مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

سەردانی مەلیک فەیسەڵی یەکەم بۆ هەڵەبجە

مەلیک فەیسەڵی یەکەم ١٩٢١ هەتا ١٩٣٣ مەلیکی عێراق بووە. ڕۆژی ١٢ی ٦ی ١٩٣١ سەردانی شاری هەڵەبجەی کردووه. ‌له ‌لایەن کاربەدەستان و بەگزادەکانی جاف و سانەکانی هەورامان و شێخانی نەقشبەندی و ژمارەیەک لە خەڵکی شار، پێشوازی لێ کراوە. مەلیک سەردانی قوتابخانەی کوڕانی هەڵەبجەی کردووە و بۆ شەوەکەی لە ماڵی حامیدبەگی جـاف مـاوەتەوە ئەوکـات قـایمقامـی قـەزاکە بووە.

سەردانی موتەسەریفی سلێمانی بۆ گوندی

(عومەر عەلی)ی موتەسەریفی پارێزگای سلێمانی ساڵی ١٩٥٦ بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئیجارەکردنی زەوییەکانی گوندەکە، که ‌پێشتر (حامیدبەگی جاف) موڵکانەی وەرگرتووە، سەردانی گوندی (شیرمەڕ)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) ی کردووە. دواتر بڕیارى داوە ئەو زەوییانە لەژێردەسەڵاتى حامید بەگدا نەمێنێت.

سەردانی مەولانا خالد بۆ تەوێڵە و هەورامان

سەردانیکردنی ناوبەناوی ڕابەر و نوێکەرەوەی تەریقەتی نەقشبەندی مەولانا خالدی شارەزورییە بۆ تەوێڵە. لە نێوان ساڵانی ١٧٩٤-١٧٩٨دا چەندجارێک سەردانی تەوێڵەی کردووە. ئەم سەردانانەی بە گەنجی ئەنجامداوە و لەوکاتەدا شێخ عوسمانی سراجەدین، کە پاشان دەبێتە جێنشینی لە تەوێڵە، ١٤ ساڵان بووە. لەبەر پەیوەندیی دەروونیی بە وڵاتی خۆی و خەلیفە و موریدانییەوە لە هەورامان و ئولفەتی خێزانییەوە، هاوینان بەغدای بەجێهێشتووە و هاتوەتە هەوارەکانی هەورامان. بە تایبەت ساڵانی ١٨٢٠، ١٨٢١، ١٨٢٢ و لە سەر داخوازیی خەڵکی شام ١٨٢٢ هەورامان بەجێدێڵێت.

سەردانی میر ئاڵای عوسمانی بۆ هەڵەبجە

‌ساڵی ١٨٨٨ میر ئاڵای دەوڵەتی عوسمانی (فەریق نامیق پاشا) لەلایەن سوڵتانی عوسمانی بەمەبەستی تاپۆکردنی زەوییەکانی دەشتی شارەزوور و ئەو ڕاپۆرتانەش، کە دژی مەحموود پاشای جاف نێررابوون بۆ ئەستانە، ڕاسپێرراوە سەردانی هەڵەبجە بکات. مەحموود پاشای جافی کەسی یەکەمی عەشیرەتی جاف و قایمقامی قەزای هەڵەبجەی بینیوه و دواتر چووە بۆ لای وەسمان پاشای جاف و عادیلەخانم. کە هەواریان لەزەڵم بووە.

سەردانیکردنی مێجەرسۆن بۆ تەوێڵە

سەردانیکردنی گەشتیار و ئەفسەری بەریتانی مێجەر ئی بی سۆنە، دوای ئەوەی لە خوڕەمشهەرەوە پەیوەندی بە ستافی کۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ –ئێرانییەوە دەکات لە ساڵی ١٩٠٩دا، هەمانساڵ سەردانی هەورامان دەکات و دێتە تەوێڵە، ئەم سەردانە پێش ئەوە بووە، کە بە حاکمی ئینگلیز، بێتەوە بۆ کوردستان، نزیکەی مانگێک لە هەڵەبجە دەمێنێتەوە و ناسراوی لەگەڵ جافرساندا پەیدادەکات. لە ڕێگەی وردەواڵەفرۆشی و چەرچیەتییەوە بە هەوراماندا دەگەڕێت و دەچێتە مەریوان، شارەزاییەکی باشی لە زمان و فەرهەنگی ناوچەکە پەیدا دەکات.

سەردانی وەسیی عێراق بۆ تەوێڵە

وەسی عەبدولئیللا، ناوی (عەبدولئیلا کوڕی شەریف عەلی کوڕی شەریف حسێنی مەککە)یە. ساڵی ١٩١٣ لە وڵاتی حیجاز لەدایکبووە. لەگەڵ باوکیدا هاتووەتە عێراق و سەرەتای خوێندنی لە شاری قودس بووە. کۆلێژی ڤکتۆریای لە ئەسکەندەریە تەواوکردووە. ڕێپێدراوی عێراق بووە لە بەرلین. دوای مردنی مەلیک غازی و دیاریکردنی مەلیکە بچکۆل ١٩٣٩، بووە بە سەرپەرشتیاری مەلیک. ڕۆژی ٢٦ی ٩ی ١٩٥٦ سەردانی هەڵەبجە و شارەدێی تەوێڵەی کردووە. لە تەوێڵە لە سەرەڕێگەی هاتنەناوەوەی، شارەدێیەکەی بە ڕاخستنی فەرش و مەوج بۆ ڕازێنراوەتەوە و بۆ شەوەکەشی لە ماڵی (محەممەدی سان ئەحمەد) ناسراو بە (ڕەئیس)، کە سەرۆکی شارەوانی تەوێڵە بووە، ماوەتەوە. ناوبراو بەڵێنی دابینکردنی کارەبا و پڕۆژەی ئاو و دروستکردنی ڕێگای (تەوێڵە ـ بیاره)ی داوە.

سەردانی وەفدی قەزای هەڵەبجە بۆ لای شێخ مەحموودی حەفید

لە پاش گەڕانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە هیندستان و دیاریکردنی وەک مەلیکی کوردستان و پێکهینانی کابینەی حکومەتەکەی، وەفدێک لە بەگزادەکانی‌ و سەرۆک عەشیرەت و پیاوماقوڵان بەمەبەستی پیرۆزبایی سەردانیدەکەن. هەواڵەکە لە ڕۆژنامەی بانگی کوردستاندا بەم جۆرە بڵاودەبێتەوه:‌ (... بۆ پیرۆزبایی لە شێخ مەحموود، کە پێکدێن له ‌بەگزادەی وەڵەدبەگی جاف جەنابی ئەحمەد بەگی ڕیشێن و محەممەد عەلی بەگ و محەممەد بەگی حەسەن بەگ و‌ حەسەن بەگ و ڕۆستەم بەگ کوڕانی مەڕ‌حووم یار ئەحمەد بەگ لەگەڵ جەنابی شێخ حیسامەدین نەقشبەندی شێخ محەممەد نەقشبەندی کوڕی بۆ زیارەتی حەزرەتی حکومدار تەشریفیان هاتۆته سلێمانی ‌بەخێرهاتن، هەروەها لە حەزرەتانی موحتەرامانی بەگزادەی جاف: جەنابی عەلی بەگی مەحموود پاشا، جەنابی کەریم بەگی ‌فەتاح بەگ، جەنابی حسێن بەگی مەحموودپاشا، جەنابی حامیدبەگ، جەنابی ئەحمەد موختاربەگی وەسمان پاشا، جەنابی ئەحمەد بەگی مەحموودپاشا، جەنابی حسێن بەگی حەسەن بەگ، جەنابی ئەحمەد بەگی حەمەساڵح بەگی جاف، جەنابی داود بەگی حەمەسەعید بەگی جاف، جەنابی محەممەد بەگی فەتاح بەگ، جەنابی شەهاب سەڵتەنە عوسمان بەگی شەرەف بەیانی، ڕۆژی دوو شەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٢ تەشریفیان هاتووە بۆ سلێمانی بۆ زیارەتی حوکمداری کوردستان، لە سەرۆک عەشیرەتەکانیش: لە عەشیرەتی "شاتری" محەممەد ئیبراهیم و ئەحمەد مەحموود، حەمەتالیب سڵێمان عەلی، لە عەشیرەتی "ڕۆخزایی" ساڵحی کاکەخان و ڕۆستەمی حەمەی مەحموود و حەمەڕەشید باباجان، فەتاح کامەران خەسرەو و حەمەعەلی مەحموود، لەعەشیرەتی "تەرخانی" حەمەحەسەن حەمەشاسوار ڕۆبتەن سەلیم ئەحمەد، لە عەشیرەتی "هاروونی" عەلی محەممەد ئەمین و عەبدلکەریم حاجی عەبدلحەمید محەممەد ئەمین، لە عەشیرەتی "سەدانی" خەسرەو مستەفا و ئەحمەد هەڵەبجەی، لە عەشیرەتی "نەورۆڵی" عەلی عەزیز، لە عەشیرەتی "میکایەڵی" ڕۆستەم حەسەن حاجی قادر و عەزیز حەمە گوردون و میرزای حاجی حسەین و حسەینی ئەحمەد شاسوار و حەمەی فەتاحی سمایل و حاجی کاکەوەیس هاتون بۆ سلێمانی).

سەفەربەلک

مەبەست ڕەشبگیری تورکە عوسمانییەکانه،‌ کە لە دوای ١٨٥٠وە بە فەرمانی سوڵتان عەبدولمەجیدی دووەم لەو ناوچانەی کراوە، کە داگیریانکردوون. لەنێوان ساڵی ١٨٥٣-١٨٥٦ بەزۆر خەڵکی پەلکێشی سوپا کردووە. هەتا لە جەنگی یەکەمی جیهانی ١٩١٤ هەڵمەتەکە گەیشتووەتە کوردستان و کوردیان ناردووە بۆ شەڕی بەڵقان و بولغار و کروات، هەروەها لە جەنگەکانیان لەگەڵ ڕووس و ئینگلیز و فەڕەنسادا بەشدارییانپێکراوە. لە شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامانەوە زۆر هاوڵاتییان بردووە و نەگەڕاونەتەوە.

سەگەڕەشی نوگرەسەلمان

سەگی ڕەش و دڕی بیابان و زیندانی نوگرەسەلمانە و بە تایبەت سەگەڕەشی عەجاج ناسراوە. لە پاڵ سەگە سوور و سەگە بۆر و کۆمەڵێک سەگی تری ڕەشدا، لە ئەنجامی خواردنی گۆشتی ئەنفالکراوانی کورد و ئەو تەرمانەی دوای مردنیان، کە دەرخواردی ئەم سەگانەدەدران، هاربووبوون. چیرۆکی ترسناک و بیرەوەری تاڵیان لە بیری ڕزگاربواندا بەجێهێشتووە. لە گێڕانەوەی شایەتحاڵەکانەوە وەک هۆکارێکی ترس و تۆقاندن و سوکایەتی بە بوونی مرۆڤ، باس لەم سەگانە کراوە. لەچەندین سەرچاوە و کتێبدا باسيان لە گەڵ یاداشتی زیندانی نوگرە و ناوی حەجاجدا هاتووە.

سوتانی شارۆچکەی سیروان

ساڵی ١٩٦٣ بە بڕیاری (زەعیم سدیق مستەفا) دەست بە بۆردومانی چڕی شارۆچکەکە کراوە و بەجۆرێک، کە تەنها خانوی (حسەینی مەحموود) لە گەڕەکی جانجان بە نەڕووخاوی ماوەتەوە.

سوتانی گوندی ئاوایی حەمەی مرواری

‌ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی (شارەزوور) گوندی (ئاوایی حەمەی مرواری)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و تەواوی خانوەکانی گوندەکە سوتاون و دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی خورماڵ و گوندی تازەدێ بوون.

سوتانی گوندی بەشارەتى سەروو

‌ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی سوپای عێراق بە سەرپەرشتی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، چەند گوندێک سوتاون‌. لەوانە گوندی بەشارەتی سەرووی سەر به ‌ناحیە‌ی (خورماڵ). جگە لەوەی پێنج خانوی گوندەکە سوتاوە و زيانى زۆر بەر کشتوکاڵ و زەویوزارى خەڵکى گوندەکە گەشتووە، دانیشتوانەکەشی چەند ڕۆژێک ئاوارەی چەمی شەشک بوون.

سوتانی گوندى تەپەزێرینە

‌ساڵی ١٩٨٥ بەهۆی بوونی شەڕێکی نێوان هێزی پێشمەرگە و حکومەت لە نێوان گوندەکانی (گێلەک و گردی قازی)دا، کە بووە هۆی کوشتنی دوو سەربازى حکومەت، کاریگەریی شەڕەکە گواسترایەوە بۆ گوندی (تەپەڕێزینه)‌ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) و لە ناو گوندەکە شەڕ ڕوویداوە، هەندێک لە خەڵکی گوندەکە شوێنەکەیان بەجێهێشتووە. موختاری گوندی تەپەڕێزیینە بەناوی حاجی (عەبدلکەریم سەلیم ڕەزا) لەو شەڕەدا شەهیدبووە و دە خانو سوتاون‌ و زیان بەر دانشتوانەکەی‌ کەوتووە‌.

سوتانی گوندی تەپەکوڕە

سوتانی گوندى (تەپەکوڕە‌)ی سەر به ‌ناحیە‌ی (خورماڵ)ـە. ‌ساڵی ١٩٦١ لەکاتی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی ئەیلول لەلایەن حکومەتەوە گوندەکە بۆردومانکراوە و دانیشتوانەکەی ئاوارەی ناوچەى هەورامان بوون‌. گوندەکە ئەوکاتە نزیکەی ٧٠ ماڵ ‌بووە‌. خەڵکى گوندەکە زەرەر و زیانى زۆریان بەردەکەوێت و بەشى زۆرى خانوەکان دەسوتێن. بۆیە دواى ساڵێک دەگەڕێنەوە و دەستدەکەنەوە بە دروستکردنى خانوەکانیان.

سوتانی گوندی تەپی سەفای خواروو

‌ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی (زەعيم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و لە ئەنجامدا حەوت خانو لەو هێرشەدا سوتاون و دانیشتوانی گوندەکەش‌ ئاوارەی ناوچەکانى هەورامان و گوندەکانى دەوروبەری بوون.

سوتانی گوندی تەپی سەفاى سەروو

ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەردوو گوندی (تەپی سەفای سەروو و تەپی سەفای خواروو) سوتێنراون و زۆربەی خانوەکانیان ڕووخاندووە. بەم هۆیەوە دانیشتوانی هەردوو گوندەکە ئاوارە بوون.

سوتانی گوندی تەکیە

گوندی (تەکیە) سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. له ‌سەرەتای هاوینی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی زەعیم سدیق بۆ ناوچەکە سوتێنراوە. لەو کاتەدا نزیکەی ١١ ماڵی تێدابووه و زۆربەیان سوتێنراون و دانیشتوانەکەشی هیچی وایان بۆ دەرنەچووە و ئاوارەی گوندەکانی تر و بناری شاخەکانی هەورامان و سورێن بوون.

سوتانی گوندی شەشکی خواروو

ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی (شارەزوور)، گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و بەو هۆیەوە چەندین ماڵی گوندەکە سوتێنراوە. دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی دەوروبەر بوون و زۆریان چوونەتە چەمی شێخ ڕەش و خۆيان حەشارداوە. هەندێکی تریشیان ئاوارەى گوندەکانى تر بوون، کە نزیکەی ٣٥ ماڵ لە گوندى شەشکى خواروو بووە.

سوتانی گوندی قەدەفەرى

‌ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی (زەعیم سدیق)ی ئامر لیوای ٢٠ سەر بە حەرەس قەومییەکان بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجه، گوندی قەدەفەریش بەر ئەو هێرش و پەلامارە کەوتووە و سوتێنراوە. لەوکاتەدا نزیکەی بیست ماڵ لە گوندەکەدا بووە. دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی گوندەکانی بناری (هەورامان و سورێن) بوون، بۆماوەى نزیکەی سێ مانگ ئاوارە بوون، ئەمە جیا لەوەى کشتوکاڵەکانیان زیانیان پێگەیشتووە.

سوتانی گوندى کوڵکنیى ئیسماعیل خەسرەو

‌ساڵی ١٩٦٣ له ‌کاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور، گوندی (کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسرەو) سوتاوە و زۆربەى خانوەکان سوتاون و دانیشتوانەکەشی ئاوارەی گوندەکانی (یاڵانپێ و شیرەمەڕ) بوون. دواى چەندین مانگ لە ئاوارەیی بەناچارى خەڵکەکەى گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکە و دووبارە دەستیانکردووەتەوە بە ئاوەدانکردنەوەى ماڵەکانیان.

پێشتر 1
...
5 6 7
...
48 دواتر