شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

52 بابەت

لێژەی حاجی کەریم

کەوتووەتە سنوری گوندی (پاڵانیا). گەورەترین و بەناوبانگترین باخی سەردەمی خۆی بووە و شەش دۆنم لە داری هەمەجۆری میوەکان و گوێز و تووی تێدابووە. سەرچاوەی ئاوەکەی کانییەکی ناو باخەکە بووە. بووەتە شوێنی دانیشتنە هونەرییەکان و گۆرانیبێژان تۆمارکردنی چەندین نەواری گۆرانی هەورامی. لە ئێستادا تەنها هەندێک دار و سەرچاوەی ئاوەکەی ماوە.

لێژڵە

کۆمەڵێک باخ و باخاتن لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە)یە و دەڕوانێت بەسەر چەمی (ئاوێسەر)دا. لەبەر لێژییەکەی ئەوناوەی لێنراوە. ڕوو بە خۆرە. پلەی گەرمی بە بەراورد بە دەوروبەری بەرزترە. بەناوچەیەکی شوێنەواریش دادەنرێت و کوپەی زۆر و ئێسقانی تێدا دۆزراوەتەوە. دەڵێن ئەگەر گوند نەبووبێت، ئەوا گۆڕستانی گوندێکی بچوک بووە لە سنوری تەوێڵە.

مزگی

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە (چەمی سەفەر). ناوەکەی بەواتای (باخی مزگەوت) دێت. لە هەنار و هەنجیر و توو پێکدێت. بە ئاوی کانی (خواکەرەم) ئاو دەدرێت. لە لایەن دەسەڵاتدارانی (بابان)ەوە پێشکەش بە (شێخ عەبدوڵای خەرپانی) کراوە هەتا لە بژێوی و سەرچاوەی ژیانی دڵنیا بێتەوە. لە ئێستادا داهاتەکەی ساڵانە بۆ مزگەوتی گوندەکە بەکاردێت و کراوەتە وەقف.

موڵکەڕەش

باخێکە کەوتووەتە بەردەم ڕێگەی دەرەتوێ، کانییەکی تێدایە هەر بەو ناوەوە بەناوبانگە. لە گوێز پێکهاتووە. چەمی (موڵکەڕەشی ژورین) لە بەشی باکور، چەمی باخەکانی دەرەتوێ لەبەشی خۆرهەڵاتی هەڵکەوتووە. بەهۆی بوونی کانی و ئاوە سارد و سازگارەکەیەوە ناوبانگی لە گوندەکە و ناوچەکە هەیە.

نسارێ

کۆمەڵە باخێکن. کەوتوونەتە چەمی خواروو لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە) لە بەردەم ڕێگەی مەرزی (تەوێڵە – شۆشمێ)دان. داری بەرداری گوێز، توو، هونار، مێو، سێو، ... هتد. بە جۆگەی شاجۆ ئاودەدرێن. موڵکی سەعدی بەگی قادربەگی جافرسانە. لەبەرئەوەی کەوتوونەتە بەشی خۆرهەڵاتەوە و شوێنەکەیان نسارە، بۆیە بە نسارێ ناسراون. (نسارە)یشی پێدەوترێت.

هانەچەرمە

چەند باخ و زەویوزارێکن. کەوتوونەتە خوار گوندی (خەرپانی) لە نێوان قوتابخانەی خەرپانی و دەواجنە نوێیەکە. لەکۆندا موڵکی سالار بوون‌. پاش ساڵی ١٩٧٤ بەسەر جوتیارانی ناوچەکەدا دابەشکراوە. بەرهەمەکانی بریتیبووە لە(سێو، توو، هەنجیر). پشت بە ئاوی کانی (هانەچەرمە) دەبەستێت و هەر بەناوی ئەویشەوە ناونراوە.

هانوسوفیەلی

لەچەند باخێک پێکهاتووە. دەکەونە بەشی باشوری گوندی (خەرپانی) لە خوار باخەکانی هانەچەرمەوە دەستپێدەکەن، هەتا ملەگا درێژ دەبنەوە. (حاجی ڕەفعەت فەرج، عەلی فەرج) خاوەندارێتییان کردووە و دواتریش بۆ نەوەکانیان ماوەتەوە. زۆربەی بەرهەمی (توو)یان هەبووە و سەرچاوەی ئاودانیشیان لە کانیی (سۆفی عەلی)یەوە بووە.

هەرمێلێ

باخێکی خۆش و دڵڕفێنە. کەوتووەتە گوندی (دەرەتوێ). کانی و ئاوی سەربەخۆی هەیە و کەوتووەتە نزیکی کەلی (گا کوژە) و لەسەر ڕێگای (کاروانی) نێوان عێراق و ئێران هەڵکەوتووە. کاتی خۆی هەرمێی زۆر بووە، بۆیە ئەو ناوەی لێناونراوە. لە ئێستادا بە زۆری گوێز و هەنار و هەنجیری تێدایە.

هەسارەو چەوتانی

کۆمەڵە باخێکن. کەوتوونەتە باکوری گوندی (خەرپانی) لە سەرەوەی قەڵاتێ. لە باخەکانی(ئەحمەد عەبدولڕەحمان، حەمەعەلی عەبدولڕەحیم، ئادەم عەبدولڕەحیم، ئەسعەد عەبدولڕەحیم، عیزەت مەجید، حەمزە مەجید، یونس عارف، هادی محەممەد کازم حەمەجەبار) پێکهاتوون. زۆرتر بەرهەمی (توو، هەنار)یان هەبووە.

وارگەی ماخە

کەوتووەتە گوندی لمە و نێوان ناونەیجەی سازان لە لێواری ڕووباری سیروان. کراوەتە باخ. زەوییەکەی لمە و نیشتووی ڕووبارەکەیە. قەدپاڵەکانی کراوەتە باخ و لە ڕووبارەوە ئاوی بۆ دێت.

وەرگەدەر

کەوتووەتە خۆرئاوای گەچێنەی باخەکۆن. ڕووبەرەکەی نزیکەی شەش دۆنم دەبێت. لە داری گوێز و هەنار و توو، چەند میوەیەکی تر پێکهاتووە. پێش ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ بەروبومێکی زۆری هەبووە. باخەوانەکەی ناوی (حەمەخان) بووە، بە کانی وەرگەدەر باخەکە و جۆگەکانی باخەکۆن و دەوربەری گەچێنە ئاودێریکراوه.

وەزگێڵ

کەوتووەتە بەشی ناوەڕاستی چەمی شنروێ لە بەشی خۆرهەڵاتەوە. سەرچاوەیەکی ئاوی سازگار و باخێکی دڵڕفێنی هەیە. لە ڕووی جوگرافیەوە کەوتووەتە سنوری گوندی هاوار. بەڵام لەلایەن دانیشتوانی گوندی بۆینەوە خاوەندارێتی دەکرێت. ئەم باخە بەوان فرۆشراوە. لە تەنیشتیەوە تەختاییەکی فراوان هەیە، ناونراوە(خەیارە جاڕ). دەربارەی هۆکاری ناونانی ئەم شوێنە ئەوانەی، کە دەماودەم بیستوویانە دەڵێن: گوایە پیاوچاکێکی ناوچەکە جەوەنەیەک ئاوی پێبووە، ئاوی جەوەنەکەی لەوێدا داناوە پێیوتووە (وەزگێڵە) بەواتا (بەس بگەڕێ و بەدوام کەوە)، دواتر ئەو کانیەی لێ تەقیوە و ناوەکەی بەو ناوەوە ناونراوە. هەرچەندە ئەمە وەک ئەفسانەیەک باسکراوە. بەڵام دەماودەم ڕۆشتووە.

پێشتر 1 2 3