کۆشکی پاشا

دواین نوێکردنەوە: 2026-10-15


وەسمان پاشای جاف لە هەڵەبجە لەسەر ڕووبەرێکی (٢٨بە ٢٨م٢) بە شێوەیەکی ئەندازەیی جوان لەسەر شێوەی هەندێک لە کۆشکەکانی سەفەوی و عوسمانی دروستیکردووە. دوو بۆچوون لەسەر نەخشەکەی هەیە. بۆچونێک، کە ئەندازیار و وەستاکانی سنە هێناویانە و لە ئەندازەی سەفەویەوە وەرگیراوە، بۆچونێکی دیکە ئەوەیە، کە باوکی فایەق بێکەس لە ئەستەنبوڵەوە هێناویەتی. ساڵی ١٩٠١ دەست بە دروستکردنی کراوە و دوو ساڵی خایاندووە. کەوتووەتە ناوەڕاستی هەڵەبجەوە. لە دوو نهۆم پێکهاتووە. تێکڕا ١٧ ژوور بووە. لەخوارەوە تارمە و داڵانی گەورە و لەسەرەوە پان و بەرهەیوانی فراوان. ناوەڕاستی نهۆمی خوارەوەی گومەزیەی گەورەی هەشت پاڵوویی بووە، کە سەرجەم ڕێڕەوی ژوورەکان و هۆڵەکەی بەستوەتەوە و چوار دەرگای هەبووە. دەرگاکان بەرانبەر یەک بە نەخش و هەڵکۆڵینی جوان ڕازاونەتەوە، بەهەمان شێوەش نهۆمی دووەم داڕێژراوە. لەکاتی خۆیدا تێکڕای ژوورەکان بە قاڵی و مێزی جوان ڕازاوەنەتەوە دەرگا سەرەکییەکانی نهۆمی دووەم دوو دەرگا بووە و لە ڕووی باکور و باشورەوە. دوو دەرگای ناسەرەکیش لە خۆرهەڵات و خۆرئاوایەوە. لە هەر چوارگۆشەیەکی نهۆمی دوەمدا چوار قوللەی ئیشکگری هەبووە. لەسەرووی نهۆمی دووەمەوە هۆڵێکی گەورەی لە تەختەی دراگوێز بە شێوە گومەزی دروستکراوە، کە ژووری لەسەر نییە و بۆ کۆبوونەوە و سەفا بەکارهاتووە. ڕووی خۆرئاوای کۆشک، خانوی وەسمان پاشا و تاهیربەگی شاعیر بووە، کە بە پردێکی لە تەختە دروستکراو لەسەر ١٠ کۆڵەکەی بە خشت دروستکراو بەسەر حەمامێکەوە بە کۆشکەوە بەستراوە. لە پێشەوەی حەوشەکەیدا سێ نافورەی لوولەیی درێژ هەبوون، لە بەردی مەڕمەڕەوە ئاویان لێڕژاوە. نافورەی ناوەڕاست، بەرانبەر دەرگا گەورەکەی کۆشک بووە و ئاوەکەی لە بامۆکەوە بۆ هێنراوە. لەڕووی خۆرئاواوە گەرماوێکی تایبەت بە کۆشک هەبووە، کە دواتر وەک گەرماوێکی گشتی بەکاردەهێنرا. جوانکاریی دیوار و سەقفی کۆشکەکە بە زەخرەفە و شوشەبەندی ڕەنگاوڕەنگ و تەختەی هەڵکۆڵراو و قوببەی گوڵداری چلچرا ڕازەوەتەوە. وەستا بەناوبانگەکانی وەک ئەحمەد و مەحموودی عەوڵاسوور، وەستا گوروون، کە وەستا ئەحمەد لەکاتی کارکردنیدا بە هۆی بەردێکەوە دەمرێت، وەستای نەخشو نیگارەکان لە سنەوە هێنراون، کاریان تێداکردووە. چەند نوسینێکی نوسراو و هەڵکۆڵراوی کۆشک ساتی دەستپێکردن و کۆتاییهێنانی دروستکردنەکە ڕووندەکەنەوە. لە ڕابردودا و لەسەردەمی عادلەخان ناوبانگێکی گەورەی هەبووە و مەکۆی گەلێک ڕووداوی سیاسی بووە و چەندین کەسی بەناوبانگ سەردانیانکردووە و تیایدا ژیاون. لەوانە ئەدمۆندز، مێجەرسۆن، شاکر فەتاح، سەید عەلی ئەسغەر..هتد، کە لەنوسینەکانیاندا باسی کۆشکیان کردووە. لە ئێستا وێرانە و بڕیارە سەرمایەدار ئاسۆی حاجی محەممەد بامۆکی لەسەر شێواز و نەخشە کۆنەکەی دروستیبکاتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. هەڵەبجە شارێکی بچووک و مێژوویەکی دەوڵەمەند، عادل صدیق، بەرگی یەکەم، ٢٠٢٠، ل٢٨٦ – ٣٠٠.
  2. ئاوێنەی ژینم، کتێبی یەکەم لەسەرجەم بەرهەمەکانی شاکر فتاح، ڕێکخستن و لێکۆلێنەوەی ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ٢٠٠٣، هەولێر، ل٣٠٥.
  3. هەڵەبجە مەملەکەتی ژیان، ئامادەکردنی خەبات عەبدوڵا، چاپی یەکەم، سێمانی، ٢٠١٠، ل٤٥ – ٤٨.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

61

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

مەلا قادری قادری

زاناو خوێندەوار و مدرس و وتاربێژە، ئیمام جومعەی مزگەوتی پاوە. ساڵی ١٩٥٣ز لە نوریاو لە دایک بووە  لای مامۆستا هەڵکەوتووەکانی ئێران و عێراق خوێندوویەتی و خوێندنی تەواوکردووە.لە هەردوو کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ١٩٨٨ز و کۆڕەوە گەورەکەی ساڵی ١٩٩١ز ڕۆڵێ بەرچاوی هەبووە لە فریاکەوتن و بەتەنگەوەچوونی کوردانی باشووردا. لە پاڵ هەستی کوردانەی گەنجانی تردا، لیژنەیەکی یاریدەدەری ئاوارەکان دروستدەکات و لە وتاری جومعەدا بەتەنگەوەچوونی ئاوارەو لێقەوماوان لە تاعەت و عیبادەت بانتر وەسف دەکات. بەو هۆیەوە کوردانی ڕۆژهەڵات دەمودەستر دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەئاوارەو بریندارانی هەردوو کارەساتەکە. دوای ڕاپەڕین ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ڕوداوەکانی مەرزی نێوان باشور و ڕۆژهەڵات، خێزاندارەو  لە شاری پاوە نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
مامۆستایى ئاینى

هەڵەبجە لە مێژووی خوێناوی عێراقدا

نووسین و ئامادەکردنی: سەریاس جوانڕۆیی چاپی یەکەم:چاپخانە: رێدار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠٢٦، تیراژ: ٥٠٠ دانە ناوەڕۆکی پەیوەندار: هەڵەبجە، بەشێک لە مێژووی هەلەبجە، قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی شار بە ناوی هەڵەبجە، قەزای گوڵعەنبەر، هەڵەبجەو هەڵبژاردن، هەندێک لەو تاوانانەی بەرانبەر هەڵەبجە ئەنجامدراون، هەڵەبجە ١٩٧٧-١٩٨٨، جەنگی عێراق و ئێران، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانتاوەکو ١٣-٥-١٩٨٧، تۆپبارانی هەڵەبجەو کارەساتی قوتابخانەکەی سیروان، پەلاماری ئێران و داگیرکردنی هەڵەبجە، ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر شاری هەڵەبجە،خەڵکی هەڵەبجە لەبەردەم چارەنوسێکی نادیاردا، چەکی کیمیایی، کیمیابارانی هەڵەبجە، ئێران چی برد لە هەڵەبجە، دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی  هەڵەبجە لەبەردەم دادگادا، بەڵگەنامەکان.

پێگەی هەورامان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی باشوری کوردستاندا(١٩٧٥-١٩٨٨)

ئامادەکردنی: صباح مجید فتاح چاپی یەکەم، ٢٠٢٦ ناوەڕۆکی پەیوەندار: هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و دروستبوونەوەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی حزبەکان لە هەورامان(١٩٧٥-١٩٧٩) خەباتی چەکداری حزبەکان لە هەورامان، دۆخی دانیشتوانی ناوچەی هەورامان( ١٩٧٥-١٩٨٨) کردەی ڕاگواستنی گوندەکانی هەورامان، بزافب جەماوەری، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان لە هەورامان، کیمیابارانی دانیشتوانی ناوچەی هەورامان.

هەڵەبجە لە ژێر هەوری زەهراویدا

نووسینی: د. ئارام ئەسعەدعەبدولڕەحیم، زانا ئەحمەد عەلی چاپی یەکەم، ٢٠٢٦، سلیمانی ناوەڕۆکی پەیوەندار: پوختەیەک لە مێژووی هەڵەبجە،  ناوی ، جوگرافیای ، دانیشتوانی، پێمهاتەی کۆمەڵایەتی و، ئاینی و ڕۆشنبیری ، گرتنی شاری هەڵەبجە لە لایەن سوپای ئێرانەوە. کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، مێژووی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بارودۆخی دانیشتوانیهەڵەبجەپاش کیمیاباران

ئەمیر سلیم ئەمین بەگ

ڕاگەیاندن کارە، لە دایک بووی گوندی  بەڵخەی هەورامان ، ساڵی 1972. سەروتای خوێندنی لە زێدی خۆی دەستپێکردووە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە، لەدواتێ قۆناغی ئامادەیی لە هەولێر خوێندووە، دەرچووی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان -زانکۆی بەغدا 1995، لە ساڵی 1995پیشەی مامۆستایە -پسپۆڕی زمانی عەرەبی، لە ساڵی 2000 وەک راگەیاندکارێک کاری ڕاگەیاندن ئەکات . دەستی نوسینی شیعری هەیە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، 18ساڵە وەک پەیامنێر لە سنوری هەڵەبجە شارەزوور هەورامان کار ئەکات، لە ساڵی 2009  پەیامنێری کەناڵی سپێدە بووە،  لە 2018 پەیامنێری کەناڵی زاگرۆس عەرەبیە تا ئێستا بەردەوامە،  خاوەنی سێ منداڵە لە هەڵەبجە نیشتەجێیە

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

وەرزی هەڵەبجە

پڕۆژەیەکی گەورەی دانراوە لە دەروازەی شاری هەڵەبجە. پانۆرامای بیرهێنانەوەی ڕووداوی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. وەک مۆنۆمێنت و سونبولی نەمری و ژیانەوە خۆی دەنوێنێت. کاری هونەرمەند (ڕەجا محەممەد عەلی)یە و لە‌ بیرۆکە و بە سەرپەرشتی هونەرمەند خۆیشیەتی، بە کەرەستە و میتاڵی هەمان ئەو چەک و موشەکانەی بەعسن، کە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ دران بە شاری هەڵەبجەدا و نەتەقینەوە. ساڵی ٢٠٠١ جێبەجێکراوە. لە باخچەی تەنیشت بەڕێوەبەرێتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەدایە. بەردەکان لە عەنەب کۆکراونەتەوە بۆ بنکەی پڕۆژەکە، لە ناوەڕاستدا دەستی نزا بە نێرگزی ڕواوەوە بەرزبوونەتەوە، کە هێمای ژیانەوەن. لەبەر گۆڕانکاریی شەقامەکە ساڵی ٢٠٢٣ لابراوە.