مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

زیارەتی هەورامیان

زیارەتی هەورامیان ناوی ئەو شوێنەیه،‌ کە کە‌وتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (ئەحمەدئاوا). لەم شوێنەدا هەورامییە وەرزێرەکانی سانەکان لەسەر خەرمان خەوتوون. لە ئەنجامی ناکۆکی و ململانێی نێوان سان و بەگزادەکانی جاف، بەگزادە شەو دەچنە سەریان و دەیانکوژن و خەرمانەکان دەسوتێنن. ئەم ڕووداوە دەبێتە مایەی نیگەرانی شێخەکانی نەقشبەندی. بۆ ئەو مەبەستە شێخ ئەحمەدی کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵە، ساڵی ١٨٦٥ لە تەوێڵەوە هاتووەتە نزیک ئەم شوێنە و ئەحمەدئاوای ئاوەدانکردووەتەوە و کەوتووەتە نێوان سان و بەگزادەکانی جاف.

‌ژێرئاوکەوتنی گوندی‌ کشەیەر‌

ساڵی ١٩٦٣ بەهۆی زۆربوونی ئاوى دەریاچەی دەربەندیخان، گوندی (کشەیەری کۆن) سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) بووە بەژێرئاوەوە. بەهۆی ئەوەی گوندەکە کەوتووەتە باکوری دەریاچەکەوە‌، ئاو گرتوویەتییەوە و دایپۆشیوە. دانیشتوانەکەی گوندەکەیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون، کە لەو کاتانەدا نزیکەی ١٢ خێزان بوون‌. ‌ساڵی ١٩٧٣ له ‌گردی (چاڵەڕەش) لە سەرووی گوندە‌ کۆنەکەوە دووبارە گوندێکیان دروستکردووەتەوە.

ساڵی ئاوڵەکە

بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵە بووە لە چەند گوندێکی هەوراماندا بە تایبەتی لە شارەدێی (تەوێڵە)، لە ساڵی ١٩٣١دا نەخۆشییەکە بەجۆرێک بووە بەپێی یاداشتیکی قادر بەگ ژمارەی مردن تەنها لە تەوێڵەدا ١٠٩ کەس بووە، ئەوە جگە لەوەی کاریگەری نەخۆشییەکە بە دەموچاوی منداڵانی ئەو ساڵەوە دەرکەوتووە.

ساڵی تاعونەکە: قڕان

ساڵی ١٨٥٩ بە ساڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تاعوون لە ناوچەی خورماڵ و گوندەکانی دەوروبەریدا ناسراوە، بەجۆرێک ڕێژەی مردن بەرزبووەتەوە، گوندی واهەبووە کەسی لێدەرنەچووە، وەک گەلباخی بەردەمی هانەی قوڵ، بۆیە ناوی لێنراوە (قڕان). چەند ساڵێکی تریش تاعوون بڵاوبووەتەوە. دەفتەر و یاداشتی خوێندەواران و تەنانەت فۆلکلۆر و شیعری شاعیرانیش ئاماژەیان بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکانی تریش کردووە. بوونی ئەشکەوتیک بە ناوی تاعوونیان سەلمێنەری کاریگەریی نەخۆشییەکەیە لەسەر خەڵکی.

ساڵی کۆچ و لیرە

مەبەست ساڵی گرانییە گەورەکەی ساڵی ١٩١٧یە کە بەهۆی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە باشوری کوردستان دەگرێتەوە. هەڵەبجە و هەورامانیش لەو سەختی و ناڕەحەتییەیان بەرکەوتووە. سەروەت و سامان هەرزان بووە و خواردن گران. لە تەوێڵەدا بەو ساڵە وتراوە (کۆچ و لیرە) واتە مەنێ گەنم بە یەک لیرە بووە. ناوچەکەی گرتووەتەوە و خەڵکی هەورامان بەهۆی بوونی (توو، بەڕوو، مێوژ) توانیویانە گرانییەکە تێپەڕێنن.

ساڵی هەراکە

ڕووداوێکی مێژووییە و لە گوندی (گڵێجاڵ) ڕوویداوە. لە بشێوییەکانی پاش کوژرانی "مەلا یوسفی گڵێجاڵی"دا لە هاوینی ١٩٤٦ بە دەستی خزمەتکارێکی شێخ، خزمەکانی ئاگریان لە ماڵی هاوینەی شێخزادەیەکی هەورامان (زاهید) لە پێدەشتی ئاواییەکە بەرداوە، بەم هۆیەشەوە کەلوپەلەکەی سوتاوە و ژن و منداڵی شێخ بەرەو خانەقای نەقشبەندییەکان لە (گمە) دەربازکراون. بۆ تۆڵەکردنەوەی ماڵەکەش، موریدان و خەزوورانی شێخ لە ناوچەی (سەلاسی باوەجانی) ئێرانەوە، لەشکریان هێناوەتەسەر (گڵێجاڵ). بەم هۆیەشەوە ئاواییەکە دووچاری ناخۆشی بووەتەوە. لە پاش هێرشەکە، خەڵکی گوندەکە ئاوارەبوون و بەرە و گوندەکانی دەورووبەر لە پشتکێوی بەمۆ ڕۆشتوون. بۆ ماوەی ساڵێکیش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، ئەمەش لە یادەوەریی خەڵکی ناوچەکە بە "ساڵی هەراکە" بەناوبانگە. هێزێکی پۆلیس لە گڵێجاڵ بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە جێگیرکراوە. لەسەر ئەمەش شێخەکان سکاڵایان لە "شاکر فەتاح"ی قایمقامی هەڵەبجە کردووە لە بەغداد، بەڵام بە پێی گێڕانەوەی خۆی وەزارەتی ناوخۆ پشتیوانی لە ڕێوشوێنەکانی قایمقام کردووە، ناوبراویش دادگای بە کەمتەرخەم لە ئاست لێپێچینەوە لە کوژرانی دوو کەس لە گڵێجاڵ داوەتەقەڵەم.

سەردانیکردنی ئەدمۆندز بۆ هەورامان

سەرادنیکردنی ڕۆژهەڵاتناس و سیاسەتمەداری بەریتانی و ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراقی سیسیل جۆن ئەدمۆندزە، لە نێوان ساڵانی ١٩١٩-١٩٤٣، بەچەند مەبەستێکی سیاسی و فەرهەنگی و دانوستان، سەردانی بیارە و تەوێڵە و هانەگەرمڵە و باخەکۆن و ئێلانپێی هاواری کردوە. لەگەڵ سەردارانی شوێنەکان کۆبووەتەوە، لەوانە، قادربەگی جافرسان لە تەوێڵە و ئەفراسیاب بەگ لە هانەگەرمڵە و مەحمود خانی دزڵی لە ئـێڵانپێ. هەندێک شوێنیان چەندجارێک سەردانیکردووەتەوە و چەند شەوێک ماوەتەوە، لەوانە تەوێڵە. یەکەم سەردانی ساڵی ١٩١٩ و دووەمجار ساڵی ١٩٤٣ بووە. وەسفیکی وردی بیناسازی و باخ و پیشەکانی کردووە.

سەردانەکانی شێخ مەحموودی حەفید بۆ خورماڵ

١- شێخ مەحموودی حەفید و جەنگاوەرانی لەپاش وەدەرنانیان لە ئەشکەوتی جاسەنە و سنوری سلێمانی و شارباژێڕ، لە ساڵی ١٩٢٥ ڕوویانکردووەتە‌ زنجیرە شاخی سورێن لە سنوری ناحیەی خورماڵ و هەتا ساڵی ١٩٢٧ ماونەتەوە و‌ لەو ماوەیەدا چەند ڕووبەڕووبوونەوه ‌و پێکدادان و ڕێکەوتن و دانیشتنێکیان لەگەڵ ئینگلیز و ڕژێمی پادشایەتیدا کردووە. ٢- بۆ جاری دووەم و پاش ئەوەی چەندین هاوڵاتی لە خۆپیشاندانی ١٩٣٠ شەهیددەبن، شێخ مەحموود بڕیاردەدات واز لە ژیانی پەناهەندەی بهێنێت و بە‌ هێزێکی زۆرەوە لە گوندی پیرانی خۆرهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو گوندەکانی‌ بناری سورێن دێت و لە گوندی ڕیشێنی سەر ناحیەی خورماڵ بنکە دادەنێت و لەماوەیەکی کەمدا خورماڵ ئازاد دەکات. لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٩٣١، شێخ مەحموود سەردانی خورماڵ دەکات و دەبێتە میوانی سەعید ئەفەندی بەڕێوەبەری ناحیەکە.

سەردانی ئەدمۆندس بۆ گوندی یاڵانپێ

(سیسیل جۆن ئیدمۆندس) بە (ئەدمۆندس) ناسراوە. ئەفسەری باڵای ئینگلیز و سیاسی و مێژوونوسە و ساڵی ١٩٢٢ کراوەتە جێگری حاکمی سیاسی ئینگلیز لە قەزای (هەڵەبجە). ئەرکی دامرکاندنەوەی نەیارانی ئینگلیز بوو، کە (مەحموودخانی دزڵی) لە سنورەکە پاڵپشتی شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی حەفیدی دەکرد. لە یادداشتەکانیدا بەم جۆرە باسی سەردانەکەی دەکات (بەمەستی وتووێژ لەگەڵ مەحموودخانی دزڵی سەرۆکی تائیفەی بارام بەگییەکان، سەردانەکە ‌له ‌مانگی ئەپرێل بۆ گوندی یاڵانپێ له ‌بناری هەورامان ئەنجامی گرت... لەنێوان ژمارەیەک عەشایەری مێزەر زلی چەکدار دانیشتبووم، کە چەپ و ڕاست فیشەکدانیان لەخۆیان هاڵاندبوو. هەیوانێکی بەر ئاوڵە دەیڕوانیییە ‌بنارێکی داپۆشراو بە داربەڕوو و دەشتی شارەزوور هەتا ئەو جێیەی چاو هەتەرەی دەکرد دیمەنی ناوچەکە بەرەو خۆرئاوا بەتەنیشتی چیاکاندا دەبینرا، قسەو باسەکانی ئەو ڕۆژەم لەبیر نییه، بەڵام بەڕواڵەت سەرکەوتوبوون یان ڕێگایان بۆ سەرکەوتن خۆش کرد).

سەردانی بێڵ بۆ لای ئەفراسیاو بەگی ڕۆسەم سان

سەردانیکردنی شوێنەوارناس و گەشتیار و دیبلۆماتکاری ئینگلیز (گیرترود بێڵ)ـە بۆ لای سالار ئەفراسیاو بەگی ڕۆستەم سان لە گوندی (هانەگەرمڵە) و مانەوەی بۆ شەوێک لە کۆشکی سالار، کە لە شەوی ١٣ لەسەر ١٤ تشرینی یەکەمی ١٩٢١ بووە. شەوێک پێش ئەوەی بێڵ بگات، هەسەن بەگی کوڕی جافرسان لە ئەشکەوڵ بە دەستی کەیکاوس ناوێکی خەڵکی چۆڕ و نەنەی لای مەریوان، کوژراوە. بێڵ دوای گەشتێکی بۆ هەڵەبجە سەردانی هەورامانی کردووە و ئەوانەی ئامادەی دانیشتن و میواندارییەکە بوون: کاپتن دوگڵاس، قادربەگی جافرسان و هەر سێ کوڕە بچووکەکەی ئەفراسیاو بەگ بوون. بێڵ وەسفێکی کۆشک و گوندەکە و نێوانی سالار و قادربەگ و ئاوهەوای نێوان بیارە و هانەگەرمڵەی کردووە.

سەردانی پیرەمێردی شاعیر بۆ خورماڵ

پیرەمێردی شاعیر، کە ناوی (حاجی تۆفیق بەگی کوڕی مەحموود بەگی کوڕی هەمزائاغای مەسرەف‌)ـە. ساڵی ١٨٦٧ لەدایکبووە و ١٩٥٠ کۆچیدواییکردووه. ڕۆژی ٢١ی ئابی ساڵی ١٩٤١ سەردانی شارۆچکەی خورماڵی کردووە و چووەتە مزگەوتی گەورەی خورماڵ و بە هۆنراوەیەک ڕەخنەی لە شێخەکان گرتووه،‌ کە خزمەتی مزگەوتەکە ناکەن و وتوویەتی: چوومه مزگەوتی خورماڵ بە گریان ئاخ ڕۆژی ڕەش و وێران و عوریان...

سەردانی حەسەن زیرەک بۆ هەڵەبجە

لەسەر بانگهێشتی هونەردۆست و دەنگخۆشی هەڵەبجە (وەستا فازیلی خەیات ١٩٢٠-١٩٩٩)، لە پایزی ١٩٦٧ و لە چوارەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، هاوڕێ لەگەڵ هونەرمەند (مەحموودی تۆفیق شیلک) و میوزیسیانان (شەوکەت ڕەشید، سەلاح ڕەشید)، لە ماڵی وەستا فازیل لە گەڕەکی جولەکانی شارەکە، ئاهەنگێکی گۆڕانی و موزیک بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی سازکراوە و کاسێتی ئەو گۆڕانیانە لای موزیسیان (ئازاد ساڵح) پارێزراوە. خەڵکی لە سەربانەکانەوە گوێیان لە گۆڕانییەکان گرتووە و بۆ نەمری هێشتنەوەی شەوە ئاهەنگەکە و یادی زیرەک، پەیکەرێکی لە حەوشەی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە بۆ دروستکراوە.

سەردانی دانیال میتران بۆ هەڵەبجە

ڕۆژی ٧ی ٧ی ١٩٩٢ دانیال میترانی خانمی یەکەمی فەڕەنسا و میسیۆ بێرنارد کۆشنێری وەزیری ڕۆشنبیریی و پەیوەندییەکانی فەڕەنسا، بەمەبەستی بینینی هەڵەبجە و ئاستی ئەو تاوانکارییانەی ڕژێمی بەعس دژ بە شارەکە ئەنجامیداوه، ‌سەردانی شاری هەڵەبجەیان کردووە و لەلایەن ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی حیزبی و حکومی پێشوازییانلێکراوە. لە وتارێکدا ئەندازیار ئیسماعیل حاجی ئەحمەد غوڵامی وەک نوێنەری ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، باسی لە تاوانی کیمیابانی هەڵەبجەی بۆ کردوون. دواتر چاویان بە ژمارەیەک لە بریندارانی تاوانەکە کەوتووه و سەردانی ژمارەیەک لە گەڕەک و کۆڵانەکانی هەڵەبجەیان کردووە.

سەردانی سەرۆک کۆمارەکانی عێراق بۆ هەڵەبجە

لە پاش ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ژمارەیەک له سەرۆک کۆمارەکانی عێراق سەردانی شاری هەڵەبجەیان کردووە. لە گۆڕینی پاشایەتی ١٩٥٨ هەتا ٢٠٠٣ هیچ سەرۆکێکی عێراق سەردانی شارەکەی نەکردووە. ١- غازی عەجیل یاوەر: لە ٢١ی ٧ی ٢٠٠٤ سەردانی شارەکەی کردووە. ٢- جەلال تاڵەبانی: لە ماوەی (٢٠٠٥ هەتا ٢٠١٤) سێ جار سەردانی شارەکەی کردووە. ٣- فوئاد مەعسووم: لە مانگی ٣ی ٢٠١٥ سەردانی شارەکەی کردووە. ٤- بەرهەم ئەحمەد ساڵح: لە ٢٨ی ١٠ی ٢٠١٨ سەردانی شارەکەی کردووە. ٥- لەتیف جەمال ڕەشید: لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٣ سەردانی شارەکەی کردووە.

سەردانی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بۆ هەڵەبجە

گۆڕانیبێژ (سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی) خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستانە. ساڵی ١٩٣١ سەردانی شاری هەڵەبجەی کردووە. لەو کاتانەدا گروپێکی ٢٠ هەتا ٣٠ کەسی لە هونەردۆست و دەنگخۆش لە شارەکەدا هەبوون، لەوانە ((عەلی عەبدوڵا)ی باوکی ع. ع. شەونم، حسەین عەزیز، حەسەن حەمەمراد، حەسەنی تاقەسوار، مێردمنداڵانی وەک حەمەساڵح حاجی سەعید، فازیلی وەستا سادق). وەک نەریت هەر شەوەی لە ماڵی یەکێکیاندا لەگەڵ میوانانیان بۆ نانخواردن کۆبوونەتەوە و بەزمیان گێڕاوە. بۆ یەکەمجار سەید ئەسغەریش بەشداری لەگەڵدا کردوون.

سەردانی شای عێراق بۆ کێلەسپی و جانجان

لە تەمموزی ١٩٥٦، مەلیک فەیسەڵ کوڕی مەلیک غازی، پاشای عێراق بەسەردانێک گەیشتووەتە ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە. لە سەرچاوەی ئاوی کانیە قوڵکە لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (سیروان - هەڵەبجە) لایداوە، جەماوەرێکی زۆر پێشوازییانلێکردووە و ئاژەڵیان لەبەر پێیدا سەربڕیوە. لەو کاتەدا لیوای ٢٠ی سوپای مەلەکی لە کێلەسپی و جانجاندا بووە، هەربۆیە ئامادەکاریی بۆ مەشقی سەربازیی و کۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕانی جەماوەریی کراوە. ئەم سەردانە هۆکار بووە بۆ گۆڕینی پلەی کارگێڕیی هەردوو گوندەکە بۆ (ناحیە)، هاوکات حکومەتی مەلەکیی عێراق دەیان فەرمانگەی میریی لە شارۆچکەی سیرواندا کردووەتەوە، بەتایبەتی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی.

سەردانی شێخ مەحموودی حەفید بۆ گوندی یاڵانپێ

شێخ مەحموودی حەفید ساڵانی ١٩٢٥ هەتا ١٩٢٧ لە شاخی (سورێن) و سنورەکە ماوەتەوه. ‌ساڵی ١٩٢٦ شێخ مەحموود و چەکدارەکانی بە ‌مەستی بینینی (مەحمودخانی دزڵی) سەردانی گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ)ی کردووە. ئەوکات گوندەکە لە سنوری دەسەڵاتی مەحمودخانی دزڵیدا بووە. شێخ لەماڵی ڕیشسپیی گوند (حاجی حەمەزەمان بەگ) نانی خواردووە و چەکدارەکان دابەشبوون بەسەر ماڵەکانی تری گوندەکەدا‌. ئەم سەردانە لە دەماودەمی خەڵکەکەدا وەک میژوو باس کراوە و لەلایان بە ساڵی سەردانەکەی شێخ مەحموو بەناوبانگە.

سەردانی شێخ مەحموود بۆ لای سالار

ساڵی ١٩١٩ شێخ مەحموودی حەفید سەردانی گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامانی کردووە و لەگەڵ (سالار مستەفا بەگی جافرسان)ی حاکمی بەڵخە و دەگاشێخان و خەرپانی کۆبووەتەوە. سالار و شۆڕشگێڕەکانی هەڵەبجە و هەورامان پشتیوانی شێخیان کردووە و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ بەستوون و بەشداری شەڕی ئەشکەوڵیان کردووه. بەم هۆیەوە ئینگلیزەکان بۆردومانی گوندی بەڵخەی هەورامانیان کردووە.

سەردانی مەلیک فەیسەڵی دووەم بۆ هەڵەبجە

مەلیک فەیسەڵی دوووەم، کە بە (مەلیکە بچکۆل) ناسراوه و ساڵی ١٩٣٩ بۆ ١٩٥٨ مەلیکی عێراق بووە، ڕۆژی ٢٦ی ٩ی ١٩٥٦ سەردانی قەزای هەڵەبجەی کردووە و لەلایەن کاربەدەستان و بەگزادەکانی جاف و سانەکانی هەورامان و شێخانی نەقشبەندی و سەرۆک عەشیرەت و ژمارەیەک لە خەڵکی شارەکەوە‌ پێشوازیلێکراوە. یەکەم سەردان و کۆتا سەردانی بووە بۆ شوێنەکە. له ‌بیرەوریی دانیشتوانی هەڵەبجەدا وەک ڕۆژێکی تایبەت ماوەتەوە. گرنگترین خاڵی سەرکەوتنی ئەم سەردانە بۆ ناوچەکە بڕیاردانی مەلیک بووه.‌ کە هەردوو گوندی (جانجان) و (کێلەسپی) بکرێتە (ناحیە)یەک و بەناوی (دوجەیل) لەیەک بدرێن، کە دواتر بوو بە (سیروان)ی ئێستا.

سەردانی مەلیک فەیسەڵی یەکەم بۆ خورماڵ

مەلیک فەیسەڵی یەکەم ١٩٢١ هەتا ١٩٣٣ مەلیکی عێراق بووە. لە هاوینی ساڵی ١٩٣٣ وەک دووەمین سەردانی بۆ سنوری هەڵەبجه ‌و یەکەمین سەردانی بۆ شارۆچکەی خورماڵ، بەمەبەستی سەردانی (شێخ حیسامەدینی نەقشبەندی)، سەردانیکردووە. لەناو بازاڕی خورماڵەوە به گەڵاو گوڵی ژاڵە تاقێکیان بۆ ڕازاندووەتەوە و چرای لۆکسیان پێوە هەڵواسیوە. شێخ حیسامەدین، لە دەرگای حەوشەی ماڵەکەی، کە لە هەمان کاتدا مزگەوتیش بووە‌، چاوەڕوانیکردووە.

پێشتر 1
...
4 5 6
...
48 دواتر