕوماڵات)، کە هێندە زۆربووە لە دوورەوە وەک ئاوەدانییەکى تەواو بینراوە، لەبەرئەوە پێیانوتوە(ئاواییی کۆزە) دواتر بووە بە(کۆزە ئاوا)پاشان لەگەڵ گۆڕانی زمان و گفتوگۆی خەڵکیدا بووە بە(کۆساوا) و ئێستا ئەم ناوە بەکاردێت. لە گرنگترین کانیاوەکانى(بەهارەدۆڵ)ه، کە سەرچاوەى ئاوى گوندەکە بووە، هەندێک ساڵ وشک و بێ ئاوە، هەر ئەوەش وایکردووە چەندین دۆنم لە باخەکانى گوندەکە ساڵانە وشکبێت و جارێکى تر لە ساڵە تەڕەکاندا دەچێنرێنەوە. دیارترین ئەو ڕووەکە سروشتیانەى، کە لە سنورى گوندەکەدا هەن: (داربەڕوو و قەزوان)ن، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى گوندەکە خاوەنى لەوەڕگایەکى سروشتیى زۆر بە بایەخە و لە کۆنەوە تاکو ئێستا سودى زۆرى هەبووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٣٩ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرت کشتوکاڵی ژمارە ٤٨ی کۆساوایە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). هەر لە لایەن دانیشتوانی ئەو گوندەوە خاوەندارێتی باخ و زەویزارەکانی دەکرێت. تۆماری (زەوی و باخەکانی) بەناوی (مستەفا جەعفەر سوڵتان) (سالار بەگی خەرپانی) و (شێخ ئەحمەد)ەوە بووە. سەرچاوەکان هۆکاری ناونانی ئەم ناوەی بۆ (کۆلێژ)، پێیانوایە لەسەردەمی مەدرەسەی (شێخ عەبدوڵا)ی خەرپانیدا وەقفی فەقێ و قوتابیەکانی بووە. لە هاویناندا وەک هەوارگەیەک بۆ وانەوتنەوە بەکاریانهێناوە. چەندین چەمی گرنگی لەخۆگرتووە، وەک چەمی (هانەیاسەمەن، هانە شارانی، چەمی سەرچەمە و زوزوگلان)ە. بەهۆی زۆریی سەرچاوەکانی ئاوەوە، لە ساڵانی پێشوودا زەوییە بەراوەکانی کراونەتە توتن و لۆکە. لە ئێستادا خاوەندارێتی بۆ خوالێخۆشبوو (دکتۆر ئەسکەندەر نارنجڵەیی) دەگەڕێتەوە. تێیدا چەند پڕۆژەی بەخێوکردنی مەڕوماڵات و مریشک و کارگەی بەرهەمهێنانی قارچکی تێدا کراوەتەوە.
ساڵی ١٩٥٩ گوندی (کێلەسپی) لەگەڵ گوندی (جان جان) لەیەک دراوە و ناحیەی (سیروان) پێکهێنراوە. ساڵی ١٩٥٧ بە فەرمی هەردوو گوندەکە کراون بە یەک. کەوتووەتە سەرەتای لای ڕاستی ئەو ڕێگەیەی لە سیروانەوە بۆ هەڵەبجە دەچێت. بنچینەی ناوەکەی بۆ ئەو کێلەسپی و بەرزانە دەگەڕێتەوە، کە لە دروستکردنی گۆڕستانی گوندەکەدا هەبوون، ئەم کێلانە لە بەردی شاخ تاشراون و زۆرینەیان لە دوو مەتر بەرزتر بوون. هەتا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشێک لەم کێلانە مابوون. دوو لە کێلەکان نوسراوی لەسەر هەڵکۆڵرابوو، لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق مستەفا) ساڵی ١٩٦٣، کێلەکان دیارنەمان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٧ی بەشارەتە.