کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

نەریمان سابیر محەممەد

ڕۆژنامەوان و شانۆکارە. ‌ساڵی ١٩٨٠ له ‌شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. لە دامەزرێنەرانی (گروپی هونەری ڕاستی)یه،‌ کە لە قەزای (شارەزوور) دامەزراوە. لە چەندین شانۆگەری و فلیم و نواندنی تەلەفزیۆندا بەشداربووە، لەوانە: شانۆگەرییەکانی (دارقەیسی، سەرفەری ڕۆحێکی گۆیا، دوو زیندانی، هەڵەبجە، تەیری گول، حەوشی گەورە)، فلیمەکانی (قاچاخچی، هەڵە، بەڵا). لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا نوسینی بڵاوکردووەتەوە. وەک (پەیامنێر، وێنەگر، مۆنتێر، ئامادەکار و پێشکەشکار، بەرپرسی بەش) لە ڕاگەیاندنەکاندا کاریکردووە. لە ماوەی جیاجیادا سەرنوسەرى گۆڤاری پێشکەوتن، ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی بووە. ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ بەڕێوەبەری سەتەلایتی (جەماوەری کوردستان) بووە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی هونەری میللیی کوردستانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

نزار کەریم ئەحمەد

ڕۆژنامەنوس و نوسەرە، ساڵی ١٩٩٦ لە ناحیەی پێباز لە دایکبووە. لە ٢٠٠٩ەو هاتوونەتە هەڵەبجە. خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی لە هەڵەبجەی شەهید خوێندووە و بەشی ڕاگەیاندنی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی ساڵی ٢٠١٦ و پاشان بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی هەڵەبجە تەواوکردووە. پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕتی بووە لە هەڵەبجە و سەیدسادق و پێنجوێن و شارەزوور و دەربەندیخان. وەک پێشکەشکار و پڕۆدیوسەری بەرنامەی بەیانی باش کوردستان لە ئێن ئاڕ تی دەستبەکاربووە. پێشکەشکاری چەند ئەڵقەیەک لە بەرنامەی (لە پەیامنێرانەوە). کتێبی مێژووی ڕۆژنامەگەری لە هەڵەبجە(بەراییەکان تا ئایاری ٢٠٢٣) چاپ و بڵاوکردووەتەوە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

نیاز نجم الدین محمد

ساڵی (١٩٧٥) لەدایکبووە، ساڵی (٢٠٠٢) لە تەلەفزێۆنی (IMK)، دەستی بەکاری ڕاگەیاندن کردووە. لە ساڵی (٢٠٠٦) لە ڕادوێی دەنگی نوێ وەک پێشکەشکار و پەیامنێری وەرزشی دەستبەکاربووە و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە. خێزاندارە و خاوەنی شەش منداڵە، دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

نیان محەمەد ئەمین

ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. لە ساڵی ١٩٩٣ وەک ئامادەکار و بێژەر لە ڕادوێی ئازادی کاریکردوە و دوو ساڵیش لە تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان کاریکردووە. ئەندامی ڕێکخراوی ئاسوودەبووە و لە بەشی هۆشیاری و توندوتیژیی دژی ژنان کاریکردووە. سێ ساڵ پێشکەشکاری بەرنامەی ژنان بووە لە ڕادوێی هەرێم. لە بواری مافی ژنان دەیان بابەتی بڵاوکردووەتەوە. خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە، فەرمانبەرە لە سلێمانی.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندنکار

هادى کوڵکنی

ناوی (هادى کەريم حسەين)ـەو بە (هادى کوڵکنى) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندى کوڵکنى لەدایکبووە. ساڵی ١٩٩٦ بۆ يەکەمجار لە ڕۆژنامەى ڕێگاى کوردستان دەستى بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە و هەمان ساڵ وەک پەيامنێرى ڕادوێى ئازادى دەستبەکاربووە. پاشان وەک ئەندامى دەستەى نوسەرانى ڕۆژنامەى (بارين) و دواتر لە ڕۆژنامەى (شارێ) و گۆڤارى (شارێ) کاریکردووە و هەواڵی بڵاوکردووەتەوە. ساڵی ٢٠١٧ يەکێک بووە لە دامەزرێنەرانى لقى هەڵەبجەى سەنديکاى ڕۆژنامەوانان و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەندامى دەستەى بەرێوەبردنى لقى هەڵەبجەى سەنديکاى ڕۆژنامەوانانە و ماوەى دوو خوليش بەرپرسى لقى هەڵەبجەى سەنديکا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

هەوراز گوڵپی

ناوی (هەوراز ئەمین قادر)ە. ساڵی ١٩٨٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی عێراقییە لە بەغداد بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوه لە بواری ڕاگەیاندندا کاردەکات. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (گەرمیان) بووە لە بەغداد. بۆ ماوەی ساڵێک لە ڕادوێی (شەفەق) لە بەغداد و زیاتر لە ساڵێکیش لە ڕادوێی (نەوا) لە سلێمانی وەک بێژەر کاریکردووە. هەشت ساڵ وەک بێژەر و پێشکەشکار لە تۆڕی میدیایی (ڕووداو) بووە. لە ئێستادا لە گروپی میدیایی (ئاڤا) وەک بێژەر بەردەوامە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

هۆشمەند سادق

ناوی (هۆشمەند سادق ڕەمەزان ڕۆستەم)ـە. ساڵی ١٩٨٦ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندی ئەحمەدئاوا و ناوەندی لە خورماڵ و بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر تەواوکردووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە خاوەنی یەک منداڵە. زیاتر لە بواری (ڕۆژنامە، گۆڤار، تەلەفزیۆن، ماڵپەر) کاریکردووە. لە کەناڵی (٢٤K) ڕۆژنامەی باسنیوز سەدان ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ و فیچەر و هەواڵی ئامادەکردووە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

هۆشمەند هەورامانی

ناوی (هۆشمەند قادر عەبدوڵا)یە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامان لەدایکبووە. پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە. ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەکانی (سایۆ هۆرامانی) بووه لە کەناڵی ئاسمانیی کوردسات و لە کەناڵی گەلی کوردستان کاریکردووە و چەندین بەرنامەی ئەدەبی و فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی تایبەتی ئامادە و پێشکەشکردووە. چەندین و وتار و دەیان ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژی بۆ‌ ڕۆژنامە ناوخۆییەکان بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری هەورامانە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

هۆشیار عەلى یوسف

ساڵی ١٩٩١ لە گوندی (هانەیدن) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە خورماڵ و بەشى ڕاگەیاندنی لە زانکۆى سلێمانى تەواوکردووە. لە چەند دەزگایەکدا کاریکردووە، لەوانە: سەرپەرشتیار و خاوەنى سایتى زەنگ نیوز، ڕۆژنامەکانی (ماچۆ، خورماڵ، چەتر)، جێگرى سەرنوسەرى سایتى باسک نێت بووە، تەلەفزیۆنى ڕابوون، ڕادوێى دەنگى ئیسلام، سایتى باسنیوز، سایتى خەڵک، سایت و ڕۆژنامەى وشە و زیاتر لە دوو ساڵیشە‌ هەواڵسازى سایتى مەودا میدیایە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

وریا حەمەکەریم

ناوی (وریا حەمەکریم حەمەساڵح مەحەممە‌د)ە. ١ى ١١ى ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی دارایی و بانک لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٨ لە هەولێر دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کردووە و ساڵی ٢٠١١ تا ئێستا لەهەڵەبجە درێژەی بەو کارە داوە. سەرنوسەری ڕۆژنامەکانی(تریفە، تیشک)بووە. ٢٠٠٨-٢٠١٠ پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە. ٢٠١٠-٢٠١٣ وەک پەیامنێر لە کەناڵی NRT کاریکردووە و لە ساڵی ٢٠١٥وە تائێستا بەرپرسی نوسینگەی هەڵەبجەی کەناڵەکەیە. دامەزرێنەر و خاوەنی کەناڵی خۆراکیی زنار تیڤییە. چەندین ڕاپۆرتی جۆراوجۆر و فلیمی دیکۆمێنتاری و بەدواداچوونی ئامادە و پێشکەشکردووە. ڕاپۆرتی بۆ دەزگا و کەناڵە نیودەوڵەتییەکان کردووە، لەوانە(سکای نیوز، بی بی سی، الجزیرە). لە ئەنجامی بەدواداچونەکانیدا چەندین بەرپرس لەکار دورخراونەوتەوە و چەندین بێسەرو شوێن دۆزراونەتەوە. لە ماوەی کارکردنیدا ٢١ سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و ١٠ دۆسیەی بردووەتەوە و ١٠ سکاڵاش یەکلایی نەکراونەتەوە. چەندین خولی ڕاهێنانی کردووەتەوە و بەشداری چەندین خولی کردووە و چەندین بڕوانامەی ڕاهێنانیشی وەرگرتووە. لەوانە (پەیمانگای فۆکس ئەکادیمی و بڕوانامەی ivlp لە ئەمریکا. ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووه ‌و دوو منداڵی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

وريا حسەين گوڵپی

ناوى (وریا حسەین حەبیب)ـە. ساڵى ١٩٨٨ لەدایکبووە. پەیمانگاى تەکنیکى تەواوکردووە. نزیکەی بیست ساڵە لە بواری ڕۆژنامەوانیدا کاردەکات. لەماوەی جیاوازدا (پەیامنێرى، بەڕێوەبەرى تۆڕى پەیامنێران، بەرپرسى دەزگا بووە. چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی پێبەخشراوە، لەوانە (خەڵاتى چالاکترین پەیامنێرى سنورى هەورامان، چالاکترین ڕۆژنامەنوسى ساڵ لەلایەن یەکێتى ئابوریناسان، چالاکترین پەیامنێرى ناو خۆپیشاندانی ٢٠١١). سەرنوسەرى بڵاوکراوەى (ئاڕاستە) و ڕۆژنامەى (لاو) بووە. ئەندامى دەستەى دامەرزێنەى ڕۆژنامەى (دووکان)، بەرپرسى تۆڕى پەیامنێران لە تەلەفزیۆنى پەیام، بەرپرسى لاپەڕەى ئابورى لە ڕۆژنامەى ئاوێنە، بەرپرسى دیجتاڵ میدیاى ژیان و دامەزراوەى ژیان میدیا بووە لە سلێمانى.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

يادگار ڕەئوف محەمەد مەحمود

لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی بەڵخەی هەورامان لەدایکبووە. پاش ڕاگواستنی گوندەکان لە هەڵەبجە نیشتەجێبووە. لە ساڵی ٢٠٠٠وە تا ئێستا چەندین بابەتی لە ڕۆژنامەکانی ناوخۆ و درەوەی هەڵەبجەدا نوسیوە، لەوانە، چاودێر، بزوتنەوەی ئیسلامی، هیومانیزم و هۆرامان، چەتر، وەرچەرخان، کۆمەڵەی خوێندکاران، زادگە،..هتد. چوارساڵ لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی کاریکردووە و لە چەندین شانۆشدا ڕۆڵی بینیووە. خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە. خوێندکاری بەکالۆریۆسە لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

یوسف زەینەدین عەبدولقادر

ساڵی ١٩٨٤ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (هانەی قوڵ)ە. قۆناغی سەرەتایی لە (خورماڵ و سیروان) و ناوەندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواوکردووە. زیاتر لە ٢٠ ساڵی کاری ڕاگەیاندن دەکات. زیاتر لە ٥٠٠ بەرنامەی بۆ کەناڵە جیاوازەکان و ٨٠٠ بابەتی ڕۆژنامەوانی لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و سایتەکان ئامادە و بڵاوکردووەتەوە. حەوت ساڵ زیاتر بەرپرسی کارە ڕۆژنامەوانییەکانی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم بووە. بەڕێوەبەری پەیجی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بووە. کاری بۆ کەناڵی ئاسمانیی (ڕابوون، سەحەر، پرێس و شبکەی ٣ ئێران، ژیوا) کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

یوسی ڤۆتێڵا

پەیامنێر و ڕۆژنامەوانێکی فنلەندییە. بۆ ڕوماڵکردن و گواستنەوەی هەواڵی ژەهربارانکردنی هەڵەبجە لە ١٨ی ٣ی ١٩٨٨سەردانی هەڵەبجەی کردووە و بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لە شارەکەدا ماوەتەوە. توانیویەتی چەندین ڕاپۆرت و بابەتی ڕۆژنامەوانی ئامادەبکات. چەندین وێنەی جەرگبڕی لە گوندی (عەنەب) چرکاندووە‌. بە هۆی مانەوەی لە شارەکەدا کاریگەریی کیمیاییەکی لەسەر بەجێماوە. یەکێکە لەو ڕۆژنامەوانانەی ساڵی ٢٠٠٩ وەک شایەتحاڵ لەسەر تاوانەکە دژی سەرانی بەعس لە دادگای باڵای تاوانەکان، لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا، ڕاستیی ڕوداوەکانی خستووەتەڕوو.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ا. ب. هەوری

شاعیر و شانۆکار و مامۆستایە. ناوی (ئەبوبەکر کوڕی شێخ جەلالی کوڕی شێخ تەهای کوڕی شێخ سەلامی کوڕی شێخ نیزامەدیین)ـە. ساڵی ١٩١٢ گوندی چنارەی لای دەربەندیخان لەدایکبووە. چەند ساڵێک لە حوجرە خوێندوویەتی. ساڵی ١٩٢٥ ماڵیان چووەتە سلێمانی و لە قوتابخانەی زانستیی شەوان نراوەتە بەر خوێندن و خانەی مامۆستایانی لە شاری بەغدادی تەواوکردووه و بووە بە مامۆستا لە هەڵەبجە. ساڵی ١٩٣٩ یەکەم شانۆ بەناوی (دڵداری و پەیمانپەروەری) لە گۆڕەپانی قوتابخانە لە هەڵەبجە نمایشدەکات. لە کارەکانی: بوکی ژێر دەواری ڕەش، زینەتخان، ڕۆژانی دێرین، دڵداری و پەیمانپەروەری. ئازار و ئاوات، بەرهەمی خەبات، بیری ئازادی. ساڵی ١٩٧٩ کۆچیدواییکردووە.

ئازاد محێدین محەممەد

ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (هانەی قوڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە هانەی قوڵ و ناوەندى لە شارۆچکەی سیروان و ئامادەییی پیشەسازی لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە و لە چەندین کۆڕ و فیستیڤاڵدا بەشداربووە. سێ کتێبی شیعریی بە چاپ گەیاندووە: (دیاری تەمەن، پیت و وشە، نیشتیمانێک پڕ لە ڕازیانەی بێ منەت). لە ئێستادا لە شارۆچکەی خورماڵ دەژی.

ئەحمەد شوکرى

ناوی (ئەحمەد کوڕى محەممەد کوڕى عەبدولسەمەد)ـە و بە (دکتۆر شۆ) ناسراوە‌. ساڵى ١٩٠٨ لە هەڵەبجە لەدايکبووە. لە هەڵەبجە، سلێمانی و کفرى درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵى ١٩٢٢-١٩٢٥ بووە بە پێشنوێژ‌. ساڵى ١٩٣١ لەگەڵ (تاهير بەهجەت مەريوانى) و دوو هاوڕێى ترياندا ڕۆيشتوون بۆ بەغدا بۆ فێربوونى پيتچنين لە چاپخانەکانی (کەرخ) و(نەجاح). لە پڕۆژەى چاپکراوەکانى (کورديى- مەريوانى/ نەشرياتى کورديى و مەريوانيى)دا کاریکردووە و تەنانەت چەند چاپکراوێک ناوى ئەوى لێنراوه و تا ساڵى ١٩٣٥ لە بەغداد ماوەتەوە. لە سلێمانى وەک تيپچن لە چاپخانەى (ژيان)، دواتریش لە (زبان) و تا سەرەتاى ساڵى ١٩٤١ کاریکردووە‌. ١٩٤٣- ١٩٧٣ کارى برينپێچى کردووە و لەسەر ئەو پيشەيە خانەنشين کراوە. ژيانى هاوسەریى لە سلێمانى پێکهێناوە. جگە لە زمانى کوردى، فارسی و عەرەبیشی زانيوە. هۆنراوەی هەبووە و ژمارەیەکیانی لێ چاپ و بڵاوکردووەتەوە. ئەندامى يەکێتیى نوسەرانى کورد بووە. چەند کتێبێکی چاپکردووە، لەوانە (شەڕى پشيلە و مشک "وەرگێڕان"، ئامۆژگارى "هۆنراوه""‌، مژدە "هۆنراوه"، پێ بکەنە "کورتە باسى گاڵتەجاڕيی بە شێوەی هۆنراوه""‌، هەمەجۆر "هۆنراوه""‌، پێنجينەى شۆڕش، دڵدارمى "هۆنراوه""‌، تێکەڵاوە "هۆنراوە") ساڵی ١٩٨٩ لە سلێمانى بە نەخۆشی کۆچیدوايیکردووە و لە گردى سەيوان بەخاکسپێرراوە.

ئەحمەد موختار جاف

نوسەر، شاعیر، بەگزادەی جاف و پەرلەمانتارە. ناوی (ئەحمەدموختار کوڕى وەسمان پاشای محەممەد پاشای جاف)ـە، کوڕی عادیلەخانم و برای تاهيربەگی جافە. ساڵی (١٨٩٨ یان ١٨٩٩) لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ماوەیەک لە حوجرە خوێندویەتی و ماوەیەکیش مامۆستای تایبەتی ھەبووە. بە یارمەتی سلێمان بەگ (کە لە دیوەخانی وەسمان پاشادا کاریکردووە)، زمانی فارسی فێربووە. زمانی عەرەبی و ئینگلیزییش زانیوە. لە تەمەنی بیست ساڵییدا ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و ساڵانی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٤ قایمقامی ھەڵەبجە بووە. ئەندامی (خولی یەکەم ١٩٢٥ بۆ ١٩٢٨ و خولی سێیەم ١٩٣٠ بۆ ١٩٣٢)ى پەرلەمانی عێراق بووە. ساڵی ١٩٣٤ لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداردا دژی حکومەت وەستاونەتەوە و چوونەتە شاخ. زۆرتر وەک شاعیر ناسراوە و نازناوی (ئەحمەد، گوڵشەن) بووە. بە زمانی کوردی و فارسی هۆنراوەی نوسیوە. هۆنراوەکانی لە (دیوانی ئەحمەدموختار جاف)دا کۆکراوەتە‌وە و چاپبووە. چیرۆکی (مەسەلەی ویژدان)ى نوسيوه،‌ کە لە مێژووی چیرۆکی کوردیدا، لە ڕیزی یەکەمەکانە‌. ساڵی (١٩٣٤ یان ١٩٣٥) لە نزیک ڕووباری سیروان تیرۆرکراوە و لە گوندی (عەبابەیلێ) بەخاکسپێرراوە. لە هەلەبجە شەقام و قوتابخانەی بە ناوەوە کراوەو پەیکەری بۆ دانراوە.

ئەحمەدی لار

شاعيرێکى ميللييە. ناوی (ئەحمەد محەممەد ئەمین ئەحمەد)ـە. ساڵی ١٩٢٤ لە دێی (کانی کرمانج)ی سەر بە (خانەقین) لەدایکبووە. بە (ئەحمەد لار) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٨ هاتوو‌نەتە هەڵەبجه و بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەڵەبجە ژیاون. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجه خوێندووە. جگە لە زمانی کوردی، زمانی عەرەبی و فارسی زانیوە. ساڵی ١٩٧٢ بووە بە فەرمانبەری حکومی. هۆنراوە و بیرەوەرییەکانی لە کتێبەکانی (شارۆ، بیرەوەرییەکانم، هەڵەبجەی جاران) چاپ و بڵاوکردووەتەوە‌. ساڵی ٢٠١٢ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە. ساڵی ٢٠٢٣ سەرجەمی بەرهەمەکانی لە (دیوانی ئەحمەدی لار)دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە‌. ‌

ئەژی گۆران

شاعير، ئەکتەر و وەرگێڕە. ناوی، (ئەژی عەبدوڵا گۆران کوڕی سلێمان بەگی کاتب فارسى)یە. ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی (عەبابەیلێ)ی نزیک ھەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغى خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە‌. لەلای (گیوی موکریانی) فێری تیپچنین و وێنەگرتنەوە بووە. بەھۆی چالاکيی ڕامیارییەوە لە خوێندن دابڕاوە و ساڵی ١٩٥٢ بۆ شەش مانگ خراوەتە بەندیخانەوە. دوای شۆڕشی ١٩٥٨، جارێکی تر دەستیکردووەتەوە بە کاری سیاسی. ساڵی ١٩٥٨ وەک ئەکتەر لەسەر شانۆ دەرکەوتووه و هەر هەمان ساڵ یەکەم ھۆنراوەی لە گۆڤاری (هيوا)دا بڵاوکردووەتەوە. لە بواری نوسینی هۆنراوەدا چوار کتێبی چاپ و بڵاوکردووەتەوه:‌ (زایەڵەی زەنگ، نەبا غەریبێ جێت بگرێ، سەمای لاولاو، نۆتەى ئاوازێکى تەرە)، لە بواری (چیرۆک، شانۆ)شدا بەرهەمی هەیە و چەند دەقێکیشی کردووە بە کوردی. جگە لە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبیشی زانیوە. ماوەی سێ ساڵ سەرۆکی (یەکێتيی نوسەران- لقی سلێمانی) بووە. ڕۆژی ٣١ی ١ی ٢٠٠٤ لە سلێمانى کۆچیدوايیکردووە و لە گردى (سەيوان) بەخاکسپێرراوە.

پێشتر 1
...
6 7 8
...
60 دواتر