بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ناوی (شێخ عەبدوڵای مورادوەیسی)یە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە سەیدەکانی تاوەگۆزییە و دەوترێت لەگەڵ (مەولەوی) شاعیردا خاڵۆزا و پورزان. لەسەردەستی (شێخ سیراجودین) تەریقەتی وەرگرتووە. لە گوندی (کێوەڕی) دانیشتووە. نازناوی (داخی) بووه. هێشتا هۆنراوەکانی کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا چاپنەکراون. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٤ لە گوندی (کێوەڕی) کۆچیدواییکردووه و لە گۆڕستانی (کڵاوسوور) بەخاکسپێرراوە.
ناوی (ئەمین ئەحمەد عەلی)ە لە ١٣ى ١٢ە ١٩٤٧ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە. لە بواری پەروەردەدا، ساڵی ١٩٧٨ یەکەم کتێبی ئەلفوبێی نوێی بۆ قۆناغی بنچینەیی نەهێشتنی نەخوێندەواری داناوە. لە ساڵی ٢٠٠٠دا یەکەم کتێبی تایبەت بە خوێندنەوەی کوردی بۆ قۆناغی یەکەمی گەورە داناوە و دوو جار چاپ بووەتەوە. ساڵی ٢٠٠٦ کتێبی فێربوونی زمانی کوردی بە پیتی لاتینی بڵاوکردووەتەوە. لە بواری ئەدەبیشدا، ساڵی ١٩٩٩ دیوانە شیعری (تەیمان تەنیو) بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ٢٧ کتێبی چاپکراوە. ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی کورد و بنکەی گەلاوێژ و دەستەی باڵای کۆمەڵەی ژیانەوەی هەڵەبجە بووە. خاوەنی کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندە بە ئەدەبی منداڵان و خاوەنی پەیمانگای ئەمین سەپانە بۆ فێربوونی ئەلفوبێی کوردی. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
ساڵی ١٩٧٥ لە گوندی (تازەدێ)ی بناری سورێنی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە (سەیدسادق) تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ١٩٩٣ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەرنامەی ئەدەبی لە ڕادوێی (کوردستان دەنگی هەڵەبجە) هەبووە. چەند کتێبێکى شیعریى چاپکردووە، لەوانە (جوانتر لەوەی دەیبینیت، دیوانی ئەیوب عەزیز). بەشێک له هۆنراوەکانی لە فەرمانگە و شوێنە گشتییەکاندا هەڵواسراوە. لە قەزاى (سەیدسادق) شەقامێک بەناویەوە کراوە.
شاعیر، ڕۆژنامەوان و نوسەرە. ناوی (ئیبراهیم فەرەجوڵڵا حەمەوەیس)ـە. ساڵی ١٩٦٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا ئامادەیی پیشەسازی لە هەڵەبجە خوێندووە. ساڵی ١٩٨٤ یەکەم بەرهەمی (هۆنراوە)ی خۆی بڵاوکردووەتەوە، چەند جارێک بەناوی خوازراوی (مامۆستا بەیان)ـەوە هۆنراوەکانی بڵاوکردووەتەوە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی (ئەدەبی کرێکاری) بووە. لەو کاتەوە تا ئێستا بە نازناوی (ئیبراهیم هەورامانی)یەوە دەنوسێت. ژمارەیەک لە شیعرەکانی وەرگێڕاون بۆ سەر زمانی عەرەبی و فارسی. ماوەی بیست و پێنج ساڵە لە کایەکانی ڕۆژنامەگەریشدا کاردەکات. ٢٠١٧-٢٠٢٠ سکرتێری لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەوانان بووە. ئەندامى دامەزرێنەری ئەنجومەنی باڵای یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستانە. جگە لە چەند کتێبێکی شيعرى، چەند کتێبێکیشی بۆ ئەرشیفکردنی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەچاپ گەیاندووه، لەوانە (دوای دۆزەخ، بۆتان دەگێڕمەوە، چیم دی، حیکایەتەکانی مەرگ، بۆ مێژوو، هەڵهاتن لە مەرگ و چوارشەممەی خوێناوی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵه.
لە جوولەکە کوردەکانی دانیشتووی هەڵەبجە بووە. ناوی سیانی و ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدوایی نەزانراوە. چونکە زمانی گرتوویەتی، بە (ئیدریسی تر) ناسراوە. بە زمانی کوردی هۆنراوەی نوسیوە و هاوڕێی (فایەق بێکەس) و (کەمالی) بووە.
شاعیر، ڕۆژنامەوان و ڕاگەیانکارە. ساڵی ١٩٧٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی خوێندووە. لە شاری هەڵەبجە لەگەڵ تیپی شانۆی شەهیدان و وێستگەی هونەریی وەک ئەکتەر بەشداریکردووە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستی بە نوسین و بڵاوکردنەوەی هۆنراوە کردووە. جگە لەوەی ئەندامی دەستەی نوسین و بەڕێوەبەری نوسینی چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار بووە، لەوانە (ئاڵای ئازادی، گەلاوێژی نوێ، ڕۆڤار، ئایندە) بووە. ئەزموونی کاری تەلەفزیۆن و ڕادوێشی هەیە. لە چەند فیستیڤاڵێکی ئەدەبیدا بەشداریکردووە. لە فیستیڤاڵی گەلاوێژدا خەڵاتی یەکەمی شیعری وەرگرتووە. چەند شیعرێکی بۆ زمانەکانی فارسی و عەرەبی وەرگێڕراون. لە بوارەکانی: شیعر، ڕۆمان و دیدار و تەوەری ئەدەبی و خستنەڕووی کتێبدا خاوەنی چواردە کتێبە. لەوانە: (دڵی خۆتە لە سینەما، دایکە سۆزانیەکەم، سازش لەگەڵ بادا، یاسای باخچەکەی ئێمە).
ناوی (مەلا محەممەد کوڕی مەلا عەبدوڵای کوڕی شێخ قادری عەبابەیلێیی)یە. ساڵی ١٩٠٧ لەدایکبووە. لای باوکی لە مزگەوتی (دار الاحسان) لە هەڵەبجە و لە چەند شوێنێکی تریش خوێندویەتی. لەسەر دەستی (شێخ بابا ڕەسوڵ) مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە و چارەسەری کێشە و ناکۆکی کردووە. هۆنراوەی هەبووە و نازناوی (ئیلاهی) بووە. بە زمانی کوردی و عەرەبی حەوت کتێبی ئامادەکردووە. ساڵی ١٩٨١ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (شێخ بابا ڕەسوڵ کوڕی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ عەبدولسەمەدی بێدەنی)یە. لە سەیدە بەرزنجەییەکانی سۆڵەیە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٦ لەدایکبووه. منداڵ بووە کاتێک باوکی کۆچیدواییکردووە. لەلای (شێخ مەحموود)ی موفتی هەڵەبجە و لە چەند شوێن و مزگەوتێکی تر خوێندویەتی. ماوەیەک لە (بیارە) مودەڕیس بووە. بە کوردی و فارسی هۆنراوەی نوسیوە و نازناوی (بابا)بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٤٤ لە (عەبابەیلێ) کۆچیدواییکردووە.
لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٨ لە گوندی (میریسوور)ی بناری چیای سورێن لەدایکبووە. ماوەیەک لە بیارە خوێندویەتی و موریدی شێخ نەجمەدینی نەقشبەندی بووە. جگە لە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی زانیوە. تا ساڵی ١٩١٩ لە ژیاندا بووە و نازانرێت کەی کۆچیدواییکردووە.
ناوی تەواوی (سەردار حەمەلاو ابراهیم)ـە. ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی خەرپانی هەورامان لەدایکبووە، سەرەتایی و ناوەندی لە خەرپانی و هەڵەبجە خوێندووە دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵە. لە کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە فەرمانبەر بووە. لە بۆنە ئایینی و فیستیڤأڵەکانی هەڵەبجە و بۆنە ئەدەبییەکاندا شیعری خوێندووەتەوە. لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا شیعری بڵاوکردووەتەوە، لەوانە پەیامی ڕأستی، دوانگە، یەکگرتوو. کتێبی (ئەشکی خامە، دانسقە)ی چاپکردووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی غەریبان لە هەڵەبجەی شەهید نێژراوە.
ناوی (مەلا مەحموود)ە. خەڵکی (خوڕخوڕە)ی نزیک(سەقز)ە. ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدواییەکەی نەزانراوە. هاتووەتە(بیارە) و لەسەر دەستی شێخ زیائەدین تەریقەتی وەرگرتووە. لە بیارە ماوەتەوە و کاری (مۆرهەڵکەنی) کردووە. بە فارسی هۆنراوەی هەیە و نازناوی (باکی) بووە. کتێبێکی لەسەر (مەناقیبی شێخ زیائەدین) نوسیوە.
ناوی (بەکر محەممەد حەمەئەمین)ـە و لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا خەڵکى گوندى (هەجیج)ـە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، بۆیە بە(بەکر هەجیجی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتای له ئاواییی ڕۆستەم بەگ و ناوەندی لە خورماڵ تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. له ساڵی ٢٠٠٨ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. ناوەڕۆکی نوسینی هۆنراوەکانی هەمەجۆرە. وەک ئەکتەریش ڕۆڵی جافرسانی بینیوه، کە گەورەترین سانی هەورامان بووە. بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵ و بۆنەکانی ناوچەکەی کردووە و هۆنراوەی خوێندووەتەوە.
زانای ئایینی و شاعیرە. ناوی شێخ حەسەن کوڕی شێخ سازانییە. لە گوندی سازانی نزیک هەڵەبجە لەدەوربەری ساڵی ١٨٤٠ لەدایکبووە. بە منداڵی دەستی بەخوێندنی ئایینی کردووە. بۆ خوێندن گەلێک ناوچەی کوردستان گەڕاوە. ئیجازەی وەرگرتووە و دەستیکردووە بە خزمەتی ئایینی ئیسلام و ئاداب و موسڵمانان. هاوچەرخی مەولەوی بووە و شیعر لە نێوانیاندا هەیە. شیعرەکانی بە شێوەزاری هەورامی نوسیوە. لە دەورووبەری ساڵی ١٩٠٥ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (مەحموود کوڕی موفتی حاجی مەلا ئەمین کوڕی موفتی گەورە حاجی مەلا ئەحمەدی چاومار)ە. ساڵی ١٨٧٩ لە سلێمانی لەدایکبووە. لە سلێمانی و پێنجوێن و بیارە خوێندویەتی. موریدی شێخ نەجمەدین بووە. ساڵی ١٩٠٠ بووە بە حاکم لە شاری ھەڵەبجە و چەند ساڵێک لەوێ ماوەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکنەهێناوە. نازناوی (بیخود) بووە. بە کوردی و فارسی هۆنراوەی نوسیوە و زۆربەی هۆنراوەکانی لە دیوانەکەیدا(دیوانی بێخود) کۆکراوەتەوە و چاپکراوە. لە ٢٥ی ٨ی ١٩٥٥ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (فایەق کوڕی عەبدوڵا بەگی کوڕی کاکەحەمەی ئەلیاسەقۆجە)یە. ساڵی ١٩٠٥ لە (سیتەک)ی نزیک شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی و دواتر چووەتە قوتابخانە. ساڵانی ١٩٣٣-١٩٣٥ لە (تەوێڵه) مامۆستا بووە. چەند جارێک بە هۆکاری ڕامیاری دەستگیرکراوە و خراوەتە بەندیخانەوە و دوورخراوەتەوە بۆ شاری (حلە). پاش ئازادبوونی، ماوەی ساڵانی ١٩٤١-١٩٤٨ لە هەڵەبجه مامۆستا بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تا ڕادەیەک ئینگلیزیشی زانیوە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە، لە یەکەمیان کچێک و لە دووەمیان دوو کچ و (شێرکۆ بێکەس)ی شاعیری بووە. کەسێکی قسەخۆش و نوکتەباز بووە. نازناوی (بێکەس)ی هەبووە و هۆنراوەکانی لە دیوانەکەیدا (دیوانی بێکەس) کۆکراوەتەوە و چاپکراوە. ساڵی ١٩٤٨ لە (هەڵەبجە) کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیوان) لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.
شاعير، وەرگێڕ و ڕاگەیاندکارە. ناوی (شێخ ئەمین کوڕی عەلائەدین نەقشبەندی)یە. ساڵی ١٩٣١ لە (بیارە) لەدایکبووە. وانەی ئاینی لای چەند مامۆستایەک خوێندووە. لە قوتابخانەشدا تا پۆلی شەشی خوێندووه و دواتر لە (تاران)، سەرەتا لە کۆلێژی حقوق خوێندویەتی و دواتر چووەتە کۆلێژی ئاداب و بەشی عەرەبی تەواوکردووە. لەگەڵ براکانییدا گوندی (ئەحمەدئاوا)یان بە میرات بۆ ماوەتەوە. ساڵی ١٩٥١ لەگەڵ کچی (مەحموودخانی دزڵی)دا ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە خاوەنی پێنج منداڵە. ماوەیەک لە ئاواییەکانی خۆرهەڵات ماوەتەوە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسى زانيوە. ساڵی ١٩٧٨ بووە بە بەڕێوەبەری گشتیی ڕادوێ و تەلەفزیۆن لە شاری سنە. نازناوى (بێوەی) بووە و خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە (تەسەوف چییە، بەرهەمی ژیان). ساڵی ١٩٨٢ – ١٩٨٣ لە کۆلێجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغداد وانەی وتووەتەوە. ساڵی ١٩٩٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغداد بەخاکسپێرراوە.
شاعير و وەرگێڕە. ناوی (زەینەدین مستەفا مەحموود)ە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. خوێندنی ئامادەیی لە ھەڵەبجە و کۆلێژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی دە ساڵ لە ڕیزەکانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) کادر و پێشمەرگە بووە. لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا، ڕێکخراوی (ئاڵای شۆڕش)یان دامەزراندووە و نازناوی (پشکۆ نەجمەدین) بووە. خێزاندارە و خاوەنی کوڕێکە بە ناوی (ڕۆمان)ـەوە. لە پاش ھێرشەکانی (ئەنفال)ـەوە ڕووی کردووەتە وڵاتی (سوید) و لەوێ دەژی. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی، سویدی و ئینگلیزیش دەزانێت. لە کۆتایی ھەشتاکانەوە، وەک نوسەر دەرکەوتووە و خاوەنی بیست کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (ئەزموون و یاد)، (جیلوەی عیشقەکەی مەولانا و شەمس)، (ئاوێنەی نامەکان)، (ئەفسوونی نوسین)، (دیوانی من) و(مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی)...
کچی ئەمین سەپانە، ساڵی ١٩٧٣ لە گەڕەکی کانی عاشقان لە دایکبووە. دەرچووی ناوەندییە. خێزانی پێکهێناوەو خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دوو کتێبی بە ناوی هونەری چێشتلێنان چاپکردووەو دوو کتێبی شیعریش بە ناوەکانی (شەونمی گەڵای ڕۆحێ)، ( چەپکێ ڕێحانە) چاپ و بڵاوکردوەتەوە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
ناوی (تاهیر بەگ کوڕی عوسمان پاشای جاف)ـە، کوڕی عادیلەخانم و برای ئەحمەد موختار جافە. لە دەوروبەری ساڵی(١٨٧٥-١٨٧٧) لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی و بە یارمەتی سلێمان بەگ (کە لە دیوەخانی وەسمان پاشادا کاریکردووە)، زمانی فارسی فێر بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی زانیوە و شارەزایی لە ئینگلیزی و فەرەنسيشدا هەبووە. هەڵسوکەوتی لە گەڵ مێجەرسۆندا کردووە. فەرهەنگێکی چوار زمانی ئامادەکردووە. ماوەیەک سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە و لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە نیشانەی مەجدی وەرگرتووە. سێ جار هاوسەرگیری کردووە. شاعیرێکی گەورەی غەزەلە و گۆرانیبیژە گەورەکانی کورد شیعرەکانیان خوێندووە. هۆنراوەکانی لە (دیوانی تاهیربەگی جاف)دا کۆکراوەتەوە و لەچاپدراوە. ساڵی ١٩١٨ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گوندی عەبابەیلێ بە خاک سپێرراوە.
ناوی (تاهیر کوڕی وەستا مەستەفای عەلی)یە. باوکیشی یەکێکە لە شاعیرە میللیەکانی هەورامان. ساڵی ١٩٦٣ لە تەوێڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە تەواوکردووە. بەهۆی سەربازییەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواوبکات. ساڵی ١٩٨٦ خێزانی پێکهێناوە. داستانەشیعرە تەنزئامیزەکانی باوکی کاریگەرییان لەسەر هەبووە. هەرچەند شیعرەکانی سەرەتایین، بەڵام خاوەنی دەمەتەقێ و شیعری گاڵتەیی و تەنزە.