سەردانی وەفدی قەزای هەڵەبجە بۆ لای شێخ مەحموودی حەفید

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لە پاش گەڕانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە هیندستان و دیاریکردنی وەک مەلیکی کوردستان و پێکهینانی کابینەی حکومەتەکەی، وەفدێک لە بەگزادەکانی‌ و سەرۆک عەشیرەت و پیاوماقوڵان بەمەبەستی پیرۆزبایی سەردانیدەکەن. هەواڵەکە لە ڕۆژنامەی بانگی کوردستاندا بەم جۆرە بڵاودەبێتەوه:‌ (... بۆ پیرۆزبایی لە شێخ مەحموود، کە پێکدێن له ‌بەگزادەی وەڵەدبەگی جاف جەنابی ئەحمەد بەگی ڕیشێن و محەممەد عەلی بەگ و محەممەد بەگی حەسەن بەگ و‌ حەسەن بەگ و ڕۆستەم بەگ کوڕانی مەڕ‌حووم یار ئەحمەد بەگ لەگەڵ جەنابی شێخ حیسامەدین نەقشبەندی شێخ محەممەد نەقشبەندی کوڕی بۆ زیارەتی حەزرەتی حکومدار تەشریفیان هاتۆته سلێمانی ‌بەخێرهاتن، هەروەها لە حەزرەتانی موحتەرامانی بەگزادەی جاف: جەنابی عەلی بەگی مەحموود پاشا، جەنابی کەریم بەگی ‌فەتاح بەگ، جەنابی حسێن بەگی مەحموودپاشا، جەنابی حامیدبەگ، جەنابی ئەحمەد موختاربەگی وەسمان پاشا، جەنابی ئەحمەد بەگی مەحموودپاشا، جەنابی حسێن بەگی حەسەن بەگ، جەنابی ئەحمەد بەگی حەمەساڵح بەگی جاف، جەنابی داود بەگی حەمەسەعید بەگی جاف، جەنابی محەممەد بەگی فەتاح بەگ، جەنابی شەهاب سەڵتەنە عوسمان بەگی شەرەف بەیانی، ڕۆژی دوو شەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٢ تەشریفیان هاتووە بۆ سلێمانی بۆ زیارەتی حوکمداری کوردستان، لە سەرۆک عەشیرەتەکانیش: لە عەشیرەتی "شاتری" محەممەد ئیبراهیم و ئەحمەد مەحموود، حەمەتالیب سڵێمان عەلی، لە عەشیرەتی "ڕۆخزایی" ساڵحی کاکەخان و ڕۆستەمی حەمەی مەحموود و حەمەڕەشید باباجان، فەتاح کامەران خەسرەو و حەمەعەلی مەحموود، لەعەشیرەتی "تەرخانی" حەمەحەسەن حەمەشاسوار ڕۆبتەن سەلیم ئەحمەد، لە عەشیرەتی "هاروونی" عەلی محەممەد ئەمین و عەبدلکەریم حاجی عەبدلحەمید محەممەد ئەمین، لە عەشیرەتی "سەدانی" خەسرەو مستەفا و ئەحمەد هەڵەبجەی، لە عەشیرەتی "نەورۆڵی" عەلی عەزیز، لە عەشیرەتی "میکایەڵی" ڕۆستەم حەسەن حاجی قادر و عەزیز حەمە گوردون و میرزای حاجی حسەین و حسەینی ئەحمەد شاسوار و حەمەی فەتاحی سمایل و حاجی کاکەوەیس هاتون بۆ سلێمانی).

سەرچاوەکان:

  1. هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، حەکیمی مەلا ساڵح، چاپخانەی چوارچرا، چاپی دووەم، ٢٠١١، ل٢٥٥ و ٢٥٦.

ئامادەکردنی: سەرچڵ یونس عەبدولکەریم

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

فرۆشتنی موڵکەکەکانی شێخانی نەقشبەندی

فرۆشتنی موڵکەکان و گوندی ئەحمەدئاوایە لە لایەن بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندی بە مەحموودخانی دزڵی. دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ مەحموود و دابەشبوونی بەگزادە و سەرانی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان بە سەر لایەنگری شێخ مەحممود و چوونە پاڵ بەریتانیەکان، لە ساڵانی ١٩١٨ بۆ ١٩١٩دا ناکۆکییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکە و ئەحمەدئاوا دەبێتە مەکۆی شەڕ و کوشتار. بنەماڵەی بەگزادەکانی هەڵەبجە و بەریتانیەکان لە لایەک و مەحمودخانی دزڵی و پشتیوانانی لە شێخ مەحموود لە لایەکی ترەوە، کێشەی سەندنی باج لە خەڵکی سەرهەڵدەدات، بە هۆی بێلایەنیی شێخانی نەقشبەندی و ترسی فەوتانی موڵکەکانیان، ئەم ڕێکەوتنە ئەنجامدراوە، بەو هۆیەوە ئەحمەدئاوا بووەتە شوێنی پەنای مەحموودخان و سوارەکانی، ئەمەش مایەی بێزاریی ئینگلیزەکان بووە، بۆیە بۆردومانکراوە.

قاتوقڕی و گرانی لە سنوری هەڵەبجە

لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی نۆزدە و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەهۆی کەمی و بێبەرهەمی کشتوکاڵ و دانەوێڵە لە سنوری قەزای هەڵەبجە و گرانبوونی نرخی کاڵا و شمەک، کاربەدەستانی سنوری هەڵەبجە و لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٩ نوسراویان بۆ والییەکانی میسر و ئەدەنە و سەیدا و قایمقامی ئەنتاڵیا کردووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەندەری ئەسکەندەروونەوە خۆراک و پێداویستی بگەیەنرێتە ناوچەکە و هانی بازرگانەکان بدرێت و تەماح بخرێتە بەردەمیان و لەوە ئاگادار بکرێنەوە، کە خەڵکی ناوچەکە لە چ ڕەوشێکی خراپدان، هەروەها ڕاسپاردەش دراوەتە کاربەدەستانی تەڕابلووسی شام، هەتا بە خێرایی کەشتیگەلی بارە گەنم بنێرنە بەندەری ئەسکەندەروونە بە مەبەستی گەیاندنی بە خەڵکی ناوچەکە. لەلایەکی تریشەوە بە کاربەدەستانی ئەدەنە و ئەنتاڵیا ڕاگەیەنراوە، کە ئەگەر لە حاڵێکدا ئازووقەی مولتەزیم (ئەوانەی بەرانبەر پارەیەکی دیاریکراو کۆکردنەوەی باج و خەراجیان لە دەوڵەت دەکڕییەوە) و بازرگانەکان بوونی هەبێت، پێویستە بە هاندان و تەماحپێدانیان ئەندازەی پێویست لەو ئازووقەیە بەخێرایی باربکرێتە کەشتییەکان و بەرەو بەندەری ئیسکەندەروونە بنێردرێت و لەوێشەوە بۆ ناوچەکە.

کارەساتى ١٩٦٤ی‌ گوندى حەسەنئاوا

بەهۆى شەڕی پێشمەرگه ‌و سوپاى عێراق لە ساڵی ١٩٦٤ هێرشکراوەتە سەر‌ گوندەکە و چوار کەس (کەريمى فەتاح و ساڵحى حەمەى حەمەمين و سۆفى کەريم و فەتاح کە (خوشکەزاى سۆفى کەريم بووە) و ميوانى خاڵى بووە و خەڵکى سەرشاتە بووە و لەو کاتەدا بە ميوانى لە حەسەن ئاوا بووە)، شەهیدبوون.

کڕینەوەی موڵکەکانی مەحموودخانی دزڵی

کڕینەوەی باخ و موڵکەکانی مەحموودخانی دزڵییە لە گوندی ئەحمەدئاوا لە لایەن شێخ عەلادینی نەقشبەندییەوە، دوای بەدیلگرتنی مەحموودخان لە ساڵی ١٩٣١ و ڕادەستکردنەوەی بە عێراق، دوای دووساڵ و لە ١٩٣٣دا ئینگلیزەکان بۆ ئازادکردنی داوای پارەیەکی زۆر دەکەن، لەو کاتەدا پەیداکردنی بۆ خزم و کەسەکانی لە دزڵی گران بووە و کەسیش توانای کڕینەوەی باخەکانی نەبووە، شێخ ئامادەیی دەردەبڕێت و دەیانکڕێتەوە. وا مەزەندە دەکرێت نرخیان حەوت کیسەخەنەی لیرەی ڕەشادی و پارەی زیوی سپی بووە. خاتوو ڕابیعەی خێزانی شێخ، کە خەڵکی (دیرالزور)ی سوریا بووە، ئاڵتون و بەشی خۆی لەوێ هێناوە بۆ کڕینەوەیان و ساڵی ١٩٣٦ ئەحمەد ئاوا بە موڵکی شێخ عەلادینی بیارە ناسێنراوە.

کشانەوەی قوتابخانە لە تەوێڵە

لە ئەنجامی ململانێ و خراپیی بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکاری و شۆڕشەکانی کوردەوە، چەند جارێک لە لایەن میرییەوە هەوڵی کێشانەوەی دەزگاکان دراوە و بەو هۆیەوە قوتابخانە لە تەوێڵە داخراوە و چەندین کەس لەخوێندن بێبەشکراون‌. لەگەڵ کشانەوەدا شۆڕش بۆشاییەکەی بە دانانەوەی قوتابخانە پڕکردووەتەوە. ساڵی ١٩٦٢ ماوەیەک داخراوە، ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٤ تەواوی ساڵەکە داخراوە، لەم ساڵەدا شۆڕش یەکەم قوتابخانەی خۆی کردووەتەوە. ١٩٦٥ بۆ ١٩٦٦ داخراوەتەوە و ١٩٦٧ کراوەتەوە. ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٥ داخراوەتەوە و مامۆستا و قوتابیەکی زۆر هاتوونەتە نێو شۆڕشەوە و تاقیکردنەوە لە مانگی ئەیلولدا لەناو باخەکان ئەنجامدراوە. هیچ کام لەو ساڵانەی، کە شۆڕش قوتابخانەی بەڕێوەبردووە، بە ساڵی دەرچوون ئەژمار نەکراوە.

کۆبوونەوەکەی ئاوێسەر

بریتییە لە کۆبوونەوەی زاناو شێخ و سان و وەکێل و بەگزادە و پیاوماقوڵ و جەماوەری هەورامان و مەریوان و جوانڕۆ بۆ پشتیوانی و پشتگیریی کۆماری مەهاباد و وەڵامدانەوەی نوێنەری پێشەوا قازی محەممەد. کۆبوونەوەکە لە تەمووزی ١٩٤٦ لە هاوینە هەواری ئاوێسەر ئەنجامدراوە و سێ شەو و ڕۆژی خایاندووە. خەیمە و کەپر و چادر هەڵدراوە و خەڵکی تەوێڵە و بیارە و دزاوەر و کەیمنە و دەوروبەریان بەشداربوون. لەو ناودارانەی بەشداربوون: (حەمەئەمین سان، هەسەن سان، عەبدولڵاخان، محەمەسان، قادر بەگی تەوێڵە و ... هتد). کۆبونەوەکە ئەنجامی باشی هەبووە و بروسکەی پیرۆزبای و پشتیوانی بۆ کۆماری کوردستانی لێداوە. کۆبونەوەکە بە ئاهەنگ و گۆڕانی تەواوکراوە و ئاوێسەر بووەتە مەکۆی پشتیوانی بۆ حکومەتەکەی کۆماری کوردستان.