خۆرەتاوە سەختە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 100

چیا

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (هاوار)ەوە. (١٣٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. چیایەکی سەختە و لێژیی زۆرە، هاتۆچۆکردن تیایدا کارێکی ئاسان نییە و بەو هۆیەوە ئەو ناوەی لێنراوە. دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی هاوار و تاوێرە و پاڵانیا و جاوردا. چەند لوتکەیەکی تیایە لەوانە لوتکەی سەرخۆشین و لوتکەی کڵاوە بەرزە. لە باشور چیاکانی ئەشکەوەڵ و چەمی ئاوی دواوان و گوندی هاوار و هاوارەکۆن و لە خۆرهەڵات، چەمی گەورە و چیای ڕوتاوا و چیای هەورامان دەوریانداوە و لەخۆرئاوا چیای کەنۆڵەڕەشان و چیای کەلی هەیشوور هەیە. بەهۆی بەرزی و زۆریی پلەی لێژییەکەی، توشی ڕاماڵین بووە. گەورەترین کانەبەردی ناوچەکەی لێیە. ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و سەرچاوەیەکی باشی ئاوی چۆم و ڕوبارەکانی ناوچەکەیە. بە زۆری درەختی قەزوانی لێیە. بەهۆی درز و شکانی زۆرەوە، بەشی زۆری دەرامەتە ئاویەکەی توشی داچۆڕان دەبێت بۆ چینەکانی ژێر زەوی و بۆتە عەمبارێکی گەورە و دەوروبەری دەوڵەمەندە بە کانی، لەوانە (کانییەدرێژ، کانی وێشەی، کانی خواروو، کانی وەیسەی). بەشی خوارەوەی، کە بەشێکە لە زەویی نیشتەجێبوونی گوندەکە، لەوەرزی بەهار و پایزدا خەڵک ڕووی تێکردووە بۆ بەسەر بردنی کات و سوودوەرگرتن لە تیشکی خۆر و کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (کارزان عەدنان حەمەسەعید) لەگەڵ (هۆشەنگ مارف عارف)، لەدایکبوو: ١٩٧٥، پیشە: مامۆستا، بڕوانامە: دبلۆمی باڵا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (د. ڕێباز لوقمان مستەفا) لەگەڵ مامۆستا (ئەکبەر کەریم حەمەڕەحیم)، لەدایکبوو: ١٩٧١، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٢ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید,د. ڕێباز لوقمان مستەفا

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

وەزەرا

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (٢٢٦٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێو چیای کەمانجەڕ لە سنوری گوندی دەرەیمەڕدایە، دەڕوانێتە سەر هەورامانی دیوی ئێران و دەربەند دزڵی و گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم، ناوچەیەکی سەر سنوریی پێکدەهێنێت. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی دەوڵەمەندە. لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانی دەکەن.

وەزەنێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەگاشێخان و باکوری ناوچەی گەشتیاریی وەزەنێ. (٢١١٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی دەگاشێخان و دۆڵی وەزەنێ و گوندی بەڵخە و هانە گەرمەڵە و کێمنە و بێرواس. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باڵندە و ئاژەڵی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئای کانیاوەکانی دەگاشێخان و بەڵخە و وەزەنێ، ڕێگایەکی خۆڵ لە بەڵخەوە دەڕواتە چیای تەوەنێ و بە دامێنی ئەم لوتکەیەدا تێپەڕە دەبێت بە شێوەیەک تەنها (١٩٠م) لێیەوە دوورە، ئەم ڕێگایە دەچێتە ناوچەی گەشتیاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە).

قوڵتا

کەوتووەتە باکوری گوندی (نارنجڵە) و خۆرهەڵاتی گوندی (گوڵپ). (١٢٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی ڕووتەنە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دەڕوانێتە سەر گوندی نارنجڵە و گوڵپ.

قۆڵی بلچ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی باخەکۆن و گەچێنە. (١٧٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی چڕە بە دارستانی سروشتیی بەڕوو و گۆیژ. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە.

کانى ژاڵه

کەوتووەتە باشورى ناحیە‌ی (بەمۆ). بە لوتکەى کانى ژاڵە ناسراوە و تاکە دەرچەى ناحیەی (بەمۆ)يە بەسەر دەوربەريدا. بەرزيیەکەى لەئاستى ڕووى دەرياوە (١٤٩٦م) دەبێت. سنورى نێوان ناحیەی بەمۆی ئيدارەى گەرميانە.

کەرەسی

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (٢٢٠٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای کەمانجەڕ و نێو چیای کەرەس لە سنوری گوندی دەرەیمەڕدایە، دەڕوانێتە سەر هەورامانی دیوی ئێران و گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم. ناوچەیەکی سەر سنوریی پێکدەهێنێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی. لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.