خەڵەفی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12


لاپەڕەی 99

چيا

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی شارەدێێ تەوێڵە. دەڕوانێت بەسەر شارەدێکە و لە پشت گەڕەکی (وەراوەر) هەڵکەوتووە. لەسەر سنورە و دەڕوانێت بەسەر گوندی (دزاوەر) لە خۆرهەڵاتی کوردستان. (١٩٨٠م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە. بەفر زۆر ببارێت (هەرەس) دەکات و ئەستەنگی هاتوچۆ دروستدەکات. ساڵی ١٩١١ یەکێک بووە لەو ساڵانەی، کە بۆماوەی ٣٥ ڕۆژ لەسەر یەک بەفر باریوە. لە (١٥ مانگی موحەڕەم تا ٢٠ مانگی سەفەر). (میرزا ئەولقادری تەوێڵەیی) باسی ئەو بەفربارینەی بە پارچەیەک شیعر کردووە. بەهاری ئەم لوتکانە بەهەشتێکی ڕەنگینە. پڕ لە گیا و گوڵی بۆنخۆشی وەک (چنور، شەوبۆ، بەرزەڵنگ، وەنەوشە، بوژانە و سوورەهەراڵە)یە.

سەرچاوەکان:

  1. بەکارهێنانی بەرنامەکانی(Google earth pro, arc map arc GIS V١٠.٨).
  2. سەربووردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، تاران، ٢٠٠٥، ل٣٦٤.
  3. هەورامان، ایوب ڕۆستەم، بەرگی یەکەم و دووەم، لە بڵاکراوەکانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان، چاپی سێیەم، ٢٠١١، ل٦٣٥.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کڵاوەبەرزە

سنوری جیاکەرەوەی شارەدێی (تەوێڵە) و گوندەکانی (سۆسەکان، پاڵانیا، جاور، دۆڵبیان، بەڵخە)یە. بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات بۆ خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، لە دوای چیای خەڵەفی و هەوارەبەرزەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای بەرخۆرەسەختە و هەرمێلە لە سنوری گوندی هاوار. درێژی چیاکە (٣,٢٨کم) دەبێت. لە وەرزی هاوین و بەهاردا خەڵکی سەردانیدەکەن. دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و بـاڵندە کێوییەکان.

گەچێنە

کەوتووەتە بەشی باکوری گوندی گەچێنە، لە دوای چیای سەر کۆرەگا دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای کەمەرە سوور. درێژییەکەی حەوت کیلۆمەتر دەبێت. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە، لەوانە: (لوتکەی مزگی وەرگا و لوتکەی زەمینو عەولەی و لوتکەی قەڵای ناوەڕاست و لوتکەی سارای حەمە هەجیجی). چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو (دۆڵی گورگەدەر و دۆڵی گەچێنە و باخچە)، هەروەها چەندین ئەشکەوت و کـەلەبەردی تێدایە، کـە بوونەتە لانکـەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکـان.

گەچێنە و هەمزەیە

کەوتووەتە نێوان چیای قۆڵی بلچ و نەیجەکۆڵە، لە دوای چیای قۆڵی بلچ دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای نەیجەکۆڵە. درێژییەکەی لە دوو کیلۆمەتر زیاترە. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە لەوانە وەکو (لوتکەی تەوەنە و ترازیا و لوتکەی سەرگەچێنە و لوتکەی پیاڕا و کەمەرە سور و لوتکەی زەردی هەمزەیی). چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو: (دۆڵی هەمزەیی و دەرەو کۆرا و چەمی دەرەو کێڵا و دۆڵی گەچێنە و سەر گەچێنە و دۆڵی تایلەی دەرە تاریک و تایلەی خەرمانگ). بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و گژوگیای بەهارە دەوڵەمەندە.

مایەسیاوە

کەوتووەتە بەشی باکور و باکوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان و گوندەکانی زەڵم و ئەحمەدئاوا و ناوباخان. بەسەر چەندین شوێنی ناوچەکەدا دەڕوانێت، وەک: سنوری گوندی زەڵم و ناوچەی گەشتیاری تاڤگەی زەڵم و ئەحمەدئاوا و بنی پەڵگ. درێژییەکە (٠,٩٤کم) دەبێت. دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووپۆشی ڕووەکیی وەک دارستان سروشتی.

هەربەدۆڵ

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکانی (هانەیدن، سەرگەت، دەرەیمەڕ)، لە دوای چیای شرام دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی سەرگەت و شەڵواندڕ. بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاوی کانیاوەکانی، وەک کانیاوی شەڵواندڕ و کانیاوەکانی دۆڵەکانی تاقاو زەردی، چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی بە تایبەتی لە بەشەکانی خوارەوەی دارستانێکی سروشتی بەڕوو و گۆیژ و گژوگیای بەهارە، چیاکە دەوڵەمەندە بـە بوونـی ڕەزە دێم.

سەرکۆرەگا

کەوتووەتە نێوان چیای گەچێنە و سافا، لە دوای چیای شرام دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای چیچە خەنینە. چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە لەوانە: وەکو (دەرەو ولا). دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووپۆشی ڕووەکیی وەک دارستانی سروشتی. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان.