کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

کارزان تاریق مەحموود

ساڵی ١٩٩٠ لە لەدایکبووە. خەڵکى گوندى (هانەیدن)ـی سەر بە شارۆچکەی (بیارە)یە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی له ‌شارۆچکەی (خورماڵ) تەواوکردووە. بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. لە ئێستادا خوێندکاری ماستەرە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە ڕۆژنامەکانی (خورماڵ، دەستوور، چاودێر، چەتر، ئاوێنە) بەشێوەى فریلانس کاریکردووە. بۆ ماوەى دوو ساڵ لە ڕۆژنامەى (چەتر) بەرپرسى لاپەرەى کۆمەڵایەتى بووە و ماوەی دوو ساڵیش لە ڕادوێی (دەنگی کۆمەڵ) کاریکردووە. بۆ ماوەی سێ ساڵ لە کەناڵى(پەیام) و لە ئێستاشدا لە کەناڵی NRT کاردەکات.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

کاروان حەسەن حسێن

ساڵی ١٩٨٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبدا لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. لە وەرگێڕانەکانی: (دادگا)ی کافکا، ٢٠٠٩، ئاشنایی بە دۆستۆڤسکی ٢٠١٠، ئاشنایی بە گابرێل گارسیا مارکیز ٢٠١١، ئاشنابوون بە ساموئیل بیکێت، ئاشنابوون بە جیمز جۆیس، ٢٠١٢، ئەمریکای کافکا ٢٠١٢، بودا و ئایینی ڤیدا ٢٠١٤. ئەندامی یەکێتیی نوسەران و سەرۆکی ڕێکخراوی ژیوایە بۆ فەرهەنگ و کلتور. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

کاروان عەبدوڵا محەممەد

ڕۆژنامەوان و نوسەرە. بە (دکتۆر کاروان عەبدوڵا هەورامی) ناسراوە. ساڵى ١٩٧٩ لە گوندی (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. بەشی بیرکاری‌ لە پەیمانگای مامۆستایانی‌ لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندن و ماستەر و دکتۆراى لە ئابوریی ڕاگەیاندندا بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٢١ تا ساڵی ٢٠٢٤ بڕیاردەری بەشی ڕاگەیاندن بووە لە زانکۆی سلێمانی. سەرنوسەری ڕۆژنامەی وەرچەرخان و دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ماڵپەری زانکۆ کورد بووە. لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی دەنگی باوەڕ بووە. لە ڕادوێی هەورامان - شارەزوور، تەلەفزیۆنەکانی: بزوتنەوە، یەکبوون، کۆمەڵ، پەیام وەک پەیامنێر، پێشکەشکار، نوسەر، بەڕێوەبەری بەش، ئەندامی ستاف، بەرهەمهێنان، دیزانەر، کاریکردووە. بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەی خورماڵ و دامەرزێنەری ناوەندی هونەریی خورماڵ و ئەندامی ستافی بەڕێوەبردنی ناوەندی ڕۆشنبیریی خورماڵ بووە. خاوەنی چوار کتێبی چاپکراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنى سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

کاروان کەریم محەممەد کەریم

ساڵی ١٩٧٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٦ وەک بێژەر لە ڕادوێی دەنگی یەکگرتوو کاریکردووە و پێشەکەشکاری بەرنامەکانی: چەمەڕا، ژاڵانە، کەشەوان و ماوەی هەورامی بووە. لە ڕادوێی سپێدە چەندین بەرنامەی هەبووە و لە کەناڵی سپێدەش بۆ ماوەی چواردە ساڵە بەرنامەی شنەیو هەورامانی ئامادە و پێشکەشکردووە. چەندین کتێبی دەنگی بە هەورامی تۆمارکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی فەرمانبەرە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

کەلسوم حسێن عەبدولکەریم

ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی بەدەستهێناوە و له ‌ئێستادا وەک خوێندکار لە زانکۆی هەڵەبجە درێژە بە خوێندن دەدات. لە ڕۆژنامەکانی: کرانەوە، ڕۆژنامەی ڕێوان، ڕۆژنامەی چەتر و نەورۆز تیڤی و ئاریەن تیڤی کاریکردووە. چەندین خەڵاتی ڕۆژنامەوانی پێبەخشراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

کوردستان ئەحمەد عەزیز

ساڵى ١٩٨٩ لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایى و ناوەندى و ئامادەیى لە خورماڵ خوێندووە. بڕوانامەى دیبلۆمى لە بەرهەمی ڕووەکی پزیشکی - پەیمانگای تەکنیکی خەبات بەدەستهێناوە. لە چەندین دامەزراوە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندنی کردووە، لەوانە: گۆڤاری لڤین، تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی، دەزگای پەیسەر و ڕادوێی گۆڕان و سایتی سبەی، کەناڵی کەی ئێن ئێن، کەناڵى k٢٤ ، دەزگای ٩٦٤. خەڵاتی گەنجی سەرکردەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە دوبەی وەرگرتووە. ئەندامی ڕێکخراوی پەڕلەمان/ گەنجانی جیهانە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

کۆچەر عومەر عەبدوڵا

ڕاگەیاندکار، گۆرانیبێژ و ئەکتەرە. ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ١٢ی وێژەیی خوێندووە. بە منداڵی تیکەڵی کارە هونەرییەکانی هەڵەبجە بووە و لە ئۆپەرێتەکانی: سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە، ماسییە ڕەشە بچکۆلەکەدا بەشداریکردووە. ساڵی ١٩٩١ لە چالاکییە هونەری و میوزیکییەکانی تیپی شنروێدا دەرکەوتووە. ساڵانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٠ وەک مۆنتێر، بێژەر و پێشکەشکار لە ڕادوێی شارەزوور کاریکردووە و بەرنامەی شنەی مۆردانەی پێشکەشکردووە. لە ڕادوێی زانکۆی سلێمانی بێژەری کردووە. بەرپرسی لاپەڕەی ڕۆژنامەی (ڕێوان) بووە. لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان پێشکەشکاری بەرنامەکانی: ڕێوان و ئاوێزە بووە. پەیامنێری تەلەفزیۆنی کوردسات بووە لە شارەزوور. لە دراماکانی: گەڕان بەدوای سێبەرەکاندا، باران، باڵەخانە و فلیمەکانی: ماڵی خانم و بێکەسدا بەشداریکردووە. کاری بۆ سایتی واڵا پرێس و کەپر کردووە و پەیامنێری puk میدیا و سایتی چاودێر بووە. لە ئیستادا کارمەندە لە بەشی ئەرشیفی کوردسات نیوز لە دەزگای میدیایی کوردسات.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

کۆمار کاکەیی

ناوی (کۆمار نادر حامد)ە. ساڵی ١٩٨٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە و لە کاکەییەکانی گوندی هاوارە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە و لە شاری هەولێر بەشی نێتۆرکی لە پەیمانگا تەواوکردوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە وەک بێژەر و پێشکەشکار دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە و لە چەند کەناڵێکی ناوخۆیی و ئاسمانی کاریکردوە، ئێستاش پێشکەشکاری کەناڵی ئاسمانی کوردستان ٢٤ە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

گەشە جاف

ڕاگەیاندکار، هونەرمەند و شاعیرە. ناوی (گەشاوە کچی مامۆستا عەبدولکریمی حاجی ئەحمەدی قەدەفەری)یە، ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بە منداڵی بەشداری ئۆپەرێت و شانۆکانی هەڵەبجەی کردووە. لەوانە (سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە، ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە). ساڵی ١٩٩٦ چووەتە دەرەوەی وڵات. ٢٠٠٦ کۆلێژی ڕاگەیاندنی ئیلینی تەواوکردووە. خاوەنی نامیلەکەی شیعریی (مردنێکی پڕ تاسە)یە. لە کەناڵی ئاسمانیی (ڕۆژ تیڤی، بی بی سی سەنتراڵ) کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ کۆمپانیای ڕەیەڵ فام وەک یاریدەدەری کامێرا بۆ دیکۆمێنتکردنی تاوانی ئەنفال کاریکردووە. ٢٠١٣ وەک ڕاگەیاندکار بەشداری پڕۆژەی (تۆ تەنها نیت) بۆ وێنەکێشان و پێشانگا بۆ منداڵانی توشبوو بە شێرپەنجەی کردووە. ساڵی ٢٠١٩ وەک بێژە و پێشکەشکاری بەرنامەی ڕۆنیا بووە لە تەلەفزیۆنی ئاریەن. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

ماکوان هەڵەبجەیی

ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوانە. ناوى (ماکوان عیزەت مەحموود)ە. ساڵى ١٩٧٩ لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایی و دواناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. لە: گۆڤاری گزنگ، ماڵپەری پەیامنێر، ڕۆژنامەی وشە، کاریکردووە. لە بەڕێوبەرایەتیی پاراستنی تەندروستی بەرپرسی ڕاگەیاندن بووە. لە ئێستادا لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی و ڕۆژنامەی هەولێر لە کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی بەردەوامە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

محەممەد فەرەج حسين

به (محەممەدى حاجى فەرەج ديکۆنى) ناسراوە. ساڵى ١٩٦٦ لە گوندى (دێکۆن)ى سەر بە ناحيەى (خورماڵ) لەدایکبووە. بڕوانامەى بەکالۆريۆسى لە زمانى عەرەبیدا بەدەستهێناوه.‌ ساڵی ١٩٩٨ هەتا ٢٠٠٠ بەڕێوەبەرى ڕادوێى هەورامان/شارەزوور بووە، کە لە ناحيەى خورماڵ پەخشکراوە. ساڵی ٢٠٠٢ هەتا ٢٠٠٤ بەڕێوەبەرى تەلەڤزيۆنى مەرکەزیى کۆمەڵی ئيسلامى بووە. ساڵى ٢٠٠٥ بووە بە سەرنوسەرى گۆڤارى مامۆستايانى پێشەنگ. بابەتى لە ڕۆژنامەکانى: کوردستانى نوێ و کۆمەڵدا بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. ساڵى ٢٠١٨ بە نەخۆشى کۆچیدوايیکردووه.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

محەممەد عومەر حەمەڕەشید

ساڵی ٢٠٠٠ لەشاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە بەدەستهێناوە. لە: ڕادوێی دەنگی نوێ، کەناڵی هەڵەبجە تیڤی، تۆڕی میدیایی ٩٦٤، تۆڕی میدیای KBC کاریکردووە. لە ئێستادا وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە تۆری میدیای KBC لە کاری ڕاگەیاندن بەردەوامە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

محەممەد نەجیب حەمەخان

ناوی (محەممەد حەمەنەجیب حەمەخان)ـە. ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (دەرەیمەڕە)ە. تا قۆناغی ئامادەیی لە خورماڵ و بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی ١٥ ساڵە کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنا‌مەوانی دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ماوەی جیاوازدا: وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە ڕۆژنامەی دەستوور، وەک هەواڵساز و سەرنوسەر و جێگری بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، پەیجی مۆر، سەرنوسەری سایتی ژیان، کاریکردووە و لە ئیستاشدا وەک جێگری بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ لە کەناڵی کوردستان بەردەوامە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

محمد يوسف بەکر

بە(یوسف هەورامى) ناسراوە. لە ساڵی ١٩٦٠ لە دايکبووە، دەرچووى ئامادەييە، سەرەتای کارکردنی لە گۆڤاری(الوتن الریاز)ی بووە، کە لە ساڵی١٩٨٤ – ١٩٨٨ بابەتی وەرزشی لەو گۆڤارەدا بڵاوکردوەتەوە. لەساڵی ٢٠٠٧وە بەرپرسی نوسینگەی ڕۆژنامەی خەباتە لە پارێزگای هەڵەبجە و وەک پەيامنێرى ئەو ڕۆژنامەيە دەيان راپۆرت و هەواڵى جواروجۆری سنورەکەی بۆ ڕۆژنامەکە ئامادەکردووە، ئەندامى سەنديکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستانە، خێزاندارە و خاوەنى پێنج منداڵە و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

مەعاز فەرحان سادق

ڕۆژنامەوانە، ساڵى ١٩٨٦لە دایکبووە، ساڵى ٢٠١٠ زانکۆى سلێمانى بەشى ڕاگەیاندنى تەواوکردوە. ١٧ ساڵە لەبوارى ڕۆژنامەوانیدا کارەکات و سەدان ڕاپۆرت و هەواڵ و فیچەرى لە کەناڵ و ڕادوێ و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردوەتەوە. لە ڕۆژنامەى ڕووداو پەیامنێر بووە.لە دەستوور، وەک پەیامنێر و سەرپەرشتیارى بەشەکانى ئابورى و کۆمەڵایەتى کاریکردوە. ساڵی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٣ وەک هەواڵساز لە کەناڵى ئاسمانیى پەیام، ڕپۆرتەرى ڕۆژنامەى هاوڵاتى کاریکردووە. لە ساڵى ٢٠١٥ بەشداریى لە پێشبڕکێیەکى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ باشترین ڕاپۆرتى ڕۆژنامەوانى کردووە و بە هاوبەشى لەگەڵ ڕۆژنامەنوس (فازل هەورامى) پلەى یەکەمى پێشبڕکێکەیان بەدەستهێناوە. لە ساڵى ٢٠١٣ـەوە تاوەکو ٢٠١٨ لە کەناڵى KNN لە سلێمانى وەک هەواڵساز و سەرنوسەرى هەواڵ و دواتر لە کەناڵى NRT و وەک سەرنوسەر لە ناوەندى هەواڵ کاریکردووە. لە سەرەتاى ٢٠١٩ـەوە وەک دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرى نوسین لە دەزگاى میدیایى"زەمەن" کاریکردوە. هەروەها لە ساڵى ٢٠٢٣وە تاکو ئیستا وەک سەرنوسەرى بەشى هەواڵ لە کەناڵ٨ کاردەکات.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

موختار حەبیب محەممەد

ساڵی ١٩٨٢ لە گوند (کوڵکنیی شارەزوور) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٩٩ دەستی بەکاری وێنەگرتن کردووه. لەکەناڵی ناوخۆیی یەکگرتوو لە هەڵەبجە، کەناڵی ئاسمانیی سپێدە، کاریکردووە. وەک وێنەگر لە چەند کورتە فلیم و کلیپێکدا بەشداریکردووە. لەئێستادا وەک وێنەگر لە تەلەفزیۆنی سپێدە بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

مونیر سەلیم

ڕاگەیاندکار و شاعیرە. ناوی(مونیر کوڕی سەلیم بەگی ئەمین بەگی بەڵخە)یە. نازناوی(لهۆنی)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە پارێزگای (دیوانیە) لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. هەندێک لە شیعرەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوبوونەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٧ چووەتە نێو دنیای ڕاگەیاندنەوە. سەرەتا وەک پەیامنێری ڕۆژنامە و دواتر ڕادوێ و پاشان تەلەفزیۆن کاریکردووە. لە چەندین دەزگا و کەناڵی ڕاگەیاندنی جیاجیادا کاریکردووە. لە بواری ڕێکخراوەیشدا کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٦ جێگری ئۆفیسی سلێمانی ڕێکخراوی کۆنکۆردیای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ئەندامی کارای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە. ئێستا ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەیەکە لە ڕادوێ و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

ناسیح خارگێڵانەیی

ڕۆژنامەوان و شانۆکار و شاعیرە، ناوی (ناسح ئەحمەد مەحموود)ە. ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (خارگێڵان) لەدایکبووە. ئامادەیی سیروانی تەواوکردووە. لەساڵی ١٩٨٢ەوە هۆنراوە دەنوسێت. ساڵی ٢٠٠٧ پەیامنێری ڕادوێی دەنگی کوردستانی عێراق - پەخشی هەڵەبجە بووە. هەمان ساڵ، لەگەڵ چەند ڕۆژنامەنوسێکی خورماڵ و هەورامان، ڕۆژنامەی (هەورامان)، (کە دواتر ناوەکەی گۆراوە بۆ هانا)یان دەرکردووە و ئەندامی دەستەی نوسەرانی بووە. ماوەی سێ ساڵ ئامادەکاری بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاری بووە بۆ تەلەفزیۆنی وار تیڤی. بەشداری لە فیستیڤاڵە ئەدەبی و کلتورییەکانی هەوراماندا کردووە. لە دەستەی بەڕێوەبەرانی تیپی شانۆی هەورامانی بیارە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا لە خورماڵ نیشتەجێیە و فەرمانبەرە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ناسیح عەبدولڕەحیم ڕەشید

ناوی (ناسیح عەبدولڕەحیم ڕەشید ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٧٨ لەگوندی (هانەسوورە)ی ناوچەی نەورۆڵی لەدایکبووە. دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بوارەکانی یاسا و بایۆلۆجیدا بەدەستهێناوە. لەوکاتەوەی خوێندکاری زانکۆ بووە نوسین و بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە کاری ڕۆژنامەوانی دەستپێکردووە و له: ڕۆژنامەی خوێندنی لیبراڵ، گۆڤارەکانی ڕێگا، لڤین، ڕێگا مەگەزین، تاک، پرێس، ساماڵ، فشار و کەناڵی ستێرک تیڤی کاریکردووە. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ڕێگا مەگەزین بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی کارمەندی تەندروستییە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

نەبەز شارەزووری

ناوی (نەبەز جەمال محەممەد ئەمین عەباس)ـە. خەڵکی گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ)ـە لە سنوری شارۆچکەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٧٢ لەدایکبووە. ‎بەشی ڕاگەیاندنی لە پەیمانگای تەکنیکیی هەولێر تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ڕاگەیاندندا بەدەستدەهێناوە. پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام، چووەتە بەغداد و لە سەردەمی ئەنجومەنی دەسەڵات (مجلس الحکم)، لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دامەزراوە. بۆ ماوەی شەش مانگ بەشداری لە خولێکی ڕاهێنانی میدیاکاران بەسەرپەرشتی ڕێکخراوی (ئادەم سمیس)ی ئینگلیزی کردووە. لەپاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ چووەتە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار. ساڵی ٢٠١٩ خولێکی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ کارمەندانی سەرۆکایەتیی کۆمار کردووەتەوە. جگە لە زمانی دایکی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت. ژیانی ‎هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا وەک ڕۆژنامەنوس لە نوسینگەی سەرۆک کۆمار و ئەندامی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار کاردەکات.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان
پێشتر 1
...
5 6 7
...
60 دواتر