بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
شوێنی ئاینیی زەردەشتییەکانە. کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە) و دامێنی تەپی خاتوو ئامینە و نەخۆشخانەی هەورامان. (١٠٣٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
دراوێکە لە ناوچەی هەورامان دۆزراوەتەوە. دیوێکی وێنەی ئافرەتێکی فەرمانڕەوای لەسەرە و دیوەکەی تری بە ئەلفوبێی ئارامی وشەی ئاداد بە دەستەوە دەدات. هەندێک لە سەرچاوەکان مێژووی لێدانی ئەم سکەیە دەگەڕێننەوە بۆ دەمی ئەشکانی، یان کەمێک پێشتر. وشەکە ئاڤێستاییە. داد، واتە باوک و ئامڕازی (ئا) دژە واتا دروستدەکات. ئاداد واتە دایک. هەردوو وشەکە لە هەوراماندا واتای دایک و باوک ئێستاش بە کەمێک گۆڕانکاریی دەنگییەوە گۆدەکرێن.
کەوتووەتە باشوری گوندی سەرگەت لە باکور و خۆرئاوای گوندی ئەحمەدئاوا، لە تەختایی بانی دەرەسولان لە خۆرهەڵاتی گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ، بە دووریی (١٦کم) لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە. مێژووی دەیلەمستان: ابودلف الخزرجی (٣٤١ک) دەربارەى دەیلەمستان نوسیوویەتی (دەیلەمستان گوندێکە لە نزیک شارەزوور، ئەم گوندە لە شاری نیم ئەزڕاوە حەوت فرسەخ دوورە، کە ناوەندی شارەزووره. دەیلەمیيەکان لە ڕۆژگارى پادشاکانى ئێرانى لە ناوچەکانى خۆیانەوە بەئامانجى ڕێگری و چەتەیی هاتوون، بۆ هەرشوێنێک ڕۆشتبن لەوێ خێمەیان هەڵداوە، ماڵ و منداڵیان لەوێ داناوە، بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانى ژیانیان لە دەوروبەرى خۆیان دەستیانکردوە بەڕێگری و چەتەیى، شەوانیش گەڕاونەتەوە خێوەتگاکانیان و خەریکى ڕێگری و خراپەکارى بوون، پاشانیش گەڕاونەتەوە شوێنى ڕەسەنى خۆیان، ئەم ناوچەیە تائێستاش لە شارەزوور هەربەناوی دەیلەمییەکانەوە ناودەبرێت؛ دەیلەمستان دانیشتوانەکەى بەراورد بە شارى پیر زۆر توڕە و بەهێزتر و ئازاترن).
ئەشکەوتێکی دەستکردە. بە دووریی (٤٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (عاموورە)وە و هەڵکەندراوە، مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. دەرگەکەی نزیکەی (٧٠سم) پان و (٧٠سم) درێژە. درێژییەکەشی نزیکەی (٢٠م) و بەرزییەکەی نزیکەی مەترێکە. لە کۆتاییەکەیدا کونێکی هەیه، کە ڕووناکی و هەوای لێوە دێتەناوەوە.
کەوتووەتە گوندی (هەوارەکۆن)ی هاوار و بە دووریی دوو کیلۆمەتر لێیەوە دوورە. ناولێنانەکە لە (بەڵخی)یەوە هاتووە بەناوی ئەو ئاوەی لە بەرزایی (١٢م) لە سەرووی ئەشکەوتەکەوە بەدرێژایی کات هاتووەتەوە خوارەوە و بەڵخی دروستکردووە بووە بە بەرد، سروشتی بەردەکان و تاریکییەکەی شێوەی جنۆکەی لەلای خەڵکی گوندەکە دروستکردووە. ساڵانە خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی شاخڕەوی و گەشتیاری سەردانیدەکەن.
بە دووریی (٢٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گریانە). دەنگۆی شاردنەوەی پەیکەری کەڵەشێرێکی ئاڵتونیی سەردەمی ساسانییەکان لە دەوروبەری گریانە و لەناو خەڵکیدا، گومان دەکرێت یەکیک لە شوێنەکانی پەیکەرە ئاڵتونییەکە، ئەشکەوتی کونیل بێت. ئەو زانیارییەی، کە ٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا ژیانی تێدا کراوە، دەماودەم هاتووە. لەناو دۆڵێکدا هەڵکەوتووە. دەگای ئەشکەوتەکە ڕوو لە قیبلەیە و یەک مەتر بەرزە. لە دیوی ناوەوە چوار مەتر پان و ١٠ مەتر درێژە.
شوێنەواری ئاشە. کەوتووەتە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا) و لە خوار پیرە غەریبەوەیە. مەزەندەدەکرێت شارێکی ئاوەدان بووبێت. (٣٠٠م) لە دەوروبەریدا خشتی سوور بەدەرکەوتووە و هەندێک کەرەستەی ناو ماڵی تیدا دۆزراوەتەوە. لە نزیکییەوە شوێنەواری تر و ئەشکەوت و ئاشەکۆنی لێیە.
چەند سەد مەترێک کەوتووەتە باکوری گوندی (گڵێجاڵ). چەند پارچەیەکی شوێنەواری لێ دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی چاخی بەردینی کۆن دەگەڕێتەوە.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (عامووره). لەو شوێنەدا و لە ساڵانى ڕابردوو ئاسەواری تێدا دۆزاوەتەوه. لەوێ گۆڕێکى تێدایە، کە پێدەچێت گۆڕى پاشایەک بێت. بەپێی بەڵگەکان و ئەو کەرەستانەی دۆزرانەتەوه، مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام.
کەوتووەتە بناری چیای خۆشک لە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). بە شوورەیەکی درێژی بەردین، سێ لای گیراوە و شێوە سەنگەرێکی وەرگرتووە. مێژووی شوێنەواری شوورە بەردینەکە بە نادیاری ماوەتەوە. دەوترێت لە کۆندا لەم بانەدا شەڕی ڕم و شمشێر کراوە و ئەم بەردانەش وەک سەنگەر بەکارهێنراون، بۆیە بەو ناوەوە بانەکە ناونراوە.
شوێنەوارێکی ئایینیی یارسانەکانە. کەوتووەتە باکوری گوندی (هاوار) و لە گابەردێک پێکدێت، کە پێش هەزاران ساڵ لەوەوپێش، شوێنی خەڵوەتی پیرێکی یارسانی بووە و شایانی باسە مەزاری باواکانی کەوتۆتە گەڕەکی باواکانی (کانیبا) لەشاری سلیمانی.
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (خارگێڵان) و باکوری گوندی (خەرپانی). (٧٧٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر گوندی خارگێڵاندا. لە باکورەوە گوندی خارگێڵان و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی زەردەهاڵ و لە خۆرئاواوە چەمی خڕی بیارە و دەشتی شارەزوور و لە باشورەوە چەمی ڕاوی و کانی سۆفی عەلی و گورزاڵ و سپی، دەورەیانداوە. شوێنەوارێکی دێرینە و تاوەکو ئێستا مێژووی نەزانراوە و هیچ کنەو پشکنینێکی شوێنەواری لەڕووی زانستیەوە بۆ نەکراوە.
پاشماوەی پردێک بووە لەسەر ڕۆخی چەپی ڕوباری سیروان لە خواروی خۆرئاوای هەڵەبجە. کناچان لەشێوەزاری ماچۆدا بە واتای کچان دێت. لەسەردەمی کۆتایی پارتە ئەشکانییەکان، یان سەرەتای پارسە ساسانییەکاندا دروستکراوە. (مینۆرسکی) پێیوایە هی سەردەمی ساسانییە و بەهۆی قەڵای شەمێرانەوە بەرگریلێکراوە. زۆرینەی دێرینەناسان بەم جۆرە ناساندویانە: (لە ١٠ پایە و چەندین تاق پێکهاتووە. درێژییەکەی ١٦٨م بووە و بە بەرد ڕووکاری سێ پایەیان شارراوەتەوە. پایەکان بە هەویری قسڵ و زیخ دروستکراون و یەک قەبارە و شێوەیان هەیە. پانتایی هەریەکەیان شەش مەتر و نیوە و درێژیی (١٣م) و بنکەی بناغەیان بە شەش مەترە. بە شانێکی گۆشەدار کۆتاییانپێهاتووە. ماوەی نێوان پایەکان جیاوازبووە لە حەوت بۆ دە مەتر بووە. گەر لای خوارووی پردەکەوە دەستپێبکرێت، نێوان پایەکانی پانترە. ئەمەش ئاماژەی هێز و تووشی ڕوبارەکەیە لە بەشی خوارەوەیدا، کە بەهۆی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخانەوە داپۆشراوە).
شوێنەوارێکی دێرینە. وەک ئاوەدانی یان گوندێکیش ئاماژەی بۆکراوە. کەوتووەتە ناوەندی گوندی (ئەحمەدئاوا)ی کۆن و قەراغ جۆگەی دەلێن. لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ئاماژەی زۆر بۆ ناوەکەی کراوە وەک شاری پیر و دزدان ناوی هاتووە. بەپێی لێکدانەوەکان و بوونی بەردی داتاشراو و شوێنەواری ئاوەدانی، دەکرێت ئەم شوێنە گوندی کۆنی ئەحمەدئاوا بووبێت.
گردێکی شوێنەوارییە و شێوەکەی لاکێشەییە و بەرزیەکەی نزیکەی شەش مەتر لەچاو زەویەکانی دەوروبەریدا بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە و لە خۆڵ و دروستبووە، تەنیشتەکانی بۆ خوارەوە لێژ بوونەتەوە. بە دووریی سێ کیلۆمەتر، دەکەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی سیروانەوە. لەخۆرئاوای هەڵەبجەوە لە سنوری جوگرافیی گوندی (تەپە گوڵاوی)دایە، لە خۆرئاوای گوندەکەدایە، ڕوبەرەکەی نزیکەی (٢٠٠م) دەبێت. هەتا ئێستا هیچ کارێکی هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، بۆ سەردەمی (ساسانیەکان ٢٢٤-٦٥١ز) دەگەڕێتەوە. لەئێستادا بەشێک لەخانوەکانی گوندەکەی لەسەر بونیادنراوە، لەکۆندا قەبارەکەی گەورەتر بووە، بەڵام لەئێستادا شێوەکەی گۆڕاوە و بەهۆی دەستی مرۆڤ و ئیشوکار کردن تێیدا، شێوەکەی بچوکتر بووەتەوە.
گردێکی شوێنەوارییە. شێوەیەکی لاکێشەیی و بەرزی هەیە. نزیکەی (٥٠م) لەچاو زەوییەکانی دەوروبەریدا بەرزترە. گردێکی سروشتییە و لە خۆڵ و بەرد و تاوێر پێکهاتووە، ئەگەر لەلایەکیەوە سەیربکرێت، وەک ئەوە وایە لایەکەی تری سەیرکرابێت، چونکە هەر دوو لاتەنیشتەکانی تاڕادەیەک هاوشێوەی یەکن. لەلایەکیەوە بە شێوەیەکی ئەندازەیی بەردەکان لابراون و وەک ئەوە وایە جادەیەکی ڕێک دروستکراوە. سەبارەت بە ناولێنانەکەی دەوترێت لە وەوە هاتووە: کە سەردەمانێک بە خورماڵ وتراوە (دژانە - دزانە). کەوتووەتە دامێنی گوندی (هانەی قوڵ) و یەک کیلۆمەتر لە شارۆچکەی خورماڵەوە دوورە و دەڕوانێت بەسەر خورماڵ و بەشێک لە دەشتاییەکانی شارەزووردا. هەتا ئێستا هیچ کارێکی هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، بەڵام لە ساڵانی کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، دانیشتوانی ناوچەکە دەستیاندایە هەڵکۆڵینی لە بەشی باشوری گردەکە بەئاڕاستەی خورماڵ. لەدامێنی گردەکەوە پارچەی شوێنەواری جۆراوجۆریان دۆزییەوە و دۆزینەوەی چەند ژوورێکی بچوک لە شوێنەوارەکەدا، گرنگیی شوێنەکەی زیاتر کرد، کە شێوازی دروستکردنەکەیان بۆ سەردەمی دەورانی ماد دەگەڕێنەوە.
تەپۆڵکەیەکەی شوێنەوارییە. لە باکوری خۆرئاوای گوندی (دەرەشیش)ە. کاتێک تەپی (قادر خانی کەمانگەریی) بووە. شوێنی سوارچاکەکان و ئەسپسوارەکانی بووە. مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئەردەڵانییەکان دەگەڕێتەوە. بەهۆی بوونی پەیوەندیەکی قوڵ لەنێوان کەمانگەری و جافەکاندا، چەند خێزانێکی کەمانگەری تێدا نیشتەجێدەبن و هەتا ئێستەش نەوەکانیان لە گوندەکەدا ماونەتەوە.
بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). ڕووبەرەکەی دۆنمێک دەبێت. بەپێی قسەی دانشتیوانی گوندەکە چەند کەرەستەیەکی شوێنەواری لێ دۆزراوەتەوە. ناوەکەی ناوێکی تورکیه و بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ)، دەکەوێتە بەشی خۆرئاوای گوندەکەوە. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢ دۆنمە، له لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عێراق وەک شوێنەواری مێژوویی تۆمارکراوە. ئەم شوێنە لە شێوەی تەپێکدایە و دەگوترێت لە کۆندا شوێنی ژیان بووە، هەربۆیەش ئاسەواری کۆنی تێدا دۆزراوەتەوە وەک پارچە کوپ و شوورا و گۆڕ.
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (بیارە). (١١٨٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر شارۆچکەی (بیارە) و دۆڵی بیارە و هانە گەرمەڵەدا. لە باشورەوە شارۆچکەی (بیارە) و دۆڵی ڕەنگینی بیارەیە و لە باکورەوە چیای ئایشێ و لە خۆرهەڵاتەوە هانە گەرمەڵە و لە خۆرئاواوە قاسمخان دەورەیانداوە. شوێنەوارێکی دێرینە و تاوەکو ئێستاش لە بیرەوەری بە تەمەنەکاندا ماوەتەوە و بەڵام هیچ کنە و پشکنینێکی شوێنەواریی بۆ نەکراوە و کەوتووەتە نێو باخی چڕی گوێز و سنوری جیاکەرەوەی نێوان هەورامانی دیوی ئێران و عێراق پێکدەهێنێت.