بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەسەر هەردوو گوندی (سەرگەت و هانەیدن) و لە باشورەوە بەسەر دەشتی سەباندا دەڕوانێت. ڕووبەرەکەی ١٥ دۆنم و بەرزییەکەی (١٠٠٠م) دەبێت. کنەوپشکنینی بۆ کراوە و کەرەستەی شوێنەواری لێ دۆزراوەتەوە.
کەوتووەتە ناوچەی هەورامان نزیک گوندی (نارنجڵە). تاوێرە بەردینێکی گەورەیە و لەشێوەی پارچە شاخێکدایە، کە لاکێشەیی هەڵکەوتووە و لە بنەڕەتدا سروشتییە، بەڵام دواجار لەلایەن بەکارهێنەرەکانیانەوە گۆڕانکارییان تێداکراوە و چەند بەش و پارچەیەکیان بۆ زیادکراوە. بە بەراورد بە دەوروبەری خۆی، هەتا ئەندازەیەکی زۆر بەرزترە و هەر بۆیەش هەڵبژێرراوە و وەک بنکەی سەربازی و بەرگریی زۆر بەهێز بەکارهاتووە. چەند بەشێکی وەک حەوزی ئاو، شوێنی سەنگەرگرتن و چاڵی بچوک بچوک وەک ئاگردان لە قەتپاڵی شاخەکەدا و لەسەر تاوێرە بەردەکان هەڵکەندراون. (سەنگی سیاو) واتە (بەردی ڕەش). ئەگەر لە شوێنەوارەکە بڕوانین، ڕەنگیکی ڕەش باو دەنوێنێت. شێوەیەکی سروشتی لاکێشەیی هەیە و مێژووەکەی بۆ ئەو سەردەمى گەلە کۆنەکانی وەک (گوتی و لۆلوییەکان..).دەگەڕێتەوە. یەک کیلۆمەتر لە تەنیشت قەڵای سەنگی سیادا (گردێکی بەرز) هەیە، کە بە (کڵاوەی ئاشوور) ناوی دەهێنن، ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێز و نزیکە لەوەی، کە قەڵای (سەنگی سیا) لەلایەن ئاشورییەکانەوە بەکارهێنراوە. لە بەشەکانی ناوەوەیدا داتاشینێکی زۆری پێوە دیارە، هەروەها حەوزێکی ئاوی هەیە، قوڵییەکەی بەتەواوی دیارنییە چونکە بە تێپەڕینی ساڵەکان پڕبووەتەوە. ئەو مادانەی، کە حەوزەکەی لێدروستکراوە، بریتییە لە بەرد بۆ دروستکردنی چینەکانی دیوار و لە نێوان چینەکانیش ماددەی (قسڵ)هەیە. سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەش لە بەشەکانی پشتەوەی قەڵاکە کانی تێدایە و بە جۆگە گەیەنراوەتە ناو قەڵا و لە حەوزەکەدا پاشەکەوتکراوە. درز و شکانێکی گەورە لە لا_تاشراوەکانی قەڵاکەدا دەبینرێت، کە لە شکانی سروشتی دەچێت بەهۆی (زەمین لەرزەوە). لەگەڵ ئەوەشدا چەند مەترێک لە بەرزایی ئەو حەوزە و لەلایەکی دیوارەکانیەوە (کونێکی سێگۆشە) هەیە، بەپێی زاراوەی شوێنەواری (مەزاخل و مەداخل)ی پێدەوترێت، بریتیە لەدەرچەیەک یان بۆشاییەک لەناو قەڵا و سەنگەرەکاندا بەدیکراوە بۆئەوەی لە دیوی ناوەوەیەوە دیوی دەرەوە ببینرێت، ئەمەش بۆ کاتی چاودێری و پاسەوانی ئاسان و بەسود بووە. لە دەروەی قەڵادا و لە ناو دڵی تاوێرەبەردینەکاندا شوێنی پاسەوانی لە شێوەی سەنگەردا هەڵکۆڵراون. لەنزیکی شوێنی پاسەوانیشدا کۆمەڵیک چاڵ هەڵکۆڵراون لەشێوەی ئاگردان و بۆ شوێنی ئاگر و ڕوناکی بەکارهاتوون. لەنزیک قەڵاکەدا چاڵی تر هەن، بۆ شوێنی کوتان و هاڕینی گژوگیا هەڵکۆڵراون. جۆری میوە و لقی دارەکان بۆ دەرمان و چارەسەريی، لە نزیکی قەڵاکەدا شوێنی ئاوەدانی و خانو بەدیدەکرێت، ئەو کەس و سەربازانەی لەو قەڵایەدا بوون، لەو شوێنەدا ئەسپ و ئاژەڵە سەربازییەکانیشیان، کە بۆ سواری و گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکانیان ئەو ئاژەڵانەیان بەکارهێناوە.
کەوتووەتە خۆرئاوای شاخە بەرزەکانی تەوێڵە لە پشت گەڕەکی چلانە. دەڕوانێت بەسەر خانەقای تەوێڵە و لە قەڵاکەوە بەشێک لە گوندەکانی خۆرهەڵات و شارۆچکەی پاوە لە خۆرهەڵاتی کوردستان دیارە و بەسەر شارۆچکەی (پاوە) لە بەشی خۆرهەڵات. مێژووەکەی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. هەتا ئێستا هیچ توێژینەوە و کنە و پشکنینی بۆ نەکراوە.
کەوتووەتە ناو سنوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. قەڵایەکی شوێنەواریی شێوە هێلکەییە. لەسەر شاخێک دروستکراوە و ڕووبەرەکەی (٢٠٠م)ە. پاشماوەی دیارە، کە بە بەردی گەورە دروستکراوە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. پارچەی گۆزە، سەرەڕم و تیر، سکە و ئێسک و پروسکی مرۆڤ لێ دۆزاوەتەوە و ئەمانە بەڵگەن بۆ مێژووی دێرینی قەڵاکە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە.
کەوتووەتە سەر تەختایی بەرزایى ئەو چیایەی بەرانبەر چیای زەڵم، کە سەرچاوەی زەڵمی لێهەڵدەقوڵێت. لە پشتى گوندى ئەحمەدئاوا، لە دەستە ڕاستى سەرەتاى دەربەندى زەڵم و چوار ئاڕاسەیی، دەڕوانێت بەدەوری خۆیدا. لە بەشى خۆرهەڵاتی سەرچاوەى ئاوى زەڵم هەڵدەقوڵێت، لە بەشى باکور و خۆرهەڵاتی گوندى زەڵم هەڵکەوتووه، بەشى باکوری ئەوبەرى دەربەندى زەڵم و قەڵاى مێژووی زەڵم دەکات، بەشى خۆرئاوا و باشورى خۆرئاواى گوندى ئەحمەدئاوا و قەڵاى خورماڵە، بەشى باشورى قەڵاکە باخی بابا زەردەڵەییە. هەڵکەوتەى قەڵاکە دەکەوێتە سەر پانترین شوێنى تەختایی سەر لوتکەکە و دەگاتە (١٣٠م) و درێژییەکەی (٦٥٠م) دەبێت. بە قەڵاى (گرد)ە بەناوبانگە. لە ناوى "یەزدەگورد" کۆتا پاشاى دەوڵەتى ساسانییەوە هاتووە و سەرچاوە مێژووییەکانیش بەقەڵاى "یزد جرد" ناویان هێناوە. بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی ساسانی دەگەڕێـتەوە، میرنشینە کوردییەکانیش سودیانلێوەرگیرتووە، بە تایبەت دواتر له سەردەمی ئەردەڵانییەکان بەکارهاتووەتەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیشی سەروو) لە باکوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە. گردێکی شوێنەواریی دەستکردی شێوە قوچەکییە. ڕووبەرەکەی (٣٠٠م). لەسەر شاخێکی بەرز دروستکراوە بەسەر دەشتایی شارەزووردا دەڕوانێت. پاشماوەی شوێنەوای قەڵاکە ماوە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. پارچەی سەرەڕم و تیری لێ دۆزاوەتەوە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە.
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی باخەکۆن لە سەر چیای گەچێنە و باخەکۆن. (١٣١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر گوندی باخەکۆن و گەچێنە و ناوچەی هەمزەیدا دەڕوانێت. لە باکورەوە گوندی باخەکۆن و لە باشورەوە کانی حاجی حسێن و حەمەخان و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی گەچێنە و کانی حەوزەلارە و سەر گەچێنە و مەرەوێ و هەمزەی و لە خۆرئاواوە لوتکەی تەوەنەو ترازیا و شوێنەواری ماڵی کەنعان و چیای نەیجەکۆڵە دەورەیانداوە. شوێنەواری قەڵاکە تاوەکو ئێستاش ماوەتەوە لە سەر شێوەی چەند دیوارێک دەردەکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کنە و پشکنینێکی بۆ نەکراوە.
کەوتووەتە دامێنی چیای (سورێن). لەڕووی جوگرافی و کارگێڕییەوە سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە و نزیکەی نۆ کیلۆمەتر لێوەی دوورە. لە بەرزاییەکدا هەڵکەوتووە و لەنێوان شاخ و دەشتاییدایە و دەڕوانێت بەسەر شارەزووردا. بە ڕێگەیەکی سەختدا بۆی سەردەکەویت. پاش ئەوەی قەڵاکە بووە بە مەڵبەندێکی شارستانی، مرۆڤی لێ نیشتەجێبووە. شێوە سروشتییەکەی نەماوە و کاری (داتاشین)ی تێدا کراوە و بۆ گەیشتن بە ناوەوەی قەڵاکە (پلیکانە)ی بۆ دروستکراوە. کە دەگەیتە بەردەم قەڵاکە، پلیکانە تەواو دەبێت، لەسەرەتادا شوێنێکی کراوە هەیە، کە بەشێکە لە سروشتی چیاکە و پاشان داتاشینی بۆ کراوە و وەک (هەیوانێک)ی چوارگۆشە وایە. دواتر دوو ژووری چوارگۆشەیی لەتەنیشت یەکەوە دەبینرێت، کە بەشێوەیەکی ئەندازەیی داتاشراون و وادیارە لە پێشتردا دەرگایان هەبووبێت.
قەڵایەکی کۆنی شوێنەوارییە. بەسەر (مێشلە) و (مروا و بەگلەی)یدا دەنواڕێت، کە دوو هەوارگەی (بەڵخە)ن. کانی (هانە هەڵوچە) لـەبـەردەم قـەڵاکە هەڵکەوتووە.
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوارەکۆن). (١٢١٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر دەرەتفێ و هاوار و هاوارەکۆن و گریانەدا دەڕوانێت. لە باکورەوە گۆڕستانی شێخ ئەسکەندەر و چیای هەرمێلە و کڵاوە بەرزە و لوتکە چیای کەلی شەڕ و لە خۆرهەڵاتەوە کانی هەنجیر و دۆڵی باسێرەی و چیای گاکوژە و کانی هەمێلە و چیای سوورەهەراڵەکە و چاڵان و لە خۆرئاواوە لوتکەی سەرکەورگان و چەمی هاوارەکۆن و کانی وێشەڵان و لە باشورەوە لوتکەی قەنارەکە گوندی هاوارەکۆن و گریانە و دەروازەی نافەرمی هاوارەکۆن دەورەیانداوە. شوێنێکی سەختە و بە ڕووپۆشی ڕووەکی دەوڵەمەندە. پاشماوەکەی لە سەر شێوەی قەڵایەک ماوەتەوە، تاوەکو ئێستا مێژووەکەی ڕووننەکراوەتەوە و کنە و پشکنینی بۆ نەکراوە.
کەوتووەتە قەدپاڵی زنجیرە کێوەکانی (چاڵان)ەوە لە خوارووی گریانە و نزیک سنوری (شێخان)ە لە دیوی ئێران. بە واتای (کەلاوەکان) دێت. شوێنێکی سەختە. مێژووەکەی زۆر کۆنە. بەو پێیەی کێلەکانی لە سەر دەستوری ئیسلامن، بۆ سەردەمی فتوحات دەگەڕێتەوە. دەوترێت دانیشتوانی گریانە سەرەتا لەوێ ژیاون. شوێنەواری ٢٥ بۆ ٣٠ خانوی تێدایە. بارستایی بەردەکانی لەنێوان (٣٠٠ بۆ ٤٠٠کگم) دەبن. بەهۆکاری سروشتی شوێنەواری خانوەکان پڕبونەتەوە. بە جۆگەلەیەک لە (باوانی بن)ەوە ئاویان ڕاکێشاوە. لە دووریی (٥٠٠م) گۆڕستانێک بەناوی (قەبری قوتە) بوونی هەیە. بەردە (دنگ) یان ئاشێکی تێدایە هەروەها میحرابی مزگەوتێک، کە تاکو ئێستا شوێنەواری ماوە. هەموو ئەمانە نیشانەی بوونی ژیانن لەم ناوچە سەختەدا.
کەوتووەتە باشوری شارۆچکەی (بیارە) و خۆرئاوای گوندی (دەگاشێخان). لە دامێنی چیای کەلارێ گاورا ڕوو بە باشور و خۆرهەڵات هەڵکەوتووە. (١٢٥٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر دۆڵی دەگاشێخان، لە باشورەوە دۆڵی سەر وەزەن و هۆڵی بۆنەکانی دەگاشێخان و لە باکورەوە چیای کەلارێ گاورا و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی دەگاشێخان و لە خۆرئاواوە یاریگا و قوتابخانەی ئامادەیی بیارە و مزگەوتی حاجی یاسین و دۆڵی بیارە دەورەیانداوە. شوێنەوارێکی دێرینە و تاوەکو ئێستاش کنەو پشکنینی بۆ نەکراوە. باس لەوەدەکرێت چەندین جار کـەرەستەی گـران بەهـای تێدا دۆزراوەتەوە و بـە نـرخێکی زۆر هـەرزان فرۆشراون.
کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە شوێنی خانوی کۆن و کەڵەکە بەرد پێکهاتوون، کە بەشێک لە پاشماوەی دیوارەکانیان هێشتا ماون، کە پیشاندەری ئەوەن ئەم شوێنە ڕۆژگارێک مەڵبەندی ژیان و شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان بووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەڵکۆڵینێکی زانستی و شوێنەواریی لەو شوێنەدا ئەنجامنەدراوە، هەتا مێژووی سەردەمەکەی بەدەر بخرێت، لەم شوێنەدا لەلایەن خەڵکانی ناوچەکەوە کەرەستەی شوینەواری دۆزراوەتەوە.
بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (تازەدێی بناری سورێن)ی سەربە شارۆچکەی (خورماڵ). لە دۆڵێکدایە، کە درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. لە کاتی خۆیدا شوێنی ئاوەدانی و ژیان بووە. کەرەستەی شوێنەواری وەک لەته کوپ، شوورا، ئیسک و پروسکی لێ دۆزراوەتەوە.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە شوێنی خانوی کۆن و کەڵەکە بەرد پێکهاتوون، کە دیوارەکانیان هێشتا هەر ماون، کە پیشاندەری ئەوەن ئەم شوێنە ڕۆژگارێک مەڵبەندی ژیان و شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان بووە، بەڵام هەتا ئێستا هێچ هەڵکۆڵینێکی زانستی و شوێنەواریی لەو شوێنە ئەنجامنەدراوە، هەتا مێژووی سەردەمەکەی بەدەر بخرێت.
کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (بیارە)وە. (لوتکەی کەژ)یشی پێدەوترێت. مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەرێتەوە، لەسەردەمی لەشکرکێشیی ئەسکەندەری مەکدۆنی ساڵی ٣٣١پ. ز لەو کاتەدا بیارە ئاوەدان بووە، ھەر بەھۆی بوونی شوێنەواری تر لە ناوچە، کە بەشێکی تریان ھەر لە شاخی سورێن و ھەورامان تاوەکو خورماڵ لەوێشەوە بۆ (بارا)، کە ناوی شارێک بووە بۆ سەردەمی لۆلۆییەکان دەگەڕێنەوە، کە مەبەست لێی (بیارە)ی ئێستایە.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی کۆنی (دەگاشێخان)ی هەورامان. شوێنەواری کوورەیەکی گەورەی توانەوەی ئاسن و مس و هەندێک کانزای تر بووە، تایبەت بووە بە تایفەی وەستایانی دەگاشێخان، کە زۆربەیان ئاسنگەربوون. بە دار و کۆتەرە گەرم کراوەو وەستایان کەرەستە و پێداویستی لە زەنگن و تەور و داس و پێداویستی ناوچەیان دروستکردووە و هەتا ناوەڕاستی حەفتاکان کاریکردووە.
کەوتووەتە باشوری گوندى (دێکۆن)ی سەر بە شارۆچکەى (خورماڵ) لە نێوان خڕی بیارە و گوندەکەدایە. شوێنێکى کەمێک چاڵە لەشێوەى کوورە و دەوروپشتى زەوییەکى کەمێک تەختاییە. پاشماوەی گۆزه و کوپى تێدا دۆزراوەتەوە.
کەوتووەتە بەشى خۆرئاواى گوندى (زەڵم) بەرانبەر کۆشکى کوڕ. لە گۆڕستانى گوندى زەڵمەوە و بە بناری شاخەکەدا بۆی دەچیت. بە جۆرێک هەڵکەوتووە تاوەکو نەگەيتە لاى، بەرچاو نييە. دەڕوانێت بەسەر دۆڵى وشکەناودا. سەبارەت بە ناولێنانەکەی چەند بۆچوونێک هەیە، لەوانە: لەبەر جوانیی نەخشەسازييەکەى بە جوانیی کچەشۆخێک دەچوێنرێت. جێگەى حەشاردانى کچ و خانەوادەى پادشایەکی ماد بووە. خەڵکی شوێنەکەش پێیانوایە لە ئەفسانەی کچى پادشاى گاورانەوە هاتبێت. بەڵام لەڕووی مێژووییەوە پەیوەندی بە کلتوری مردوناشتنەوە هەیە، کە زۆرتر لە سەردەمى حوکومڕانیى مادەکاندا (٧٠٠ بۆ ٥٥٠ پ. ز) باوبووە. بريتييە لە ئەشکەوتێکى یەک ژووریی لاکێشەيى داتاشراو، کە لە شوێنێکى سەختدا هەڵکەوتووە. بەرزییەکەی لە (٥٠٠م) زیاترە. دەرگاى کۆشکەکە ڕووى لە خۆرئاوايە و لاکێشەييە، بەرزييەکەى نزيکەى دوو مەتر و پانييەکەى نزيک بە (٢٠.١م) دەبێت. ڕاستەوخۆ دەڕوانێتە سەر دەربەندى وشکەوناودا، بەرزيی و پانییەکەی نزيکەى دوو مەترە و درێژييەکەشى لە سێ مەتر زۆرترە. جێگەى زياتر لە پێنج کەسى تێدا دەبێتەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). شوێنەواری چەند خانویەکی دێرین دیارە، کە بە ناوی گوندی (گەڵباخ)ەوە ناسراوە و خەڵکی ناوچەکە پێیدەڵین (دەرەی گەڵباخ). بەناوی (محەممەد قولی یاروڵائاغای گەڵباخی)یەوەیە، کە لە سەردەمی (هەڵۆخان)ی ئەردەڵانیدا سەرکردەی گەڵباخییەکان بووە. گەڵباخیەکان لەسەردەمی (بێگە بەگ)ی ئەردەڵانییەوە لەم گوندە نیشتەجێبوون و هەتا ساڵی ١٨٥٩ و کاتی بڵاوبوونەەی نەخۆشی تاعوون بەردوامبوون و دواتر بەدیوی خۆرهەڵاتدا پەرتەوازەبوون. لەنزیک گوندی گەڵباخ گۆڕستانیک هەیە، کە بە مردوانی گوندی گەڵباخییان بەناوبانگە.