شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

حوشترمل

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). نزیکەی (١٣٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناولێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە شێوەدا (حوشتر) دەچێت. (وشتر مل)یشی پێدەوترێت.

خاتوو ئامینە

کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە) و لە ملەگای چنار، بەرانبەر نەخۆشخانەی هەورامان- بیارەیە. (١٠٣٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەکیی خورماڵ - بیارە و لە بەهاراندا دیمەنێکی جوانی هەیە و خەڵکی بۆ سەیران و کات بەسەربردن سەردانیدەکەن، هەروەها لە ئێواراندا بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، دانیشتوانی بیارە سەردانیدەکەن. دەڕوانێتە سەر گوندەکانی هانە نەوتێ و دەرەقەیسەر و زەردەهاڵ و بنجەودڕەی.

خەرمانگا

بەرزاییەکی دیاری گوندی (بنجەی دڕەیە). ڕێگای دەرەکێ بەبەردەمیدا دەڕوات. دەشتی شارەزووری لەسەر دیارە و ناوچەیەکە بەردەوام هەوا دەیگرێت. بۆیە لە وەرزی دانەوێڵەدا جوتیارەکان بەرهەمەکەیان لەسەر ئەم بەرزاییە خەرمان کردووە بۆیە پێیدەوترێت خەرمانگا.

خەزێنه

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (بێژاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). نزيکەى (٣٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە و نزيکەى هەشت مەتر بەرزە. بەهۆى بينينەوەى هەندێک لەته ‌کوپەڵە و پارچەى مێژووییەوە، پێدەچێت گردەکە گردێکى شوێنەوارى بێت، هەر لەبەر ئەوەشه،‌ کە بە گردى خەزێنە ناسراوە.

خەڵەفی

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی شارەدێێ تەوێڵە. دەڕوانێت بەسەر شارەدێکە و لە پشت گەڕەکی (وەراوەر) هەڵکەوتووە. لەسەر سنورە و دەڕوانێت بەسەر گوندی (دزاوەر) لە خۆرهەڵاتی کوردستان. (١٩٨٠م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە. بەفر زۆر ببارێت (هەرەس) دەکات و ئەستەنگی هاتوچۆ دروستدەکات. ساڵی ١٩١١ یەکێک بووە لەو ساڵانەی، کە بۆماوەی ٣٥ ڕۆژ لەسەر یەک بەفر باریوە. لە (١٥ مانگی موحەڕەم تا ٢٠ مانگی سەفەر). (میرزا ئەولقادری تەوێڵەیی) باسی ئەو بەفربارینەی بە پارچەیەک شیعر کردووە. بەهاری ئەم لوتکانە بەهەشتێکی ڕەنگینە. پڕ لە گیا و گوڵی بۆنخۆشی وەک (چنور، شەوبۆ، بەرزەڵنگ، وەنەوشە، بوژانە و سوورەهەراڵە)یە.

خەوگە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی )یاڵانپێ( و سنوری گوندەکە و وڵاتی ئێران یان هەورامانی خۆرهەڵات پێکدێنێت. (٢١٩٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

خوێڕزگان

کەوتووەتە سنوری گوندی باوەکۆچەک و چاوگ. لەنێوان دۆڵی کەلاران و دۆڵی سەیی و زەوی مراوخانە. دەڕوانێت بەسەر چەمی داربەلوچەدا. لەم شوێنەدا کاتی خۆی لەسەر بەردەکانی، خوێ دانراوە بۆ خوێدانی مەڕوماڵات. هەر بەو ناوەش ناونراوە.

خۆرەتاوە سەختە

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (هاوار)ەوە. (١٣٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. چیایەکی سەختە و لێژیی زۆرە، هاتۆچۆکردن تیایدا کارێکی ئاسان نییە و بەو هۆیەوە ئەو ناوەی لێنراوە. دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی هاوار و تاوێرە و پاڵانیا و جاوردا. چەند لوتکەیەکی تیایە لەوانە لوتکەی سەرخۆشین و لوتکەی کڵاوە بەرزە. لە باشور چیاکانی ئەشکەوەڵ و چەمی ئاوی دواوان و گوندی هاوار و هاوارەکۆن و لە خۆرهەڵات، چەمی گەورە و چیای ڕوتاوا و چیای هەورامان دەوریانداوە و لەخۆرئاوا چیای کەنۆڵەڕەشان و چیای کەلی هەیشوور هەیە. بەهۆی بەرزی و زۆریی پلەی لێژییەکەی، توشی ڕاماڵین بووە. گەورەترین کانەبەردی ناوچەکەی لێیە. ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و سەرچاوەیەکی باشی ئاوی چۆم و ڕوبارەکانی ناوچەکەیە. بە زۆری درەختی قەزوانی لێیە. بەهۆی درز و شکانی زۆرەوە، بەشی زۆری دەرامەتە ئاویەکەی توشی داچۆڕان دەبێت بۆ چینەکانی ژێر زەوی و بۆتە عەمبارێکی گەورە و دەوروبەری دەوڵەمەندە بە کانی، لەوانە (کانییەدرێژ، کانی وێشەی، کانی خواروو، کانی وەیسەی). بەشی خوارەوەی، کە بەشێکە لە زەویی نیشتەجێبوونی گوندەکە، لەوەرزی بەهار و پایزدا خەڵک ڕووی تێکردووە بۆ بەسەر بردنی کات و سوودوەرگرتن لە تیشکی خۆر و کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان.

خۆرەتاوە گەورە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی باخەکۆن و گەچێنە و لە نێو دۆڵی نسارە سووردایە. (١٥٨٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی چڕە بە دارستانی سروشتی و بەڕوو گۆیژ. لە باکورەوە لوتکەی کەمەرە سوور و چیای شرام و لە باشورەوە دۆڵی نسارە سوور و دەرەو کێڵا و لە خۆرهەڵاتەوە لوتکە چیای شرام و سێخڕان و لە خۆرئاواوە لوتکەی زەوی عەولە و دۆڵی گۆڕیچە، دەورەیانداوە. ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

خۆرەتاوی کەرەماڵی

کەوتووەتە قەد پاڵ شنروێ. بە ئاڕاستەی گوندی هاوار دەڕوات. لە لوتکەی (ملەی هەڵوژێ)وە دەستپێدەکات و لە (تلەسپی)ی هاوار کۆتاییدێت. لە گوندی (هاوار) پێیدەڵێن (سپی تل) و بە بە خۆرەتاوی شنروێیش ناودەبرێت. لۆ جاڕێکی هەیە، کە پانتاییەکـی فـراوانـە و پێیدەوترێت لـۆ جـاڕی (شێخ کەریمی عەبابەیلێ).

خۆرەتاوی کەوتێ

دیوێکی گریانەیە و دیوەکەی تری گوندی (شێخان)ـە لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە (گوڵ هەڵۆ)وە دەستپێدەکات، بەرەو (ناڵە پان) لە دیوی (شێخان). دۆڵی گریانە کەوتووەتە بەردەمی. لوتکەی (ئاوەزنێ) بەرزترین لوتکە و (قەنارەکە) لوتکە بەناوبانگەکەیەتی. دەڕوانێت بەسەر (قەڵاگای شێخان). بە بادەم و قەزوانە دەوڵەمەندە. کێوی (چاڵان) کەوتووەتە بەرانبەری و چەمی (ئاشی و زەوار و گریانە) پێکدەهێنن. لەڕووی ئابورییەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە سوودبەخشە. مەرزێکی ناڕەسمیە لەگەڵ ئێران.

خۆرنەوەزان

کەوتووەتە سنوری گوندی (بانیشار)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)‌. لەکاتی شۆڕشدا شوێنی پێشمەرگە بووە، شوانەکانیش کەڵکیان لێ بینیوە. بەهۆیی بوونی کانیی نزیک شاخەکه،‌ سەیرانکەران ڕووی لێ دەکەن.

خۆشک

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندەکانی (گڵێجاڵ، بەلەسۆ، سەعداوا، قەڵپ) و بەڕووى هەردوو سنورى ناحیە‌ی (بەمۆ) و (دەربەنديخان)دا دەڕوانێت. بەرزییەکەی نزيکەى (١٨٣٨م)ە‌. ناحیە‌ی (بەمۆ) لە ناحیەی (مەیدان)ی سەر بە قەزای خانەقین جیادەکاتەوە. لەسەر چياکە بانێکى تەخت هەيه،‌ کە شێوەى دەشتێکى هەڵواسراو و چەندين ئەشکەتی وەکو ئەشکەوتى (کونە شێر) و (کەورگى مارۆچن) هەیە.

دارەڕەش

کەوتووەتە نێوان چیای (سەرکۆ و نساری شنروێ). بەناوی دارێکی گەورەوە ناونراوە. لە شەڕی عێراق و ئێراندا بنکەیەکی سەربازیی حکومەتی عێراقی لێبووە. تا چەند ڕۆژێک پێش کیمیابارنی هەڵەبجە، بنکەکە هەر ماوەتەوە. (بەفری میری) دەڕوانێت بەسەریدا. لەوەڕگایەکی ناوچەکەیە.

دارە زێڕينە

بە دووری کيلۆمەتر و نيوێک کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان). لە گوندى خوڵامى ژووروەوە دەستپێدەکات، تا خوڵامى لمێ درێژ دەبێتەوە و پاشان دەگاتە قارەمانى، سێکوچکەى نێوان گوندەکانى قارەمانى و خوڵامى ژووروو خوڵامى لمێیە. بەرزترين ئاستى زنجيرە چياکە (٦٩٠م)‌ لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزه. دەم بەدەم هاتووە و دەڵێن بەهۆى ئەوەى زێڕى تێدا دۆزراوەتەوە بەو ناوەوە ناونراوە.

دارەلارێ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی دەرەتفێ و باشوری خۆرئاوای شارەدێی (تەوێڵە). (١٦١٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر شارەدێی (تەوێڵە) و دەرەتفێ و هاوار و هاوارەکۆن و پاڵانیا و جاوردا دەڕوانێت.

داری نەزەر

کەوتووەتە نێوان گوندی سازان و گوندی لمە. لە کۆندا خەڵکی ناوچەی سازان لە نەورۆزدا ئاگریان تێداکردووەتەوە، چونکە لە هەموو دێهاتەکانی دیکەوە ئاگرەکە دیاربووە.

داڵەڕێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین). هاوشانی قولەی تلی کوڕ بەرزبووەتەوە، کە لوتکەیەکی بەرزە و لە بەرانبەریدا هەڵکەوتووە. بە ناوەکەیدا دیارە، کە سەخت و دژوارە و تەنها داڵەکان بە فڕین پێیگەیشتوون. کەم کەس توانیویەتی بگاتە سەری و بە داری سروشتی چڕ دەوڵەمەندە.

داڵانی

کەوتووەتە چیای داڵانی و بەرزترین شوێنی چیاکەیە. (٢٥٤١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە چیای داڵانی و دەربەند دزڵی لوتکەی مڵەخورد و دەروازەکەی، لە باشورەوە لوتکەی کەرەسی گڵوە و وەزەرەی و دۆڵی ڕیقنەچەرمە و لە خۆرهەڵاتەوە دەمیەوە و کانییەکەی داڵانییە و لە خۆرئاواوە لوتکەی ئاوگە و ڕاگا و دەواری دۆڵەسەختە و تکەکە و هانە کەکەوان و پلەکێ مەلا مسەفای دەورەیانداوە. شوێنێکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

داوگە کۆن

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هاوینەهەواری (وەزگێڵ) لە زنجیرە چیای شنروێ و (١٥٨١م) لەئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. لە ڕووی بەرزییەوە، شانێکە هاوئاستی وەزگێڵە. شوێنی دانانی داوگەی ڕاوچییەکان و شەڕە بەق یان شەڕە کەو بووە. بە دارەکانی داربەڕو و کێکف و بڵاڵوک دەوڵەمەندە. بە گشتی داروەنەکانی موڵکی چەند کەسێکە و لەناو خۆیاندا بەش بەشیان کردووە، بۆئەوەی بکرێتە بنێشتی کوردی.

پێشتر 1
...
6 7 8
...
61 دواتر